گرنگ ئەوەیە هەموو پێكەوە هەوڵبدەین ئەو دۆخە باشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە

گرنگ ئەوەیە هەموو پێكەوە هەوڵبدەین ئەو دۆخە باشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە
تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە سیاسییە سەختەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، ئەركی سەرشانی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی قورستر كردووە و ئەوانیش هەست بە بەرپرسیاریەتی لەم قۆناخە ناسكەدا دەكەن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە، نازم عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
نازم عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:گرنگ ئەوەیە هەموو پێكەوە هەوڵبدەین ئەو دۆخە باشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە


* چۆن سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەكەیت، بەتایبەتی كە كوردستان لە قۆناخی شەڕێكی دژواردایە؟
- ئەم بارە نالەبارەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، دۆخێكە وەك شمشێرێكی دوودیوە، دیوێكی باش و دیوێكی مەترسیداریشی هەیە، دیوە باشەكەی ئەوەیە ئەمڕۆ دۆزی كورد بووەتە ژمارەیەك، چ وەك نەتەوە و چ وەك پێگەی سیاسی و جیۆگرافی و ئابووری بووەتە ژمارەیەكی گەورە و گرنگ كە ئەمە دیوە ئیجابییەكەیەتی و پێویستە كورد سوودی لێ وەربگرێت، ئەمە دەبێتە رووناكییەك بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و بۆ سەرجەم گەلی كوردیش بەگشتی، دیوە مەترسیدارەكەش ئەوەیە ئەگەر وەك كورد یەكڕیز و یەكهەڵوێست نەبین لە بەرانبەر ئەم دۆخە نالەبارە سیاسی و ئابوورییەی ناوچەكەدا گەورەترین زیانمەند دەبین، پێویستە ئەو پێگە سیاسییەی كە ئێستا بۆ كورد دروستبووە، هەوڵبدەین لە رووی دیپلۆماسییەوە بتوانین بەرەو پێشی بەرین، ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە دیپلۆماسیەتێكی بەهێز هەیە بە شێوەیەك وڵاتانی دەوروبەرمان ئەم پێگەیەی كورد بە مەترسی نەزانن بۆ سەر وڵاتەكانیان، پێویستمان بەوەیە لەسەر ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتەی ئێستا هەیە كاری زیاتر بكەین، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئێمە هەوڵبدەین ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان بۆی دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە، داعش پیلانێكی گەورە بوو، بەڵام تا ئاستێكی باش بە یەكڕیزی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتی سیاسی كورد توانرا لە هێڵی سووری مەترسیەكە دوور بكەوینەوە، دواتر پێگە نێودەوڵەتییەكەش وایكرد تا ئێستا ئەم قۆناغە بە دیوێكی ئیجابی بۆ كورد و میللەتی كورد بشكێتەوە، ئێمە وەك میللەتی كورد شەڕخواز نەبووین و پێویستیمان بە شەڕیش نەبووە .
* پاش ئەم شەڕە نەگریسەی كە تووشی كورد بووە، تا رادەیەك زۆربەی لایەنە سیاسییەكان هەستیان بەم مەترسییانە كردووە و یەكڕیزی و یەكدەنگییان دەبیندرێ، بۆ نموونە زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، تا چەند لەم دۆخەدا ئەم یەكڕیزییە بە سوودی میللەتی كورد وەرچەرخانی دەبێت؟
- گرنگە ئەو لایەنە سیاسییانەی كە ئەمڕۆ لە ساحەی هەرێمی كوردستاندان، هەر یەكەیان بە رێژەی قەبارەی خۆی لە خیتابێكی سیاسیی هاوبەشدا كۆببنەوە، واتە بۆ بڕیارە سیاسییەكانی سەر ساحەی هەرێمی كوردستان هەمووان شەریك بن، لە بڕیارەكان ئاگادار بكرێنەوە، ئەمانیش بكرێنە خاوەنی ئەو بڕیارانە و بێئاگا نەبن، لەسەر خاڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەڵوەستەی جددی لەسەر بكرێت. ئەمە بكرێتە خاڵی هاوبەش دەبێتە هۆی پاراستنی چارەنووسیشمان.
* مامۆستا عەلی باپیر و شاندێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان لە بەرەكانی جەنگ كرد، دەكرێت بزانین پشتیوانیكردنی ئەمجارەی كۆمەڵی ئیسلامی لە سیاسەت و هەڵوێست و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم لە چ روانگەیەكەوە بووە؟
- ئامانج لەو سەردانە بۆ لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ ئەوەیە كە ئێمە هەموومان وەك ئەم میللەتە لەسەر خاك و ئاو و پێگەی ئەم وڵاتە دەژین، ئەگەر هەر سەركەوتنێك تۆمار بكرێت، لە بەرژەوەندیی هەموومانە و هەر مەترسییەكیش روو لەم خاكە بكات هەموومان تێیدا زەرەرمەند دەبین، نەك تەنیا حزبێك، یان لایەنێك، یان كەسایەتییەك، پارێزگاریكردن لە هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەركێكی ئایینی و میللی خۆمانی دەزانین، هەر مەترسییەك لە ژێر هەر ناو و نازناوێكەوە بێت مادامەكێ مەترسییە لەسەر ئەم خاك و نیشتمانە ئێمەش بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین لە روویدا بوەستینەوەو دژی بین، سەردانەكەمان بۆ لای سەرۆكی هەرێمیش بۆ پاڵپشتی لێكردنی و بەرزكردنەوەی مەعنەوییاتی پێشمەرگە بووە، بەوەی كە هەموو لایەنەكان پاڵپشتیانن. ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەرك و رۆڵی خۆی هەیە بەتایبەتی لەم قۆناخەدا كە كوردستان بەم شەڕەدا تێپەڕدەبێت، هاوكات پێویستە بزانین پەرلەمان و خەڵكی هەرێمیش چی دەخوازن، حەتمەن سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەدایە رای میللەت بە هەند وەربگرێت، بەتایبەتیش كە سەرۆكی هەرێم بۆ زۆربەی پرسەكان دەگەڕێتەوە لای پەرلەمان كە باشترین پێگەی كۆكردنەوەی هەموو ڕاو دەنگەكانی كوردستانە، هەمووشمان ئەم هەڵوێستەیمان پێ باشە.
Top