پشتگیریی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەماهەنگییەی كە لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان رەنگیداوەتەوە
February 5, 2015
دیمانەی تایبەت
ئەوەی رووخساری سیاسی هەرێمی كوردستانی لەبەر چاوی جیهان جوانكردووە، ئەو ژینگە دیموكراتییە فرەحزبییەیە كە لەمپەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی راستی لەخۆی گرتووە، هەمووشیان پێكەوە لە خاڵێكی هاوبەشدا كە راوەستانە لە دژی تیرۆریستانی داعش یەكیانگرتۆتەوەو پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەڕی تیرۆریستان دەكەن. سەبارەت بەم رەوشە فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان:پشتگیریی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەماهەنگییەی كە لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان رەنگیداوەتەوە
* هەموو خەڵكی كوردستان دەستخۆشی لە یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ئایا تاچەند بەردەوامبوونی ئەم هەڵوێستە گرنگە؟
-- باشترین بژاردە بۆ خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە بتواندرێت یەكڕیزیی ناوماڵی كورد پارێزراو بێت، ئێستا بە بەشداری پێنج حزبە سەرەكییەكەی بەشدار لە ناو پرۆسەی سیاسی و ئیداریی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانیش بە شێوەیەكی بنكەفراوان هاتۆتە ئاراوە و متمانەی خەڵكی كوردستان بەم لایەنانە زیاتر بووە لەم قۆناغە زۆر هەستیارەدا، دیارە ئەوەش ئەركی هەمووانە كە خەڵكی كوردستان لەم قۆناغە مەترسیدارەوە ببەینە قۆناغێكی سەقامگیر و ئارامەوە، بۆ ئەمەش هیچ بژاردەیەك لە بەردەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا نییە، جگە لە یەكڕیزی نەبێت. شەڕە مەترسیدارەكەی داعش بە یەكڕیزیی ناوماڵی كورد نەبێت، وەلاناچێت، هەر پرس و هەنگاوێكی دیكەش كە بۆ سەقامگیریی ئەم هەرێمە دەنرێت، یەكەم بە پاراستنی ناوماڵی كورد مسۆگەر دەبێت، دووەمیشیان بە راكێشانی دۆستایەتی زیاتری ئەو لایەنانەی لە هاوپەیمانێتی دژ بە لەناوبردنی داعشدان تا پشتگیری هەرێمی كوردستان بكەن لەم جەنگەیدا كە بەسەریدا سەپێندراوە. خاڵێكی گرنگی دیكە ئەو رێككەوتنەی ئەم دواییە بوو كە هەرێم و بەغدای لە یەكتر نزیك خستەوە. پێویستە بە هەموومان بتوانین بیپارێزین و درێژەی پێ بدەین تا كوردستان لەم قۆناغە راگوزەرە مەترسیدارە تێدەپەڕێت. دواتر ئەو پشتگیرییەی لە لایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دروست بووە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بۆ ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێم و حزب و لایەنە سیاسییەكان و چین وتوێژەكانی خەڵك و لە ناو پەرلەمانی كوردستانیش رەنگیداوەتەوە، هاوكات ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی لە دەزگا شەرعییەكانی هەرێم دەكرێت، دەروازەی باشتر دەكاتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی كورد لە هەموو جیهان و هەروەها دەبێتە مایەی سەركەوتنی زیاتریش بۆ بەرەكانی جەنگ، كە وەك بینیمان كە لەم دواییانەدا سەركەوتنی گەورە بەدیهاتن هەر لە مەخموور و گوێر تا دەگاتە بەری رۆژئاوای موسڵ و رزگاركردنی تەواوەتی كۆبانێ كە هێزی پێشمەرگە لەوێش رۆڵی هەبوو، پێویستە ئەم سەركەوتنانە وەبەرهەم بێن بۆ هەنگاوی چارەنووسسازی گەورەتر.
* یەكگرتووی ئیسلامی وەك یەكێك لە هێزەكانی كوردستان هەمیشە پشتیوانی لە سیاسەتی ستراتیژی كوردستان و پاڵپشتی سیاسەتی روون و دروستی سەرۆك بارزانی بوون، بەتایبەتی هەفتەی رابردوو بینیمان كە بەڕێز مامۆستا محەمەد فەرەج سەردانی میحوەری زومماری كرد و چاوی كەوت بە سەرۆكی هەرێم، دەكرێت بزانین دووپاتكردنەوەی ئەو پشتیوانییانە بۆ سەرۆكی هەرێم لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- سەرچاوەی لەو هەستە نەتەوەییەوە گرتووە كە یەكگرتوو بە ئەركی سەرشانی خۆی دەیزانێت، ئەمڕۆ دەستخۆشی بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرین كە خەڵك و خاكی كوردستان دەپارێزن لەو داعشە نەگریسانەی كە بە ناهەق یەخەی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، هاوكات جەنابی ئەمینداری گشتی داوای پشتگیری زیاتر لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ سەرۆكی هەرێم و پێشمەرگە ئازاكانی بەرەكانی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش تا بە سەركەوتوویی لەم مەترسییە دەربچین.