ستۆران ستیڤنسۆن پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری ئەوروپا بۆ گوڵان:ئەوروپا چاوی لەوەیە پێشمەرگە داعش تێكبشكێنێت، بۆیە گوێ لە مسرور بارزانی دەگرن

ستۆران ستیڤنسۆن پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری ئەوروپا بۆ گوڵان:ئەوروپا چاوی لەوەیە پێشمەرگە داعش تێكبشكێنێت، بۆیە گوێ لە مسرور بارزانی دەگرن
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی بەنداوی موسڵ و بەم دواییەش لە زوممار و رەبیعە ئەو سەركەوتنانە بوون كە ئەمریكا و ئەوروپا و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمان شانازییان پێوە دەكرد و بە سەرەتای بەتاڵكردنەوەی سیحری داعش لە قەڵەمیان دا، بەوەی گوایە داعش هێزێكە ناتوانرێت تێكبشكێندرێت، لەمەش زیاتر بەرگری قارەمانانەی شەڕڤانانی رۆژئاوا و چوونی پێشمەرگە بۆ هاریكاری شەڕڤانان بۆ كۆبانێ هێندەی دیكە جیهانی سەرسامی ئەو ستراتیژە سەربازییە كرد كە بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بۆ ئەو شەڕە داڕێژرابوو، ئەوەشی دەرخست كە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان ئەو دامەزراوە گەورە و نیشتمانییەیە كە دەتوانێت لە شەڕی دژی تیرۆردا باڵانسی هێز بگۆڕێت و ئاراستەی شەڕەكە بۆ بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگە راست بكاتەوە، بۆ تێگەیشتن لەو ستراتیژە و هاریكاریكردنی هێزی پێشمەرگە، پەرلەمانی ئەوروپا هەفتەی رابردوو بانگهێشتی بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانی ئەوروپا وتارێك پێشكەش بكات، پاشان لە رێگەی پرسیار و وەڵامدانەوەوە گوێ بۆ قسەكانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بگرن، سەبارەت بە گرنگیی ئەو سەردانە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی ئەم وتوێژەمان لەگەڵ ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی پێشووی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* هەفتەی رابردوو پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانی ئەوروپا وتارێك سەبارەت بە ستراتیژیەتی تێكشكاندنی داعش لەسەر زەوی پێشكەش بكات، وەك ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو سەردانە و وتارەكەی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی لەناو پەرلەمانی ئەوروپادا هەیە؟
- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی هەرێمێك بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا كراوە كە مسعود بارزانی سەرۆكی ئەو هەرێمەیە، بۆیە دەبێت لە تێڕوانینی ئەوروپاوە بۆ مسعود بارزانی سەیری گرنگی وتارەكەی مسرور بارزانی بكەین، ئەوەی من بە تەواوەتی لێی دڵنیام، ئەوەیە ئەوروپا زۆر بە بەرزی سەیری مسعود بارزانی دەكات، تەنانەت كاتێك نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، ئەوروپا لە پێگەیەكی زۆر بەرزتر لە مالیكی سەیری سەرۆك مسعود بارزانی دەكرد، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوروپا دەزانێت بارزانی لە كوردستاندا چۆن سەرۆكایەتی كردووە، وڵاتەكەی مسعود بارزانی دەرگاكانی كردۆتەوە بۆ ئاوارەكان و بۆ داڵدەدانی ئەو خەڵكانەی پێویستییان بە داڵدەدان و یارمەتی هەیە، هەروەها ئەوروپا ئەوەی لەبەر چاوە كاتێك مەسیحییەكان لە ناو عێراق سەركوت دەكران و ئێستا كە لەلایەن داعشەوە سەركوت دەكرێن، هەرێمی كوردستان چۆن پێشوازی لێكردوون و چۆن زەمینەی پێكەوەژیانی فەراهەم كردووە، ئەمەش ئەوەی سەلماندووە كە رۆژئاوا بە ئاسانی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بكات كە مسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، كەواتە ئامانجی بانگهێشتكردنی مسرور بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئەوەی وتارێك پێشكەش بكات و گوێی لێبگرن و پاشان موناقەشەی لەگەڵ بكەن، سەبارەت بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش ئەمە هەنگاوێكی روونە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە سەلماندی ئەو هێزەیە دەتوانێت رووبەڕووی داعش رابوەستێت، بەشێوەیەكی گونجاو لەلایەن رۆژئاواوە چەك بە پێشمەرگە دراوە و توانیویانە سوودێكی زۆر باش لەو چەكانە وەربگرن و سەلماندیشیان كە تەنها هێز لە هەموو ناوچەكە بە عێراق و سووریاشەوە كە بتوانێت داعش رابگرێت، هێزی پێشمەرگەیە، چونكە دەركەوت سوپای عێراق مایەی پشت پێبەستن نییە، كاتێك لە چەندین ناوچەدا رووبەڕوی داعش بوونەوە، چەكیان فڕێدا و جل و بەرگە سەربازییەكانیان دڕاند و بە شێوەیەكی شپرزە رایانكرد. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ئێستا رۆژئاوا راوێژكاری سەربازی دەنێرێت بۆ مەشقپێكردنی سوپای عێراق بۆ ئەوەی ئامادەییەكی سەربازی لە شەڕەكەدا دروست بكەنەوە. بەداخەوە هەرەسهێنانی سوپای عێراق سەری كێشا بۆ زیادبوونی میلیشیا شیعەكان كە پشتیوانی كران و پڕچەك كران و تەنانەت لەلایەن فەرماندەی سەربازی ئێرانەوە سەركردایەتیش كران. لە ئێستادا هاوپەیمانان و دەوڵەتانی ئەوروپا لەو رێگە دەگەڕێن كە چۆن بتوانن هاوكاری ئەو هێزانە بكەن كە لەسەر زەوی دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەو رێگەیەش تەنها یەك رێگەیە و دەبێت هەموو خێڵەكانی عەرەبی سوننە یەكبخرێن و مەشقیان پێبكرێت و پاشان بە هاوكاری لەگەڵ پێشمەرگە و بە سەركردایەتی مسعود بارزانی رووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەمەش تەنها رێگەیە بۆ تێكشكاندنی داعش، لەم چوارچێوەیەدا هۆكارەكە ئاشكرایە بۆچی پەرلەمانی ئەوروپا بانگهێشتی مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە برۆكسل گوێ بۆ وتارەكەی دەگرن.
* ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی قووڵی هەیە لەبارەی شەڕكردن لە دژی تیرۆر لە ناوچەكەدا بەهۆی جوگرافیای هەرێمەكەوە، هەروەها بەهۆی سیاسەتی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم كە لەلایەن ئەم ئەنجومەنەوە داڕێژراوە، ئەمەش كەشێكی دیموكراسی لەم دۆخە پڕ لە تیرۆر و ئاڵۆزەی ناوچەكەدا دروست كردووە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند پێویستە لەم ئەركەدا یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات؟
- ئەوە زیاتر و زیاتر روون دەبێتەوە كە سەركردەكان لە رۆژئاوا و لە نێویاندا ئۆباما لە ئەمریكا، هەروەها كامیرۆن و فرانسوا هۆلاند و ئەنجێلا مێركل دان بە مسعود بارزانی و سەركردایەتییە تۆكمەكەیدا دەنێن، وەك باشترین رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش لە سەر زەوی. دیارە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش، راستەوخۆ راوێژكاری (سەرۆك بارزانی)یە و بەشدارە لە ستراتیژیەتی شەڕی دژەتیرۆردا بەوەی لەسەر زەوی چۆن رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە، ئەوەی تا ئێستا دەركەوتووە، ئەوەیە گورزە ئاسمانییەكان كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لایەن ئەمریكا و بە هاوكاری هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەنجامدراون، رۆڵێكی باشیان هەیە لە دژی داعش، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ تێكشكاندنی داعش، ئێمە پێویستمان بە هێزی زەمینی هەیە و ئێستاش ئەو هێزە پێشمەرگەن و لە ژێر سەركردایەتی (بارزانی)دان كە ئەزموونی چەندین ساڵ شەڕكردنی هەیە و سەركردەیەكی بەهێزە و ئێمە لە رۆژئاوا چاومان لەوەیە بارزانی سەركردایەتی و رێبەرایەتی ئەو شەڕە بكات، ئێمە دەتوانین بە گورزی ئاسمانی و بە پێدانی چەك هاوكاری بكەین، بەڵام پێویستمان بە ئازایەتی پێشمەرگە و سەركردایەتی دروستی مسعود بارزانی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا بین كە دەتوانین داعش تێكبشكێنین.
* ئەوە سەلمێنراوە كە پێشمەرگە تاكە هێزە دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە و تێكی بشكێنێت و ئەو ناوچانە رزگاربكاتەوە كە كەوتوونەتە دەستی داعش، هەروەها توانای ئەوەی هەیە هاوكاری و پشتیوانی كوردی سووریاش بكات، كە بە رەسمی هێزی پێشمەرگە بەرەو كۆبانێ چوون، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی هێشتا یەكێتی ئەوروپا چەكی قورسی بە پێشمەرگە نەداوە؟ تا چ راددەیەك دوای وتارەكەی مسرور بارزانی یەكێتی ئەوروپا و رۆژئاوا بە هەڵوێستی خۆیاندا دەچنەوە و بیر لەوە دەكەنەوە چەكی قورس و نوێ بە پێشمەرگە بدەن؟
- پێموایە ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بانگهێشتكردنی مسرور بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، ئەم داواكردنە لە پەرلەمانی ئەوروپا كە تاكە رێگە بۆ تێكشكاندنی داعش بریتییە لە پێدانی چەكی قورس و نوێ بە پێشمەرگە و هەروەها پشتیوانی لۆجیستی. من پێموایە ئەگەری زۆرە كە وڵاتانی ئەوروپا بە ئیجابی لەم داواكارییە بڕوانن و باوەڕم وایە ئەو چەكانە بە پێشمەرگە دەدەن كە پێویستی پێیەتی. ئێمە لە ئەوروپا واقیعبینیانە لەگەڵ دۆخەكە مامەڵە دەكەین و دوودڵین لە ناردنی سەرباز، ئێمە نامانەوێت لە ناكۆكییەكی ناوچەیی لە ناو عێراقدا تێوەبگلێین، بەڵام دەبێت بەو شێوەیە لە پێشمەرگە بڕوانین كە تاكە هێزە دەتوانێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە و بیبەزێنێت، پێشمەرگەش چەكی نوێی پێویستە و پێموایە رۆژئاوا بۆی دەستەبەر دەكات، كاتێك لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە.
* مسرور بارزانی باسی لەوە كرد كە سەرەڕای ئەوەی لە سەنگەرەكانی پێشەوەدا پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش دەبێتەوە، ئەوا یانزە مانگە حكومەتی مەركەزی عێراق ئابڵوقەی ئابووری خستۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بەشە بودجەی ئەم هەرێمەی بڕیوە و ئەو راستییەی بۆ روون كردنەوە، ئایا لەم دۆخە سەختەدا تا چ راددەیەك یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە فشار بخاتەسەر حكومەتی عێراقی بۆ رەوانەكردنی بودجەی هەرێم؟
- بە دڵنیاییەوە سزاكانی سەر كوردستان لەسەردەمی مالیكیدا دەستی پێكرد، ئێستا بارودۆخەكە بە تەواوەتی گۆڕاوە، داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیركردووە. تاوەكو حەیدەر عەبادی نەچپتە سەر ئەو قەناعەتەی كە ئەو پێویستی بە پێشمەرگە هەیە بۆ بەزاندن و زاڵبوون بەسەر داعشدا، ئەوا بەردەوام دەبێت لەسەر لە دەستدانی وڵاتەكەی، سەرجەم عێراقیش لە سایەی ئەم قەیرانەدا لەبەریەك هەڵدەوەشێت، بە هۆی ئەو قەیرانەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دروستیان كردووە. كەواتە دەبێت كۆتایی بەم سزایانە بهێنێت، پێموایە بە روونی گوێ لە پەیامەكەی مسرور بارزانی دەگێرێت لە برۆكسل.
* ئێوە وەك سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق ئایا لەم دۆخەدا فشار دەخەنەسەر عەبادی؟
- من چیتر سەرۆكی ئەم شاندە نیم، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستم لە پەرلەمانی ئەوروپا كێشایەوە. بەڵام بەڵێ پەرلەمانی ئەوروپا دەتوانن ئەو فشارە دروست بكەن و هاوەڵ و دۆستی باشی من، دەیڤید كامبڵ، لە بری من بۆتە سەرۆكی شاندی عێراق و من دڵنیام لەم رووەوە فشار دەخاتەسەر حكومەتی حەیدەر عەبادی.
* سەرەڕای ئابڵوقەی ئابووری حكومەتی مەركەزی، حاڵی حازر نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە لە كوردستاندا هەن كە لە ئێزیدی و مەسیحی و عەرەبی سوننە و ئاوارەكانی سووریا پێكهاتوون، واتە كوردستان بۆتە شوێنی پێكەوەژیانی ئەو هەموو گرووپە ئیتنی و ئایینیانە، ئەمەش بارگرانییەكی زۆری خستۆتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان، مسرور بارزانی باسی ئەم دژوارییانەی بۆ یەكێتی ئەوروپا كرد، ئایا دوای ئەو وتارە تا چ راددەیەك هاوكاریی مرۆیی لەلایەن ئەوروپاوە بۆ ئاوارەكانی كوردستان زیاتر دەبێت ؟
- من هیوادارم وڵاتانی ئەوروپا درك بەوە بكەن كە پێویستە هاوكاری زیاتر بۆ كوردستان بنێرن، بەهۆی ئەو كارانەی كردوویانە لە پەنادانی ئاوارەكان، نەك هەر بۆ ئاوارە ناوخۆییەكانی عێراق كە بەهۆی شەڕەكانی داعشەوە هەڵاتوون، بەڵكو بۆ ئەو ئاوارانەی لە سووریا و ناوچەكانی دەوروبەرەوە هاتوون. ئەمەش ناوبانگێكی جیهانی بۆ كوردستان دروست كردووە لە پەنادانی ئاوارەكان. بەڵام ناكرێت چاوەڕێ بكەین ئەوان بە تەنها خۆراك و چاودێری تەندروستی و خوێندن دەستەبەر بكەن بۆ یەك ملیۆن و 500 هەزار كەس. لە ماوەی پێنج ساڵی سەرۆكایەتیمدا بۆ شاندی پەیوەندیەكانی عێراق من داوای هاوكاری دارایی زیاترم كردووە. ئێستاش دەبێت ئەوە بزانین ئەم قەیرانەی ئێستا زۆر خراپترە بە بەراورد بە پێنج ساڵ پێش ئێستا. كوردستان پێویستییەكی بە پەلەی بە هاوكاری هەیە، پێویستیش هاوكاری دارایی و كۆمەكی خۆراكی و ئەو هاوكارییان لە رێی بەغداوە رەوانە نەكرێت، بەڵكو ئەو هاوكارییانە راستەوخۆ بۆ هەولێر رەوانە بكرێن، پێموایە ئەمەش پەیامێكی بنەڕەتی دەبێت، هیوادارم وڵاتانی ئەوروپا گوێیان بۆ پەیامەكەی مسرور بارزانی گرتبێت و ئومێدەوارم كۆمەكی زیاتر بەڕێوەبێت. من هیوای ئەوە دەخوازم كە «European External Action Service» كونسوڵگەری لە هەولێر بكاتەوە، چونكە بوونی ئامادەییەكی دیبلۆماسی تەنها لە بەغدا و بوونی تەنها دوو یان سێ دیبلۆماتكار لە بارەگایەكدا كە لە باڵیۆزی بەریتانیا بە كرێ گیراوە بەس نییە، بەڵكو دەبێت نووسینگەیەكمان لە هەولێر هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكەین.
* مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە برۆكسل رایگەیاند، پەكەكە بە تیرۆریست نازانن، ئایا تا چ راددەیەك ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتی ئەوروپا بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە و لەو لیستە دەریان كات، لەبەر ئەوەی ئەوانن شەڕی داعش دەكەن و مەدەنییەكان لە كۆبانێ دەپارێزن؟
- بەم دواییە حكومەتی توركیا سنوورەكانی خۆی كردەوە بۆ ئەوەی رێگە بە چەكدارانی پەكەكە بدات بە خاكی توركیادا تێپەڕن بۆ ئەوەی بچن و هاوكاری بكەن لە شەڕی كۆبانێدا، ئەوەش بەلای منەوە ئاماژەیەكە بۆ نەرمبوونی هەڵوێستی حكومەتی توركیا لە ئاست پەكەكەدا. من هیوادارم لە كات و ساتی خۆیدا كێشەكە چارەسەر ببێت، ئێمەش فشارەكانمان زیاتر بكەین بۆ ئەوەی پەكەكە لە لیستی تیرۆری ئەوروپادا دەربكرێت.
* دوا وتەت چییە؟
من ئەم چاوپێكەوتنەم بەوە تەواو دەكەم و دەڵێم: هەمیشە ئەوپەڕی رێزم هەبووە بۆ سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان كە توانیوتانە نەوایەكی سەقامگیر و ئاشتییانە دروست بكەن، لە كاتێكدا لە باقی عێراقدا قەیران و تەنگژە هەیە، ئێستاش لە زۆر رووەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەورە دراون. ئێوەن جیهان چاوی لە سەرتانە بەهۆی بوێری و ئازایەتی پێشمەرگەوە بۆ تێكشكاندنی داعش و بۆ رزگاركردنی عێراق لەوەی بەرەو دەوڵەتێكی شكستخواردوو بچێت. ئەمە پیشانی دا كە جیهان ئەوپەڕی متمانەیان هەیە بە سەركردایەتی مسعود بارزانی و ئەوپەڕی متمانەیان هەیە بە ئازایەتی كورد و ئێمە زۆر بەرز لە كوردستان دەڕوانین و چاومان لەوەیە مەسعود بارزانی و كورد داعش تێكبشكێنن و تیرۆریزم لە عێراق تێكبشكێنن.
Top