محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخه ری ژووری په یوه ندییه دیبلۆماسییه كانی بزوتنه وه ی گۆڕان بۆ گوڵان:شەڕی داعش پێی سەلماندین پێویستە ئاسایشێكی نەتەوەیی تایبەت بە خۆمانمان هەبێت

محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخه ری ژووری په یوه ندییه دیبلۆماسییه كانی بزوتنه وه ی گۆڕان بۆ گوڵان:شەڕی داعش پێی سەلماندین پێویستە ئاسایشێكی نەتەوەیی تایبەت بە خۆمانمان هەبێت
كوردستان بە بارودۆخێكی هەستیار و ناسكدا تێدەپەڕێت، لە یەك كاتدا رووبەڕووی كۆمەڵێك قەیران و كارەساتی مرۆیی بۆتەوە، وێڕای ئەمانەش لایەنێكی ئەرێنی خولقاوە، ئەویش ئەوەیە ئەمڕۆ كوردی هەموو كوردستان لەیەك بەرەدا كۆبۆتەوە، ئەویش بەرەی شەڕی دژی تیرۆریستان و بەرگریكردنە لە مان و نەمانی كورد و كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە هەستیارە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ محەمەد تۆفیق رەحیم رێكخەری ژووری پەیوەندییە دبلۆماتیەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامداو بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* وەك سیاسەتمەدارێكی بە ئەزموون چۆن سەیری ئەم دۆخە هەستیارە دەكەیت و تا چەند توانراوە بە شێوەیەكی سەركەوتوو ئەم بارودۆخە بەڕێوەببەین؟
- لە راستیدا لە هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی زۆر مەترسیدار و هەستیار هەیە، لەبەر ئەوەی هێزێكی تیرۆریستیی وەك داعش پەلاماری ناوچەكەی داوە، پەلاماری هەرێمی كوردستانی داوە، لەبەرنامەیاندا بوو ئەوەندی پێیان دەكرێت ئەم ئەزموونەی ئێستای هەرێمی كوردستان تێكبدەن. واتە جگە لە بوونی قەیرانی ئابووری و هەروەها قەیرانێك كە پێوەندی بە شیوازی بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە، قەیرانی لە هەمووان مەترسیدارتریش هاتۆتە پێشەوە كە مەسەلەی تیرۆریستانی داعشە. ئەوەی ئێستا روویداوە و ئەوەشی روودەدات و رەنگە لە دوای شكستی داعشیش و بە شێوەیەكی دیكە لەم ناوچەیە مەترسییەكی دیكە بێتە پێشەوە، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی هەرێمایەتییەوە، لە ئێستاوە بە شێوەیەكی لەسەرخۆ دەست بكات بە هەڵگرتنی چەند هەنگاوێكی گرنگ، شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەوەی بۆ سەلماندین كە پێویستە ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئاسایشێكی نەتەوەیی تایبەت بە خۆمانمان هەبێت، ئەمەش لە سێ تا چوار بڕگە خۆی دەبینێتەوە كە بریتین لە:
یەكەم: ئەوەی لەهەموو شت گرنگترە دەبێت هەوڵ بدرێت ئابوورییەكی تا رادەیەك سەربەخۆمان هەبێت، لەبەرئەوەی بەهۆی هەر مەسەلەیەكەوە لەگەڵ بەغدا دووچاری قەیران ببین، بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر باری ئابووری كوردستان دروست نەكات. بۆ دامەزراندنی ئەم ژێرخانەش بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ، لە هەرێمی كوردستان زەوییەكی هێجگار باش و زۆری كشتوكاڵیمان هەیە، سەرچاوەی ئاوی زۆر باشمان هەیە، دەستی كاری زۆریشمان هەیە، كە سوپاس بۆخوا زۆربەیان گەنجن و بەشی زۆریشیان خوێندیان تەواو كردووە، بۆیە پێویستمان بەوەیە كەرتی كشتوكاڵی زیندوو بكەینەوە، زۆر پێویستمان بەوەیە گرنگی بدەین بە سامانی ئاژەڵی، هەروەها پێویستیمان بەوە هەیە بایەخ بە پیشەسازیش بدەین. من پێموایە لە سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیدا لایەنی ئابووری گرنگییەكی زۆر زۆری هەیە، بۆیە ئەگەر ئێستا سەیری بازاڕی كوردستان بكەین، دەبینین هەموو شتەكان هاوردەن و ئابوورییەكەشمان پشتی بەستووە بەو بودجەیەی كە لەبەغداوە بۆمان دێت.
بواری دووەم: كە ئەم بوارەش هێندەی ئابووری گرنگە، پرسی سەربازی و هێزی پێشمەرگەیە، بەداخەوە هەتا ئێستا هێزی پێشمەرگە هێزێكی یەكگرتوو نییە، هێزێك نییە مەشقپێكراو بێت و هەروەها هێزێك نییە پڕچەك كراو بێت. بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت بە هەمانگی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و وەزارەتی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە یەكبخرێت و دوور بخرێتەوە لە مەسەلەی حزبایەتی، ئەمەش بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگەی هەموو كوردستان بێت، یەك فەرماندەیی هەبێت، یەك شوێن دەسەڵاتی جووڵاندن و بەكارهێنان و رێكخستنی پێشمەرگەیی هەبێت.
بواری سێهەم: دەزگای هەواڵگریی یەكگرتووە، چونكە زۆر گرنگە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەزگای هەواڵگری یەكگرتووش هەبێت، هێزی پێشمەرگە بەبێ زانیاری و هەواڵگری دروست، ناتوانێت بەرنامەكانی خۆی چ لە هێرش بردن، یان بەرگریكردن بەڕێوەبەرێت، بۆیە زۆر گرنگە رێگە نەدرێت هیچ حزبێك دەزگای هەواڵگری سەربازی تایبەتی خۆی هەبێت، دەبێت یەك دەزگای هەواڵگری هەبێت، كە دەزگای هەواڵگری هەرێمی كوردستانە.
بواری چوارەم: بواری پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، دەبێت ئەم پێوەندییانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان رێكبخرێت و بكرێت بەپێوەندی هەرێمی نەك حزبی، ئێستا زۆربەی حزبەكان لە وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە نوێنەرایەتیان هەیە، دیارە حزب بۆی هەیە رێكخستنی هەبێت لەناو جالیەی كوردی لەدەرەوە، بەڵام نابێت ببێت بە بەدیلی حكومەت لە پێوەندی دەرەوەدا، بۆیە هەموو پێوەندییەكان دەبێت لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە رێگەی دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت و تایبەتیش بێت بە هەرێمی كوردستان، ئەو دەزگایە سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەڕێوە ببەن.
ئەم هەنگاوانە گرنگ و پێویستن و دەبێت دەستیان پێبكرێت، راستە ئێستا هەماهەنگی هەیە، بەڵام هەماهەنگی جیاوازە لەوەی یەك هێز هەبێت، لەوانەیە لەم بارودۆخە ئەمە نەكرێت، بەڵام دەكرێت بەرنامە دابڕێژرێت هەرێمی كوردستان ئەنجوومەنێكی ئاسایشی نیشتمانی سەربەخۆی دوور لە حزبایەتی هەبێت.
* باسی چەند لایەنێكت كرد بۆ داڕشتنی بنەماكانی ئاسایشێكی نەتەوەیی كوردستان، بەڵام وەك ئاگاداری، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان خۆی داوای ئەوە دەكات كە هێزی پێشمەرگە یەكگرتوو بێت و دەستیشی پێكراوە، هەروەها حكومەتیش دەستی كردووە بە داڕشتنی بنەمایەك بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا رۆڵی حزبە سیاسییەكان لە پشتگیری و سەرخستی ئەم هەنگاوانەدا چییە ؟
- بە بڕوای من هەتا ئێستا ئەمە نەكراوە، كە باسی بواری ئابووریم كرد، مەبەستم لە بواری ئابووری ئەوە بوو كە دروستكردنی ژێرخانی ئابوورییەكی پتەو دابڕێژرێت، بۆ دروستكردنی ئەم ژێرخانە پتەوەش پێویستە گرنگی بدرێت بە كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، پیشەسازی، من لەم روانگەیەوە وای دەبینم هەنگاوی بۆ هەڵنەگیراوە، لەبەر ئەوەی ئەمانەن ئابووریی وڵاتێك دروست دەكەن، مەسەلەی نەوت ئەوە شتێكی دیكەیە، لەبەر ئەوەی هەموو كات ئەگەری دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخ هەیە، هەمووكات ئەگەری كێشەی سیاسی هەیە، لەوانەیە نەتوانرێت پشتی پێببەسترێت، بۆیە ئێمە دەبێت ئابووری سەربەخۆی خۆمان لەسەر بنەمای بەروبوومی ناوخۆیی خۆمان دروست بكەین بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو قەیرانە ئابوورییانە بگرین كە لەملاو ئەولاوە دروست دەكرێن، سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەش، زۆر زۆر گرنگە هێزی پێشمەرگە لەسەرتاسەری كوردستاندا یەك فەرماندەیی هەبێت، هەتا ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جلوبەرگ و بێرییەكەی سەریان جیاوازن، لەمەسەلەی چەكدا جیاوازن، دەبێت ئەمانە یەكبخرێن و رێكبخرێن، لایەنەكانی دیكەش كە پێوەندییەكانی دەرەوە و هەواڵگرییە ئەوانیش زۆر زۆر گرنگن، ناكرێت لە وڵاتێكدا چەند دەزگایەكی هەواڵگری سەر بەحزب هەبێت، زۆر جار ئەم دەزگا هەواڵگرییە حزبییانە لەبری ئەوەی هەماهەنگی بكەن، پاشقوڵ لە یەكتری دەگرن.
* لایەنێكی دیكەی كێشەكانمان دیارە لەگەڵ بەغدایە، لە نزیكەوە ئاگادار كۆبوونەوەی هەموو لایەنەكان لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆران بۆ بەشداری كورد لە حكومەتی ئەمجارەی عەبادیدا بووی، ئایا لەو كۆبوونەوەیەدا كورد لە سەر چ بنەمایەك بڕیاری دا بەشداری لە حكومەتەكەی عەبادی بكات؟
- بۆ بەشداری كورد لە حكومەتی ناوەندی بەغدا، راستە كۆبوونەوەیەك لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان كرا، بەوەی ئایا كورد چۆن بەشداری بكات، یان بەشداری نەكات؟ بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكە تەواو نەببوو، ناوی وەزیرەكان لەناو پەرلەمانی عێراق خوێندرایەوە، لەبەر ئەوە پێشتر بڕیاری بەشداریكردن درابوو، چونكە لەو كاتەی كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەچوو، عەبادی لە تەلەفزیۆنەوە ناوی وەزیرەكانی دەخوێندەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە بڕیارەكە لەو كۆبوونەوەیە نەدراوە.
* ئەگەر هەموو لایەنەكانی ئەم بارودۆخە هەستیار و سەخت و ئاڵۆزە سەیر بكەین، هەست دەكەین وێڕای هەموو لایەنە سلبی و سەختەكانی، لایەنێكی ئیجابیشی دروستكردووە، ئەویش ئەوەیە بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا و بەشێوەیەك پراكتیكی و واقیعی كێشەی كوردی كردۆتە یەك مەسەلە، ئەمەش بەو مانایەی لەگەڵ ئەوەی سنوورەكان كوردیان لێكجیاكردۆتەوە، بەڵام شەڕی داعش هەموو كوردی لە بەرەیەكدا كۆكردۆتەوە، ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە زەمینەیەك بۆ گوتارێكی یەكگرتووی كورد لەم قۆناخە مێژووییەدا دروست دەكات؟
- ئەم واقیعە بە نیسبەتی هێزە دەرەكییەكانەوە زۆر گرنگە، چونكە دەریخست، كە دێن پەلاماری كورد دەدەن، پەلاماری نەتەوەیەك دەدەن، نەك پەلاماری حزبێكی سیاسی، راشكاوانەتر تیرۆریستان كاتێك هێرش دەكەنە سەرمان، هێرش دەكەنە سەر كوردستان و جیاوازی لە نێوان ئەم حزب و ئەو حزب ناكەن، ئەوان كاتێك پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، دەیانەوێت ئەم ئەزموونە تێكبشكێن و جارێكی دیكە كورد بكەنەوە بە ژێردەستە، لایەنێكی دیكە كە پێشتر باسی قەیرانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقمان كرد، چارەسەركردنی ئەو قەیرانانە لەگەڵ عێراق بەوە نابێت دەستوور چی وتووە و چی لە دەستووردا هاتووە، بەڵكو چارەسەری ریشەیی ئەوەیە هەرێمی كوردستان چەند بەهێزە، چونكە عێراق دەوڵەتێكی دروستكراوە و لە دروستبوونییەوە تا سەردەمی سەدام و پاشان مالیكی و عەبادی دەریخستووە كە لە عێراقدا تەرازووی هێز بڕیار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان دەدات، بەداخەوە كێشەكان لەسەر بنەمای ئەوە چارەسەر دەبن، كە تۆ چیت دەستدەكەوێت و چی لەدەست دەدەیت، نەك جێبەجێكردنی دەستوور، بۆیە دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵبدات خۆی لە بوارە جیاوازەكاندا بەهێز بكات، لەبەر ئەوەی دەبێت بەو جۆرە سەیری روودانی قەیران بكات، ئەگەر قەیران هاتەپێش و هەرێمی كوردستان لاواز بێت، زۆر شت لەدەست دەدات، ئەگەر بەهێزیش بێت، دەسكەوتی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
* پێش هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، ئێوە وەك بزووتنەوەی گۆران ئۆپۆزسێونێكی رادیكاڵ و سەرسەخت بوون، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان هاتنە ناو دەسەڵات و بوونە هێزێكی میانڕۆی نەرم، ئایا ئەم وەرچەرخانە لە ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵەوە بۆ سیاسەتێكی نەرمی نیشتمانی، لەبەر ئەوەیە هاتوونە ناو دەسەڵات، یان واقیعییانە بارودۆخی هەستیاری ئێستا دەخوێننەوە؟
- مەسەلەكە پێوەندی بە بەشداریكردنمان لە حكومەت نییە، بەڵكو پێوەندی بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی كاتێك ئێمە بڕیارمان دا بەشداری لە حكومەت بكەین، دانیشتین وتووێژمان كرد، بەشداریكردنمان لە حكومەت لەسەر ئەو بنەمایە بوو بەڵێنمان پێدرا بەشێك لەو بەرنامەیەی هەمانە جێبەجێ بكرێت، بەڵام كە هاتینە ناو حكومەت، هێندەی پێنەچوو هەرێمی كوردستان كەوتە بەر مەترسی، بۆیە كاتێك هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بەردەم مەترسییەكی دەرەكی، ئەگەر ئێمە لە ئۆپۆزسیۆنیش بووینایە دەبوو هەمان هەڵوێستی ئێستا وەربگرین، وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد تیرۆریستانی داعش نەهاتوون پەلاماری حزبێك بدەن لە دەسەڵات و هەقیان بەسەر ئۆپۆزسیۆنەوە نەبێت، نەخێر ئەوان هاتوون پەلاماری هەموو هەرێمی كوردستان بدەن و ئامانجیشیان رووخاندنی ئەم ئەزموونەیە، لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە لە حكومەتیشدا نەبووینایە، دەبوو هەمان هەڵوێستی ئێستامان هەبووایە كە ئەویش بەرگریكردنە لە هەرێمی كوردستان. ئەم واقیعە سەپێنراوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا، بۆیە دەبێت هێندەی پێمان دەكرێت بەرگری لە سنوور و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بكەین.
* پرسێكی دیكە كە ئێوە نەرمی تێدا دەنوێنن، مەسەلەی یەكلایكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانییە، دیارە دادگای سلێمانی پرسی هێشتنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كراوەیی رەتكردووە و بڕیاری دادگا بەو جۆرەیە لەماوەی 15 رۆژدا ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە. بە راشكاوی تێڕوانینی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسە چۆنە و تا چەند گرێدراوەتەوە بە پرسی دانانی پارێزگاری هەڵەبجەوە و ئایا لە ماوەی ئەم 15 رۆژە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكەن؟
- مەسەلەی پارێزگاری سلێمانی پێوەندی بە پارێزگاری هەڵەبجەوە نییە، ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان زۆرمان پێ باشە دادگا ئەو بڕیارەی داوە، ئەگەر ئەو بڕیارەش جێبەجێ نەكرێت، ئەوا بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشانی هەموو لایەنەكان، بۆیە بڕیارەكە زۆر دروست و رێكوپێكە و هەموو لایەك ناچار دەكات لەمەودوا كە كۆدەبنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە كۆببنەوە نەك بۆ كات كوشتن.
* هەندێك لە چاودێرانی ناوخۆ راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێستا لە كوردستاندا دوو بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم بارودۆخە هەستیارە هەیە، دەڵێن یەكێتی بە جۆرێك سەیری ئەم بارودۆخە دەكات و پارتی بە جۆرێكی دیكە، هەندێ جار ئەمە لە راگەیاندنەكانی هەردوولا رەنگی داوەتەوە، ئایا ئێوە وەك بزووتنەوەی گۆڕان، توانیوتانە چ رۆڵێك بگێرن بۆ یەكخستنی ئەم دوو تێڕوانینە؟
- ئێمە لە هەموو كۆبوونەوەیەك چ لەگەڵ برادەرانی پارتی بێت، یان یەكێتی، ئەو مەسەلانەی باسی دەكەین، ئەوەیە كە ئێستا كورد پێویستی بەوە هەیە مەسەلەی دوو پێوەندی جیاواز و دوو هێزی جیاواز و دوو ئیدارەی جیاواز نەمێنێت، چونكە بە زیانی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت، بۆیە دەبێت هەموومان رێكبكەوین و بەرنامەمان هەبێت، بۆ ئەوەی هەم هێزەكانمان رێكبخەینەوە و هەمیش بۆچوونێكی دیاریكراوی هەرێمی كوردستانمان هەبێت لەبەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان و لەبەرامبەر ئەو كێشانەش كە رووبەڕوومان دەبنەوە. كە من باسی پێوەندییەكانی دەرەوەم كرد، مەبەستم لەم حاڵەتە بوو.
* لە كۆتاییدا دەمانەوێت هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین، ئایا تا چەندو بۆچی لەم بارودۆخەدا یەكڕیزی بۆ نەتەوەی كورد گرنگە؟
- داگیركاران سیاسەتێكیان هەیە پێی دەڵێن «پەرت بكە و زاڵ بە» كاتی خۆی ئینگلیز ئەم سیاسەتەی بۆ داگیركردنی وڵاتان پێڕەو كردووە، ئێستاش وڵاتانی ناحەز و دژ بە كوردستان، دەیانەوێت هەمان سیاسەت بەرامبەر كوردستان پیادە بكەن، واتە لەنێوخۆیاندا دابەشیان بكەن بۆ ئەوەی زاڵ بن بەسەریاندا، ئەمەش واتە لەگەڵ ئەم لایەنەیان رێكبكەوێت، بۆ ئەوەی لەوی دیكەیان بدەیت، كە لە دوای ئەو ئینجا لەمیش بدەی، بۆیە ئێمە نابێت رێگە بەوە بدەین كە جارێكی دیكە ئەمە دووبارە ببێتەوە بەسەرماندا، یەكێك لە كێشەكانی ئێمەی كورد وەك نەتەوە ئەوە بووە، لەسەر بنەمای ناوچەگەری و ئەم دراوسێ و ئەو دراوسێ هەمیشە دابەشكراوین، كە دابەش بووین بە ئاسانی داگیركراوین، بۆیە نابێت رێگە بدەین جارێكی دیكە ئەوە دووبارە بێتەوە.
Top