لارس ئەندرسۆن توێژەری باڵا لە ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:لە هەرێمی كوردستاندا هەموو بنەمایەكی دەوڵەتی سەربەخۆ بوونی هەیە و راگەیاندنی دەوڵەت تەنها پەیوەستە بە كاتەوە
October 16, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر لارس ئیرسلڤ ئەندرسۆن ئێستا توێژەری باڵایە لە سەنتەری دانیمارك بۆ دیراسەتی نێودەوڵەتی و سەرۆكی بەشی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی ئاسایش و مەترسیی تیرۆریزم لە ناوچەكە و عێراق. پڕۆفیسۆر ئەندرسۆن لە ساڵی 2005ـەوە كار لەسەر رەوشی عێراق دەكات و لە پرۆسەی بونیادنانەوە و پەرەپێدانی دیموكراتی لە عێراقدا بەشدار بووە و، دوای رووداوەكانی مانگی ئابی رابردوو و هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەردانی هەولێری كردووە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە رەوشی كوردستان ئاگادار بێت و توێژینەوە بكات، گۆڤاری گوڵان لە میانەی مانەوەی پڕۆفیسۆر ئەندرسۆن لە كوردستان ئەم وتووێژەی لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.* ئێوە زیاتر بەوە ناسراون كە بایەختان بە مێژوووی فیكر داوە، ئەمەش زیاتر بواری فەلسەفە دەگرێتەوە، بۆیە لەو خاڵەوە دەست پێدەكەین، چۆنە ئێستا ئێوە لە كوردستانن و توێژینەوە لە سەر شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن؟
- ئەوە راستە من مێژووی ئایدیاكانم خۆێندووە كە ئەمەش زیاتر فەلسەفە دەگرێتەوە، بەڵام دواتر دەستم كرد بە دیراسەتكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زەمالەم وەرگرت و سەردانی تونس و ئیماراتم كرد بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی و دواتر بۆ ماوەی پێنج ساڵ توێژەر بووم لە سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دانیمارك و بوومە سەرۆكی سەنتەرەكە بۆ ماوەی 10ساڵ، دوای ئەوە لە زانكۆی (مونترا ئەنیستیوت)ی ئەمریكی زەمالەیەكی نوێم بۆ خوێندن لەبواری ئاسایش و تیرۆریزم بۆ هات، ئەم زانكۆیە كە خۆی لە كالیفۆرنیایە، نووسینگەیەكیان لە واشنتۆن هەیە، من ماوەی چوار ساڵ و نیو لەو نووسینگەیە توێژینەوەم لەسەر ئاسایش و تیرۆریزم كردووە، لە توێژینەوەكانمدا شیكاری و جەختم لەسەر مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و گەیشتنیان بە دەستی گرووپە تیرۆریستەكان كردووە. كەواتە لەو كاتەی باكگراوەندی من فەلسەفە بوو، لە هەمانكاتدا بوومە پسپۆڕیش لە گەشەپێدانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئاسایشی ئەمریكا. بۆ چەندین ساڵ خەریكی نووسین بووم لە بارەی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* كەواتە توێژینەوەتان لەسەر كارەساتی تیرۆریستیی 11ی سێپتەمبەر و گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەوشی سیاسی كردووە؟
- بە دڵنیاییەوە بەدواداچوونی پەرەسەندنەكانی دوای 11ی سێپتەمبەرم كردووە، لەگەڵ هەوڵەكانی بەرپاكردنی شۆڕشێكی دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رێی هێرشكردنە سەر عێراق و رزگاركردنی عێراق لە سەدام حوسێن. پێموابوو دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 لە عێراق شتگەلێكی زۆر هەن كە مایەی نیگەرانین و شایستەی ئەوەن لە بارەیانەوە بنووسرێت، چونكە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی 2011 كەس نەیدەویست باسی عێراق بكات و ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو، ئێستاش لە ئەنستیتۆتێكی دانیماركی داوام لێكراوە چەند راپۆرت لەبارەی رەوشی ئێستاوە ئامادە بكەم، چونكە من چاودێری رەوشەكەم دەكرد و پێشبینی ئەم تراژیدیایەشم كردبوو، ساڵێك پێش ئێستا من مەترسی گەورەم بەدی كرد لە درێژبوونەوەی ئەلقاعیدە لە پارێزگای ئەنبارەوە بەرەو سووریا كە ئێستا پێی دەگوترێت: دەوڵەتی ئیسلامی داعش كە هەمان شتە. هەربۆیە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو داعش هێرشی كردە سەر كوردستان و پاشانیش وڵاتەكەم دانیمارك بەشداری لەو شەڕە كرد، بڕیارم دا بێمە كوردستان و بۆ ئەوەی تێڕوانینی خەڵك بزانم.
* وێڕای ئەوەی دەتزانی داعش هێرشی كردووەتە سەر كوردستان، چۆن بوو بڕیارت دا بێیتە كوردستان و لە ئێستادا رەوشی سەقامگیری ئاسایشی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- سەرەتا كە بە بەڕێوەبەرەكەم و هاوەڵەكانم گوت: دەچم بۆ هەولێر، پێیانوتم: مەڕۆ لەبەر ئەوەی رەوشەكە بە هۆی شەڕی داعشەوە زۆر مەترسیدارە. لەمەش زیاتر كە رێنمایی گەشتكردنی دانیمارك و بەریتانیا و چەند وڵاتێكی دیكەشم خوێندەوە، هەموویان باسی ئەوەیان دەكرد سەفەر بۆ هەولێر مەكەن، چونكە بارەكە زۆر مەترسیدارە، هەتا ئەگەر چوویتە ئەوێش دەبێت بە زووترین كات بەجێی بهێڵیت، بۆیە بەپێی ئەو رێنماییانەی من لە دانیمارك دەمخوێندەوە، سەفەركردن بۆ هەولێر وەك سەفەكردن بۆ سۆماڵ وابوو، بەپێی رێنماییەكان پێیانوتم ئەگەر هەر سووریت لەسەر ئەوەی بچیت بۆ هەولێر، باشترە پاسەوانێك بۆ خۆت بگری بۆ ئەوەی پاسەوانیت بكات، هەروەها بەڕێوەبەرەكەم وتی: ئەگەر بڕیارت داوە، هەر بچیت، ئەوا ئێمە خەرجی پاسەوانت بۆ دابین دەكەین. دواتر نامەیەكی ئەلكترۆنیم بۆ هاوڕێم خالید ساڵح (سەرۆكی زانكۆی كوردستان لە هەولێر) و كەسێكی دیكە نارد، ئەوان دڵنیان كردمەوە هەولێر ئارام و سەقامگیرە و هیچ مەترسییەك نییە، ئیستاش چەند رۆژە لێرەم و دەبینم بارودۆخەكە ئارام و سەقامگیرە.
* بەو پێیەی لە ئێستادا توێژینەوە لەسەر تیرۆریزم و سیاسەتی ئاسایش و بەرگری دەكەیت، ئایا پێشتر سەردانی ئەو ناوچانەت كردووە، كە نائارام بوون و تیرۆریستان لێی نزیك بوون؟
- من پێشتر سەردانی (ئیسلام ئاباد)م كردووە، لەو كاتەدا سوپای پاكستان لەگەڵ رێكخراوی تاڵیبان لە شەڕێكی سەختدا بوون، شەقامەكانی ئیسلام ئاباد چۆڵ بوون، دووكان و بازاڕەكان هەموویان داخرا بوون، بۆیە هەموو كەس ترسی ئەوەی هەبوو بكەوێتە دەست تیرۆریستان و بكرێتە بارمتە، پاشان بە رێگەی یوتوب وێنەی ئەو بارمتانەمان دەبینی كە كەوتبوونە دەستی تیرۆریستان، بۆیە پێش ئەوەی بێمە هەولێر، هاوەڵەكانم پێیاندەگوتم: نامانەوێت وەك بارمتەی دەستی تیرۆریستان بتبینین. بەڵام ئێستا لە هەولێرم و بێجگە لە هەولێر سەردانی چەند ناوچەیەكی دیكەشم كردووە، ئەوەی تێبینم كردووە، بارودۆخی هەولێر زۆر جیاوازە لە ناوچە عەرەبیەكانی عێراق، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵكی كوردستان مەبەستیانە پەرەپێدانی هەرێمەكەیان بەردەوام بێت.
* هەڵوەستەت لەسەر ئەوە كرد كە خەڵكی كوردستان مەبەستیانە پەرەپێدان بەردەوام بێت، ئایا چۆن ئەم هەستەت لادروست بووەو، چۆن سەیری پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەكەیت؟
- ئەوەی من لەم چەند رۆژە هەستم پێكردووە، ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان وێڕای هەموو ئاستەنگەكان، چاویان لە ئاییندەیە و دەیانەوێت جڵەوی چارەنووس لە دەستی خۆیاندا بێت و تێڕوانینێكی پتر پراگماتیكیان هەیە و زیاتر ئامادەی هاوكاری كردنن. بەڵام پرسیاری گرنگ كە لای من دروست بووە، ئەوەیە ئایا كوردستان سەربەخۆ دەبێت؟ پێموایە كوردستان لە دوای ساڵی 1991 هەتا ئێستا هەنگاوی گەورەی بەرەو سەربەخۆیی هەڵگرتووە، لە ئێستاشدا چەندین بونیادتان دامەزراندووە كە دەتوانن دەوڵەتی خۆتان بەڕێوە ببەن، بەربەستێكی سەرەكیش توركیا بوو، بەڵام ئێوە دەستتان كرد بە دروستكردنی پەیوەندی باش لەگەڵ توركیادا، بەربەستێكی دیكە هەبوو كە پەكەكە بوو، كە توركیا لەوە دەترسا نەوایەكی ئارامی هەبێت لەوێدا، ئێستاش توركیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پەكەكە، لەبەر ئەوە رەنگە توركیا ئەوەند ترسی نەبێت لە كوردستانی عێراق. هەتا پێش مانگی ئاب كە داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، زۆر كەس پێی وابوو هەرێمی كوردستان ناتوانن لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن لەسەر بودجە و نەوت و مووچەی پێشمەرگە، هەروەها چەندین كۆمپانیا لە كوردستان هەن كە پەرە بە پیشەسازی نەوت دەدەن، بۆیە بۆچوونەكان بەوجۆرە بوون كوردستان دەبێت رێگەی خۆی بگرێتەبەر و چاوەڕێی بەغدا نەكات. بەڵام دوای هێرشەكانی داعش پرسی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان هەم پەرەی پێدرا و هەم خاوبوونەوەی بە خۆوە بینی. پەرەی پێدرا لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی داعش هێرش بكاتە سەر كوردستان، بەوجۆرە سەیری داعش دەكرا، كە ئەمە دەرهاوێشتەی كێشەی نێوان شیعە و سوننە و نێوان بەغدا و بەسرەیە لەبەرامبەر فەللوجە و ئەنباردا، هەڵوێستی كوردستانیش ئەوە بوو كە سنوورەكانی خۆی بپارێزێت و خۆی بەدوور بگرێت. هەروەها هەموو ئەو دەوڵەتانەی وەك ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا و هۆڵەنداو ئیتاڵیا و فەرەنساش، بێجگە لەوەی باڵیۆزخانەیان لە بەغدا هەیە، لە هەمانكاتدا نوێنەرایەتیشیان لە هەولێر هەیە، بۆیە كاتێك دەچنە بەغدا سەردانی هەولێریش دەكەن، هەتا جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەولێری كرد، هێندەی من بزانم سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان بە سەركردەكانی كوردستانی گوتبوو، ئەم پرسە ئاساییە بەڵام كاتەكەی گونجاو نییە. ئەمە لێكدانەوەی منە، ئەم هەرێمە دەیەوێت بچێتە بەغدا و بڵێت ئێمە ئاوێتە دەبین و ئێمە ئەم كارە دەكەین و با گفتوگۆ بكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا هەموو بونیادێك دروست دەكات بۆ ئەوەی بە تەنها رێگەی خۆی بگرێتەبەر و دەڵێن ئەگەر لەگەڵ بەغدا بە ئەنجام نەگەیشتین، ئەوا رێگەی خۆمان دەگرینەبەر، من وای دەبینم.
* دوای هێرشەكانی داعش بۆسەر كوردستان، دانیمارك یەكێك بوو لەو دەوڵەتانەی ئامادەباشی پیشاندا بۆ ئەوەی هاوكاری پێشمەرگە بكات، ئایا وڵاتی دانیمارك رۆڵی لە یارمەتی مرۆیی و سەربازیدا چەند بووە؟
- راستەوخۆ لە دووەم هەفتەی مانگی ئابدا دانیمارك هاوكاری مرۆیی گەیاندە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان و پەنابەران. هەروەها هاوكاری كرد لە گواستنەوەی سەربازیدا لە رێی فڕۆكەی بارهەڵگری C130. هەروەها لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا سەرۆكی وڵاتان پێشبڕكێیان بوو لەسەر ئەوەی بە خراپترین شێوە وەسفی هێزی شەڕانی و تاریكی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بكەن و ئەمریكا ویستی هاوپەیمانێتیەكی بەربڵاو پێكبهێنێت و داوای لە دانیمارك كرد بەشداری بكات و دانیماركیش هەفتەی رابردوو بڕیاری دا حەوت فڕۆكەی شەڕكەر و 140 كەسیش بۆ كارەكانی تایبەت بەو فڕۆكانە دابین بكات. دانیمارك نوێنەرایەتی لە هەولێر و لە بەغداش نییە، راستە باڵیۆزمان هەیە لەوێ، بەڵام زیاتر لە كۆپنهاگنە و لە بەغدا نییە. پێموایە ئەگەر بەشداری زیاتر بكەن لە هاوپەیمانێتییەكەدا و ئەگەر هاوكارییە مرۆییەكان زیاتر بكەن، كە باوەڕم وایە زیاتری دەكەن و هیوادارم زیاتری بكەن، ئەوا بەلای منەوە دانیمارك باشتر دەتوانێت لە رووی مرۆییەوە هاوكاری بكات، نەك لە رێی پشتیوانی سەربازییەوە. پەرلەمانی ئێمە بڕیاری دا حەوت فڕۆكەی شەڕكەر بەشداری پێ بكات، بەڵام ئەمریكا و هاوپەیمانێتییەكە دەیانەوێت شانی زیاتر بدرێتە بەر ئەم ئەركە، گەرچی پێویستیشیان بەم فڕۆكە شەڕكەرانە نییە، باشترە هاوكارییە مرۆییەكان زیاتر بكەن. دانیمارك وڵاتێكی بچووكە و هێندەی كوردستان دەبێت و هەمان ڕێژەی دانیشتووانی كوردستانی هەیە، ئێمە لە ساڵی 1864ـەوە شەڕمان نەبینیوە، راستە لە جەنگی دووەمی جیهانی لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیركراین، بەڵام ئەوە بە بێ بەرگری بوو، بە هیچ شێوەیەك دەوڵەتی دانیمارك ئەزموونی یاخیبوون، یان شەڕی ناوخۆیی نەبووە، ئیتر چۆن بچین بۆ ئەفغانستان، یان شوێنیكی دیكە و دۆخەكە بە هێزی سەربازی چاك بكەین؟
* پسپۆڕان پێیانوایە هۆكاری سەرەكیی هێرشەكانی داعش، دەرهاوێشتەی حوكمڕانیی خراپ و دەوڵەتی فاشیلی عێراق و سووریا بووە، ئایا تۆش هەروا سەیری دەكەیت، یان تێڕوانینێكی جیاوازت هەیە؟
- پێموایە لە بنەڕەتدا هۆكاری دروستبوونیان لە عێراقدایە، بە ئیسلامیزەكردنی یاخیبوون لە سووریا لە عێراقەوە دەستی پێكرد، كەواتە كێشەكە عێراقە، بەدڵنیاییەوە دەبوو كاری زیاتر لە سووریا بكەن، لەبەر ئەوەی بەرەی ئەلنوسرە دروستكراوی دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستە لە عێراق، ئەوان دروستیان كرد و زۆرێك لە جیهادییەكان لەوێوە هاتن. هۆكاری دامەزراندنی بەرەی ئەلنوسرە بۆ ئەوە بوو جیهادییەكان لە عێراقەوە نەچن بۆ سووریا، ئەمە بنەمای بۆچوونی ئەبوبەكری بەغدادی بوو، بۆیە بەرەی نوسرە دەستكردی بەغدادی بوو، مەبەستی من ئەوەیە بڵێم: ئەمە دەرهاوێشتەی سووریا نییە لەسەر عێراق، بەڵكو مەسەلەكە بەپێچەوانەوەیە. رەنگە ئێوە لەمن باشتر چیرۆكی چۆنیەتی ئیدارەدانی داگیركاری عێراق بزانن و من دەتوانم لێرەدا باس لە كوندۆلیزا رایس بكەم كە ئەوان هەزار هەڵەیان كردووە، گەورەترین هەڵە هەڵوەشاندنەوەی سوپا و هەڵوەشاندنەوەی هێزی پۆلیسی عێراق و هەروەها پرۆسەی ریشەكێشكردنی بەعس بوو، دوای بۆردومانەكە هیچ وەزارەتێك نەمابوو، -تەنها وەزارەتی نەوت مابوو-، سەرچاوەی مرۆیی نەمابوو، خەڵكانێك نەمابوو دەوڵەتەكە بەڕێوە ببەن، لەبەر ئەوە خەڵكانێك لە دەرەوە هاتن و هیچ زانیارییەكیان لەبارەی عێراقەوە نەبوو، كە رەنگە هەرگیز لە عێراقدا نەبووبێتن، یاخود بۆ ماوەی سی ساڵ پێشتر لە عێراقدا نەبووبێتن و ئینجا ئەمریكییەكان هاتن و وتیان ئێمە بەڕێوەی دەبەین، بەڵام نەیانتوانی.
* پێشتر بەشداریت لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق كردووە، بۆچی پرۆسەی بونیادنانی دیموكراتی لە عێراق سەركەوتوو نەبوو؟
- لەبەر ئەوەی باری عێراق سەقامگیر نەبوو، لەساڵی 2005 من لە عەممان بووم و وانەم بەو كەسانە دەوتەوە كە بڕیار بوو بایەخ بە بەڕێوەبردنی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بدەن لە عێراقدا. ئەوانەی نێردرابوون بۆ ئەو خولە ئافرەتی عێراقی بوون، هەموویان بەشداری هەڵبژاردنیان كردبوو، بەڵام نەیاندەزانی دەنگیان بە كێ داوە و بۆ دەنگیان پێداوە؟ لەبەر ئەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبوو، كۆبونەوەشیان نەكردبوو، دواتر (جەعفەری)یان هەڵبژارد و توندوتیژی زیادی كرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەبو مەسعەب زەرقاوی و رەوتی توندوتیژی زیاتر هەڵكشا و جەعفەریش هیچی پێنەكرا و ئینجا بەهۆی ئۆپەراسیۆنێكەوە- لەلایەن كۆندۆلیزا رایس و وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا- مالیكی خرایە جێگەكەی، دواتر بزووتنەوەی سەحوە دروست بوو، بۆ ئەوەی ئاوێتەی پرۆسە سیاسییەكە بكرێن و میلیشیاكانیان ئاوێتەی سوپای عێراق بكرێت، بەڵام مالیكی و حكومەتەكەی سوپایەكی شیعە و ناوچەیەكی شیعەیان دروست كرد. لە هەڵبژاردنەكانی 2010دا ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی ئەلعێراقیە زیاتر لە مالیكی دەنگی هێنا و دەبوو دەسەڵات دابەش بكەن و رێككەوتنی هەولێر كرا، بەڵام مالیكی لە تاكڕەوییەكانی بەردەوام بوو، ئەوەش خەڵكانێكی زیاتری لە ناوچە سوننەكان تووڕە و نائومێد كرد، ئەوا حەزیان بە دەوڵەتی ئیسلامی نەبوو لە عێراقدا و حەزیان بە ئایدیا شێتانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی نەبوو، بەڵام هیچ شتێكیان لە بەغداوە دەست نەدەكەوت، لەولاشەوە ئەو هەموو ئەفسەرەی سوپا و ئەو هەموو بەعسییە هەبوون، چییان بكردایە، لەبەر ئەوە كۆبوونەوە و دەستیان بە بڵاوەكردن كرد لە فەللوجە و روممادی و لە ساڵی 2011 بڕیاریان دا خۆیان لە سووریاوە تێوەبگلێنن، ئەمە باكگراوەندەكەیە. هەروەها دوای ئەوەی لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2011دا ئەمریكا لە عێراق كشایەوە، هیچ رێككەوتنێكی ئەمنی نەكرا، لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراقی ئەم كارەی نەدەویست و ئۆباماش پێداگیری لەسەر نەكرد. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردییەكە، پێموایە ئاشكرایە كە ئەوان بە دوای چیدا دەگەڕێن، داعشییەكان چاویان لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی نەوت و ئاوە، ئەوانەیان پێویستە لەبەر ئەوەی دەوڵەتێك بەڕێوەدەبەن و پارە بە شەڕكەرەكانیان دەدەن. ئەگەر دەستیان بە سەرچاوەكاندا رانەگات، وەك نەوت و ئاو و كشتوكاڵ، ئەوا پەكیان دەكەوێت. سەرچاوەی دارایی ئەوانیش بریتییە لە بازاڕی ڕەش و ئەو پارانەی دەیدزن، وەك ئەوەی لە موسڵدا بینیمان، هەروەها ئەو پارانەی كۆی دەكەنەوە، پارەیەكی زۆرە بە ناوی خێرخوازییەوە لە گرووپە دەوڵەمەندەكانی وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداوەوە بە دەستیان دەگات. رەنگە ئەمانە كەسانی تایبەت بن، بەڵام بە كاش ئەو پارە خێرخوازیەیان لە جانتادا بەدەست دەگات، بۆ نموونە جاری وا هەیە ملیۆنێك دۆلار لە جانتایەكدا و لە رێی توركیاوە بەدەستیان دەگات، پێم وایە بانكەكانی توركیاش زۆر هاوكار نەبوون. كەواتە ئەمانە مافیا و چەتەیەكی تاوانكارن و خەڵكانی كارامەن و دەزانن چی دەكەن.
* ئایا تەنیا هەڵمەتی ئاسمانی بەسە بۆ لە ناوبردنی داعش، یان پێویستە سەرچاوە داراییەكانیان وشك بكرێت؟
- نەك هەر تەنها لایەنی دارایی، بەڵكو ئەوەی پەیوەست بێت بە راكێشانی ئەندامی نوێ بۆ ناو ریزەكانیان و كۆچكردنەوە، ئەوا بڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە هەفتەی رابردوودا بۆ دەرچووە و نیشانەكانی بریتییە لە توركیا و وڵاتە عەرەبییەكان، كە دەبێت بڕیاری پابەندكار بدەن و رێگری بكەن لە پێدانی پارە بە داعش و چوونی خەڵك بۆ ناو داعش، بەڵام كێ گەورەترین دەستەبەركەرە لەم رووەوە؟ بێگومان وڵاتانی ناوچەكە. ئێمە هەمیشە لە دانیمارك باسی ئەمە دەكەین كە 50 كەسی دانیمارك لەگەڵ داعشن، بەڵام كاتێك باس لە 15 هەزار كەس دەكەین كە زۆربەیان لە ناوچەكەوە هاتوون و زۆربەی پارەكەشیان لە ناوچەكەوە بۆ دەچێت، هەمان شت بۆ توركیا راستە كە دەبێت كاری زیاتر بكات بۆ پاراستنی سنوورەكان و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش پێشێل نەكەن و ئەگەر ناشتوانن ئەم كارە بكەن ئەوا یارمەتییان دەدەن بۆ ئەوەی ئەم كارە بكەن، ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم بریتییە لە وڵاتە عەرەبییەكان، سعودیە لە ماوەی ساڵی رابردوو یاخود شەش مانگی رابردوو بە توندی بەدواداچوونی بۆ ئەو پارانە كردووە، چونكە ئەگەر سعودیە بڕیارێكی وا بدات، ئەوا پێویستی بەوە نییە بڕیارێك لە پەرلەمانەوە دەربكات، ئێستاش لە كوەیتدا هەمان شت دەگوزەرێت. ئەوەی پەیوەندی بە بۆردومانەكەوە هەبێت، ئەوا ئەمریكا بۆردومانی پاڵاوگەكانی نەوتی داعش و ناوچە كشتوكاڵیەكانیش دەكات لە سووریا. كەواتە ئەوان پێیانوایە بەم بڕیارە و بەم سیاسەتە و بەم بۆردومانكردنە وەك ئامانجی ستراتیژی دەتوانن دەوڵەتی ئیسلامی لاواز بكەن. بەڵام ئایا ئەم ستراتیژیەتە سەركەوتوو دەبێت؟ من پێموا نییە سەركەوتوو بێت. با نموونەیەك بهێنمەوە، ئێمە لە ساڵی 2001ـەوە لە ئەفغانستانین، بەڵام لە كاتی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێدا تەقینەوە لە كابوڵ رووی دا و هەموو كەس پێشبینی ئەوە دەكات هەر كاتێك ئەمریكا و ناتۆ لە ئەفغانستان كشانەوە، ئەوا شەڕێكی ناوخۆیی گەورەتر دروست دەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە بۆ 13 ساڵە لە تاڵیبان دەكوژن و بۆردومانیان دەكەن. ئەوەی پەیوەست بێت بە هێزی زەمینییەوە، ئەوا پێشمەرگە ناتوانێت ئەم كارە بكات، چونكە ئەگەر ژمارەیان 200 هەزار كەسیش بێت، ئەوا بەشی ئەو ناوچە بەربڵاوە ناكات كە لە شوێنەكانی ئێوە دەست پێدەكات تاوەكو رەققە، بەڵام ئایا پێشبینی هاتنی هێزی زەمینی ئەمریكا دەكەین؟ پێموا نییە، ئەوەش بكرێ، رەنگە باشترین شتێك كە بكرێت، بریتییە لە بەرپابوونی شۆڕشێك لە ناو ئەو ناوچە عەرەبە سوننەنشینانەی كە ئێستا لە ژێر دەستی داعشدان، وەك ئەوەی لە ساڵی 2007دا كرا كە كاتێك رێژەی هێزەكانی ئەمریكا زیاتر كرا، كە دەبێت رووبكرێتە گرووپە سوننەكان، ئیدی ئەفسەری نائومێدی سوپا بن، یان خود شێخەكان، یان هەر كەسێك بن، پێیان بگوترێت كە ئێوە داهاتوویەكی باشترتان دەبێت، ئەگەر هێرش بكەنە سەر داعش وەك لەوەی هێرش بكەنە سەر هاوپەیمانان، یان سوپای عێراق. بەڵام ئەمە پێویستی بە سیاقێكی سیاسی نوێ و بیركردنەوەی نوێ لە حكومەتێكی نوێ لە بەغدا دەبێت، ئەوەی پێویستە لە عێراقدا هەبێت وڵاتێكە كە هاووڵاتی تێیدا خاوەن مافی یەكسان بن، ئەمە سەركەوتوو دەبێت.
* ئایا ئەو تاوانانەی بەسەر ئێزدییەكاندا هات و ئەو كوشتارەی رووبەڕووی بوونەوە بە ژینۆساید دادەنرێت؟
- پێموایە رەوایە پێی بوترێت ژینۆساید، پێموایە داعش چەتەن و باوەڕم وا نییە كەسانی ئایینی و موسڵمان بن، چونكە ئەوان تاوانكار و چەتەن و ژینۆساید و كاری زۆر قێزەون ئەنجام دەدەن. ئەوان پەرە بە كەلتووری مەرگ دەدەن لە تێڕوانینی بەغدادیدا تاوەكو كوشتار و پشێویی زیاتر بێت، باشترە، كەواتە بەڵێ ئەمە ژینۆسایدە.