ژەنەڕاڵ چارلز دۆنلاب ئەندامی بۆردی راوێژكاری نیوئەمریكان سیكیوریتی بۆ گوڵان:سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گرنگییەكی بنەڕەتی بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

ژەنەڕاڵ چارلز دۆنلاب ئەندامی بۆردی راوێژكاری نیوئەمریكان سیكیوریتی بۆ گوڵان:سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گرنگییەكی بنەڕەتی بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە
ژەنەڕاڵ چارلز دۆنلاب، هەتا ساڵی 2010 لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئەمریكا بووە و هاوكات پڕۆفیسۆرە لە یاسا و لە دوای ساڵی 2010 ـەوە گەڕاوەتەوە بۆ زانكۆی دیوك و ئێستا لەو زانكۆیە بەڕێوەبەری سەنتەری یاسا و ئەخلاق و ئاسایشی نیشتمانییە و لە هەمانكاتدا ئەندامی بۆردی راوێژكاری سەنتەری (نیوئەمریكان سیكیوریتی)ـە. ژەنەڕاڵ دۆنلاب پسپۆڕ و شارەزایە لە بواری سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و بەتایبەتی پسپۆڕە لە سیاسەتی بەرگری لە عێراق و ئەفغانستان، زۆر جاریش بۆچوونەكانی لە رۆژنامەی واشنتۆن بڵاو دەكاتەوە و راستەوخۆش وەك خزمەتگوزاریی واشنتۆن پۆست بۆ رۆژنامەی شەڕقولئەوسەت لەوێش بە عەرەبی بڵاودەكرێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر دروستبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بەشداری پێشمەرگە وەك هێزێكی زەمینی و سەرەكی، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ ئەنجامداوە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* هەتا ئێستا ئەمریكا لە ئاسمانەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، بەڵام شەڕی داعش لەسەر زەوی یەكلادەبێتەوە، نەك لە ئاسمانەوە، ئایا تاچەند پێویستە ئەمریكا هاوكارییەكانی بۆ ئەو هێزانە چڕ بكاتەوە كە بە كردەیی لەسەر زەوی شەڕی داعش دەكەن؟
- هەروەك دەزانن ئەمریكا لە رێی گورزی ئاسمانییەوە پشتیوانی كردووە و، كۆنگرێسی ئەمریكاش مۆڵەتی داوە بە مەشقپێكردنی هێزەكانی دژ بە داعش لە سوریا. هەروەها ئەمریكا پشتیوانی بۆ هێزەكانی عێراقیش دەستەبەر دەكات. بەڵام من پێموایە پێویستە هێزە مەحەلییەكان بە هاوكاری ئەمریكا و وڵاتانی دیكە لەسەر ئەرزی واقیع شەڕ بكەن، ئەویش لە رێی هێزی ئاسمانی و هاوكاری لۆجیستی و هەروەها مەشق و راوێژكارییەوە. من نازانم تا چەند ئەمریكا لە رووی هێزی زەمینییەوە بەشداری دەكات، بەڵام پێموایە رەنگە تێڕوانینەكە ئەوە بێت كە هێزی ئاسمانی بەسە بۆ هاوكاریكردنی هێزە مەحەلییەكان لەسەر ئەرزی واقیع. رەنگە لە ئایندەدا پێویست بكات چەكی قورستر بۆ هێزە مەحەلییەكان دەستەبەر بكرێت، دیارە هێزی پێشمەرگەش یەكێكە لەو هێزانە.
* جیاوازی لە تێڕوانینی ئەندامانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هەیە، بە چەشنێك ئەگەر سەركەوتنەكە لە بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت، ئەوا پشتیوانی شەڕەكە ناكەن، زەقترین نموونەی توركیایە، كە تا ئێستاش بە كردەوە بەشداری شەڕی دژ بە داعشی نەكردووە، هەروەها وڵاتانی كەنداو و عێراق و ئێرانیش تێڕوانینی خۆیان بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسلامی داعش و رژێمی سوریا هەیە، كەواتە ئایا هاوپەیمانێتییەك ئەو هەموو بەرژەوەندییە جیاوازە لە خۆبگرێت، چۆن لە تێكشكاندنی رێكخراوێكی تیرۆریستی سەركەوتوو دەبێت ؟
- پێموایە پەنجەتان خستەسەر خاڵێكی زۆر گرنگ. بە پێی ئەو ئەزموونەی من هەمە، هەمیشە ئەوە حاڵەتەكە بووە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانێتییەكاندا حكومەتە جیاوازەكان تێڕوانینی جیاواز و بگرە ئەجێندای جیاوازیشیان هەبووە. ئەوەی گرنگییەكی سەرەكی هەیە بۆ سەركەوتن، ئەوەیە هەرچییەك ئەم حكومەتە جیاوازانە ئامادەن ببیبەخشن بۆ سەركەوتن بەدەستی بهێنێت، واتە یەكخستنی ئەو بەشانە و كۆكردنەوەیان لە هەوڵێكی كارای هاوپەیمانێتیدا. پێموایە ئێوە خاڵێكی باش دەورووژێنن بەوەی كە هەموو دەوڵەتێكی ئەندام لەم هاوپەیمانێتیەدا هەمان ئامانج یاخود هەمان ئیرادەی بەشداریكردنی نییە. بۆیە پێویستە ئەمریكا بەشداریی ئەو لایەنانە كۆبكاتەوە و بیانخاتە قاڵبێكی هەرەوەزییەوە كە بتوانێت سەركەوتوو بێت. حاڵەتە میسالییەكە ئەوەیە هەموو كەس هەمان ئامانج و هەمان مەبەستی هەبێت، بەڵام ئەزموونی من ئەوەم پێ دەڵێت كە ئەمە لە هیچ هاوپەیمانێتییەك و لە هیچ شوێنێكدا رووی نەداوە. رەنگە ئەوە نائومێدكەر بێت، بەڵام دەبێت كارێك بكەین سەركەوتوو بێت، لەسەر بنەمای واقیعی سیاسیی وڵاتە جیاوازەكانی هاوپەیمانێتییەكە.
* كەواتە پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە بە مانای كۆتاییهاتنی داعش نایەت؟
- هیوادارم بە مانای كۆتاییهاتنی داعش بێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین ئەو هاوپەیمانێتییە تا چ راددەیەك كارایە. هەروەك ئێوەش بە شێوەیەكی راست و دروست ئاماژەتان پێكرد، مەرج نییە وڵاتە جیاوازەكان بە هەمان ئاست بەشداری بكەن. تەحەددییەكە ئەوەیە، هەر چییەك ئەم وڵاتانە ئامادەن ئەنجامی بدەن، پێكەوە یەكبخرێن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت. دەكرێت ئەمە ئەنجام بدرێت، بەڵام زۆر زەحمەت و پڕ لە تەحەددی دەبێت و دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین لە مانگەكانی داهاتوودا تا چەند كارا دەبێت.
* دابەشبوونێكی دیكە لە نێو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكانی ناوچەكەدا بەدی دەكرێت كە بریتییە لە دابەشبوونی تایەفەگەری لە نێوان شیعە و سوننەدا، لەلایەكی دیكەوە لەوە مەترسیدار دەبیستین كە ئیخوان موسلمین پشتیوانی داعش دەكات و ئەبوبەكر ئەلبەغدادیش پێشتر لە نێو ئیخواندا بووە، ئایا تا چ راددەیەك ناوچەكە بەرەو شەڕێكی ئایینی دەڕوات بە چەشنی ئەوەی لە ئەوروپادا روویدا؟
- ئێوە دووبارە پرسیارێكی زۆر پڕبایەختان ورووژاند، هیچ گومانێك لای من نییە كە دابەشبوونی ئایینی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری كێشا بۆ ناكۆكی لە نێوان گرووپە تایەفەگەرییەكاندا. پێموایە زۆر زەحمەتە بۆ وڵاتە دەرەكییەكان، یان ئەمریكا و ئەوروپا بتوانن ئەو كێشانە چارەسەر بكەن، چونكە پێویستە ئەو كێشانە لەلایەن گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چارەسەر بكرێن. دەبێت بگەنە ئەو دەرئەنجامەی كە هیچ كەسێك لەم توندوتیژی و شەڕە بەردەوامە قازانج ناكات، كاتێك دەگەنە ئەو دەرئەنجامە ئەوا ئامادە دەبن بۆ ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ یەكدا بكەن و لە كۆمەڵگەیەكی فرەییدا بژین. ئێمە بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توندوتیژیی سیاسی دەبینین، ئەمەش مایەی تراژیدیایە و ئەمریكا و هیچ وڵاتێكی دیكەی دەرەكیش ناتوانن تەنگژەی تایەفەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەر بكەن. تەنها ئومێدی ئەوە دەكەین سەركردایەتییەك لەم تایەفە ئیسلامییانە دروست بێت، كە ئامادەبن لەگەڵ یەكدا لە چوارچێوەی نەتەوەیەكدا كە فرەڕەنگە لە رووی بیروباوەڕی تایەفەگەرییەوە رێككەوتن بكەن و رێزگرتنی دوولایەنە هەبێت. بەڵام تاوەكو دەگەینە ئەو دۆخە، ئەوا توندوتیژی و نائارامی ناوخۆیی و رووداوی هاوشێوە دەبینین، ئێستا داعشە، بەڵام رەنگە لە ئایندەدا شەڕێكی جیاوازتر ببینین. چارەسەركردنی جیاوازییە تایەفەگەرییەكان بە شێوەیەكی ئاشتییانە بۆ هێنانەدی ئاشتی لە دواڕۆژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە.
* ئەمریكا و ناتۆ زۆر بە راشكاوی دەڵین ئەگەر حكومەتەكەی عەبادی هەلەكانی حكومەتی مالیكی دووبارە نەكاتەوە، دەتوانێت شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات، ئەویش بە مانای ئەوەی كە كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات و لە حكومەتەكەیدا بەشداری بە سوننەكان بكات، ئایا حكومەتەكەی عەبادی دەتوانێت كێشەكانی لەگەڵ كورد چارەسەر بكات و بەشداری بە سوننەكان بكات؟ ئەگەر لەم دوو ئەركەدا شكستی هێنا، تا چەند دەبێتە هۆی سەركەوتن بۆ تیرۆریستان و سوودی لێدەبینن؟
- ئەوەی ئێوە دەیڵێن تەواو راست و دروستە و ناكرێت هەڵەكانی مالیكی دووبارە بكرێنەوە، بەڵام پێموایە عەبادی بەهۆی ئەو میراتەی كە حكومەتەكەی مالیكی بۆی بەجێهێشتووە لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە دووچاری زەحمەتی دەبێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو كارە ئەنجام بدات و لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە گرووپە جیاوازەكانی عێراق یەكبخات، ئەگەرنا ناتوانن تەنانەت بە هاوكاری ئەمریكا و هاوكاری رۆژئاواش داعش تێكبشكێنن. واتە دەبێت خەڵكی عێراق پێكەوە كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەمە. من نیگەران دەبم كاتێك خەڵكانێك دەبینیم كە پێشبینی ئەوە دەكەن، تەنیا ئەمریكا دەتوانێت ئەوكێشەیە چارەسەر بكات. ئەمریكا دەتوانێت هاوكاری بكات، بەڵام دەبێت ئەم كارە لەلایەن خەڵكی عێراقەوە بكرێت. دەبێت هەر گرووپێك قوربانی بدات بە بەشێك لەوەی دەیەوێت، بۆ ئەوەی بەرەیەكی بەهێزی یەكگرتوو بۆ بەرهەڵستیكردنی داعش دروست بكەن. پێموایە ئەگەر حكومەتی نوێی عێراق نەتوانێت گرووپە جیاوازەكان پێكەوە كۆبكاتەوە، ئەوا مایەی كارەسات دەبێت بۆ عێراق. پێموایە گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە ئەویش ئەوەیە كە كورد و شیعە و سوننە لە بەرەیەكی یەكگرتوودا دژ بە داعش كۆبكرێنەوە و دەبێت هەر گرووپێكیش ئەو راستییەی لەبەرچاو بێت كە ناتوانێت هەموو داواكارییەكانی بەدەست بهێنێت. من نازانم ئایا ئەم حكومتە نوێیە دەتوانێت ئەمە بكات، یان نە، بەڵام دەزانم دەبوایە حكومەتەكەی مالیكی بڕۆیشتایە و حكومەتێكی نوێ بێتەئاراوە، ئومێدەكە ئەوەیە ئەم حكومەتە نوێیە لایەنەكان پێكەوە كۆبكاتەوە و بتوانن رێز لە یەكدی بگرن و لە بەرەیەكی یەكگرتوودا لە دژی داعش و تیرۆریستەكانی دیكە بوەستنەوە.
* لە رووی ئەمری واقیعەوە دەوڵەتی ئیسلامی سنوورەكانی سڕیوەتەوە و عێراق كۆنتڕۆڵی نەماوە بەسەر سنوورەكانیدا، سوننەكانی عێراق و سوریاش ئەگەرچی رازی نین بە واقیعەكە، بەڵام كاردانەوەیەكی جددییان نەبووە لە ئاست دەوڵەتی ئیسلامیدا، لەلایەكی دیكەوە سنووری نێوان كوردی سوریا و كوردی عێراق بەرەو كاڵبوونەوە دەچن، پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش بە فەرمی رەوانەی كۆبانێ كراون، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ نەخشە كۆنەكە، یاخود عێراق و سوریا بۆ چەند وڵاتێك دابەش دەبن؟
- ئەوە پرسیارێكی باشە و بەڕاستی وەڵامدانەوەی قورسە. من تەنیا ئەوەندە دەڵێم كە هیچ وڵاتێك نییە دان بە خەلافەتی داعشدا بنێت، كەواتە نابێتە دەوڵەتێكی نوێ، هەرگیز ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان دانی پێدانا نانێن. بەڵام پرسیارەكەی ئێوە زیاتر لەوە دەڕوات، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی داعش تێكبشكێندرێت، ئەوا لەو پرۆسەیەدا گرووپی نوێ دروست دەبن. دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین ئایندە چی دەبێت، لەبەر ئەوەی راستییەكانی سەر ئەرزی واقیع رەنگە ئاماژە بە ئایندەیەكی جیاوازتر بكەن لەوەی كە لە رابردوودا هەمانبوو. من دەڵێم داعش نامێنێت، بەڵام زەحمەتە پێشبینی ئەوە بكەین كە لە ئایندەدا چی سەرهەڵدەدات. من ناتوانم دەستبەری ئەوە بكەم كە بۆ نموونە، سنووری نێوان سوریا و عێراق وەك خۆی دەمێنێتەوە، یان ئەوەی لە ئێستادا وەك كوردستان راگەیاندراوە، لە ئایندەدا وەك خۆی دەمێنێتەوە، یان نا. بەڕاستی دەبێت چاوەڕێ بكەین و بیبینین، بەگشتی تێكشكاندنی بە پەلەی داعش گرنگیی زۆری هەیە، چونكە ئەو رێكخراوە تیرۆریستە لە هەندێ شوێندا بەرهەڵستیەكی زۆر نابینێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش زۆر دڕندانە هەر جۆرە موعارەزەیەك سەركوت دەكات. ئەوەی دەبێت بسەلمێنرێت ئەوەیە كە هێز لە ئارادایە، هێزە كوردی و هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانێتی و هێزی ئاسمانی ئەمریكا، ئەمە ئومێدێك بە خەڵك دەدات. چونكە من دەزانم هەزاران كەس كەوتوونەتە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش كە پشتیوانی داعش نین، بەڵام ترسێكی زۆریان هەیە و ناتوانن بەرهەڵستی بكەن و لە ئێستادا هیچ ئومێدێكیان نییە، لەبەر ئەوە پێویستە بە سەركەوتنی سەربازی ئومێدێكیان پێ بدرێت و رزگار بكرێن.
* چۆن لە هاوكاری ئەمریكا بۆ كورد دەڕوانیت؟
- هێزە كوردییەكان توخمێكی زۆر گرنگن لە بەرهەڵستیكردنی تیرۆریستانی داعش و گرنگیەكی بنەڕەتییان بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. -بە دڵنیاییەوە من بە ناوی حكومەتی ئەمریكاوە قسە ناكەم-، بەڵام پێموایە زۆر گرنگە ئەمریكا پشتیوانی كورد بكات، لەبەر ئەوەی كورد دۆست و دڵسۆزی ئەمریكا بوون. پێویستە یارمەتییان بدەین لە بەرهەڵستیكردنی داعشدا. بە چەشنی هەر گرووپێكی دیكە، لە ناو كوردیشدا گرووپی جیاواز هەن. هەروەك ئێوە دەزانن، ئەمە رەوشێكی زۆر ئاڵۆزە، بەهۆی پەیوەندییەكانەوە لەگەڵ توركیا، كە توركیاش ئەندامی ناتۆیە، بەڵام پێموایە كورد و سەركەوتنی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان بە تایبەتی، گرنگییەكی بنەڕەتی هەیە بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
Top