عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گوڵان:رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گرنگ بووەودنیاش بە رێزەوە سەیری دەكات

عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گوڵان:رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گرنگ بووەودنیاش بە رێزەوە سەیری دەكات
ئیرادەی هێزی پێشمەرگە وەرچەرخانی لەسەر زەوی بۆ بەرژەوەندیی كورد و كوردستان و جیهان دروستكرد، لەم شەڕە گەورەیەی دژی داعش بەڕێز مسعود بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕەوە سەرپەرشتی شەڕی كردووە و هەموو فەرماندە سەربازییەكانی كوردستانیش وەك سەرۆكەكەیان لە ریزی پێشەوە و هاوشانی پێشمەرگە دەجەنگن، ئەم قارەمانیەتەی پێشمەرگە وەرچەخانی سیاسیشی دروستكردووە و پرسیاری گرنگیشی ورووژاندووە، ئایا دوای ئەم شەڕە هاوكێشەكان چی دەبن؟ كورد بڕیاری چی دەدات؟ عێراق دەگاتە كوێ ؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* شەڕی داعش بۆ كوردستان هەم دەرفەتە و هەم تەحددی بۆ ئایندەی كوردستان، بەڕێزتان وەك سیاسەتمەدارێك، چۆن ئەو دەرفەت و تەحددییانە دەبینن؟
- گەلی كوردستان ساڵەهای ساڵە خەبات دەكات و بێبەش كراوە لەوەی مافی ئەوەی هەبێت خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، رەگ و ریشەی پێشێلكردنی ئەم مافەش دەگەڕێتەوە بۆ دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی ئەو دەوڵەتە زۆربەی زۆری ئەو نەتەوانەی لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەژیان، سەربەخۆییان بۆ دابینكرا و بوونە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام لەو نێوەندەدا كوردستان دابەشكرا، بۆیە لەو كاتەوەی كوردستان دابەشكراوە، گەلی كوردستان بۆ ئازادی و بۆ دیاریكردنی ئایندەی خۆی خەبات دەكات و قوربانی دەدات، لەم پێناوەشدا قۆناخی زۆرجیاوازی بڕیوە و تووشی شەڕی دەوڵەتان بووە، بەتایبەتیش لە باشووری كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەكارهێنانی چەكی كیماوی و ئەنفال ژینۆساید بەرامبەر گەلەكەمان بكرێت، لە ئێستاشدا مەترسییەكی گەورەتر رووبەڕووی گەلەكەمان وسەرجەم گەلانی ئازادیخواز بۆتەوە كە ئەویش مەترسی تیرۆریستانی داعشە، كە ناویان لە خۆیان ناوە «خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام». من وای دەبینم شەڕی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی درێژخایەنە و پێویستی بە هاوكاری تێكڕای دەوڵەتانی ئازاد و دیموكراتی هەیە بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە لەسەر مرۆڤایەتی دووربخەنەوە، بۆ خۆشمان وەك هەرێمی كوردستان ئەم شەڕە شەڕێكی هەمە لایەنە و پێوستە شان بە شانی بەرەی شەڕی راستەوخۆی هێزەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش، لە ناوخۆی كوردستانیش هاووڵاتیان هاریكاری تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆی كوردستان بكەن، لەهەر بوارێكدا كەمتەرخەمی هەبێت، پێویستە ئەو كەمتەرخەمییە چارەسەر بكرێت.
* بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستپێكی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، بڕیاری شەڕی سەرتاسەری لە دژی داعش راگەیاند و راستەوخۆش سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕی دەكرد و لە پێشەوەی سەنگەرەكانی بەرگری پێشمەرگە بووە، ئایا تاچەند ئەم بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی سەرتاسەری لە دژی داعش و بوونی خۆی لە پێشەوەی بەرەكانی هێزی پێشمەرگە هاوكێشەكەی بۆ بەرژەوەندی كورد گۆڕی؟
- بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعش، بڕیارێكی بەجێ بوو، ئەو لەم شەڕە بە ئەركی خۆی هەستا و دەبێت هەموو خەڵكی كوردستانیش بە ئەركی خۆیان هەڵبستن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە و ئەركی خۆیەتی بەو رۆڵە گرنگە لەم كاتە هەستیارە هەڵبستێت، ئەمەش بە هەند وەرگیراوە و هاندەرێكی گرنگ بووە بۆ یەكخستنی پێداویستی رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی بە ناو ئیسلامی كە گشت لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لێ دەكەن و دنیاش بە رێزەوە تەماشای ئەو هەوڵە و رۆڵی پێشمەرگە دەكەن لە بەرەكانی زوممار و شنگالەوە تادەگاتە تەلوەرد و خورماتوو و خانەقین و جەلەولا، ئەمە وادەكات هەموو لایەك پێكەوە هەماهەنگ بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان. ئەو سەركەوتنانەی بەم دواییە لە شنگال و دەوربەری، جێگەی دڵخۆشییەكی گەورە بوو، ئەم سەركەوتنە دوای ئەو كارەسات و نەهەماتییە گەورەیە هات كە بەسەر خەڵكی ئەو ناوچەیە هات، بەتایبەتی كوردانی ئێزیدی، هەروەها ئەم سەركەوتنانە دوای ناخۆشیەكی زۆر هاتن، بەتایبەتی كە تیرۆریستانی داعش دوای داگیركردنی موسڵ هێرشیان كردە سەر زوممار و شنگال و لەملاشەوە بەرەو هەولێر هێرشیان كرد، بۆیە ئەم مەترسییەی تیرۆریستانی داعش هەموو لایەكمان هەستمان پێكرد، پلان داڕێژرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تەواوی فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆیان راستەوخۆ لە بەرەكانی شەڕ بوون و بە سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی هەتا ئەم سەركەوتنانە تۆمار كران، بۆیە من پێموایە گرنگە ئەم سەركەوتنانە ببنە هاندەر بۆ ئەوەی زیاتر یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و زووتر هێزی پێشمەرگە یەكبخەینەوە، هەموو ئەو دامودەزگایانەی تا ئێستا یەكیان نەگرتۆتەوە، پەلەی لێ بكەین و یەكبگرنەوە.
* سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی سێ مانگە لە بەرەكانی شەڕە، ئایا تاچەند گرنگە پشتگیری بكرێت بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان بەردەوام بن؟
- پێش هەموو شت سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە و ئەمە ئەرك و خواستی خۆیەتی كە دەبێت فەرماندەی هەموو شەڕەكان بێت هەر لە شنگال تا جەلەولا، دەبێت بە هەمان رۆحیەتەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی سەركەوتنەكان بەردەوام بن، بۆیە من لە كاتێكدا دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تەواوی فەرماندە سەربازییەكان و تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەم، لە هەمانكاتدا دەڵێم بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەكان لە بەرەی پێشەوەی شەڕ هۆكارە بۆ سەركەوتنی خێراتر و كەمكردنەوەی زیانەكان بەتایبەتی شەهیدبوونی پێشمەرگە.
* ئەوەی لەماوەی ئەو چەند مانگەی شەڕی داعش وەرچەرخانی گەورەی لە كوردستان دروستكرد، بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوو، بە ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ هاوكاری براكانیان لە كۆبانێ، دیارە لە رووی سەربازییەوە باسی ئەمە ناكەین، بەڵام لە رووی سیاسی و دیپلۆماتییەوە، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ چ مانایەكی بۆ ئایندەی سیاسیی كوردستان لە ناوچەكەدا هەیە؟
- بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، جووڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم دەبێت بە بڕیاری پەرلەمان بێت، بۆیە كە پەرلەمان دوای ناردنی نامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیاری داوە، ئەوە بڕیارێكە لە جێگەی خۆیەتی، لەلایەكی دیكە ئەم شەڕەی ئێستا رووبەڕوومان بۆتەوە، شەڕێكی جیهانییە و تەنها شەڕی كورد نییە، هەر بۆیە لە كەنداو تا دەگاتە ئەمریكا و ئەوروپا و ئوسترالیا لەم شەڕەدا هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئێمەش كاتێك دەبینین براكانمان لە رۆژئاوا رووبەڕووی هەمان مەترسی بوونەتەوە و لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕێكی سەختدان، دەبێت چیمان لەدەست بێت، هاوكارییان بكەین، ئەركی سەرشانی پێشمەرگەشە لە هەر شوێنێكی كوردستان پێویست بێ، لەوێ بەرگری لە كوردستان بكات، چونكە كوردستان یەك نیشتمانە، لە كوێ پێویستی هەبێت، دەبێت هاوكارییان بكەین، ئێمەش پێویستمان بێت، دەبێت پارچەكانی دیكە هاوكاری باشوور بكەن، بۆیە لە كاتێكدا وڵاتان هاوكاری كوردستان بكەن، ئەوا لە سەرمان فەرزە ئێمەش هاوكاری بەشێكی دیكەی كوردستان بكەین، ئێستا هەموو مرۆڤایەتی رووبەڕووی دوژمنێك بوونەتەوە كە دەیەوێت مرۆڤایەتی بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی تاریكی و رووی ئیسلامیشی شێواندووە، بۆیە گرنگە پیاوانی ئایینی و دامەزراوەكانی ئیسلامی وەك جامعەی ئەلئەزهەر و كۆنگرەی ئیسلامی و ...تاد، لە ئاستی ئەم وەحشییەتەی داعش بێدەنگ نەبن و باشتر بێنە دەنگ.
* ئێستا بارودۆخێكی گرنگی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك سوپایەكی هاوچەرخی دامەزراوەیی بنیادبنرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم سوپایە توانای ئەوەی هەبێت بەرگری لە كوردستان بكات، ئایا تاچەند گرنگە لەم قۆناخەدا پشتگیری لە یەكگرتنەوەی پێشمەرگە بكرێت بۆ ئەوەی دامەزراوەیەكی نیشتمانی و یەكگرتوو ببێت؟
- پێشتر ئاماژەم بەوە كرد كە گرنگە بۆ ئەم قۆناخە هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبگرێتەوە، هەروەها ئەو دامەزراوانەی دیكەش كە تائێستا یەكیانەگرتۆتەوە، لە ساڵی 2006 دوای ئەوە ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەكیگرتەوە، رای ئێمە وەك پارتی و یەكێتی بەو جۆرە بوو هەر چوار وەزارەتی (پێشمەرگە، ناوخۆ، دارایی، داد) ئەم چوار وەزارەتە وەزیر و بریكاریان هەبێت، بەڵام وەزیر بەرپرس بێت و بریكار هاوكاری بێت، ئەم میكانیزمە بۆ ئەو كات و بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان پێویست بوو، بۆ ئەوە بوو ئاسەواری شەڕی ناوخۆ بسڕینەوە، بەڵام ئەم پرسە دواخرا و هەمووشمان بەرپرسیارین لەو دواكەوتنە، هۆكاری ئەم دواكەوتنە بۆ ئەوە بوو، هەردوو بەڕێزان مام جەلال و كاك مسعود بارزانی و هەروەها هەردوو مەكتەبی سیاسی لە سەرەوە پەیوەندییەكانیان زۆر باش بوو، بەڵام ئەم پەیوەندییە باشە و تێگەیشتن لە رێككەوتنی ستراتیژی شۆڕ نەبووەوە بۆ ناو جومگەكانی پارتی و یەكێتی، ئەمە وایكرد هەتا ئێستا یەكەی 70 و 80ی پارتی و یەكێتی لەناو هێزی پێشمەرگە وا بمینێ، بە گەڕانەوە بۆ ئەو بڕیارەی ساڵی 2006 و دانانی بەرنامەیەكی گرنگ و بەپەلە، بەتایبەتی ئێستا كە بۆتە پێداویستی بۆ ئەم قۆناخە و لە شەڕی دژی داعش پێویستمان زیاتر بە یەكڕیزیی هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەوا دەتواندرێت هەنگاوی جددی بنێین، لەم پرسەدا گرنگە خێرا بچینە ناو وردەكارییەكان، وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حزب كۆبێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی پێویست دروست بێت و هەموو پێكەوە هەنگاو هەڵبگرین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، لەبەر ئەوەی گرنگە لە پرسی واگرنگدا راشكاو بین، هێشتا هەندێ ئاسەواری شەڕی ناوخۆ ماون و چارەسەر نەكراون، دەبێت ئەو ئاسەوارانە نەهێڵین بۆ ئەوەی كۆسپەكانی بەردەم یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لابەرین. هەتا ئێستا ئەم پرسە پرسی میدیاكانە و هەر لایەو لە رێگەی میدیاوە رای خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ئەم پرسە پرسی میدیا نییە و پێویستی بەوەیە بەپەلە پێكەوە كۆبینەوە و پرسیار بكەین، بۆچی تائێستا هێزی پێشمەرگە یەكینەگرتۆتەوە؟ بۆچی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دوو ئاسایش بوونی هەیە؟ تا رادەیەك باشە لە ناو ئیدارەی هەرێم ئەم پرسە بە یاسا چارەسەركراوە، بەڵام دیسان هێشتا بەو ئاستە نییە، هاووڵاتی لە هەردوولا بە ئاسانی هەستی پێدەكات.
*ئێستا بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە سنوورەكان كاڵبوونەتەوە، دوای سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش و بەرگری شەڕڤانان لە كۆبانێ، ئێستا باشووری كوردستان دەتوانێت كاریگەری هەبێت بۆ دەرهێنانی پەیەدە و پەكەكە لە لیستی تیرۆر، ئایا تاچەند گرنگە هاوكاریان بین بۆ ئەوەی لە لیستی تیرۆر دەریان بهێنین؟
- هێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان هیچ كاتێك پەیەدە و پەكەكەیان بە تیرۆریست نەزانیوە، بەڵكو ئەوان خەباتێكی رەوایان كردووە، زۆر جاریش ناكۆك بووین و تەنانەت شەڕیشمان كردووە، بەڵام زۆر جاریش هاوپەیمان بووین و ئەوانمان بە خاوەن هەق زانیوە و بەتیرۆریستمان نەزانیون، مەسەلەی بوونی ناویان لە لیستی تیرۆر دەدەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی سیاسەتی توركیا لە ساڵانی شەڕی پەكەكە لەگەڵ ئەم وڵاتە، هەروەها بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە ساڵانی رابردوودا كە تەنیا بیری لە پاراستنی پەیوەندییەكانی خۆی دەكردەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، هەر لەو ساڵانەدا ناوی پارتی و یەكێتیش بە ناهەق خرابوونە ناو ئەو لیستە، كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و ئەوروپا راستەوخۆ دیالۆگ لەگەڵ هەموو هێزەكانی كوردستان بكەن بە پەیەدەو پەكەكەشەوە، بۆ ئەوەی هێزەكانی كوردستان بەشێك بن لە چارەسەری كێشەكانی توركیا و سووریا، بەتایبەتیش سوریا كە ئێستا راستەوخۆ كورد شەڕی تیرۆریستان دەكات و بەبێ كورد ئەو كێشانە چارەسەر ناكرێن.
* پێناچێت جارێكی دیكە عێراق بگەڕێتەوە بۆ مۆدیلی ئەو دەوڵەتەی كە هەتا حوزەیرانی 2014 بوونی هەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر داعشیش نەمێنێت و عێراق وەك دەوڵەتێكیش بمێنێتەوە، ئەم دەوڵەتەی ئێستا نابێت، ئایا ئایندەی عێراق و هەروەها ئایندەی باشووری كوردستان لە عێراقدا چۆن دەبینن؟
- لە بەرنامەی تەلەفزیۆنێكی عەرەبی و لە وەڵامی پرسیاری ئەو تەلەفزیۆنە باسی ئەوەمكرد، ئەو دەستوورەی لە ساڵی 2005 دامانڕشت و پاشان دەنگمان پێدا بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی، عێراق لە بری ئەوەی ببێتە دیموكراتی و فیدڕاڵی بووە دەوڵەتێكی فاشیل، لە ئێستاشدا پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكانی عێراق ئاسایی نین و بەشێكی گرنگی عێراقیش كەوتۆتە دەستی تیرۆریستانی داعش، سوپای عێراق شكستی هێناوە و نەیتوانیوە وەك سوپایەكی نیشتمانی بێلایەن و سەركەتوو بێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا لای هەمووان ئاشكرایە كە ناكرێ بگەڕێینەوە دواوە و قبووڵی دیكتاتۆریەت بكەین، دیارە عێراق وڵاتێكی فرەنەتەوە و فرەئایین و فرە فەرهەنگ و كەلتووریشە و ئەگەر ئەو عێراقە بیەوێ بە یەكگرتوویی بەردەوام بێ، هەر دەبێت ئەو جیاوازییانە قبووڵ بكات و رێز لەگشت پێكهاتەكانی بگرێ و ددان بە مافی چارەی خۆنووسیندا بنێت. پێموایە دوای لەناوبردنی داعش دەبێت كۆرسێكی تازە دەست پێبكات و هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە كورد و شیعەو سوننە و توركمان و كریستیانەوە، گرنگە هەموو پێكەوە راشكاوانە لەسەر ئایندەی عێراق كۆبینەوە و بزانین ئایا لە ماوەی 12 ساڵی رابردوو هەڵەكانمان چی بوون و لە چیدا و لەكوێدا هەڵەمان كردووە؟ لایەنی كوردستانی دەبێت لەم دیالۆگە راشكاوانە بێت و قسە لە دڵی خۆێدا نەهێڵێتەوە، پێش هەموو شت دەبێت لایەنی كوردستانی هەوڵبدات بە شێوەیەكی یاسایی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوجا باس لەوە بكرێت ئایا مانەوەی عێراقێكی فیدڕاڵ بوونی هەیە، یان نە؟ لەمەشدا پێویستە ئەمجارە لایەنی كوردی باس لە تایبەتمەندی خۆی بكات، واتە هەرێمی كوردستان ئەگەر یەك هەرێمیش بێت لە عێراقدا، ئەوا دەبێت ئەم هەرێمە لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافی بێت، بەشەكانی دیكەی عێراق چۆن دەبنە هەرێم، نابێت ئەوە كاری ئێمە بێت و ئەوان خۆیان یەك نەتەوە و یەك زمانن، كاری ئێمە دەبێت رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵك بێت و ئەوان بڕیاری خۆیان بدەن، سەبارەت بە كوردستانیش دەبێت بیر لە رێگەچارەیەكی دیكە بكرێتەوە و دەبێت دەوڵەتی كوردستان زەمینەی ئەوەی بۆ خۆش بكرێت نەكەوێتە ناو شەڕێكی دیكە، بەڵكو دەبێت پەیوەندی باشی لەگەڵ دراوسێكانی هەبێت بە عێراقیشەوە، سەبارەت بە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش، ئێمە پشتگیریان دەكەن بەڵام ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن.
Top