ستۆران ستیڤنسۆن سیاسەتمەداری سكۆتلەندی بۆ گوڵان:بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و سەركەوتنە مەزنەكانی بەسەر داعشدا ئاراستەی شەڕەكەی گۆڕی
January 29, 2015
دیمانەی تایبەت
ستۆران ستیڤنسۆن هەتا پار سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بووە بۆ عێراق و چەندین جار سەردانی بەغدا و هەولێری كردووە، لەماوەی شەڕی تیرۆریستانی داعشیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووەو لە نزیكەوە چاوی بەو ئاوارانە كەوتووە كە لە هەرێمی كوردستانن. ستیڤنسۆن یەكێكە لەو كەسایەتییە سیاسییانەی ئەوروپا كە پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی بردە ناو پەرلەمانی ئەوروپا، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و رەنگدانەوەی ئەم سەركەوتنانە لە ئەوروپا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.* وەك سیاسەتمەدارێك لە ئەوروپا و كەسێك كە لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی كوردستان دەكەی، ئایا تاچەند ئەم سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە بۆتە جێگەی بایەخ و سەرنجی ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەتی؟
- پێش هەموو شت دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم كە كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو و شەڕنەكردن لەلایەن سوپای عێراقەوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە جیهان هەست بە نائومێدییەك بكات بەرامبەر بە ئایندەی عێراق و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش لە سووریا و عێراق، بەڵام بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە و تێكشكانی تیرۆریستانی داعش بارودۆخەكەی گۆڕی، دەتوانم بڵێم ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئەوا بارودۆخی عێراق زۆر زۆر خراپتر دەبوو، پێشمەرگە زۆر بوێر بووە و بەم دواییە چەند سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیدا. لەبەر ئەوە خەڵكی بەریتانیا و خەڵكی ئەوروپا بەگشتی زۆر پشتیوانی كوردستان و پێشمەرگە دەكەن بەو شێوەیەی كە سەركردایەتی هەڵمەتێك دەكات دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.
* ئێستا ئەگەر بەراوردی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەین لەهەموو روویەكەوە دوو وڵاتی جیاوازن، هەر بۆ نموونە سوپای عێراق لەسەردەمی مالیكی خۆی بەدەستەوە دا، بەڵام پێشمەرگە تیرۆریستانی تێكشكاند، ئایا ئەوروپا چۆن سەیری ئەم دوو حاڵەتە دەكات؟
- لە سایەی –حوكمڕانی- مالیكیدا تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەیان بە مالیكی و حكومەتەكەی لە دەستدا، سوپای عێراق لە گەندەڵیەوە تێوەگلا، ئەوەش وێنەی ئەو رەوشە بوو كە لە حكومەتی مەركەزیدا دەگوزەرا كە كەوتبووە ژێر باری گەندەڵییەوە، ئەوەش لە بەرفراوانبوونی خێرای دەوڵەتی ئیسلامیدا دەركەوت كە لە شەڕی سووریایەوە تەشەنەیان كردبوو، لە پڕێكدا توانییان دەست بەسەر موسڵ و هەروەها بە رەوتێكی خێرا دەست بەسەر بەشێكی گەورەی خاكی عێراقدا بگرن، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دووچاری سەرسوڕمان كرد. هەروەها هەرەسهێنانی سوپای عێراق، سەرەڕای ملیارەها دۆلار كە خەرجكرابوو بۆ مەشقپێكردن و پڕچەككردنی سوپای عێراق، بەڵام بە خێرایی ئەوە روون بۆوە كە ئەمە سوپایەكی بێتوانایە و كەوتۆتە ژێر باری گەندەڵییەوە و مایەی پشت پێبەستن نییە وەك هێزێكی شەڕكەر دژی دەوڵەتی ئیسلامی. لەو كاتەدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجی خۆی گۆڕی بۆ سەر پێشمەرگە كە هەمیشە لەلایەن ئەوروپییەكان بە بوێرترین جەنگاوەر دانراون و بەخێرایی دركمان بەوە كرد كە پێویستە چەكی نوێ بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بكرێت، بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەین لە شەڕكردن لە دژی پێشڕەویی دەوڵەتی ئیسلامی، كە ئەوانیش ئەم كارەیان زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام داوە. كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە ژمارەیەكی زۆری میلیشیا شیعەكان لە عێراقدا هەن كە لە ژێر كۆنتڕۆڵ و تەنانەت لە ژێر سەركردایەتی ئێراندان، ئەمە هۆكارێكی یارمەتیدەرە بۆ درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و پێشبینییەكی زۆر مەترسیدارە و بە خێر و خۆشی بۆ ئایندەی عێراق ناگەڕێتەوە. هەرچۆنێك بێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەیە كاتی زیاتر بدات بە حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی حكومەتەكەی رێكبخاتەوە و ئامادەیە بۆ هاوكاریی زیاتر بۆ مەشقپێكردن و دووبارە دابینكردنەوەی كەل و پەل بۆ سوپای عێراق و ئامادەی بەردەوامبوونە لە هاوكاری و پێدانی چەكی نوێ بە پێشمەرگە، ئەویش بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانمان بۆ دەرپەڕاندنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە خاكی عێراقدا. بەڵام من دەڵێم پێویستە سەرەتا عەبادی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا نەهێڵێت كە زیانێكی زۆر بە عێراق دەگەیەنن، ئەوە تاكەڕێگەیە بۆ یەكخسنی هۆزەكان بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی شان بە شانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دووبارە بنیاتنراو.
* بەریتانیا لە چ روویەكەوە بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هاوكاری پێشمەرگە دەكات ؟
- زۆرێك لە وڵاتان، لە نێویاندا ئەمریكا و بەریتانیا چەكی نوێ بە پێشمەرگە دەدەن بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، ئێمە هانی وڵاتانی دیكەی ئەوروپا دەدەین كە هەمان هەنگاوی ئێمە هەڵگرن.
* چۆن لە ئامادەیی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا دەڕوانیت، كە خۆی سەرپەرشتی پلانەكانی شەڕ و جێبەجێكردنیان دەكات؟
- بە دڵنیاییەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بە كەسانێكی بوێر دادەنێن و سەرۆك بارزانی وەك جەنگاوەرێك و سەركردەی پێشمەرگە دەناسرێت و نكۆڵی لە بوێرییەكەی ناكرێت. لەبەر ئەوە رۆژئاوا لەوە دەڕوانێت كە سەرۆك بارزانی سەركردایەتی هەڵمەتەكە بكات بۆ پاككردنەوەی سەرجەم عێراق لە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی. من بەڕێز سەرۆك بارزانی دەناسم و چەندین جار چاوم پێیكەوتووە، رێز لە ئازایەتییە مەزنەكەی و لە بوێرییەكەی دەگرم، من و خەڵكی رۆژئاوا هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین لە شەڕەكەیدا بۆ دەرپەڕاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە خاكی عێراق.
* بۆچوونتان چییە لەبارەی ئەوەی دەوترێت پێویستە بەریتانیا بە ئیجابی وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییە بداتەوە كە پێویستە شەراكەتێك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گرێ بدات لە بواری بازرگانی و رۆشنبیری و پەروەردە و هەواڵگریدا، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان بەوە ناسراوە ناوچەیەكی ئارام و گەشەكردو وی دیموكراتە لەم ناوچە ئاڵۆزەدا؟
- ئەمە بیرۆكەیەكی تا بڵێی باشە، جیاوازی نێوان هەولێر و بەغدا تەواو ئاشكرایە، هەولێر وەك شارێكی مۆدێرن وایە، بازاڕی مۆدێرن و ئوتێل و ستانداردێكی باشی ژیان و گوزەران بۆ خەڵكەكە بەدی هاتووە، ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە چی روودەدات كاتێك ئاشتی و گەشەكردن بۆ چەندین دەیە دەپارێزرێن لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئێستاش ئەوە هەڕەشەی لەسەرە لەلایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە كە هاوكاری پیشمەرگە بكرێت بۆ ئەوەی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی بكات. بەغدا لە سایەی حوكمڕانی مالیكیدا بووە شارێكی وێرانە و عێراق تەقریبەن بووەتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو، رۆژئاواش هەموو متمانەیەكی بە مالیكی لەدەست دابوو، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوە بوو كە پێشوازیمان لە حەیدەر ئەلعەبادی كرد و چاومان لەوەبوو كە ئاڕاستەی ئایندەی عێراق بگۆڕێت. لەبەر ئەوە من پشتیوانی هەر دەستپێشخەریەك بۆ ئاڵ و گۆڕی كەلتووری و پەروەردەیی و هەروەها كار و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دەكەم.
* بەشێك لە راپۆرتەكە باس لە هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئاوارەكان و لە هەمان كاتدا پرسی ئەنفال و جینۆساید كە بەڕێزتان كارتان لەسەر كردووە و پرسی هەڵەبجە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەڵوێستی حكومەتی بەریتانیا لە ئاست هەوڵەكانی هەرێمی كوردستاندا چییە؟
- بە دڵنیاییەوە ئاوارەكان لە ناو هەرێمی كوردستاندا لە رەوشێكی سەخت ژیان بەسەر دەبەن، كاتێك لە هەولێر بووم سەردانی یەكێك لە كامپەكانی ئاوارە سوورییەكانم كرد، كە بیست هەزار لە كوردەكانی سووریا هەڵاتن و بەرەو كوردستان هاتن و وەك هەمیشە لەلایەن (سەرۆك بارزانی)یەوە پێشوازییان لێكرا و كامپی ئاوارەی بۆ دەستەبەر كردن، ئاو و خواردن و سەلامەتی بۆ دەستەبەر كردن، لەو كاتەوە- كە هەژدە مانگ پێش ئێستا بوو-، بە دەیان هەزار ئاوارە، لە ئێزیدییەكان و هەروەها خەڵكانێكی زیاتر لە ناو عێراقدا كە لە ژێر فشاری دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون و هەروەها ئاوارەی زیاتر لە سووریاوە دێن، كەواتە دۆخەكە تا دێت خراپتر دەبێت، لەبەر ئەوە گرنگە كە رۆژئاوا هاوكاری زیاتری كوردستان بكات، كە هەمیشە بارێكی ئارامی بۆ ئاوارەكان دەستەبەر كردووە. ئەوە شتێكە كە بەڕاستی پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ستایشی بكات و پێویستە رێز لە هەرێمی كوردستان بگرن بەوەی هاوكاریی دارایی زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەكاندا بكەن.
* پێویستە هەرێمی كوردستان چۆن لەم كاتەدا هەوڵە دیپلۆماتییەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی رۆژئاوا چالاكانەتر هاوكاری كوردستان بكات؟
- ئەگەر سەرۆك بارزانی گەشتێك بۆ پایتەختە گەورەكانی رۆژئاوا بكات، لە نێویاندا واشنتۆن و لەندەن و پاریس و بەرلین بۆ ئەوەی هەوڵەكانی كوردستان روون بكاتەوە لەبارەی دابینكردنی ئارامی بۆ ئاوارەكان و روونكردنەوەی هەڵوێستی پێشمەرگە وەك هێزێكی سەرەكی لە شەڕیاندا دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و بۆ روونكردنەوەی ئەوەی بۆچی هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوكاری رۆژئاوا هەیە. پێموایە ئەوە پەیامێكە كە رۆژئاوا باش ئامادەیە گوێی بۆ بگرێت.
* ئایا لە ئێستادا كە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە دەكرێت هەنگاو بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگێرێت؟
- بەپێی بوونی حەیدەر عەبادی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بووە هۆی بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بێت و ئێستا هەندێ لە ناكۆكییەكانی پەیوەست بە داهاتی نەوتەوە چارەسەر كراون، لەبەر ئەوە ئەمە بە كاتێكی گونجاو نازانم بۆ قسەكردن لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە. سەرەتا دەبێت شەڕی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بكەین، دووەم دەبێت دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا نەهێڵین و كاتێك عێراقێكی سەقامگیر هاتەئاراوە، ئینجا پێویستە لە پرسی سەربەخۆیی بڕوانین. ئەم گۆڕانكارییە ئاماژەی گەشبینی لێكەوتەوە بۆ ئایندەی عێراق و بەرەوپێشچوون بوو لەو رەوشەی لە سایەی نوری ئەلمالكیدا دروست ببوو. لەبەر ئەوە هیوادارم بتواندرێت بارودۆخەكە چارەسەر بكرێت و هەرێمی كوردستان بتوانێت یەك بێت لەگەڵ حەیدەر عەبادی بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و هاوكار بن لە پاككردنەوەی میلشیا شیعەكان لە عێراقدا كە لە ژێر كاریگەریی ئێراندان. واتە دۆخی وڵاتەكە سەقامگیر بكرێت، تەنها ئەو كاتە بیر لە پرسی سەربەخۆیی بكرێتەوە.
* دوا وتەت چییە؟
- دەتوانن بە خوێنەرانتان بڵێن كە رۆژئاوا زۆر بیرتان لێدەكاتەوە و هیوادارە ببنە سەری رم بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقدا، ئێمە تەقدیر و ستایشی بوێری و ئازایەتی سەركردایەتی كورد و پێشمەرگە دەكەین كە بە بەوپەڕی تواناوە شەڕ دەكەن و زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە لە عێراقدا هەوڵ و كۆشش دەكەن بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.