مایكل نایتبەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی عێراق لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان:دیمەنێكی مەزن بوو كاتێك بینیمان سەرۆك بارزانی پێشوازی لەپاڵەوانەكانی كۆبانێ كرد

مایكل نایتبەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی عێراق لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان:دیمەنێكی مەزن بوو كاتێك بینیمان سەرۆك بارزانی پێشوازی لەپاڵەوانەكانی كۆبانێ كرد
پڕۆفیسۆر مایكل نایت بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی عێراق و كوردستانە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك و زۆر بە وردی و چڕی لەسەر بارودۆخی كورد و كوردستان و عێراق و توركیا كاردەكات، لەمەش زیاتر پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی كوردستان و عێراق و هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا لە كوردستان و عێراق هەیە، زۆر جاریش لەكاتی سەردانی شاندەكانی كوردستان بۆ ئەمریكا پڕۆفیسۆر نایت و پڕۆفیسۆر دیڤید پۆلۆك لە ئامۆژگای واشنتۆن میوانداری شاندەكانی كوردستان دەكەن و لەسەر پرسی كوردستان سیمیناریان بۆ گرێدەن، هەر لەماوەی چەند مانگی رابردوو، دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە ئەم ئامۆژگایە میوانداری هەردوو بەڕێزان د.فوئاد حوسین سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد و سیمنارێكی فراوانیان لەسەر پرسی كوردستان دوای داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە بۆ گرێدان، بایەخدانی پڕۆفیسۆر نایت بە پرسی عێراق و كوردستان بۆ پێدانی راوێژە بە ئیدارەی ئەمریكی بۆ ئاراستەكردنی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق، هەر بۆیە گوڵان بە گرنگی زانی لەسەر رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر و پرسی پڕچەككردنی پێشمەرگە ئەم وتوێژە فراوانە لەگەڵ پڕۆفیسۆر مایكل نایت ئەنجامبدات، ئەمەش دەقەكەیەتی.
* دەمانەوێت لەبارەی رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە پرسیار بكەین كە هەردوولا لەسەر هەناردەكردنی نەوت و دابەشكردنی داهاتەكەی گەیشتنە رێككەوتن، چۆن سەیری ئەم بەرەوپێشچوونە دەكەن؟
- پێموایە رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر شتێكی زۆر ئیجابییە و زۆر لە چاوەڕوانیدا بووین بۆ ئەم رێككەوتنە كە ماوەیەكی دوور و درێژی خایەند، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایە، ئەگەرچی ئەم رێككەوتنە لە چوارچێوەی بودجەی 2015دا دەبێت، بەڵام ئەمە تەنها هەنگاوی یەكەمە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.
* ئایا تا چەند ئومێدی ئەوە هەیە ئەم رێككەوتنە لە بودجەی 2015دا جێگیر بكرێت؟
- بڕیاردەرە سەرەكییەكانی حكومەتی عێراقی، حەیدەر ئەلعەبادی سەرۆك وەزیران و عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت، كۆششێكی زۆریان كردووە بۆ گەیشتن بەم رێككەوتنە، باوەڕم وانییە ئەم كارەیان كردبێت و بیانەوێت شكست بهێنێت. یان بەوەی لە بودجەی-2015دا-جێگیر نەكرێت، لەبەر ئەوە پێموایە دەرفەتی باش هەیە بۆ ئەوەی لە بودجەی 2015دا بنووسرێتەوە بە شێوەیەك كە مرونەتی تێدابێت، بە تێڕوانینی من دەرفەتی باش هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2015دا جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە دوای ساڵی 2015ـەوە و لە ساڵی 2016 و لە 2017دا كەیسێكی جیاواز دەبێت، ئایا حكومەتی فیدڕاڵی و كوردەكان رێكدەكەون لەسەر ئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندی هەردوولادایە، یاخود كورد بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت هەناردە دەكەن لە ساڵی 2016 و 2017دا.
* بەم دواییە بەرەوپێشچوونی تواناكانی پێشمەرگەمان بینی لە شەڕكردنیدا لە دژی داعش، ئایا تا چەند ئەمە داینامیكیەتی شەڕەكەی گۆڕیوە؟
- من هەمیشە و لە سەرەتاوە وتوومە كە هەڕەشەی سەرەكی بۆ سەر داعش كوردە، ئەویش لەبەر هۆكاری جوگرافی، كورد نزیكن لە پایتەختی داعشەوە، واتە موسڵ، هەروەها سنوورێكی دوور و درێژیان هەیە لەگەڵ داعشدا، لە هەمان كاتدا لە پێگەیەكی زۆر باشدان بۆ هێرشكردنەسەر داعش هەم لە عێراق و هەم لە سووریا. دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمان بیركردنەوەی هەیە، كە كوردستان بۆتە بژاردەی زۆرێك لە شەریكەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە لە رووی بەكارهێنانی بنكەكانەوە، ئەم كارە لە رێی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دەكەن، یان دەیانەوێت لە رێی بنكەی ئاسمانی باسترمە نزیك هەریرەوە ئەنجامی بدەن، لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ئەم كارە لە كوردستان مەترسی نییە، هەروەها پێشوازییان لێدەكرێت و نزیكن لە دوژمنەوە. لەبەر ئەوە پێموایە كورد رۆڵی یەكلاكەرەوەیان هەیە هەم لە كۆبانێ و هەروەها لە عێراقیش، چونكە ئەگەر هەوڵی بڕینی سنوورەكە بدرێت لەگەڵ سووریا، ئەوا تەنها كورد دەتوانێت ئەو كارە بكات، لە سەرەتادا لە رەبیعەوە بۆ شنگال. بە هەمان شێوە لە دەوروبەری موسڵیشدا كوردەكان رۆڵی گرنگ دەبینن لە ئۆپەراسیۆنەكەی سەر موسڵدا لە رووی تەنگ پێهەڵچنینی داعشەوە لە موسڵ و لە رووی دابینكردنی بنكەوە بۆ چەند میلیشیایەكی عەرەبی دیاریكراو كە گرێداربێتن بە (نوجەیفی)یەوە، وەك هێزی رزگاركردنی موسڵ، كە ئەو هێزانە لە ئێستادا لە سایەی پارێزگاری كورددا مەشقیان پێدەكرێت. شتێكی دیكە بڵێم لەبارەی پێشمەرگەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئەم شەڕە قازانجی زۆری پێشمەرگەی تێدا بوو، راستە تا ئێستاش شەڕێك بووە باجێكی زۆری بۆ دراوە، زیاتر لە چەند سەد پێشمەرگە شەهید بوون، كە دەبێت قوربانییەكانی ئەوانمان لە یاد بێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەمە ئەزموونێك دەبێت كە ئاڵ و گۆڕ بەسەر پێشمەرگەدا دەهێنێت، چونكە رەنگە لە كۆتاییدا و لە دوای ئەم شەڕەوە یەكەكانی پێشمەرگە لە سایەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخرێن، ئەوەش شتێكی باش دەبێت، بە مانای ئەوە دێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەتوانێت هاوكاری بنێرێت بۆ پێشمەرگە، تا ئێستا چەكەكان لە رێی بەغداوە رەوانە دەكرێت كە لەوێ دەپشكێندرێن و دواتر بەرەو هەولێر رەوانە دەكرێن و رێگری لە هاتنی هیچ چەكێكیش نەكراوە. كە دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی روو لە زیاد مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا دەكات، لە ماوەی سێ مانگی داهاتووش 30 هەزار پێشمەرگە تەواوی چەك و تفاقیان بۆ دابین دەكرێت لەلایەن هەردوو حكومەتی ئەڵمانیا و ئەمریكاوە، ئەوەش دەكاتە چوار بۆ پێنج فیرقە كە تەواوی قەڵغان و جیهاز و ئۆتۆمبێلی تاكتیكی و لە هەندێ حاڵەتیشدا چەكی قورسیان بۆ دابین دەكرێت، كە بۆ پێشمەرگە ئەمە هەنگاوێكی گەورەیە بۆ پێشەوە.
* ئایا تا چەند بەرەوپێشچوونی تواناكانی كورد بۆ هەناردەكردنی نەوت و دابینكردنی داهات كاریگەری هەبوو لەسەر گۆڕینی هاوكیشەی هێز لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا؟
- دوایین شت دەربارەی پێشمەرگە دەڵێم، پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە. ئێستا مانگانە 100 ملیۆن دۆلار لە مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە دەدرێت، كە ئەمەش بەرەوپێشچوونێكی گەورەیە و لە یادمكرد ئاماژەی پێ بكەم. كە ئومێدەكە ئەوەیە ئەمە هەنگاوێكی ئیجابی بێت. بە گەڕانەوە بۆ پرسی هەناردەكردنی نەوت و دابەشكردنی داهات، پێموایە ئەم پایزە كوردەكان مانۆڕیكی سیاسی كارایان ئەنجامدا و سەركەوتووش بوون، چونكە ئەو مشت و مڕە لە نێو كوردەكاندا هەبوو كە دوای گەمارۆی ئابووری بەغدا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت و چۆن بە بێ داهاتی بەغدا رزگارمان دەبێت، بەڵام لە ئێستادا یەكگرتووییەكی زۆر هەیە لەو پرسەدا. پێموایە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاشتی هەورامی و وەزیری دارایی رێباز حەملان هەموویان پێكەوە كاریان كرد بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن متمانە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەوە بخەنەڕوو كە هەرێمی كوردستان پلانی ئابووری بۆ ساڵی 2015 هەیە، ئەگەر حكومەتی فیدڕاڵی عێراق رێككەوتن نەكات، ئەوا ئاساییە، چونكە كوردستان دەتوانێت لە ساڵی 2015دا داهاتی خۆی دابین بكات. هەناردەكردنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ لەلایەن كوردستانەوە رێگەیەكی ئاسان نەبوو، بە مانای ئەوە هات كە كوردستان لە رووی داهاتەوە كەموكوڕی دەبێت، بەلای كەمەوە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2014دا و ساڵێكی دارایی سەخت دەبێت لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2015دا هەرێمی كوردستان دەتوانێت دارایی خۆی دابین بكات، كاتێكیش ئەم پلانە مانگێك پێش ئێستا بۆ پەرلەمانی كوردستان خرایەڕوو، دەستڕۆیشتووییەكی زۆری دایە سیاسەتمەدارانی كوردستان كاتێك دەستیان بە گفتوگۆ كرد لەگەڵ بەغدا، چونكە دەقاودەق ئەوەیان روون كردەوە كە چی دەكەن، ئەگەر هاتوو بەغدا نەگەیشتە رێككەوتن لەگەڵیاندا، هەروەها پشتیوانییەكی سیاسی باش كران لەلایەن پارتەكانەوە، ئەوە بەڕاستی هاوكار بوو. لەبەر ئەوە پێموایە گۆڕانێك لە ئابووری كوردستاندا روویداوە و دوو بژاردەیان هەیە، یەكەمیان بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوت هەناردە بكەن و دووەمیان داهات لەگەڵ بەغدا دابەش بكەن، رەنگە دابەشكردنی داهات لە ساڵی 2015دا كارێكی لۆجیكی بێت، بەڵام رەنگە كاری لۆجیكی لە ساڵی 2016 و 2017دا بریتی بێت لە هەناردەكردنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ. بەڵام لە ئێستادا كوردستان بژاردەی دووەمی لەبەردەمدایە.
* چۆن لە چەكداركردنی میلیشیاكان دەڕوانیت لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، كە پێشتریش حكومەتەكەی مالیكی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چەكداركردنی هەر هێزیكی تایەفەگەری كە بیەوێت شەڕی داعش بكات و ئێستاش باس لە دروستكردنی هێزی چەكداری كاكەیی و ئێزیدی و مەسیحی دەكرێت، ئەمەش خۆپیشاندانی لە كەركووك لێكەوتەوە كە داوایان كرد لە سایەی هێزی پێشمەرگەدا بن، تا چەند ئەمە وەڵامێكی دروست بۆ بڕیارێكی نادروست بوو؟
- ئاشكرایە ئەمە پرسێكی ئاڵۆزە، من دەڵێم میلیشیای باش و میلیشیای خراپ هەن، رەنگە ئەمە سادەپیشاندانی مەسەلەكە بێت، بەڵام ئەمە رێگەیەكە ئومێد دەكرێت بە هۆیەوە تێبگەین كە چی دەگوزەرێت. من دەڵێم هەندێ لەو میلیشیا شیعانەی لە باشوورەوە دێن لە مەودای دووردا مەترسین بۆ سەر سنووری كوردستان، هێزی بەدر كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییەكی بەهێزی دەكرێت، مایەی نیگەرانی دەبێت بۆ كورد ئەگەر هاتوو لە دەوروبەری كەركووك جێگیر بكرێن، وەك لە دوزخورماتوو، قەرەتەپە و جەلەولا و هەموو ئەو شوێنانە، ئەمە لە دواییدا دەبێتە كێشە. لەلایەكی دیكەوە پێموایە گرنگە بیرۆكەی پاسەوانی نیشتمانی جێبەجێ بكرێت، كە هەر پارێزگایەك پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانی خۆی هەبێت لە عێراقدا و و پارێزگاری لە خاكەكەی بكات كاتێك داعش دوور دەخرێتەوە. من بیرۆكەی سەحوەشم پێ باش بوو، ئەگەر حكومەتی عێراق جێبەجێ بكردایە، ئەوا رەنگە لە ئێستادا داعش نەهاتایەتە ئاراوە، كە ئەوەش چەكداركردنی خێڵە سوننەكان و كەمینەكان دەگرێتەوە لە ناوچەكانی خۆیاندا، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە ئەم كارە بكرێت، وەك مەسیحییەكان لە دەشتی نەینەوا، كاكەییەكان و شەبەك و ئێزیدییەكان لە ناوچەكانی خۆیاندا كە ئەوەش بۆ ماوەیەكی زۆر وابووە كە پۆلیسی مەحەلی بەم شێوەیە بووە و نوێنەرایەتی خەڵكەكەی كردووە، ئەوەش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانیشدا راستە كە كورد و سوننەكان و ئەوانی دیكە -توركمان- كاریان كردووە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك لە نێو هێزی پۆلیسدا دروست بكەن. من دەزانم مایەی ناڕەحەتی دەبێت بۆ كورد كە گرووپی چەكداری نوێ لە سنوورەكانیدا هەبن، بەڵام لە راستیدا پێشمەرگە بەتواناترین هێزی چەكدار دەبێت لە ناوچەكەدا، ئەگەر رەفتارەكانی گرووپێكی چەكداریان پێ باش نەبوو، ئەوا ئەگەری زۆرە بتوانن رێگری لە رەفتاری خراپی ئەو گرووپە بكەن. دەبێت كورد متمانەیان بە خۆیان هەبێت كە لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا ئەوان كاراكتەری سەرەكین دەبن لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكاندا.
* ئایا ئەولەوییاتی ئەمریكا چین لە شەڕی دژ بە داعشدا بەتایبەتی كە 1500 كەسی رەوانە كردووە بۆ هاوكاریكردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە؟ هەورەها خوێندنەوەتان بۆ سەردانەكەی چاك هاگل بۆ عێراق چییە؟
- ئەمریكا وردە وردە هاوكارییە سەربازیەكانی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان زیاد دەكات، ئێستا ئێمە لە دۆخێكداین كە حكومەتی ئەمریكا داوای دارایی دەكات بۆ مەشقپێكردن و دابینكردنی كەل و پەلی نۆ فیرقەی عێراقی، یەك فیرقە بۆ خێڵەكان لە ئەنبار و سێ فیرقە پێشمەرگە، كە هەموو ئەمانە شەش ملیار دۆلاری دەوێت بۆ دابینكردنی كەل و پەل و مەشقپێكردن، ئەمەش بەرنامەیەكی زۆر گەورەیە، هەروەها ئەڵمانییەكانیش بەلای كەمەوە كەل و پەل و مەشق بۆ دوو فیرقەی پێشمەرگە دابین دەكەن، كەواتە ئەمە بەرنامەیەكی زۆر گەورەی دابینكردنی كەل و پەل و مەشقپێكردنە. هەروەها رەوتی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش خێراتر بووە، رەنگە لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2015دا هێرشی سەر موسڵ و تكریت و فەللوجە دەست پێبكات و ئەو كاتە دووبارە ئەمریكا هاوكارییە سەربازیەكانی چڕ دەكاتەوە كە هێزی تایبەتی ئەمریكا لە خۆبگرێت و كار لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بكەن كە هێرشی ئاسمانی بكەن و هاوكاری بكەن لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان و پێدانی زانیاری هەواڵگری، پێموایە ئەوە لە چارەكی یەكەمی 2015دا دەبینین. خاڵی سەرەكیی نێوان كوردستان و ئەمریكا ئەوەیە كە لە رووی سەربازیەوە ئێستا كوردستان هاوپەیمانێكی نزیكتری ئەمریكایە بە بەراورد بە هەر كاتێكی دیكە لە رابردوودا، ئەمریكا بەنیازە بنكەیەكی نوێ لە باستورمە، نزیك لە حەریر دروست بكات كە پێموایە بنكەیەكی درێژخایەن دەبێت، پێموایە سەرەتا مەشق و كەل و پەل بۆ سێ فیرقەی پێشمەرگە دابین دەكات، بەڵام بەدەر لەوەش من دڵنیام بەردەوام دەبێت لە رووی هێزی ئاسمانییەوە كە لە بنكەكەدا جێگیر دەبێت، هەروەها لە رووی مەشق و راهێنانەوە و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەوە، ئەمریكا پشتیوانی دوورمەودا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین دەكات، ئەمەش شتێكی باشە، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەمریكا لە رووی عەمەلییەوە هیچ مامەڵەیەكی لەگەڵ پێشمەرگەدا نەبووە، بەڵام ئەم شەڕە دەبێتەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان لە یەكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە جددی بێت و دەبێتەهۆی ئەوەش ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیكردنی سەربازیی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا جددی بێت، ئەوەش شتێكی زۆر باشە.
* بۆچوونت چییە لەبارەی رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگەوە بۆ كۆبانێ و گەڕانەوەیان و رەوانەكردنی هێزێكی نوێ لە جێیان؟ كە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنەوەی كردن؟
- شتێكی مەزنە كە دەبینین سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە پێشوازی لە پاڵەوانەكانی كۆبانێ بكات، هەروەها گرنگە كە دەبینین توركیاش پشتیوانی ئەو پرۆسەی رەوانەكردنەی كرد، ئێمە دەزانین كە توركیا هۆكاری خۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە كە پەیوەندی بە كێشەی كوردی –وڵاتەكەیەوە-هەیە و پەیوەندی بەوەوە هەیە كە تا راددەیەك كۆنتڕۆڵی ئەوە بكات كە لە كوردستانی سووریادا روودەدات، بەڵام گرنگیشە كە ببینین توركیا ئاسانكاری ئەو رۆیشتنەی پێشمەرگە بكات. پێموایە ئەمە كارێكی باشە بۆ كوردی عێراق و توركیا و سووریاش و هیوادارام بە ئاڕاستەی راست و دروستدا بڕوات.
* بەرپرسانی كورد نیگەران بوون لە هەڵوێستی توركیا كە هاوكاری كوردستانی نەكرد كاتێك داعش نزیكی هەولێر بۆوە، بەڵام دواتر سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی كوردستانی كرد، هەرەها توركیا رازی بوو مەشق بە هێزی پێشمەرگە بكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا توركیا تیڕوانینی خۆی لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا دادەڕێژێتەوە؟
- توركیا هەوڵدەدات هەڵوێستی خۆی بگەڕێنێتەوە لە ئاست كوردی عێراقدا، مانگی ئاب و مانگی ئەیلوول دوو مانگی خراپ بوون، توركیاش وردە وردە گەیشتە چارەسەرێك، چارەسەرەكەش بریتی بوو لە رێگەدان بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، هەروەها رەوانەكردنی راستەوخۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو، لە رێی ئەم دوو كارەوە توركیا جارێكی دیكە پیشانی دا كە دەكرێت ببێتەوە بە دۆست و ئەمەش هەندێ لە زیانەكە چاك بكاتەوە. ئێستاش پێدەچێت توركیا رۆڵێكی سوودبەخشی هەبێت بەوەی هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان بكات كە نەوتی كەركووك و هەرێمی كوردستان هەناردە بكەن. دەبینین لە تشرینی دووەمدا 150 هەزار بەرمیل نەوت لە كوردستانەوە- دوای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی- رەوانەی توركیا كرا، راستەوخۆ لەلایەن پاڵاوگەی پوتراشی توركییەوە كڕدرا، ئەمەش كارەكەی بۆ حكومەتی عێراقی ئاسان كرد كە نەوتەكە هات و توركیاش راستەوخۆ نەوتەكەی كڕی. دەركەوت ئەو رێككەوتنە زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەكرێت. داود ئۆغڵۆی سەرۆك وەزیران و تەنەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا- رۆڵی زۆر ئیجابیان بینی لە گەیشتن بەو رێككەوتنە،من هیوادارم كە توركیا رۆڵی ئیجابی زیاتر ببینێت، لە نێویاندا لە دەوربەری موسڵدا كە پێدەچێت دەستی كردبێت بە هەندێ هاوكاری لە شەڕی دژ بە داعش لەو ناوچەیەدا، لە رووی مەشقپێكردنەوە بۆ هێزەكانی دژ بە داعش و توركیا پەیوەندی باشی هەیە لە ناوچەی موسڵدا كە دەكرێت بەكار بهێندرێت بۆ هاوكاریكردن لە رزگاركردنی موسڵدا لە ساڵی داهاتوو.
* وا پێدەچێت ئەم جارە لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر گەشبین بن؟
- بەڵی من لە ئێستادا تەواو گەشبینم، من خۆشحاڵم كە حكومەتی عێراق نیازپاكییەكی جددی پیشان داوە لە گفتوگۆكاندا، خۆشحاڵیشم كە پێشمەرگە خاك بەدەست دەهێنێتەوە، ئێمە دەمانزانی ئەمە رودەدات و پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچیان دەداتەوە، شتێكی باشە ئەمە ببینین، هەروەها شتێكی باشە كە كاردانەوەی توركیا لە ئاست نائومێدبوونی كوردی عێراق دەبینین بەوەی بەشداری لە پرسی ئەمنی و پرسی نەوتدا دەكەنەوە. كەواتە مەسەلەكان بە ئاڕاستەیەكی ئیجابیدا دەڕۆن، لەم رۆژانەدا قوباد تاڵەبانی دەبینین لێرە لە واشنتۆن دی سی، من بە پەرۆشەوەم بۆ ئەوەی گوێم لەو گفتوگۆیە بێت، لەبەر ئەوەی شتگەلێكی ئیجابی زۆر روودەدەن لە ئێستادا.
* پەیامت بۆ خەڵكی كوردستان چییە ؟
- من پیرۆزبایی خۆڕاگرییان لێدەكەم و خەڵكی كوردستان ساڵێكی سەختیان تیپەڕاند لە 2014دا و هیوای خۆشبەختییان بۆ دەخوازم لە ساڵی 2015دا و پێموایە ساڵێكی زۆر باشتر دەبێت.
Top