د.محەمەد ئەحمەدیاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ گولان:سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەیوەندییەكان هاوسەنگانە رابگرێت

د.محەمەد ئەحمەدیاریدەدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ گولان:سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەیوەندییەكان هاوسەنگانە رابگرێت
لەم بارودۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا كە رووبەڕووی گەلەكەمان بۆتەوە، هەم لەبەردەم ئومێدێكی گەورەداین و لە مێژوودا دەرفەتی وا گرنگمان بۆ نەهاتۆتە پێشەوە، هەمیش لە بەردەم مەترسییەكی گەورەداین كە هەڕەشە لە بوونمان دەكات، لەم دۆخەدا پێویستە چۆن پێناسەی تەحەدییەكان بكەین و چۆن زەمینەیەكی لەبار بۆ سەركەوتن لەم شەڕە دروست دەكرێت؟ تاچەند گرنگە حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەم هەلومەرجەدا هەوڵەكانیان بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كورد بێت، ئەم پرسانە و چەند پرسیارێكی دیكەمان ئاراستەی د. محەمەد ئەحمەد یاریدەری ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* ئێستا كوردستان رووبەڕووی شەڕێكی گەورە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بۆتەوە،لەم شەڕەشدا بێجگە لە پشتیوانی خوای گەورە، تەنها یەكڕیزیی نێو ماڵی كوردە كە زامنی سەركەوتن دەكات، ئایا لە ئێستادا تا چەند ئەو یەكڕیزییە بوونی هەیە و چ خوێندنەوەیەكتان بۆی هەیە؟
- هیچ شتێك ئەمڕۆ هێندەی یەكڕیزی بۆ كورد گرنگ نییە، چونكە كەوتووینەتە بەردەم شەڕێكی گەورەی نەگریس كە شەڕێكی نێودەوڵەتییە، ئەگەر كورد یەكدەنگ نەبوونایە، نەیدەتوانی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتی و هاوكارییە هەرێمایەتییە و ئەو ورە بەرزە جەماوەرییەی كە پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جەنگە نەگریسەی كە بەسەر كوردا سەپێنراوە، مسۆگەر بكات، هاوكات چەندە كورد لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، هێندەش لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویی دەگمەندایە، كە بەهۆیەوە باشترین دەرفەتە بۆ وەدیهاتنی خەونی لەمێژینەی نەتەوەیەكی داگیركراوی ستەملێكراو، بەو مانایەی هاوكێشە نێونەتەوەیی و هەرێمایەتیەكان بە جۆرێك هاتوونەتە سەر بار كە كوردیش وەك نەتەوەیەك ددان بە مافەكانیدا بنرێت، كیانێكی هەبێت و ببێتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی خۆی، دەكرێت لەسەر بنەمای رێزگرتن و دۆستایەتی هاوبەش لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێی پێكەوە كار بكەن بۆ ئەوەی ئیتیحادێك، یان شێوەیەك لە رێككەوتن و جۆرێك لە رێكخستنەوە بێننە ئاراوە تا هەمووان پێكەوە بەهرەمەند بن بە شارستانیەتێكی تەكنەلۆژی، ئەوانەش زەمانەتن بۆ رووبەڕووبوونەوەو دەربازبوون لەو هەڕەشە گەورەیەی باسمكرد، هەروەها وەدیهێنان و گەیشتن بەو ئاواتە لە مێژینەی نەتەوەكەمان لە پاش پشتیوانی خوای گەورە، نیازی بە یەكڕیزیی گەلی كورد هەیە بە شێوەیەكی گشتی لەسەر هەر چوار پارچەكەی كوردستان، پێویستە حزبەكان كە ئێستا بوونەتە ئامانج ببنەوە ئامراز لە پێناوی ئامانجە مەزنەكەدا و هەر حزبێك بۆ خۆی خزمەت بكات و رۆڵی چاكسازی بگێڕێت، هەروەها چاوخشاندنەوەیەك بە خۆیدا بكات لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەیدا، چونكە ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە هەمیشە ناتەبایی نێوان هۆزەكان، یان حزبەكان خۆیان بوونەتە هۆی لەباربردنی زۆر دەرفەت و هەلی وەك ئەمەی ئێستا بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە، هەمیشە نایەكڕیزیی كورد هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی ناحەزانی كورد دەرفەتەكان لە بەرژەوەندی خۆیاندا بقۆزنەوەو بێ قەوارە و بێ كیانی بكەن، مافی ددانپێنراوی فەرمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێ زەوت بكەن، لەبەر ئەوە پێویستە هەر یەكڕیزانە لەسەر كۆمەڵێك مەسەلەی ستراتیژییانەی نەتەوەیی رێكبكەوین، جیاوازییەكانی حزبەكان رۆڵی تەواوكاری بگێڕن لەو چوارچێوە ستراتیژییە نەتەوەییەدا، ئەگینا خوانەخواستە ئەگەر وا نەكرێت شەڕەكە بە زەرەر و زیانی كورد تەواو دەبێت، كورد جارێكی دی دەبێتەوە بە قوربانی شەڕەكانی ناوچەكە.
*حزبە سیاسیەكانی كوردستان لە ئێستادا چۆن و بە چ شێوەیەك دەتوانن بەسەر تەحەدیاتی ناوخۆیی و دەرەكیدا زاڵ بن و چی بكەن تا كۆدەنگییەكی نیشتمانی دروست بێت؟
- بێگومان تەحەدییاتی ناوخۆییمان هەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە نێوان حزبەكان خۆیاندا، تەحەدی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، تەحەدی نێوان نەتەوەكانی ناو هەرێم و نەتەوەكانی دراوسێی هەرێمیش بوونی هەیە، تەحەدیی شەڕی داعشیش هەیە، سەبارەت بە تەحەدیاتی ناوخۆ بەهۆی نەبوونی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و جیاوازییە لە دید و بۆچوونەكان، كە بەهۆی ئەمانەوە هەڵوێستمان لاواز دەبێت لە كاتێكدا دەتوانین پێكەوە ستراتیژێكی نەتەوەیی وەها دابڕێژین كە یارمەتیمان بدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدییاتانە، یەكێكی دی لەو تەحەدییانەی لەبەردەممان كۆسپن، بۆ لابردنی پێویستمان بە چاكسازی هەمەلایەنە هەیە، یەكێك لەو خاڵانەی وایكردووە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لاواز بكات، بەڕاستی بریتییە لە گەندەڵی، ئەگەر چارەسەری گەندەڵییەكان نەكرێت تەحەدییەكان گەورەتر دەكەن بۆمان، ئەگەر گەشە نەدەین بە دەستكەوتەكانمان و دیموكراتی بوون نەكەینە حەقیقەت و بە هەموومانەوە نەخشە دانەڕێژین بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانمان، ئەوە ئەو دەسكەوتانەشمان لەبار دەبردرێت كە لە ناوخۆی هەرێم بە ماندووبوونی زۆر و قوربانیدان وەدەست هاتوون، ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆخۆی، هەروەها پێویستە بە جددی كار بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە چارەسەركردنی ئەو كێشانە هاوكارییەكی جددی دروست دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی مافەكانمان بەدەست بهێنین، كاتی خۆی تا هێڵی 36 لە رووی نێودەوڵەتییەوە دیاری كرا وەك نەوایەكی ئارام بۆ هەرێمەكەمان و پێشتریش حكومەتی عێراقی ددانی ناوە بەوەی سێ پارێزگا هی كوردستانە، تا ئێستاش بە شێوەیەكی فەرمی هەر ئەوەندەمان هەیەو بەو بارتەقایە و لەسەر بنەمای ئەو سێ پارێزگایە مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت، باقییەكەی فەرزی دیفاكتۆیەكە كە كورد دروستی كردووە لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانكارییانەی كە كورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوچەكە چەسپاندوونی، لەبەرئەوە چارەسەركردنی كێشەكانمان لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەویش بە یەكبەرنامەیی و بە یەكڕیزی دەكرێت، بە دابەشكردنی رۆڵەكان دەكرێت لە نێوان خۆماندا كە تەواوكاری یەكتر بین، پێكەوە دەتوانین رووبەڕووی ئەو تەحەدییاتە ببینەوە لەسەر ئاستی ناوچەكە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تا وێنەی مەزڵوومییەتی خۆمان و مافە رەواكانمان بگەیەنینە ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی دنیا، ئەمەش دەمێنێتە سەر یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و بەڕێوەبردنێكی سەركەوتووی ناوخۆیی.
* وەك ئاماژەت پێكرد، دۆخێكی لەبار بۆ كورد هەڵكەوتووە، رەنگە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو دۆخی وەها دروست نەبووبێت، هەروەها كۆمەڵێك مەترسی زۆر گەورەش لەسەر كورد دروست بوون كە ئەوانەش هەڕەشەی گەورەن، دیسانەوە بە درێژایی مێژوو مەترسی وەها گەورە نەهاتۆتە پێش كورد، پرسیارەكەمان ئەوەیە، ئەركی هێز و لایەنە سیاسییەكان و هاونیشتمانان لێرە چییە، بۆ ئەوەی خۆ لەو مەترسیە گەورانە بپارێزن و هەروەها بۆ ئەوەی ئەو خەونە لەمێژینەی كە باست لێكرد بۆ كورد بێتەدی؟
- لە تاكێكەوە تا خێزان و تا گرووپێك و تا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و تا حزبێك و دەزگایەكی حكوومی و ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی حكومەتی هەرێم و تا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش هەر هەموومان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەكی جددی داین، هەر كەس لە جێی خۆیەوە پێویستە بەرنامە دابنێت بۆ پاراستن و درێژەپێدانی دەستكەوتەكانمان، هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین بۆ چاكسازیی ناوخۆیی و بەرزكردنەوەی ورەی تاك و كۆی نەتەوەكەمان و هەوڵبدەین بۆ ئەوەی بە هەموو شێوازێك رووبەڕووی دوژمنان ببینەوە و هەر ئامرازێك كە بۆ دژایەتمان بەكار دەهێندرێت، ئێمە پووچەڵیان بكەینەوە، ئەوەش بە تاك و لۆك كەوتن و ناتەبایی و بە ململانێی حزبایەتی ناكرێت، دەبێت هەموو ئەوانەی ناوم هێنان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، رێكخراوەكان و ئەهلی فیكر و قەڵەم رۆڵی خۆیان بەباشی بگێڕن لە دیاریكردنی ناتەواوییەكان لە چارەسەر بۆ دۆزینەوەیان، تا هەمووان پێكەوە لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا بین و لەو بارەوە دەزگاكانی راگەیاندنیش دەتوانن بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە بچنە بەردەم ئەو دوو حاڵەتەی باسمكردن، كە یەكەمیان هەڕەشە گەورەكەیە كە جەنگی لەسەر سەپاندووین و ئەگەر سەركەوتوو بین تیایدا دەكەوینە بەردەم دەروازەی بەدیهێنانی خەونێكی مێژوویی گەورەوە، كەواتە دۆخەكە زۆر هەستیارە و پێویستی بە بەرنامەیەكی گشتی هەیە كە تێكڕای جووڵە و هەوڵەكانمان ئاراستەی چ دەرچوون لە بەردەم هەڕەشەكە و چ سەركەوتن بۆ وەدەستهێنانی ئاواتە گەورەكە بكات، واتە دەرفەت و هەل لە دەست خۆمان نەدەین و بە باشی بەرهەمی بهێنینەوە.
* قسە هەیە لەسەر ئەوەی كە لە ئاكامی ئەو یەكدەنگی و یەكڕیزییەی ئێستا لە باشووری كوردستان بەدی دەكرێت، هێزێكی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كە زیاتر لە 40 وڵات لە خۆ دەگرێت، پشتیوانی لە گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن كە لە بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدان، مەرجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە رۆژئاوای كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شەڕڤانان و پێشمەرگە و هەناردەكردنی كۆمەك، مەرجی یەكڕیزی بوو لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا، لە باشووری كوردستانیش سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەتایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی گرنگی گێڕاوە لەوەی ئەم یەكڕیزی و تەباییە بێتەدی، لەو بارەیەوە بۆچوونت چییە؟
- ئەگەر بتوانین بە لێزانین مامەڵە بكەین و بتوانین زەمینەی لە یەكتر تێگەیشتن و دابەشكردنی رۆڵەكانمان كۆمەڵێك بنەما دابڕێژینەوە بە ناوی بنەماكانی ستراتیژی نەتەوەیی و لە ناو ئەو بەرنامەیە بەشێوەیەك كار بكرێت، هیچ لایەن و كەسێكی تێدا فەرامۆش و پەراوێز نەخرێت، هەمووان بە یەكدەست خەمی سەرەتاو كۆتاییان دوورخستنەوەی شەڕ و خراپەكاری بێت لە پێناو بە دەرخستنی وێنەیەكی جوانی كورد كە بتوانن نیشانی بدەین بە دنیا، تەنانەت وەزیر و پەرلەمانتارەكانمان لە بەغداش لە فیكری ئەوەدا بن نموونەیەكی جوانی هەرێمی كوردستان پیشانی خەڵك بدەن، بە هەموو هەوڵێكی یاسایی و دەستووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و فیكرییەوە ئەو بەرنامە گشتیە دەوڵەمەند بكەین، تەنانەت پێویستە لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا كار بكەین و چەندین كۆنگرە لە هەولێر ساز بكەین، تا لە رێی بانگهێشتی خەڵكەوە بتوانین رایەكی گشتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دروست بكەین بۆ پشتیوانیكردنمان لەم شەڕەی بەسەرماندا سەپێنراوە، قەناعەتیش بەوان و بە هەموو دنیا بكەین كە ئێمە نەتەوەیەكین مافی ئەوەمان هەیە خاوەنی كیان و ئاڵاو دەوڵەتی خۆمان بین، ئینشائەڵڵا لەم شەڕەی دژی داعش سەردەكەوین و كوردیش بە خەونە مێژووییەكەی خۆی دەگات، هەرێمی كوردستانیش وەك توانیویەتی لەسەر پێی خۆی رابوەستێت دەتوانێت ببێتە ناوكێك بۆ خزمەت گەیاندن بە خۆرئاوای كوردستانیش بە تایبەتی پارتی و یەكێتی و پەكەكە بتوانن هەست بەم بەرپرسیارێتیە گەورەیە بكەن، ئاوا كورد بەسەربەرزانە و سەركەوتووانە لەم شەڕەش دەردەچێت و دەبێتە كیانێكی ددانپیانراوی یاسایی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیش.
* پسپۆرانی سیاسیی زانستە سیاسیەكان پێیان وایە ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتییەی بۆ كورد دروست بووە، لە ئاكامی سیاسەتی حەكیمانەی كۆی سەركردایەتی كوردو بەڕێز مسعود بارزانی بووە. ئێوە رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم نێوەندەدا چۆن دەنرخێنن؟
- سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان هاوسەنگانە رابگرێت، جێگەی رێزە و چاوەڕێی زیاتریشی لێ دەكەین، دەبێت فراوانتریش مامەڵە بكات و هەموو تاكێكی ئەم هەرێمەش شانازی بكەن بەوەی سەرۆكەكەیان بەرگریكارێكی بەهێزە لە هەمووان، هەروەها لە خەمی چاكسازییەكی جددیی ئەم هەرێمەدایە، لە خەمی گەشەدان بە تواناكانی رۆڵەكانی نەتەوەكەیەتی، بەو شێوەیە جەماوەری خەڵكی كوردستان دەبێ لە دەوری سەركردایەتی گشتی و سیاسیی خۆی كۆببێتەوە، ئەگەرچی خۆمان لێی رازی نین، بەڵام توانیومانە حكومەتێكی یەكگرتووانەی هەرێم دابمەزرێنین، لە پاش ئەو دابەشبوونی نفووزیەی كە لە ناو هەرێمی كوردستان دروست بوو، توانراوە ئەو رۆڵە گەورەیە بگێڕێت، رۆڵی سەرۆكی هەرێم چاوەڕوانی باشتری لێ دەكرێت كە ببێتە مایەی یەكخستنی دید و بۆچوونەكانی هەمووان، یەكخستنی ریزەكان و پتەوكردنی بەرنامەی هاریكاریی یەكتری و راكێشانی متمانەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و رۆڵی جوانی لەم بارەیەوە گێڕاوە، بەقەد ئەوەندی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیدایە، تا بتوانێت تەواوی گەلی كوردستان بخاتە خزمەتی پرۆسەی سیاسی، دەبێت زۆرتریش كراوەتر بێت بە رووی هەموو خەڵكی كوردستاندا و رۆڵی چارەسازی ببینێتەوە بۆ كێشەكان، شتێك بكات هەر كێشەیەك بگاتە لای، ئەو ئیتر كۆتایی بە كێشەكە بهێنێت، هەمووان دڵنیا بن لەوەی ئەو بۆ گشتە و هەموو خەڵكی كوردستانیش بۆ ئەو دەبن.
Top