محەمەدی حاجی مەحمود پێشمەرگە و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:مسعود بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكەی بەدرێژایی تەمەنی هەر پێشمەرگەبووە

محەمەدی حاجی مەحمود پێشمەرگە و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:مسعود بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەكەی بەدرێژایی تەمەنی هەر پێشمەرگەبووە
محەمەدی حاجی مەحمود، جیا لەوەی سكرتێری (حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان)ـە، زیاتر لە 40 ساڵە پێشمەرگەیە و لە ئێستاشدا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە وەك یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەستنیشانكراوە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای هێزی پێشمەرگە لەو بەرە بەرفراوانەی شەڕی دژی تیرۆریستان و چوونی پێشمەرگە بۆ هاوكاری خوشك و براكانی لە كۆبانێ و هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسیی ناوچەكە بەگشتی، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجامداوەو بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن.
پاراستنی ئهم دهسكهوته دپلۆماتیه گهورهیه و سهركهوتن له بهرهكانی شهڕ ئهركی ئهمجارهی سهرۆك بارزانی قورستر كردووه




گوڵان: لەو كاتەوە كە شاری موسڵ لە لایەن چەكدارانی داعشەوە داگیركرا، هێزی پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستان وەستانەوە و ئێوەش بە فەرمانی بەڕێز مسعود بارزانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، دەستنیشانكران بۆ ئەوەی وەك فەرماندەیەكی بەرەكانی شەڕ رووبەڕووی هێزەكانی داعش ببنەوە، لەگەڵ ئەوەی سكرتێری حزبێكی دێرینن، چۆن بوو وەك پێشمەرگە رووتان لە سەنگەرەكانی بەرگری كردەوە؟
محەمەدی حاجی مەحمود: ئێمە پێشمەرگەین و هەر كاتێكیش میللەتەكەمان پێویستی بە ئێمە بێت، ئەوەی لە تواناماندا بێت، درێغی ناكەین و هەمان پێشمەرگەی جاران دەبین بۆ كوردستان، ئەمجارەیان بەڵایەكی ناگەهان، یان شەڕێكی داسەپێنراو بەرۆكی كوردستانی گرت و بە دڵڕەشییەكی زۆرەوە و بێبەزییانە پەلامار دراین، بێ ئەوەی ئێمە خاكی كەسمان داگیركردبێت، یان چووبێتینە وڵاتی كەسەوە، هەڕەشەی ئەمجارە لەسەر دەستی داعش هەڕەشەیە لە هەموو دەسكەوتەكانی میللەتەكەمان لە مێژووی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، لەبەر ئەوە بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیمان زانی كە رووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببینەوە، ئەمجارەیان هەڕەشەیەكی مەترسیدارتر لە بوون و مێژووی هەموو میللەتەكەمان دەكرێت، نەك تەنیا لە داهاتووی، بەڵكو لە رابردووە پڕ سەروەرییەكانییەوە هەتا ئێستا، بۆیە بە ئەركی خۆمان زانی بێینەوە مەیدان، كاتێكێكیش بەڕێز جەنابی كاك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لێم كرد كە ئەو ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییە بگرمە ئەستۆ بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بێ دوودڵی قبوڵمان كرد، تا بەرگری لە خاك و نیشتمانی خۆمان بكەین.
گوڵان: لە یەكەمین رۆژانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك پێشمەرگەیەك لە ناو سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرەكانی جەنگ دەبینرێت، بەڕێزیشتان لە بەرەی كەركووك پێشوازیتان لێ كرد، وەك كەسایەتییەك كە لە زۆربەی قۆناغەكانی تەمەنتدا رۆڵی فەرماندەیی پێشمەرگەتان بینیوە، رۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەڕێوەبردنی شەڕەكەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
محەمەدی حاجی مەحمود: جەنابی كاك مسعود بارزانی جگە لەوەی هەر لە تەمەنی لاوییەوە پێشمەرگە بووە، بەردەوامیش بێ دابڕان لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بووەو بە درێژایی تەمەنی بۆ وەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەی پێشمەرگەیی كردووە، بەڵام ئەمجارەیان ئەركی سەرشانی قورستر بووە، چونكە ئەمجارەیان سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستانە و لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە ئەو شەرەفەی پێ دراوە، لەبەر ئەوە لە رووی شەرعی و یاساییەوە ئەو بەرپرسیاری یەكەمی ئەم وڵاتەیە، جگە لەمەش فەرماندەی هەموو هێزە چەكدارەكانی هەموو هەرێمی كوردستانە، واتا ئەمجارە ئەركەكانی سەرشانی گرانتر و قورستر بووە، لەبەر ئەوەیە كە بە قەبارەیەكی زیاترەوە چووەتە ناو بوارەكانی پێشمەرگایەتی و كێشەكانی وڵاتەكەوە، نەك هەر لەو بوارەشدا، بەڵكو یەكێك لە سەركەوتنەكانی میللەتەكەمان بە درێژایی مێژووی خۆی تا ئێستاش ئەوە بووە كە لە بواری پێشمەرگایەتیدا دوژمنانی ناچار كردووە بیانگێڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، كە زۆربەی جاران كورد لەسەر ئەو مێزە دۆڕاندوویەتی، بەڵام لە بواری دیبلۆماسیەت و پێوەندییەكاندا بۆ یەكەمین جارە كورد سەركەوتن بەدەست بهێنێت، چونكە خۆتان دەزانن كە سەركەوتنەكانی ئەمجارە بێگومان بۆ سەركەوتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بۆ رۆڵی دیپلۆماسییانەی كورد دەگەڕێتەوە كە هەمووان تێیدا هاوبەش بوون، ئەوەش سەركەوتنی دیپلۆماسییە كە لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا هاتنەدەنگ و هاتنەدەستی ئەمریكای هێنایە سەر هێڵ، دواتر وڵاتانی دیكەی ناوچەكەی هێنایەدەنگ كە پشتگیری گەلی كورد بكەن، هەر لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تا ئیتاڵیاو كەندا و ئوسترالیاو ئەڵمانیاو بەلجیكا و نەرویج و چەندین وڵاتی دی، بۆ یەكەمین جاریش بوو سەرۆكی فەرەنسا بە شەخسی پشتگیری تەواوی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان راگەیاندو خۆی هاتە كوردستان بۆ ئەو مەبەستە، ئەمە بۆ یەكەمین جارە لە بوارە دیپلۆماسییەكەدا كورد سەركەوتن بەدەستبهێنێت، ئەمەش فەزڵێكی گەورەیە بۆ میللەتەكەمان و بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش.
گوڵان: ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەم ساڵانەی دواییدا ئامادە نەبوون پاڵپشتی هیچ لایەنێكی ناو ناكۆكییەكانی جیهانی و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەند بكەن، بەڵام زیاد لە 60 دەوڵەتی خاوەن بڕیاری دنیا بۆ پاڵپشتی و هاریكاری هەرێمی كوردستان بە یەكدەنگی پاڵپشتی خۆیان دەربڕی، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ ئەو واقیعە هەیە؟
محەمەدی حاجی مەحمود: من هۆكاری ئەم پشتگیرییە بە پەلەی ئەمریكا بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ چەند خاڵێك دەگێڕمەوە، یەكەم: ئەمریكا لە ساڵی 2003 و بە پشتگیری ئەو هاوپەیمانێتییەی دروستی كرد، توانی رژێمی سەدام حوسێن بڕووخێنێت، تا عێراقێكی دیموكراتی بونیاد بنرێتەوە كە تێیدا مافەكانی مرۆڤ پارێزراو بن و سیستمی ئەم وڵاتە جێگیر بكەن، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ئەمریكا بە تایبەتی و هاوپەیمانان بەگشتی بە هەزاران سەربازی خۆیان كردە قوربانی زۆر لەوە زیاتریش بریندار بوون، ئەمە بێجگە لەو پارە زۆرەی لەم پێناوە خەرجیان كرد، بەڵام دەركەوت عێراق نەبووە ئەو وڵاتە، ئەوەی مایەوە وەك سەركەوتنێك تەنها كوردستان و هەرێمی كوردستان بوو.
دووەم: ئەو ئازادییەی لە كوردستان فەراهەم كراوە، كە زۆر جار خۆمان بە فەوزا ناوی دەبەین، لە تێڕوانینی رۆژئاوا و ئەمریكا زۆر گرنگە.
سێهەم: خاڵێكی گەشی دیكە بۆ كوردستان لێبوردەیی و پێكەوەژیانە لەكوردستان، ئەمەش نەك بۆ ناوخۆی كوردستان بەڵكو بۆ پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش كە دێنە كوردستان، هەر بۆ نموونە چ شیعە لە ترسی سوننە و چ سوننە لە ترسی شیعە لە خواروو یان ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ خۆپاراستنیان روو لە كوردستان دەكەن، مەسیحی لە ترسی هەردووكیان (شیعە و سوننە) هانا بۆ كوردستان دەبات، ئەمانەیە وایكردووە پێكەوەژیانێكی جیاواز لەوەی عێراق، لە كوردستاندا دروست بێت، ئەمە لای ئەمریكا بریتییە لە پێكەوەژیانی نەتەوەكان و ئایین و مەزهەبە جیاوازەكان بەسەر یەك خاكەوە كە خاكی هەرێمی كوردستانە، ئەمانە هەمووی هاندەرن بۆ هاتنە وەڵامی ئەمریكا لەسەر كوردستان و دروستكردنی هاوپەیمانێتی لە پێناویدا.
چوارەم: بەرژەوەندییەكانی كوردو ئەمریكایە لە بواری ئابووریدا كە لەیەكترەوە نزیك بۆتەوە، تەنانەت كونسوڵگەری ئەمریكا لە كوردستانە، ئێوە باش دەزانن لە موسڵەوە تا جەلەولا لە لایەن تیرۆریستانەوە گیرا، ئەمریكا نەهاتە وەڵام لەسەریان، بەڵام بەرامبەر بە مەترسییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبوو.
پێنجەم: كورد كەوتە سەنگەرێكەوە كە لە جیاتی هەموو دنیا شەڕی تیرۆر بكات، چونكە رێكخراوی داعش رێكخراوێكی فرەڕەگەزە تەنانەت ئەمریكی و بەریتانی و ئەڵمانی و ئوسترالی و ئەفەریقی و هەموو جۆرە رەگەزێكی تێدایە و هەموویان چاویان بڕیوەتە سەر ئەم ناوچەیەی ئێمە تا پایەگایەكی بەهێزی لێ دروست بكەن و لێرەوە بنكەی دەرچوونیان بێت بۆ راگەیاندنی شەڕ لە دژی هەموو دنیا، لەبەرئەوەیە كورد كەوتۆتە سەنگەری بەرانبەر ئەوانەی كە بە نیازن هەموو دنیا بڕووخێنن.
لەبەر ئەوەیە پێویستی دەكرد ئەو هاوپەیمانێتییە لە هەولێرەوە دەست پێ بكات، ئەمجارە كورد رووبەڕووی ئەو تیرۆرە بۆتەوە، پێشمەرگە بۆتە ناوێكی ناسراوی جیهانی و ئەندامە لە هاوپەیمانییەكەدا كە لە هاوپەیمانی ناتۆ گەورەترە، لەبەر ئەوەی ئەندامانی هاوپەیمانی ئەمجارە، تیایاندایە ئەندامی ناتۆ نییە. ئەمەش هەولێری كردۆتە بنكەیەكی دژە تیرۆر كە رووبەڕووی هەموو تیرۆریستانی دنیا بۆتەوە، ئەمەش وا دەكات هەموو بڕیارەكان لە هەولێرەوە دەربچوێنرێن.
گوڵان: بەستنەوەی كوردستان و هاتنە سەر هێڵی كورد بۆ سەر نەخشەی وزەی جیهانی یەكێك بووە لەو هۆكارانەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ببنە پاڵپشت بۆ كوردستان، ئەمەش نزیك خستنەوەی ئاواتی لەمێژینەو مەزنی كوردە بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافە رەواكانی وەك نەتەوەیەكی بەشخوراو لەسەر نەخشەی جیهانیدا، ئەم خاڵە بۆ بە هاناوەچوونی میللەتەكەمان لە لایەن گەورە زلهێزانی دنیاوە تاچەند كاریگەری هەبووە؟
محەمەدی حاجی مەحمود: یەكێك لە خاڵەكان بەرژەوەندی ئابووریی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپیە لەگەڵ كورد كە خاڵی بنەڕەتییە، مەسەلەی نەوت و زۆر شتی دیكەشە، ئەمە بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی كوردستاندا گەلی كورد لە بواری دیپلۆماسی سەركەوتنی وا مەزن بە دەست بهێنێت، فەزڵی ئەمەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەگەڕێتەوە، كاركردنی كورد بە دیپلۆماسییانە وای لە وڵاتانی دنیا كرد، هاوكاری مرۆیی و سەربازی و چەك بدەن بە كوردستان، ئێمە تا دوێنێ فیشەكێكمان بە قاچاغیش دەست نەدەكەوت، ئێستا فڕۆكەی سەربازی زلهێزانی دنیا لە هەولێر چەك دادەبەزێنن بۆ پێشمەرگە، بە ئاشكرا دەوڵەتان داندەنێن بەوەی هاوكاری كوردو پێشمەرگە دەكەن، ئەمە سەركەوتنی گەورەیە، یان چوونی پێشمەرگە لەم رۆژانەدا بە ئاشكرا بۆ پارچەیەكی دیكەی كوردستان و بە رێڕەوێكی فەرمی نێودەوڵەتی ئەمانە هەمووی خەونە هاتوونەتەدی.
گوڵان: بارودۆخێك لەم قۆناغەدا هاتۆتە پێشەوە كە كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستییان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هەیە، حزبەكانی رۆژئاوا بە چاودێری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دهۆك رێككەوتن و ئێستاش هێزی پێشمەرگەی باشووری كوردستان بە چەكی قورسەوە بۆ بەهاناوەچوونی كوردی رۆژئاوا بەڕێكەوتووە، چ یەكڕیزیەك لە خیتابی گشتی كوردستان دەبینن؟
محەمەدی حاجی مەحمود: یەكڕیزی ماڵی كورد یەكێكە لەو فاكتەرە بەهێزانەی كە سەركەوتنی بۆ كورد مسۆگەر كرد، پەندێكی كوردی هەیە، دەڵێت: ئەگەر كلكی تەور دەسكەكەی لە دارەكە نەبێت، نایبڕێتەوە، یان ئەگەر دار پوازی لە خۆی نەبێت ناقڵشێت، هەر شكستێك كە كورد دوچاری هاتبێت لە مێژوودا، هەمیشە هۆكارەكەی ناكۆكی و كێشەكانی ناوخۆی بووە، بەڵام یەكڕیزی میللەتەكەمان و یەكهەڵوێستی سیاسیی حزبەكانی كوردستان دەستەبەری سەركەوتنەكانی میللەتەكەمانن، ئەگەرچی راوبۆچوونی جیاواز هەن، بەڵام كە مەسەلە دێتەسەر كوردو بەرگری لە كوردستان، هەمووان ناچار دەكات لە یەك سەنگەردا پێكەوەو شان بە شانی یەكتر بەرگری بكەن، بۆیە پێموایە یەكڕیزی نیشتمانی و یەكهەڵوێستی هێزە سیاسییەكان دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئیرادەی خەڵكی، بێگومان دنیاش رێز بۆ ئیرادەیەكی یەكگرتووی میللەتێك دادەنێن.
گوڵان: هاوپەیمانێتی زیاتر لە 60 دەوڵەتی دنیا بۆ پێشمەرگە ئاسۆی داهاتووی كورد دەگەیەنێتە كوێ؟
محەمەدی حاجی مەحمود: پێش ئەوەی سەیری یەكڕیزی و بە تەنگەوەچوونی كورد بۆ هاوكاری یەكتر بكەین، پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەم هەلومەرجە سیاسیە چۆن هاتۆتە پێشەوە؟ كێ توانیویەتی ئەم هەلومەرجە وا لێ بكات كورد بە دەنگی یەكترەوە بڕوات؟ گرنگیەكەی لەوەدایە كە كورد لە رووی دیپلۆماسیەت و پێوەندیەكانی دەرەوەیدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، تەماشای ژمارە ناكرێت، چەند پێشمەرگەی باشووری كوردستان بە ناو سێ سەد كیلۆمەتری وڵاتێكی دیكەدا كە ناوی توركیایە و چەند ساڵێك پێش ئێستا هەر بڕوای بە ناوی كوردیش نەبووە، ئەمە وەرچەرخانێكی زۆر گەورەیە رەنگە توركیا ئەمە بۆ خاوكردنەوەی فشاری ئەمریكا بكات، بەڵام دیپلۆماسیەتی كورد و ئەمریكاو كوردو توركیا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە لە هەولێرەوە روو بكاتە سنووری زاخۆ و لەوێوەش سێ سەد كیلۆمەتر بە ناو خاكی توركیادا بڕوات بۆ بەهاناوەچوونی براكانی لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان، رەتبوونی پێشمەرگە لە كوردستانی عێراق بۆ كوردستانی توركیا و گەیشتنەوەی بە كوردستانی سووریا بایەخێكی گەورەی مێژوویی هەیە، ئەمە خەونێكە چاوەڕواننەكراو بوو، هەنگاوێكی سەركەوتنە كە لە هیچ كتێبێكدا گەورەییەكەی جێی نابێتەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هێزێكی مەعنەوی و سەربازی بۆ بەدەمەوە چوونی براكانی لە كۆبانی خاكی دەوڵەتی دیكەی بڕیوە. تەنیا لە سەر ئاستی هێزە گەورەكانی وەك ئەوروپا و ئەمریكادا هەنگاوی وەها نراوە كە بتوانن بە ناو خاكی وڵاتێكی دیكەدا بگەنە وڵاتی مەبەست، دیپلۆماسیەتی كوردی وایكردووە توركیا ئاسانكاری بۆ بكات و سووریاش پێشوازی لەو هەنگاوە بكات، و ئامادە بێت بە فڕۆكەی خۆی ئەو هێزە بگەیەنێتە شوێنی مەرام، هەروەها پێشوازی لێكردنی خەڵكی كوردستان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كۆمەڵێك خەسڵەتی گرنگی هەیە، لە رووی راگەیاندنەوە هەموو دنیا چاوی لەو هێزە بووە، لە رووی سیاسییەوە گەورەترین سەركەوتنی بە دەست هێناوەو لە رووی دیپلۆماسیشەوە گەورەترین سەركەوتنە بۆ میللەتەكەمان و سەركردایەتی سیاسی كورد، لە بواری پێوەندییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئەو پێشوازییە گەرمەو ئەو فرمێسكانەی بۆ پێشمەرگە دەڕێژرێن و ئەو باوەشانەی خەڵكی كوردستانی توركیا بۆیانی دەكردەوە، ئەمە پێوەندییەكان لە رووی كۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی و نیشتمانییەوە زیاتر پەرەی پێدەدا، هێزێك بۆ گیانبەخشین روو لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان بكات، ئەمە لە مێژووی میللەتی كوردا رووی نەداوە، رەنگە هێزەكە بە ژمارە كەم بن، بەڵام لە رووی سەربازی و دیپلۆماسی و سیاسی بۆ هەموو جیهانی دەسەلمێنێت كە جێگە و پێگەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كوێ و لە چیدایە، هەر چۆن كورد راپەڕینی كرد و بڕیاڕی پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمانی دا، چۆن كورد باسی فیدڕاڵی كرد، چۆن زۆر مەسەلەی نەتەوەیی چەسپاند و چۆن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی هاتن بە دەنگیەوە و ناوی پێشمەرگە بە رێزەوە لە ناو هەموو راگەیاندنەكانی دنیادا دێت، چوونی ئەو هێزەش بۆ كۆبانێ لەوانە كەمتر نییە، بەتایبەتی رەتبوونیان لە ناو توركیاوە.
گوڵان: لە كاتی هەڵگیرسانی جەنگدا ئیتر وڵات هەمووی یەكدەنگ دەبن بۆ ئەوەی شەڕەكە بە سەركەوتن یەكلا بكەنەوە، حزبەكان واز لە حزبایەتی تەسك دەهێنن، ئێستا كورد كەوتۆتە بەردەم گەورەترین هەڕەشەی تیرۆریزمانی جیهانی، بەڵام هەندێك جار شەڕە دەنووكی ململانێی حزبیمان گوێ لێ دەبێت، ئایا ئەم شەڕەدەنووك و یەكتر بە كەم تەماشاكردنەی نێوان حزبەكانی كوردستان بەتایبەتی لە كەناڵەكانی میدیاییدا چۆن دەبینیت؟
محەمەدی حاجی مەحمود: تا ئێستا لە دنیادا حزب ئەلتەرناتیڤی بۆ پەیدا نەبووە، حزب بایەخی خۆی هەر ماوە بۆ رێكخستنی خەڵكی و ئاراستەكردنیان بەرەو دیموكراتی و پرەنسیپەكانی مرۆڤایەتی، لە حزبیش تا حزبێكی دی مەسەلەی دیموكراتی بوونی جیاوازە، بەڵام ئێستا وەك كورد رووبەڕووی هەڕەشەیەك بووینەتەوە لە رووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە مەترسیدارە بۆمان، بۆیە پێویستە جەخت لە مەسەلە نەتەوایەتییەكە بكەینەوە، ئێستا حزب ئامرازێكە بۆ ئامانجێك و لە كاتێكدا پەرلەمان و حكومەتمان هەیە، پێویستە لە رێی ئەو وەزارەتانەی پێوەندیدارن بە بەرگری نیشتمانییەوە بەرگری لە نیشتمانی خۆمان بكەین، هەڕەشە كۆتایی نایەت لەسەر كورد، چونكە لە رووی جیۆگرافی و پێكهاتەیی و سیاسی ناوچەكەوە كێشەی هەیە، هەر كاتێ هەڕەشەكانیش كەم بوونەوە، كەس رێ لە حزبایەتی ناگرێت كە چۆن رێڕەوی خۆی دیاری بكات، بەڵام كاتێ رووبەڕووی دوژمن دەبینەوە، پێویستە وەك یەك نەتەوە و نیشتمان و نەتەوە بەرگری بكەین.
گوڵان: كورد داخوازێت نەك دروشمی فیدڕاڵییەت لە عێراقدا بۆ كۆنفیدڕاڵی بگۆڕن، بەڵكو جاڕی سەربەخۆیی بدەن، كەچی ئەوەتا لە ژێر گوشارە نێودەوڵەتییەكاندا كورد ناچار بوو دەرفەتێكی دی بداتە حكومەتی عێراق تا كێشەكانی لەگەڵ كوردستان نەگەنە بنبەستی تەواو كە ناچار بن بڕیار لەسەر سەربەخۆیی كوردستان بدەن، ئایا عێراق بۆ ئەو دەرفەتە جێی متمانەیە؟
محەمەدی حاجی مەحمود: نابێت هیچ شتێك پەشیمانمان بكاتەوە لەسەر مەسەلەی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئێستاش لەگەڵ ئەو رایەدام كە كۆنفیدڕاڵی دەتوانێ چارەسەر بێت بۆ دۆخی گشتی عێراق، چونكە ئێستا دراوسێیەكمان بۆ پەیدا بووە ناوی داعشەو ناسنامەكەشی دیار نییە، بەڵام عێراق ئێستا سێ حكومەتی جیاوازی هەیە، یەكیان لە خوارووی عێراق و یەكیان لە ناوەندی عێراق و ئەوی دیكەشیان هەرێمی كوردستانە، ئەم هێزەی ناوەندە بە ناوی داعش و نەقشبەندی و كێ و كێیە، هەموویان سوننە مەزهەبن، هەموو وڵاتانی عەرەبی سوننەش هاوكارییان بۆ دەنێرێن، رەنگە بە ئەجندای ئەوان وڵاتانی دیكەی دنیاش یارمەتییان بدەن، هەندێكیان لەوانەیە بۆ تەمێكردنی شیعەیە كە لە دوای سەدام تاكڕەوییان لە فەرمانڕەواییدا كرد، بەڵام پێموایە نە حكومەتی عەبادی و نە دوای ئەویش هەر حكومەتێكی دیكە بێت، ناتوانن چارەسەری مەسەلەی رەوای كورد بكەن، كە پێیان نەكرا، كورد پێویستە خۆیان بڕیاری خۆی بدات، كە كۆنفیدڕاڵی باشترین بژاردەو رێگەچارەیە، ئێستا رەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەندێ رەچاوی ئەمریكاو دۆخی ناوچەكەش بكات، بڵێن باشە، چونكە ئەمجارە لە عێراقدا بە واقیعی دەركەوت بەشداریی كورد لە عێراقدا بەشداری نییە و شەراكەتیش نییە، كورد داوای لە عەبادی كرد نیو سەعات وتارخوێندنەوەی خۆی دوا بخات، كەچی دوای نەخست و حكومەتی خۆی پێكهێنا و بەرنامەی خۆی پێشكەش كرد، تەنانەت ئەندامانی پەرلەمان شتێكیان خوێندەوە لە ناو پەرلەمان، كەس گوێی بۆ نەگرتن لە بەغدا، واتا ئەمجارە كورد لە عێراقدا شەریك نییە و لە ترسی شەڕی داعش سوننەیان هێنا كردیانە ئەلتەرناتیڤ، نۆ وەزارەتیان پێداون و سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریان داوەتێ، كەچی دوو سێ وەزارەتیان بۆ كورد داناوەو دوای مانگ و نیوێك كە دەچین بەشداری دەكەین، پێمان دەڵێن بەشێكتان پێ دەدەین و بەشداریتان پێ دەكەین، ئەگینا كورد ئێستا لە عێراق شەریك نییە، شەراكەت ئەوە بوو كە جاری پێشوو هاتن لە هەولێر دانیشتن كە چۆن دەسەڵات دابەش بكەن لە عێراقدا، ئەوە شەراكەت بوو، ئێستا كورد لە عێراقدا پەراوێز خراوە.
Top