د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕە و بە وردی چاودێری هەموو بەرەكان دەكات و بەرنامە بۆ رزگاركردنی هەموو ناوچەكانی كوردستان دادەڕێژێ

د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕە و بە وردی چاودێری هەموو بەرەكان دەكات و بەرنامە بۆ رزگاركردنی هەموو ناوچەكانی كوردستان دادەڕێژێ
بارودۆخی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پێدەنێتە قۆناخێكی دیكە، بەرەی شەڕی كوردستان فراوان بووە و ئێستا مەترسییەكی گەورە لە سەر رۆژئاوای كوردستان بەگشتی و كۆبانێ بە تایبەتی هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەم شەڕەدا زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و ئەم رێژەیەش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و گرفت و كێشەی تایبەت بە خۆیشی هەیە، لەبەرامبەردا دەركەوت كە شەڕی داعش ئەو شەڕەیە لە سەر زەوی یەكلایی دەكرێتەوە و بەتەنها بە هێرشی ئاسمانی حەسم ناكرێت، لەم شەڕەشدا هێزی كاریگەر لەسەر زەوی هێزی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیە، بۆیە گرنگە هاوپەیمانان لە خەمی ئەوەدابن كە لەسەر ئاستی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی یارمەتییەكانیان بەو ئاراستەیە بێت كە هاوسەنگی هێز بۆ هەرێمی كوردستان بشكێتەوە، لەهەمانكاتدا لەگەڵ ئەوەی حكومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتی د. حەیدەر عەبادی ماوەی زیاتر لە یەك مانگە راگەیەنراوە، بەڵام هێشتا وەزیرە كوردەكان سوێندی یاساییان نەخواردووەو كێشەی ناردنی بودجەش چارەسەر نەكراوە، بۆ قسەكردن لە سەر ئەم پرسانە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ د.فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەم بارودۆخەدا كە هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانی دەكەنە سەر داعش، بەڵام داعش هەر لە پێشڕەوی بەردەوامە، ئایا لە ئێستادا چۆن سەیری ئەم شەڕە دەكەن؟
- تیرۆریستانی داعش لە پێناوی ئەوە شەڕ دەكەن كە كوردستان داگیر بكەن و ئەو ئەزموونە دیموكراتییەی هەرێمی كوردستان لەناو بەرن، هەربۆیە شەڕەكە بە چەندین شێوە پیادە دەكەن، شێوەیەكیان شەڕی تەقلیدییە كە هەموو جۆرە چەكێكی بەردەستیان بەكار دەهێنن، شێوەیەكی دیكەی ترس و تۆقاندنە كە من ناوی دەنێم ستراتیژیەتی تۆقاندن، بۆیە پیش ئەوەی هێرش بكەنە سەر هەر شوێنێك، سەرەتا هەوڵدەدەن پڕوپاگەندەیەكی ترس و تۆقاندن لەو ناوچەیەی مەبەستیانە بڵاو بكەنەوە، بۆ ئەمەش هەموو تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بۆ بڵاوكردنەوەی بەكار دەهێنن، بەوەش شەڕێكی فیكری دەكەن. داعشییەكان دژی خاكی كوردستان و دژی فەرهەنگی كوردستانن، ئەوان كوردستان بە خاكێكی دەوڵەمەند دەزانن و دەیانەوێت داگیری بكەن، هەروەها دەشزانن گەلی كوردستان دوورن لە بیروڕای ئەوان، بۆیە ئەمە شەڕێكی هەمەلایەنەیان لەگەڵ دەكەن، بۆیە بەرەكانی شەڕەكەش پێویستە هەمەجۆر بن، چۆن پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بە چەك شەڕ دەكەن، دەبێت لە راگەیاندنەكانیش شەڕی فیكری ئەم تاقمە تیرۆریستییە بكرێت، هەروەها بە رێگەی تۆڕەكانی سۆشیال میدیاش دەبێ ئەو شەڕە بكرێت. ئەمە شەڕێكی ئایدیۆلۆژیشە، شەڕی تەقلیدی گۆڕەپانەكەی ئاشكرا و دیارە، بەڵام شەڕی ئایدیۆلۆژی شوێنەكەی دیار نییە، لە سەرەتای شەڕەكە دەستپێشخەریی هێرش لە دەستی داعشدا بوو، بەڵام دواتر ئەم هاوكێشەیە گۆڕدراو دەستپێشخەری و چۆنییەتی خۆئامادەكردن بۆ شەڕ كەوتۆتە دەستی هەرێمی كوردستان، ئەوان سەرەتا بیریان لە هەولێر دەكردەوە، ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هێرش دەكاتە سەریان، هەر بۆیە باڵانسی هێز لەم شەڕەدا بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان گۆڕدراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هێشتا شەڕەكە كۆتایی هاتبێت، لەبەر ئەوەی داعش بەناو رێكخراوێكی تیرۆریستین، بەڵام ئەو ئیمكانیاتەی لە بەردەستیانە، ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی گەورەیە، ئەوان نزیكەی سێیەكی خاكی عێراق و 30%ی خاكی سووریایان لەبەر دەستە، ئەمەش واتە نزیكەی 250 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە عێراق و سووریا داگیر كردووە، زیاتر لە 10-12 ملیۆن خەڵك لە ژیر كۆنترۆڵی دەسەلاتی ئەواندایە، هەروەها داعشییەكان رێكخراوێكی تیرۆریستیی نێودەوڵەتین و تیرۆریستەكانیان لە خەڵكانی 30 تا40 دەوڵەت پێكهاتوون، بۆیە ئەم شەڕە شەڕێكی جیهانییە و جیهانیش هاتووە هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەكەن. راستە ئەم واقیعە لایەنێكی تاڵە، بەڵام لایەنێكی گەشبینیشی تێدایە كە دەبێتە ئومێد بۆ كوردستان و خەڵكی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەم واقیعە مامەڵە دەكات.
* دیارە وەك ئاماژەتان پێكرد ئەم شەڕە درێژخایەنە، ئایا تاچەند ئومێدی ئەوە هەیە هەرێمی كوردستان لەم شەڕە درێژخایەنە سەركەوتن بەدەست بهێنێت؟
- ئەم شەڕە وەك جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكردووە، شەڕی مان و نەمانە، بۆیە كورد بێجگە لە سەركەوتن هیچ رێگەیەكی دیكەی نییە، لەبەر ئەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە ئامانجی ئەوەیە كوردستان داگیر بكات، هەتا ئەم تیرۆریستانەش دراوسێمان بن، ئەم هەڕەشەیە هەر دەمێنێت، بۆیە دەبێت داعش لەناو بچێت، بەڵام لەناوچوونەكەیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی هەموو لایەك دەزانین ئەوانیش ئیمكانییەت و خەڵكی خۆیان و پشتگیریشیان هەیە، بۆیە بە هەموو مەزندەكان ئەم شەڕە درێژخایەن دەبێت. بەڵام هیوای ئێمە ئەوەیە بتوانین شەڕەكە كورت بكەینەوە، دەبێت مەزندەی ئەوەش بكرێت كە ئەم شەڕە درێژخایەن بێت بۆ ئەوەی نەكەوینە هەڵەوە.
* دیارە ئەم شەڕەی پێشمەرگە دەیكات، شەڕێكە پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان دەیكات، راستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروست بووە، بەڵام ئایا تاچەند پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە لە ئاستی ئەم شەڕە جیهانییەدایە؟
- دیارە لەسەر ئاستی شەڕی زەمینی ئەوە كوردە ئەو شەڕە دەكات و بێجگە لە كورد كەسێكی دیكە نییە لەسەر زەوی ئەو شەڕە بكات، بەڵام جیهان كە بینی كورد كەوتە مەترسییەوە لە ئاسمانەوە بەشداری ئەم شەڕەیان كرد، واتە بە گورزوەشاندن بە رێگەی فڕۆكە جەنگییەكان، دواتریش یارمەتی لۆجیستیشان هەندێك نارد، بە بڕوای ئێمە ئەم هاریكارییانە سەرەتایین، بۆ ئەوەی ئەم شەڕە حەسم بكرێت و یەكلایی بكرێتەوە، پێویستە هاوكاری زیاتری پێشمەرگە بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی، یان دەبێت لەشكری خۆیان بنێرن، یان دەبێت چەكی قورسی پێشكەوتووتر بە پێشمەرگە بدەن و هاوكاری لوجیستیش دەبێت بەردەوام بێت، ئەگەرنا ئەو هاریكارییانەی تا ئێستا هاتوون لە ئاستی قەوارەی ئەم شەڕەدا نین كە پێشمەرگە دەیكات، هەروەها دەبێت هەرێمی كوردستان هاوكاری مرۆییش بكرێت، هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارەی لێیە، بەڵام لە بەغداوە وەك پێویست هاوكاری نەهاتووە، ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە قەوارەی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی زیاتر بكرێت، بۆ ئەوەی هەم بەرەكانی شەڕ لە بەرژەوەندی پێشمەرگە بێت و هەمیش بتوانین كێشەی ئەو خەڵكەی ئاوارە بوون، چارەسەری بكەین.
* تاچەند دەوڵەتانی هاوپەیمان بە دەنگ داواكانتانەوە هاتوون، بۆ ئەوەی رێژەی هاوكاریكردنیان لە هەردوو بواری سەربازی و مرۆیی زیاتر بكەن؟
- دیارە دەوڵەتانی ئەوروپی و دەوڵەتانی دیكەی هاوپەیمانیش لە رووی لەشكرییەوە هاوكاری سەربازییان كردووین، بەڵام ئەم هاوكارییە دەشێت سوودێكی باشی هەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشیك، یان راگرتنی داعش لە هەندێك ناوچە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری شەڕەكە و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ لەناوبردنی داعش، ئەوا چەكی پێشكەوتووتری زیاترمان پێویست دەبێت، بۆ نموونە تانك و زرێپۆش و چەكی دژە تانك و فڕۆكەی هەلیكۆپتەر. ئێمە داوای ئەم چەكانەمان كردووە، بەڵام دەوڵەتانی هاوپەیمانان كەی ئەو بڕیارە دەدەن، جارێك دیار نییە، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لەسەر داواكردنیان، سەبارەت بە هاریكاری مرۆییش دیارە كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی هاتوونەتە كوردستان، هەروەها دەوڵەتانی هاوپەیمانیش هەندێك پارەیان تەرخان كردووە و بە رێگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاری ئاوارەكان دەكەن، بەڵام ئەو هاریكارییانەش لە ئاستی ئەو هەموو ئاوارەیە نییە، بۆیە هەم دەبێت قەوارەكەی زیاتر بكرێت، هەمیش دەكرێت بەردەوام بێت. زیاد لەمەش دەبێت حكومەتی عێراقی بە تەواوەتی شان بداتە بەر ئەركی خۆی و بە ئاستی قەوارەی كارەساتەكە بێتە پێشەوە و هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.
* لە ئێستادا كارەساتێكی گەورەش بەسەر كۆبانێ هاتووە، بەپێی زانیاری ئێوە ئێستا بارودۆخی ئەوێ چۆنە و ئێوە چۆن سەیری رەوشی كۆبانێ دەكەن؟
- ئەو زانیارییانەی لای ئێمەن بەشێكیان لە میدیاكان بڵاو بۆتەوە و بەشێكیش سەرچاوەكەی پەیوەندیكرنی خۆمانە، وەك بەرگری دیارە بەرگرییەكی توند لە كۆبانێ هەیە و ئەم بەرگرییەش ئەوە پیشان دەدات كە كورد ئامادەیە تا دواهەناسە بەرگری لە خاكی خۆی بكات و هەموو ئەو مرۆڤدۆستانەش كە لەسەر ئاستی جیهان چاودێریی بارودۆخەكە دەكەن، شانازی پێوە دەكەن، بەڵام وێڕای ئەم بەرگرییەش دەبینین چەكدارانی داعش لەبەر ئەوەی چەكیان زۆرە و پشتگیرییان هەیە و دەتوانن چەك و هێز و زەخیرە بگەیەننە چەكدارەكانیان توانیویانە پێشڕەوی بكەن و هاوسەنگی هێز خەلەلی تێكەتووە و لە بەرژەوەندی چەتەكانی داعش بووە و توانیویانە بگەنە بەشێك لە نێو شاری كۆبانێ، كێشەی هێزە كوردییەكان لە كۆبانێ جوگرافیاكەیە، كۆبانێ لە سێ لاوە لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دراوە، تەنها یەك لای هەیە، ئەویش توركیایە، دیارە وەك دەبینین توركیاش هاوكارییان ناكات و تەنها فڕۆكەكانی ئەمریكا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر كۆبانێ دەكەن، بۆیە بارودۆخەكە زۆر مەترسیدار بووە. لەبەر ئەوەی لەوێ حەسمكردنی شەڕەكە لەسەر ئەرز دەكرێت و لەسەر ئەرزیش هاوسەنگیی هێز بەلای داعشدا شكاوەتەوە. لەمەش زیاتر لەبەر ئەوەی چەتەكانی داعش گەیشتوونەتە ناوشار و هێزەكانیان لەگەڵ هێزەكانی كورد زۆر لێك نزیكن، ئەمەش كێشەیەكی بۆ هێرشە ئاسمانییەكان دروستكردووە، بۆیە هێرشەكان دەتوانرێت زیاتر بۆ دەوروبەری كۆبانێ بەردەوام بێت. لە چەند رۆژی داهاتووش دەردەكەوێت پرسی كۆبانێ بەرەو كوێ دەچێت، ئەگەر توركیا هاوكاریی سەربازی و مرۆیی كۆبانێ بكات، ئەوا جارێكی دیكە هاوسەنگیی هێز بەلای كوردا دەشكێتەوە، بەڵام ئەگەر لەسەر ئەم هەڵوێستەی ئێستای سوور بێت، ئەوا بارودۆخەكە مەترسیدارتر دەبێت.
* هاوپەیمانان لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی توركیا بەرامبەر كۆبانێ نیگەرانن، ئایا تاچەند هەوڵەكان چڕدەكرێنەوە بۆ ئەوەی توركیا هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت؟
- دەبێت هەوڵەكان لەم یەك دوو رۆژە ئاكامێكی هەبێت، لەبەر ئەوەی شەڕی كۆبانێ شەڕێكی زۆر قورسە، لە پەیوەندی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆك بارزانی هەموو باسەكان باسی مەسەلەی كۆبانێ بووە، بۆ ئەوەی ئەوەی لەدەست دێت بۆ كۆبانێ بكرێت، هەروەها هێندەی من ئاگادارم ئەمریكییەكان لەسەر مەسەلەی كۆبانێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام لەسەر خەتن.
* كاتێك ئەم قسانەتان لەگەڵ دەكەین، جەنابی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕە و خۆی سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕ لە دهۆك دەكات، ئایا تاچەند سەرۆك بارزانی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێت؟
- دیارە ئاگادارن ئەمڕۆ (شەممە) من ئێوارە گەڕاومەتەوە بۆ هەولێر و لە خزمەتی جەنابی سەرۆك بووم، كە خۆی بە شەخسی سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕەكە دەكات، زۆر بە وردی بەدواداچوون لە سەر تەواوی میحوەرەكانی شەڕەكە دەكات. بە وردی بیر لە دانانی پلان و نەخشەی سەربازی بۆ مەیدانی شەڕەكە دەكاتەوە، زۆربەی ئەو بیانییانەی دێن بۆ سەردانی سەرۆك من دەیانبینم و پێیان دەڵێم جەنابی سەرۆك چووە بۆ بەرەكانی شەڕ و ئێستا ئەو پێشمەرگەیە. بەڵام جەنابی بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و كاری دیكەشی زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا پلانی سەربازیی تەواو بۆ سەركەوتن مسۆگەر نەكات، لە بەرەكانی شەڕ ناگەڕێتەوە.
* ئێستا كە سەیری ئەو میحوەرە دەكەین كە سەرۆك بارزانی لێیە، سەركەوتنەكانی ئازادكردنی رەبیعە و زومار هەیە، ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە ئازادكرنی شنگال نزیكە؟
- لەو شەڕانەی ئەم دواییە سەركەوتنی هێجگار گەورە تۆمار كراوە، بەڵام بەداخەوە لە رووی راگەیاندنەوە بە قەوارەی سەركەوتنەكە رووماڵ نەكراوە، هەر ناوچەیەك، یان هەر شارێك ئازاد بكرێت، هەمووی خاكی كوردستانە و گرنگە، من ئاگاداری ئەوە نیم شنگال كەی ئازاد دەكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئازادكردنی شنگال یەكێكە لە ئامانجە هەرە گرنگەكان، ئەوەی من ئاگادارم ئەو ناوچانە پاكدەكرێنەوە كە لە دەوروبەری شنگالن، دیارە رەبیعەش زۆر لە شنگال دوور نییە، هەروەها دەوروبەری زوماریش لە تیرۆریستانی داعش پاكدەكرێتەوە، بەڵام سەرەنجام نەك هەر شنگال، بەڵكو هەموو كوردستان لە تیرۆریستان پاكدەكرێتەوە و ئەمەش ئامانجی (سەرۆك بارزانی)یە.
* جەنابی سەرۆك بارزانی دەڵێ: بەر لە سەربەخۆیی دەبێ ئەم شەڕە بكەین، ئایا سەركەوتن لەم شەڕە چیمان پێدەبەخشێت؟
- سەركەوتن لەم شەڕە بە راددەیەكی زۆر واتە سەركەوتن بەسەر ئەوانەی دژی ژیان و هەموو ئایینەكانن، بۆیە سەركەوتنی كوردستان لەم شەڕە واتە سەركەوتنی جیهان بە گشتی بە سەر تیرۆریستان و بەمەش بۆ جیهان دەیسەلمێنین كە هەرێمی كوردستان دژی ئەوانەیە كە دژی بەها پیرۆزەكانی مرۆڤایەتین و خەڵكی ئێمەش هێمای تەبایی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و پێكەوەژیانن كە ناحەزانن دەیانەوێ لە ناوی بەرن، سەركەوتنی كوردستان واتە سەركەوتنی مەبدەئەكانی ژیان و مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەوە شكستی داعش، واتە شكستی تاریكی و دواكەتوویی بەرامبەر بە ئاشتی و مرۆڤدۆستی، هەروەها سەركەوتنی كوردستان ئاماژەیەكی گرنگی دیكەی هەیە، ئەویش ئەوەیە داعش دنیای هەموو ترساندووە و لە هەر شوێنێك شەڕ بكات، سەركەوتوو بووە، تەنیا لە كوردستان دەشكێ، بیروبڕوای پتەوی ئێمە ئەوەیە سەردەكەوین، ئەم شەڕە هەرچەندە بەرفراوان و درێژخایەن بێت، بەڵام بە هیممەتی سەركردایەتی و پێشمەرگە و دۆستانی خۆمان سەردەكەوین.
* دوای دامەزراندنی حكومەتەكەی عەبادی و بڕیاری كورد بە بەشداریكردن لەو حكومەتە، ئەوا 30 رۆژ تێپەڕی، كەچی هیچمان لەو حكومەتە بۆ كورد نەبینی، پێتانوایە ئومێدی ئەوە هەیە كێشەكان چارەسەربكرێن؟
- بڕیاری بەشداریكردن لەو حكومەتە بە رەزامەندیی هەموو هێزە سیاسییەكان بوو كە لە كۆبوونەوەی سلێمانی ئەو بڕیارە درا، بەڵام كێشەیەك هەیە، تایبەت بە دابەشكردنی وەزارەتەكان لەنێو خۆماندا، پێش جەژن بەتەما بوون بچنە بەغدا، بەڵام بەم نزیكانە دەچن و پێویستە بچنە پەرلەمان و دەنگیان لەسەر بدرێت، خاڵێكی دیكە بریتییە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كەیسە، كێشەی هەنووكەیی هەیە، كێشەی بودجە گرنگە و بەڕێز دكتۆر رۆژ لە بەغدا چەند جارێك لەگەڵ عەبادی قسەی كردووە، منیش لە نیۆیۆرك كە عەبادی لەوێ بوو، قسەم لەگەڵ كردووە، ئەو گلەیی هەبوو، دەیگوت با وەزیری دارایی بێت قسەی لەگەڵ بكەم، چونكە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە، باسی ئەوەشی دەكرد كە رەوشی دارایی عێراق باش نییە، دوو شت هەیە پەیوەستە بە بودجە، یەكەم بەردەوامبوونی بودجە بۆ مانگەكانی داهاتوو، دووەم قەرزەكانی هەشت مانگی رابردووەو كە بودجە بۆ هەرێم نەهاتووە، كە ئەمە پێویستی بە دانوستاندن هەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەو بودجەیەی كە بۆ كوردستان دێت مانگانە دێت، ئەمە زۆر كێشەی لەسەر نابێت، بەڵام گرفتەكە لە قەرزەكەیە كە گەیشتۆتە 8 ملیار دۆلار، ئەمە دەبێتە بابەتی پرسیار و وەڵام لە میانی گفتوگۆكردندا، بەڵام مەسەلەی بەردەوامبوونی بودجە تا ئێمە بەشدار بین لە حكومەت بە بۆچوونی من ئەوەیان كێشە نییە، بەڵام كێشەی دیكە هەیە وەك ماددەی 140 و پێشمەرگە، سەبارەت بە پێشمەرگە لای هەموو دنیای دەرەوە دیارە كە هێزێكە توانیویەتی بەرامبەر دوژمن بوەستێ و هیچ حكومەتێكیش لە عێراق ناتوانێ رێزی پێشمەرگە نەگرێ و حیسابی بۆ نەكات، بەڵام بودجەی پێشمەرگە چۆن دەدرێت ئەوەش پرسیارێكە.
* دوا پرسیار ئەوەیە وەك چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممە وەزیرانی كورد بەشداریی لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن، كورد 90 رۆژی دانا بۆ دەرفەتدان بە حكومەتەكەی عەبادی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لە بەغدا، نیوەی ئەو ماوەیەش رۆیشتووە، كوردیش دەگەڕێتەوە بەغدا، هیچ گەڕەنتییەك هەیە بەغدا چارەسەری كێشەكانی كورد بكات؟
- من بڕوا ناكەم وەزیرەكانی كورد سێ شەممە بچنە بەغدا، چونكە تا پەرلەمانی عێراق دەنگیان پێ نەدەن، ئەوان بەشداری ناكەن، سەبارەت بە كاتەكە مەرج نییە، چونكە پێویستی بە رێككەوتنی مەبدەئی هەیە، ئەگەر گەیشتینە ئەو رێككەوتنە ئەوكاتە چوارچێوەیەكی كاتی بۆ دادەنرێت، چونكە چارەسەری كێشەكان ماوەی پێویستە، بۆ نموونە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ سیاسەتی نەوت لە بەغدا، هەروەها بۆ ماددەی 140یش تا چەند لە ماوەیەكدا دەتوانین بگەینە رێككەوتن بۆ چارەسەركردن، ئەوانە لە پرسە گرنكەكان دەبن.
Top