فەرەیدون جوانڕۆیی فەرماندەی میحوەری خازر بۆ گوڵان:تیرۆریستانی داعش كاتێك هێرشیان كردە سەر كوردستان كە لەو پەڕی غرووریدا بوون، خۆ بەدەستەوەدانی پێنج فیرقەی عێراقی سەرمەستی كردبوون
January 29, 2015
دیمانەی تایبەت
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تەواوی بەرەكانی شەڕ لە كۆبانێ تا جەولەولا، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، تیرۆریستانی داعشیش رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر تێكدەشكێن و هەڵدێن، هەڵهاتنی تیرۆریستانی داعش لە بەردەم هێرشەكانی پێشمەرگە مانای ئەوەیە ئەو تیرۆریستانەی كە وەك خۆكوژ لە ناو داعشدا بوونیان هەبووە، ئێستا لەسەر دەستی پێشمەرگەكانی كوردستان بەرەو كۆتایی دەچن و ئەوەی كە ماوە، ئەو خەڵكانەن كە هەر یەكەیان بۆ مەبەستێك دوای تیرۆریستانی داعش كەوتوون، لەمەش زیاتر ئەم حاڵەتەی ئێستای داعش بە دەستی پێشمەرگە تێی كەوتوون، قۆناخی یەكەمی بێ ئومێدبوونی تیرۆریستانی داعش پیشاندەدا و سەرەتای تێكشكانی یەكجارەكییانە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە تیمی گوڵان سەردانی میحوەری خازری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و لە دیمانەیەكدا لەگەڵ فەرەیدوون جوانڕۆیی فەرماندەی میحوەرەكە ئەم پرسەی تاوتوێ كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.جەنابی سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەیەكی سەربازی و مەیدانی زۆر بەئەزموونە، بۆیە زۆر جار لە كاتی داڕشتنی پلانی سەربازی كە بۆچوونی جیاوازمان هەبووە، توانیویەتی قەناعەتمان پێبكات و شەڕەكە بەو جۆرە بكرێت، سەرەنجامیش سەركەوتنی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە
* میحوەری خازر یەكێكە لە میحوەرە گرنگەكانی بەرەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، ئایا سنووری ئەم میحوەرە تا كوێ دەگرێتەوە؟
- ئەم میحوەرەی ئێمە بە پانتایی 33-34 كم دەگرێتەوە و لە نێوان باشیك و چیای زەرتكەوە دەست پێدەكات هەتا دەگاتە كۆمپانیای نەوت لە وەردك، دیارە چیای زەرتك چیایەكی بەرزە لەو ناوچەیە و كۆنتڕۆڵی رێگەی موسڵ دەكات هەتا دەگاتەوە رێگەی نێوان بەرتڵە و حەمدانییە لە نزیكی موسڵ، ئەم بەرەیە دوو بەشە، بەشێكیان دەكەونە ئەوبەری زێ ئەویش لە چیای زەرتك دەست پێدەكات تادەگاتە حەسەن شام و لە پردی خازر دەپەڕێتەوە بۆ ئەمبەری ئاوەكە، ئەویش چەند گوندێكە كە بریتین لە: (مەنكوبە، تەلئەسوەد)، لێرەوە زنجێرەیەك بەزراییە هەتا دەگاتەوە وەردك و ئاوی خازر لێكیان جیادەكاتەوە.
* ئەوەی لەم میحوەرە گرنگ بوو پاككردنەوەی چیای زەرتك و ناوچەكانی دەوروبەری بوو لە تیرۆریستان، ئایا گرنگیی چیای زەرتك بۆ ئەم میحوەرە چی بووە؟
- ئازادكردنی چیای زەرتك، دوو گرنگی هێجگار گەورەی هەبوو، یەكەمیان چیایەكی بەرز و ستراتیژییە كە بەسەر تەواوی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ تا دەگاتە خاڵی پشكنینی دەروازەی موسڵ دەڕوانێت و لە رووی سەربازییەوە باڵادەستمان دەكات، لایەنی دووەمیان ئەوە بوو بە ئازادكردنی چیای زەرتك تیرۆریستانی داعش ورەیان تێكشكا، ئەوان لەو بڕوایە نەبوون كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بتوانێت لەو چیایە تێكیان بشكێنێت، بەڵام كە پێشمەرگە هێرشی بۆ سەر چیای زەرتك كرد، لە ماوەی سێ تا سێ سەعات و نیو تەواوی ئەو چیایەی تا حەسەن شام لە تیرۆریستان پاككردەوە، ئەمە بووە وەرچەرخانێك لە شەڕەكانی ئەم میحوەرە و تیرۆریستانی داعش بە تەواوەتی لە رووی سەربازی و دەرونییەوە تێكشكان، تەنانەت دوای ئەوەی ئەم سەركەوتنە گەورەیە لەسەر دەستی پێشمەرگە تۆمار كرا، هەندێك لە راوێژكارانی سەربازی دەوڵەتانی هاوپەیمانان سەردانی چیای زەرتكیان كرد، ئاماژەیان بەوەكرد ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگە سەرووی هەموو مەزندەكانی زانستی سەربازییە، لەم شەڕەدا زیاتر لە 60 لاشەی تیرۆریستانی داعش بەجێمان و كەوتنە بەردەستی پێشمەرگە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر چەكی هەمەجۆر و ئۆتۆمبێلی هامەریان لە دوای خۆیان بەجێهێشت.
* ئاماژەت بەوە كرد سەركەوتنەكانی پێشمەرگە جێگەی سەرسامیی راوێژكارانی سەربازی دەوڵەتانی هاوپەیمان بوون، ئەمە لە كاتێكدایە هەتا ئێستا لەسەر زەوی سەركەوتنی هاوشێوەی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش تۆمار نەكراوە، ئەم ئیرادەیەی پێشمەرگە بۆچی دەگێڕیتەوە؟
- بە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان، كورد هەر لە سەنگەری بەرگری بووە و قەت چاوی لە خاك و ماڵی هیچ نەتەوەیەك نەبووە، من خۆم ماوەی 47 ساڵە پێشمەرگەم، قەت رۆژێك هێرشمان نەكردووە بۆ ئەوەی خاكی نەتەوەیەكی دیكە داگیر بكەین و تەنیا بەرگریمان لە خاك و كەرامەتی خۆمان كردووە، ئەگەر لێرەوە سەیری ئەم شەڕەی ئەم جارەی تیرۆریستانی داعش بكەین، پێش هەموو شت ئێمە خوازیاری ئەم شەڕە نەبووین، بەڵام داعشییەكان زۆر نامەردانە و ترسنۆكانە هەڵیانكوتایە سەر كوردستان و ئەوەی لە شنگال و دەوروبەری بە كوردانی ئێزیدییان كرد، هەموو سنوورێكی ئەرز و ئاسمانی تێپەڕاند، بۆیە ئەم شەڕە یەخەی گرتووین، شەڕیش كە یەخەی گرتیت وەك كورد دەڵێت: «ئەگەر شەڕ بەری دەرگای پێگرتی، ئەگەر نەیكەی، خوا دەتگرێت»، هەر بۆیەش راوەستانی هێزی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش بووە هۆكاری ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان بە جیاوازی تێڕوانینی سیاسی و ئایینی و نەتەوەییەوە هەموویان یەك هەڵویستیان هەبێت و پشتگیری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.
* بەڵام لە سەرەتادا شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ پێشمەرگە هەم شەڕێكی تازە بوو، هەمیش شەڕێكی قورس بوو، ئایا چۆن توانرا لە ماوەیەكی كورتدا جارێكی دیكە پێشمەرگە لەگەڵ ئەم شەڕە سەختە رابهێننەوە؟
- هەموو لایەك دەزانێت، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی بەعس و تێكەڵاوبوونەوەمان لەگەڵ عێراق، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەردەوام هێزی پێشمەرگە لە كێشەی بەردەوام بووە لەگەڵ حكومەتی بەغدا، بەڕاستی عێراق و ئەمریكاش سووربوون لەسەر ئەوەی پێشمەرگە نەمێنێت، بەڵام بە هۆی ئیرادەی سەرۆك بارزانی و جەختكردنەوەی بەڕێزیان پێشمەرگە مایەوە، گەرچی مووچەی بۆ خەرج نەدەكرا، مەشق و راهێنانی پێویست و هاوچەرخانەی نەبوو، بە هاوشێوەی سوپای عێراق چەكی مۆدێڕنی پێنەدرا، تەنانەت تەقەمەنیشی وەك پێویست نەبوو، كاتێكیش تیرۆریستانی داعش موسڵیان داگیر كرد، 65 هەزار سەرباز و پۆلیسی عێراقی هەموویان هەڵهاتن و ئەو هەموو چەك و تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازییەی ئەمریكا كەوتە بەردەستیان، لەمەش زیاتر ئەو یەكە تازانەی بۆ هێزی پێشمەرگە دروستكرابوون، بەشی هەرە زۆریان لەو گەنجانە بوون كە لە دوای راپەڕینەوە پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە كردبوو، پێشمەرگە كۆنەكانی سەردەمی شاخ بە حوكمی تەمەنیان بەشی زۆریان كاری دیكەیان پێدرابوو، بۆیە لەم لایەنەشەوە هێزی پێشمەرگە، هێزێكی گەنج و كەم ئەزموون بوو، بەڵام دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش و پێشڕەوییەكانیان لە هەندێك ناوچە، یەكەم كەس كە بڕیاری دا وەك پێشمەرگەیەكی دێرین بگەڕێتەوە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش، جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، دوای ئەو هەموو فەرماندە سەربازییە دێرینەكانی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكان، بە پێشمەرگەی كەمئەندامیشەوە هەموویان هاتنە ناو بەرەكانی شەڕەكە، ئەمەش وایكرد، ئەزموونی پێشمەرگە دێرینەكان تێكەڵاوی ئەو هێزە گەنجە بكرێت و ئەوانیش بە هاوتای ئەزموونی پێشمەرگە دێرینەكان، لەگەڵ شێوازی شەڕەكە رابێن و ئەوەش ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی بۆ راگرتنی تیرۆریستانی داعش و پاشان تێكشكاندیان و ئێستاش وەك لە شاشەكانی تەلەفزیۆن دەیانبینین هەڵدێن و خۆیان لە بەردەمی هێرشەكانی پێشمەرگە راناگرن.
* گەرچی هاوكاریی هاوپەیمانان رۆڵی گرنگی هەبووە لە تێكشكان و ئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام پێش ئەوەی هاوپەیمانان بێنە دەنگ و دەست بكەن بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە توانی پێشڕەوییەكانی داعش رابگرێت، ئایا لە سەرەتادا كە هێزی پێشمەرگە پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعشی راگرت، ئاستی چەك و تەقەمەنی هێزی پێشمەرگە چۆن بوو؟
- كاتێك تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان، لەو پەڕی غروریدا بوون، خۆ بەدەستەوەدانی پێنج فیرقەی عێراقی سەرمەستی كردبوون، چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی پێنج فیرقەی سەربازییان لەبەر دەست بوو، لەبەرامبەردا چەكی بەردەستی پێشمەرگە بریتی بوو لە چەكی كۆن و تەقەمەنی كەم، تەنانەت هەندێك تۆپی كۆنمان هەبوو، بەڵام گوللە تۆپمان وەك پێویست نەبوو، (ئار پی جی)مان هەبوو، گوللە ئارپێجیمان وەك پێویست نەبوو، تەنانەت فیشەكی كلاشینكۆفمان وەك پێویست نەبوو، لە بەرامبەریشدا ئەو دوژمنە زەبەلاح و دڕندەیەمان هەبوو، بەڵام دیسان ئەوە دووپات دەكەمەوە متمانەی سەرۆك بارزانی بە رەوایی ئەم شەڕە و پشتگیری خەڵكی كوردستان بۆ پێشمەرگە وایكرد پێشمەرگە پێشڕەوییەكانی داعش رابگرێت و تێكیان بشكێنێت، هەروەها بە سوپاسەوە هاوپەیمانان هاوكاری پێشمەرگەیان دەست پێكرد، قۆناخی شەڕەكەش لە بەرگرییەوە گۆڕدرا بۆ هێرشكردن و تێكشكاندنی تیرۆریستان، ئێمە وەك گەلی كوردستان تەقدیری ئەو هاوكارییەی هاوپەیمانان دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هاریكاری هاوپەیمانان بۆ هەموو ئەو هێزانەیە كە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن لە عێراق و سووریاش، بەڵام هیچ هێزێك وەك هێزی پێشمەرگە لەسەر زەوی نەیتوانیووە ئەو سەركەتنە گەورانە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا بەدەست بهێنێت، هەر ئەمەش وایكردووە پێشمەرگە ببێتە هێمای ئەو هێزەی كە دەتوانێت لەسەر ئەرز تیرۆریستان تێكبشكێنێت، ئەمەش ئێستا هەموو جیهان دانی بەو راستییەدا ناوە و پێشمەرگە بۆتە رەمزی خۆڕاگری لە هەموو جیهاندا و هەموو جیهان بەشانازییەوە باسی پێشمەرگە دەكات و رێزی لێدەگرێت.
* دوای پێشڕەوییەكانی داعش و داگیركردنی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و شنگال و كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، سەرۆك بارزانی خۆی بووە سەرپەرشتیار و پلانداڕێژەری بەرەكانی شەڕەكە، ئایا تاچەند ئەمە كاریگەری لەسەر ورەی ئێوە هەبووە وەك فەرماندەیەكی سەربازی لەبەرەكانی شەڕدا؟
- بۆ ئێمەومانان، كە تەمەنی خۆمان لە پێشمەرگایەتی بەسەر بردووە، بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بە شتێكی ئاسایی دەزانین، لەبەر ئەوەی جەنابی بارزانی خۆی سەرۆكێكی پێشمەرگەیە و لە پێشمەرگایەتییەوە بۆتە سەرۆكی كوردستان، بەڵام سەبارەت بە كاریگەری جەنابیان بۆ ئێمە وەك فەرماندەی سەربازی، من دەڵێم نەك بوونی لە بەرەكانی شەڕ، بەڵكو لە دووریشەوە بە جیهاز سەرپەریشتمان بكات، ئەوا بۆ ئێمە هیوا و ئومێدێكی گەورەیە و كاریگەری لەسەر شێوازی شەڕەكان و ورەی پیشمەرگە دەبێت، ئەگەر لێرەوە سەیری دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر دەشتی نەینەوا و شنگال بكەین، دیارە جەنابی سەرۆك بارزانی بەو رەفتارە ترسنۆكانە و نامەردانانەی تیرۆریستانی داعش دەرهەقی برا كریستیانەكان و كوردانی ئێزیدی و شەبەك كردیان، زۆر زۆر نیگەران بوو، بەتایبەتیش سەبارەت بەو هەموو زوڵمەی بەرامبەر ئێزیدییەكان كردیان و ناوچەی شنگالیش لە هەرێمی كوردستانەوە دوور بوو، بەڵام سەبارەت بە برا كریستیانەكان، تیرۆریستانی داعش نەیانتوانی هەمان شت بەرامبەریان بكەن و نزیك بوون و توانییان خۆیان بگەیەننە هەرێمی كوردستان، بۆیە بەڕێزیان دوای شنگال لەگەڵ برایانی ئێزیدی دانیشت و بەڵێنی پێدان هەتا شنگال ئازاد نەكرێتەوە، ئیسراحەت نەكات، لەو ماوەیەشدا و هەتا ئێستاش بەردەوام لە بەرەكانی شەڕە و بەڵێنی خۆیشی بردە سەر، وەك بینیمان كە چووە مەزاری شێخ شەرفەدین لە بناری چیای شنگال، لەسەر چیای شنگالەوە ئەو سەركەوتنە مەزنەی راگەیاند و لە یەك دوو رۆژی رابردووش لە میحوەری رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلەوە دیسان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێزیان هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی دیكەی تۆمار كردووە. سەبارەت بە داڕشتنی پلانی سەربازیش، دیارە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەیەكی سەربازی و مەیدانی زۆر بەئەزموونە، بۆیە زۆر جار لە كاتی داڕشتنی پلانی سەربازی كە بۆچوونی جیاوازمان هەبووە، توانیویەتی قەناعەتمان پێبكات و شەڕەكە بەو جۆرە بكرێت، سەرەنجامیش سەركەوتنی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە.
* ئێستا سەرۆك بارزانی داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە كە پەلە بكات لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئایا ئێوە وەك فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە، چۆن سەیری ئەم داواكارییەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- سوپاس بۆ خوا و ئیرادەی پێشمەرگە، ئێستا بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئازادكراون و لەبەر دەستی پێشمەرگەدان، بۆیە لەم قۆناخەدا پێویستمانی بە پاراستنی سنووری كوردستانە، ئەم پاراستنەش پێویستی بەوەیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێتە هێزێكی دامەزراوەیی و نیشتمانی و ئەركەكەی لە چوارچێوەی پاراستنی سنووری كوردستان دیاری بكرێت، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك بارزانی هەستی بە زەروورەتی ئەوە كردووە كە پێویستە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیشتمانی و رێكخراو، مەسەلەی ئەوە پێشمەرگەی پارتییە و ئەوە پێشمەرگەی یەكێتییە كۆتایی پێبێت، ئەركێكی نیشتمانیی هەر لایەنێكی كوردستانیشە كە پشتگیری لەم هەوڵەی سەرۆك بارزانی بكات، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆر گرنگە پشتگیری لەم بڕیارەی سەرۆك بكەن، لەبەر ئەوەی بەشی زۆری هێزەكانی پێشمەرگە هی پارتی و یەكێتین.