حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدییان بە وەكالەت بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی لە رووی سیاسییەوە بە مەرجەعی خۆمان دەزانین
January 29, 2015
دیمانەی تایبەت
دوای ئازادكردنی چیای شنگال و بەشێكی شاری شنگال، مەسەلەی كردنی شنگال بە كانتۆنێكی سەربەرخۆ لەلایەن پەكەكەوە راگەیەندرا، ئەم پرسە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانەوە بە توندی رەتكرایەوە، هەروەها كوردانی ئێزیدیش ئەم پرسەیان رەتكردەوە و رایانگەیاند ئەمەیان قبووڵ نییە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدییان بە وەكالەت ئەنجامداو بەمجۆرە سەبارەت بەم پرسە گرنگە رای خۆی و ئێزیدییەكانی خستەڕوو.شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان و كەس ناتوانێت لە لالشی جیابكاتەوە
* بۆچوونی ئێوە وەك میری ئێزیدییان بە وەكالەت سەبارەت بە راگەیاندنی پێكهێنانی كانتۆنی شنگال لەلایەن پەكەكەوە چییە؟
- بە شێوەیەكی گشتی پێكهێنانی ئەم كانتۆنە سەرپێچیكردنی دەستووری عێراقە، چونكە شنگال ناوچەیەكی سەر بە هەرێمی كوردستانە، هەرێمی كوردستانیش سەر بە عێراقە، بۆیە ئەمە سەرپێچییەكی تەواوی دەستوورە.
* ئێوە تا چەند رێگە بە خەڵكانی دیكە دەدەن كە بە ناوی كوردانی ئێزیدییەوە بڕیار لە چارەنووسی ئێزیدیان بدەن و تا چەند دەتانەوێت شنگال لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت؟
- ئێمە وەك مەرجەعی ئێزیدی و خەڵكی شنگال كە 85%ی ئێزیدیین دەستێوەردان لە كاروباری ئێزیدیان و هەرێمی كوردستان قبووڵ ناكەین، ناكرێ شنگال لە لالش جودا بكرێتەوە، 80%ی خەڵكی ئێمەش دەیانەوێت شنگال لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت.
* لەم بارودۆخەی كە پەكەكە ئەو پڕۆژەیەی راگەیاند، هەموو خەڵكی كوردستان كار دەكات و هەوڵدەدات كە شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئێوە چی دەڵێن؟
- ئێمە دەستخۆشی لە هەموو لایەك دەكەین، ئێستا لە شنگال شەڕە و نزیكە 30 هەزار ئێزیدی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، كەی شنگال رزگار بوو، ئەوكاتە هەر بڕیارێك بێت بە دەستی خەڵكی شنگالە، ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی ماددەی 140 دایە و هەموومان پێمان ناخۆشە دەست لەم مەسەلەیە وەربدرێت و دووپاتیشی دەكەمەوە كە شنگال سەر بە هەرێمی كوردستانە.
* ئێوە وەك ئێزیدییەكان قبووڵ دەكەن شنگال ببێتە كانتۆنێك و لە هەرێمی كوردستان جودا ببێتەوە؟
- نەخێر، بەهیچ شێوەیەك، ئەوانە چەند كەسێكن لەگەڵ ئەم بڕیارەدان، بەڵام 90%ی خەڵكەكەش ئەم پڕۆژەیە رەتدەكەنەوە.
* ئەو پێشنیارەی پەكەكە، تا چەند دژی ئیرادەی ئێزیدییەكان بووە و لەمەودوا هەڵوێستتان چی دەبێت؟
- پەكەكە وەك حزبێكی كورد ئێمە رێزیان لێدەگرین و هاتن و یارمەتی ئێمەیان دا لەم شەڕەو رۆیشتن، بەڵام نەك دەست لە كاروباری ئێمە و هەرێمی كوردستان وەربدەن، ئەوە قبووڵ ناكرێت.
* پێتانوا نییە ئەمە نانەوەی دووبەرەكی و جوداكاری بێت لە نێوان كورد؟
- بۆ مەسەلەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێمە ئامادەین و نوێنەرمان لە كۆنگرەكان هەبێت، هەموو كوردانی كوردستانی رۆژئاوا و باكوور و باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان بە یەكەوە دانیشین و كێشەكان چارەسەر بكەین، بەڵام ئەمە ناكرێ، چونكە شنگال سەر بە هەرێمی كوردستانە و ئەویش سەر بە عێراقە، عێراق دەوڵەتێكی جودایە، نە توركیایە، نە سنووری پەكەكەیە.
* هەر لەیەكەم چركەساتی ئەم مەسەلەسە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان ئەمەیان رەتكردەوە، ئێوە پشتگیریی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئێزییدیان چۆن دەبینن؟
- سوپاسی هەڵوێستی جەنابی مسعود بارزانی دەكەین، هەروەها پێش دوو رۆژ میر تەحسین میری ئێزیدییان لە جیهان لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە هەر كەس و لایەنێك بیەوێت ئێزیدییان لە یەكدی بكات و دەست لە كاروباریان وەربدات، ئێمە بە توندی وەڵامی دەدەینەوە.
* هەر وەك دەبینن كە ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ كوردانی ئێزیدی و بەتایبەتیش وا پتر لە پێنج مانگە جەنابیان لە بەرەی شەڕی شنگال و زوممارە، ئایا بەڕای ئێوە كەس دەتوانێت جگە لەو بەناوی كوردی ئێزیدی بڕیار بدات؟
- ئێمەی ئێزیدی مەرجەعی ئایینیمان هەیە، بەڵام وەك مەرجەعی سیاسی ئێمە تەنیا جەنابیان وەك مەرجەع دادەنێین.
* واتا ئێوە بە هەر فەرمان و بڕیارێكی سەرۆك بارزانی پابەند دەبن؟
- بەڵێ، جەنابی كاك مسعود بارزانی سەرۆكی ئێمەیە، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و حكومەتی هەرێمیش حكومەتی هەموومانە، ئەگەر ئەو شتێكمان بۆ نەكات، كەسی دی هیچمان بۆ ناكات.
* لەمەودوا ئێوەی ئێزیدی هەوڵ و كۆششتان چی دەبێت بۆ ئەوەی شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان؟
- ئێمە هەمیش گوتوومانە، وەك ئێزیدی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانین، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەین، هاوكاری و هەماهەنگی دەكەین بۆ رزگاركردنی شنگال و گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان.
* ئێوە وەك هەڵوێستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 ناكەن؟
- ئەمە ماددەیەكی دەستوورییە و چارەسەری ئەم ماددەیەش بەندە بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ تاكو شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
* هەموو ئەو هەوڵانەی پەكەكەو ئەو كردەوانەی دژ بە ئێزیدییەكان دەكرێن، دەبینین هەموو كوردی ئێزیدی بەیەكەوە پشتیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی ئێزیدیان بدات، ئایا لە ئێستادا بۆچوونی هەموو كوردی ئێزیدی لەسەر ئەم مەسەلەیە چییە؟
- هەر وەكو ئاماژەم پێكرد بۆچوونی هەموومان دژی ئەم پڕۆژەیەیە و پشتگیریی تەواوی سەرۆكایەتی هەرێم و هەموو لایەك دەكەین كە دژی ئەم پڕۆژەیە هەڵوێستیان هەیە.