دیڤید فلیپس دیبلۆماتكاری ناسراوی ئەمریكا بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی خۆی لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەیە و شەڕی چارەنووسساز و سەربەخۆیی كوردستان دەكات
December 25, 2014
دیمانەی تایبەت
رۆژی پێنج شەمەی رابردوو كاتێك ئەم دیدارەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دیڤید فلیپس لە هەولێر ئەنجامدەدا، ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی دەڤەری شنگال دەستی پێكردبوو، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ پێشمەرگەكانی سەرچیای شنگال یەكیان گرتبوو، بەڵام هێشتا نە قەزای سنونێ رزگار كرابوو، نە پێشمەرگەش چووبووە ناو شنگال، بەڵام كە پرسیاری ئەوەمان لە پڕۆفیسۆر دیڤید فلیپس كرد چۆن سەیری ئۆپەراسیۆنە دەكەی، ئەو ئاگادار بوو لەوەی سەرۆك بارزانی لە بەرەی پێشەوەی شەڕە و خۆی سەرپەرشتی ئەو ئۆپراسیۆنانە دەكات بۆ كردنەوەی دەروازەیەك بۆ گەیشتن بە شنگال. پرۆفیسۆر فلیپس پێشتر راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بووە، هەر خۆیشی دیراسەتی پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵات و داهاتی نووسیوە و لە داڕشتنی دەستووری عێراق سوودی لێوەرگیراوە، لەم دیمانەیەدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كوردستان بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرێت و وەك پاداشتێكیش بۆ ئەو شەڕەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش دەیكات، دەبێت ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیعتراف بە سەروەری كوردستان و سەروەری كەركووك وەك بەشێك لە كوردستان بكەن، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.* سەبارەت بەو بارودۆخە هەستیارەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، دەمانەوێت راوبۆچوونی ئێوە بزانین، ئایا وەك چاودێرێكی دەرەكی چۆن سەیری بارودۆخەكە دەكەن؟
- ئەمە ساتەوەختی قەیران و دەرفەتە لە یەك كاتدا. دەوڵەتی ئیسلامی بۆتە تەحەددی بۆ بەها رۆژئاواییەكان. كوردەكان بەهای رۆژئاوایی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتە ئەوروپییەكاندا، هەروەها سەلماندوویانە كە كوردستان رۆڵێكی میحوەری هەیە لە هاوپەیمانێتی فرەنەتەوەییدا كە لە شەڕدایە دژی دەوڵەتی ئیسلامی.
* ئێوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمە هەم دەرفەتە و هەم تەحەددی، ئایا دەرفەتەكانی بۆ كورد چین؟
- كوردستان دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و هەروەها وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدابنرێت. تێكشكاندنی داعش بێ كوردستان ناكرێت، دەبێت كوردستان لەسەر ئەو قوربانییانەی بەخشیویەتی، پاداشت بكرێت.
* بەڵام بۆچی تا ئێستاش ئەمریكا پێداگیری لەسەر سیاسەتی عێراقێكی یەكگرتوو دەكات؟
- راستە تا ئێستاش ئەمریكا وەك وڵاتێكی یەكگرتوو لە عێراق دەڕوانێت، بەڵام عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە و یەك لەسەر سێی خاكەكەی لە ژێر دەستی رێكخراوێكی تیرۆریستیدایە. حكومەتی بەغداش لە ژێر كاریگەری قورسی ئێراندایە، پێویستە سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریكا واقیعەكە بكەنە بنەمای ئەو رێچكەیەی دەیگرنەبەر و جەختكردنەوە لەسەر عێراقێكی یەكگرتوو رێچكەیەكی هەڵەیە.
* باسی رێچكەیەكی هەڵەتان لەلایەن ئەمریكاوە كرد، بەڵام فشارێكی زۆر نییە بۆ گۆڕینی واقیعەكە، تەنانەت توركیاش دژی سەربەخۆیی كوردستانە، چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەمە هەیە؟
- بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەحەددیەكی مەزنە، لەبەر ئەوەی توركیا و ئێران هەردووكیان بەرهەڵستی دەكەن، پێویستە بەغدا و هەولێر بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش و بەدواداچوون بۆ رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی بەغدا بكرێت، وەك هەنگاوێكیش بەرەو سەربەخۆیی، دەبێت وەك قەوارەی خاوەن سەروەری لە كوردستانی عێراق و كەركووك بڕوانن. وەك قەوارەیەكی خاوەن سەروەری دەتوانرێت كەركووك گرێبدرێتەوە بە كوردستانەوە. پێویستە پرۆسەیەكی هەنگاو بە هەنگاو پیادە بكرێت كە رۆڵ و بەرپرسیارێتییەكانی كوردستان و عێراق دیاری بكرێت، بەو پێیە سەربەخۆیی لە رێی گفتوگۆوە و بە بێ توندوتیژی بەدەست بهێندرێت.
* كورد شەڕی داعش دەكەن، پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی داعشن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەمریكا پەیەدە و پەكەكەی لە لیستی تیرۆر دەرنەهێناوە، بۆچی تا ئێستا ئەمریكا پێداگیری لەسەر ئەم هەڵوێستەی دەكاتەوە؟
- بەم دواییە و لە پاریس كۆبوونەوەیەكی گرنگ كرا لە نێوان ساڵیح موسلیم و نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا، لە رەوتی بەرەوپێشچووندا، دەبێت ئەمریكا لە نزیكەوە هەماهەنگی لەگەڵ پەیەدەدا بكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانی. بەرگری پاڵەوانانە لە كۆبانێ گەمەكە دەگۆڕێت. دەبێت پەكەكە كە هاتوونەتە نێو شەڕەكەوە، لە لایەن ئەمریكاوە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستە بیانییەكان دەربهێندرێت. حكومەتی توركیا گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكەدا دەكات، هەروەها ئاگربەست و كشاندنەوەی هێزەكان ئەنجامدران. ئەنقەرە لە پرۆسەی گفتوگۆدایە لەگەڵ پەكەكە، دەرهێنانی ئەم رێكخراوە لە لیستی تیرۆر كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر گفتوگۆی سیاسی و پرۆسەكە بەرەو پێشەوە دەبات و دەبێتە هۆی گەیشتن بە رێككەوتن پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا لە مانگی حوزەیراندا.
* راستە ئەمریكا لە جنێڤ چاوی بە ساڵیح موسلیم كەوت، بەڵام كوردەكان لە بەرەی پێشەوەی شەڕی داعشن و بەرگری كوردەكان خاڵی وەرچەرخان بوو لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەگەر وانەبووایە ئەوا ئێستا بەشێكی توركیا لە ژێر دەستی داعشدا بوو، بۆچی تا ئێستا ئەمریكا دوودڵە لە پشتیوانیكردنی كوردەكان؟
- دەوڵەتی ئیسلامی داعش لەوەدا سەركەوتوو بوو كە پەیەدە و پەكەكە و پێشمەرگە یەكبخات، كورد كاتێك دووچاری مەترسی دەبنەوە، ئەوا لە پێناوی ئامانجی هاوبەشدا جیاوازییەكانیان دەخەنەلاوە. توركیا لە ساتەوەختێكی هەستیاردایە لە پەیوەندیدا بەوەی پێی دەگوترێت پرۆسەی ئاشتی. دەبێت مافی سیاسی و كەلتووری زیاتر بۆ كوردی توركیا دەستەبەر بكات، ئەگەرنا ئەوانیش بەرەو رادیكاڵیەت دەڕۆن، بەڕێز ئەردۆغان باسی ئاشتی دەكات، بەڵام لە كۆتاییدا كردەوەكانی ئەو دەبنە سەنگی مەحەك، نەك گوفتارەكانی. كاتێك هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكان لە مانگی حوزەیراندا ئەنجام دەدرێت ئەوا دەنگدەران حوكم لەسەر پارتی دادوگەشەپێدان دەدەن.
* بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان هەتا ئێستا دوودڵ بێت و شەڕی داعش نەكات، یان دژیان نەوەستێتەوە؟
- بەڕێز دەمیرێل سەرۆكی پێشووی توركیا گوتی: زۆربەی وڵاتان تەنها یەك دەوڵەتیان هەیە، بەڵام ئێمە لە توركیا خاوەنی دوو دەوڵەتین لە سایەی پارتی داد و گەشەپێداندا، هێشتا هەر دوو دەوڵەتەكە بوونی هەیە. ئێستا دەوڵەتەكەی دیكە بریتییە لە دەوڵەتی ئیسلامی. دنیابینی پارتی داد و گەشەپێدان و ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی ئیسلامی هاوشێوەن، ئەگەرچی تاكتیكیان جیاوازە. پێویستە توركیا بڕیارێك بدات، بەوەی كە ئایا ئایندەی لە ئەوروپا و رۆژئاوادایە، یان لە ئیسلامیزەكردنی زیاتری توركیا و رەفتاركردنی لەبری ئیخوان موسلمین. ئەوە ئومێدی ئەمریكایە كە توركیا بەها رۆژئاواییەكانی وەك دیموكراسی و فرەیی لەخۆ بگرێت و بەرهەڵستی بە رادیكاڵیبون بكات. دەبێت توركیا هەنگاوێكی روون و كۆنكرێتی هەڵبگرێت. پێویستە بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیك دیاری بكرێت بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانێتییەكەوە بەكاربهێندرێت بۆ پلانەكانی شەڕەكە. هەروەها دەبێت پڕۆگرامی مەشقپێكردن و پرتفاقكردنی تەواو بكات بۆ یارمەتیدانی موعارەزەی میانڕەوەی سووریا. پێویستە توركیا زیاتر بەشداریی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكە بكات بۆ ئەوەی پێگەی باشی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. ئەمریكا و توركیا لە ئامانجێكدا هاوبەشن، ئەویش بریتیە لە رزگاربوون لە ئەسەد.
* زۆر كەس باوەڕی وایە كە ئەرۆدغان ئامادەیە بۆ نوێنەرایەتیكردنی خەلافەتی ئیسلامی، بەڵام ئەو دژی خەلافەتەكەی (ئەبوبەكر ئەلبەغدادی)یە، ئایا چۆن ئەم دژیەكییە لە بیركردنەوەی ئەردۆغاندا دەبینیت؟
- ئەردۆغان وەك سوڵتان و خەلیفەی جیهانی ئیسلامی هەڵسوكەوت دەكات. هەربۆیە لە بری مۆركی مرۆڤایەتی، دیاردەی لوتبەرزی بۆتە خەسڵەتی جیاكەرەوەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا.
* سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگەیەك هەڵسوكەوت دەكات، ئێستا ئەو لە هێڵی پێشەوەیە، ئەو واقیعی شەڕەكەی گۆڕیوە، ئایا جیهان چۆن لەم رۆڵەی بارزانی دەڕوانێت كە سەركردایەتی هێزەكانی دژ بە داعش دەكات؟
-سەرۆك بارزانی لە بەرەی پێشەوەیە و پێشەوایەتی هێرشێك دەكات بۆ كردنەوەی راڕەوێك بۆ شنگال. هەمیشە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووی كردۆتە كوردەكان و داوای هاوكاری و قوربانی لێكردوون، كوردەكان وەك هێزی زەمینی بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی كار دەكەن. پێویستە بە هاوكاری ئەمنی راستەوخۆ و پشتیوانی دیبلۆماسی پاداشتی كورد بدرێتەوە. لەبری ناردنی چەك لە رێی بەغداوە، پێویستە ئەمریكا كەناڵێكی راستەوخۆ بكاتەوە بۆ پێشمەرگە لە رێی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە، بۆ ئەوەی چەكی قورستریان پێبدات، تاوەكو زیانی گەورەتر بە چەكدارانی داعش بگەیەنن.
* عێراق بۆتە گۆڕەپانی پیادەكردنی سیاسەتی ئیقلیمی، ئێستاش هادی ئەلعامری هێزی حەشدی شەعبی كۆدەكاتەوە لە پارێزگای ئەنباردا، ئایا تا چەند ئەمە عێراق دەخاتە مەترسیی شەڕی ناوخۆوە؟
- پێویستە سەروەری یاسا باڵ بەسەر عێراقدا بكێشێت. حەشدی شەعبی لە پێناوی دروستكردنی میلیشیادا لە مەودای كورتدا كاریگەری ئەمنی ئیجابی دەبێت، بەڵام لە مەودای دووردا میلیشیاكان عێراق ناسەقامگیر دەكەن، هەروەها ناكۆكی لە نێوان گرووپە تایەفەگەرییەكاندا دروست دەكەن. تاوەكو خێڵە سوننییەكان بەشداری نەكەن، ئەوا ناتواندرێت دەوڵەتی ئیسلامی تێكبشكێندرێت. ئەو ستراتیژیەتەی بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی بەكار دەهێندرێت، دەبێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و پێشمەرگە و خێڵە سوننییەكان لەخۆ بگرێت. هەروەها پێویستە بۆ بەڕێوبردنی موسڵ لە دوای رزگاركردنی پلان هەبێت.
* هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەنجام داوە، تا چەند ئەم رێككەوتنە بۆ ئێستای كوردستان گرنگە؟
- رێككەوتنێكی زۆر گرنگە، هەرچۆنێك بێت، ئەمە رێككەوتنێكی كاتییە و تەنها بۆ ماوەی یەك ساڵە. كە بە هۆی ئەم رێككەوتنەوە سەرچاوەی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، ئەمەش كێشەی هاتنی سیولە كەم دەكاتەوە، هەروەها بڕێك لە نەوت دیاری دەكات كە دەبێت لە كوردستان بە كەركووكیشەوە هەناردە بكرێت. دەبێت رێككەوتنە بە فەرمی بكرێت بەوەی بكرێتە بەشێك لە پڕۆژەی بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە. ئەو كاتە بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای ئەو واقیعەی لە ئارادایە دووبارە گفتوگۆ دەكەنەوە. لە ساڵی 2015دا كوردستان هەنگاو هەڵدەگرێت بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانی لە كاتێكدا كە بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی رێگەدەگرێتەبەر.
* بڕیار دراوە سێ فیرقە بۆ پێشمەرگە دروست بكرێت و بنكەیەكی ئاسمانی ئەمریكی لە نزیك هەولێر دابندرێت، تا چەند ئەمریكا چەكی قورس دەداتە پێشمەرگە، ئێمە باوەڕمان وایە چەكی قورس هەموو جۆرە چەكێك جگە لە چەكی ناوەكی دەگرێتەوە؟
- پێویستە بە بەردەوامی تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە دابین بكرێت، هەروەها ئەوان پێویستیان بە چەكی قورسە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكی پێشكەوتووی دەوڵەتی ئیسلامی. كاتێك سوپای عێراق موسڵیان بەجێهێشت، چەكیان بۆ داعش جێهێشت، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی پڕتفاقترن بەهۆی بەدەستهێنانی ئەو چەكانەی كە لە ئەمریكا دروستكراون. پێویستە پێشمەرگە باشتر پڕتفاق بكرێن. خۆشبەختانە ئەڵمانیا مووشەكی میلانی دەستەبەر كردووە، هەروەها فەڕەنساش دۆشكەی 20 میلیمی دەستەبەر كردووە كە توانای بڕینی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشكراوەكانی هەیە. پێشمەرگە پێویستی بەو ئامڕازانە هەیە كە وایان لێدەكات ببنە هێزێكی شەڕكەری كاراتر. مەترسی ئەوە لە ئارادا نییە كە پێشمەرگە ئەو چەكانە دژی بەغدا یاخود بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەكار بهێنێت. كاتێكیش هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵدەگیرێت، ئەوا لە رێی گفتوگۆوە دەبێت.
* ئەوەی پێشمەرگە زۆر پێویستی پێیەتی، بریتییە لە تانك و هێزی ئاسمانی، ئایا هیچ ئەگەرێك هەیە ئەم چەكانە بدرێنە پێشمەرگە؟
- من كەسێكی سەربازی نیم، لەبەر ئەوە لە خۆم رانابینم وەڵام بدەمەوە. بەڵام پێموایە كوردەكان پێویستییان بە كەل و پەلی سەربازی و راهێنان هەیە، سەركەوتنی كوردستانی عێراق لە بەرژەوەندی ئەمریكا و جیهان و هەروەها كوردەكانیشدایە.
* ئێستا باس باسی موسڵە، پارێزگاری موسڵیش ئێستا لە هەولێرە، شیعەكانیش بێدەسەڵاتن، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كورد و سوننە بۆ رزگاركردنی موسڵ هاوكاری یەكتری بكەن؟
- بەڵێ، بناغەیەك هەیە بۆ هاوكاریكردن، بەڵام موسڵ شارێكی گەورەیە و هێزی ئاسمانی ئەمریكاش لە شەڕەكەدا هێزێكی یەكلاكەرەوە نابێت. شەڕی موسڵ شەڕی جادە بە جادە دەبێت و هێزی زەمینی لە خۆدەگرێت. پێشمەرگە بە توانا و پابەندن. پارێزگاری موسڵ پێشنیاری چەكداركردنی پۆلیس و خێڵە سوننییەكانی كردووە، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بە وریاییەوە كاری لەسەر بكرێت و پابەندبوونیان بسەلمێندرێت.
* چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ خاڵی وەرچەرخان بوو لە شەڕەكەدا و ئێستاش پێشمەرگە لە كۆبانێن، تا چ راددەیەك چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بووە هۆی نەهێشتنی سنوورەكان لە نێوان بەشەكانی كوردستاندا و ئایا چۆن ئەم بارودۆخە دەخوێنیتەوە؟
- گەیشتنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ گرنگییەكی رەمزی هەیە. بەرگریكارانی كۆبانێ پێویستییان بە هێزی مرۆیی زیاتر نییە، بەڵكو پێویستیان بە چەكی زیاتر هەیە، ئەوان پێویستیان بە تۆپ و چەكی پێشكەوتوو هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی كە هێرش دەكەنە سەر شارەكە. ئێستا سووریا دەوڵەتێكی شكستخواردووە. رۆژێك دێت شەڕە ناوخۆییە وێرانكارەكە كۆتایی دێت، ئەو كاتەش سووریا هاوشێوەی بۆسنیا دەبێت وەك ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆی تێیدا كۆتایی هات كە سێ كانتۆن بوو، هەر یەكێكیان لەلایەن میلیشیاكانەوە كۆنترۆڵ كرابوون و پارێزراو بوون و هەر یەكێكیان خۆیان حوكمڕانی خۆیان دەكرد. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و پەیەدە بە شێوەیەكی مەزن بەرەوپێش چووە. رۆژئاوا و كوردستانی عێراق بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەشیان هەیە. لە كۆتاییدا كوردستان پێویستی بە دەروازەیەك دەبێت بۆ سەر دەریا، كە ئەوەش بە رێڕەوێك دەبێت لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی كوردەكان لە سووریا تاوەكو لازقیە بۆ تەڕتوس. پێویستە كێشەكانی كورد لەسەر ئاستی ناوچەیی چارەسەر بكرێن، نەك تەنها وەك كێشەیەك لە چوارچێوەی عێراقدا.
* ساڵێك پێش ئێستا پێشنیاری ئەوەت كرد پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بكرێت، بەڵام ئێستا توركیا هیچ یەكێك لەمانەی نەكردووە، ئایا ئێستا كاتی ئەوە نەهاتووە؟
- من پێشنیاری باشتركردنی بارودۆخی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـم كرد لە زینداندا و پێشناری ئەوەم كرد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەروازەی زیاتر هەبێت. دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر هەنگاوێك بوو دەبوو زووتر بكرێت، پێویستە ئەمریكا دەستپێشخەری بكات بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، ئەوەش لەسەر گفتوگۆكان كاریگەری ئیجابی دەبێت.
* ئێستا لە كوردستانیت، ئایا چۆن سەیری بارودۆخی ئێستا دەكەیت و چۆن لە ئایندەی كوردستان دەڕوانێت؟
من لە 9ی ئاب لە ماردین بووم و لە رێگەدابووم بۆ هەولێر. هەرچۆنێك بێت، نەمتوانی بێم لەبەر ئەوەی رێگەی ئاسمانی داخرابوو، هەموو گەشتە بازرگانیيەكان هەڵوەشێندرانەوە. ئەوە سەردەمی قەیرانێكی مەزن بوو، بەڵام ئێستا ئەو قەیرانە تێدەپەڕێت، هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە توانای بەرەنگاربوونەوەی شەڕی داعشیان پیشاندا. ئەوان پابەندبوونی خۆیان سەلماندووە وەك هاوپەیمانی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە تیرۆردا. دەبێت ئەمریكا وەك ئەوەی هەیە مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات، نەك وەك ئەوەی ئومێد دەكات، هەبێت. لە كۆتاییدا باشترین و تەنها دۆستی ئەمریكا لە عێراقدا گەلی كوردە.