زوهێر ئەعرەجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:موسڵ بە گورزی سەربازی ئازاد ناكرێت و پێویستی بە هاوكاری عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە
October 2, 2014
دیمانەی تایبەت
بارودۆخی شاری موسڵ لە ژێر سایەی تیرۆریستانی داعش رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، لە هەمان كاتدا هەوڵەكان بۆ رزگاركرددنی شاری موسڵ هەتا ئێستا شتێكی ئەوتۆی دیار نییە، سەبارەت بەم پرسە ئەم وتوێژەمان لەگەڵ پەرلەمانتار زوهێر ئەعرەجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق ساز كرد و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.*چۆن دەكرێت خەڵكی شاری موسڵ لە دەست داعش رزگاربكرێت، ئایا بە هێزی عێراقی دەكرێ، یان بە هێزێكی خەڵكی شارەكە، راتان لەو بارەیەوە چییە؟
- دەتوانین بڵێین ئەوەی بەسەر شاری موسڵ و خەڵكەكەیدا هات، شتێكی لەناكاو بوو، كارەساتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، نابێ بیر لە رابردوو بكەینەوە، بەڵكو پێویستە بیر لە ئایندەو رزگاركردنی شارەكە بكەینەوە، لە راستیدا دەبێ واقیعبینانە قسە بكەین، سوپای عێراق شكستی هێنا بەرامبەر ژمارەیەكی كەمی داعش، كە سەرەتا لە شارەكە نزیك بوونەوە، ئەمڕۆ ئەو هێزە تیرۆریستە لەناو شارەكە بنكە و بارەگایان داكوتاوە و خەڵكێكی دیكەی شارەكەش هەڵخڵەتاون و بەگەڵیان كەوتوون، هاوكات مەشق و راهێنان بە هەندێ لە فریودراون دەكەن، بۆیە دەبێ دڵنیایی بدەینە خەڵكەكە كە داعش لەوێ شوێنیان نابێتەوە و هەردەبێ پێیان چۆڵ بكرێت، پێویستە زۆر بەخێرایی خەڵكی شارەكە رۆشنبیر و هۆشیار بكرێتەوە. دیسان دەبێ سوود لەو كۆنگرە نێودەوڵەتییانە وەربگرین كە لە جیدە و پاریس و نەتەوە یەكگرتووەكان بەستران، كە پشتیوانیی نێودەوڵەتییان لێكەوتۆتەوە بۆ راماڵینی هێزی تیرۆریستی داعش، هاوكات پێویستە هەرێمی كوردستانیش هاوكاری و هەماهەنگیی هەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەند و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بۆ ئەوەی بتوانرێت بە هەموو لایەك كار بۆ دەرپەڕاندن و لەناوبردنی داعش بكرێت.
* ئایا دەكرێ تەنیا بە بۆردومانی فڕۆكە موسڵ رزگاربكرێت؟
- نەخێر، ناكرێ، بە تەنیا بە گورزی ئاسمانی ئەمە مەیسەر نابێت، ئێمە رۆژانە زانیاریمان لە رێگەی سەرچاوەكانمانەوە لە خەڵكی موسڵەوە پێدەگات، كە داعش دەستی كردووە بە گۆڕینی بەرنامە و پلانەكانی، ئەوان لە خانووی مەسیحی و كوردانی شەبەك و سەركردە ئەمنی و بەرپرسیارانی دیكەی شارەكە نیشتەجێن كە لە ئێستادا ئاوارەبوون و ئەو خانووانەش دەكەونە چەند گەڕەكێكی موسڵەوە، كە ناكرێ بەو ئاسانییە شوێنەكانیان دەستنیشان بكرێت، تەنانەت كۆبوونەوەكانیشیان لە ناو گەراجی ئۆتۆمبیل لە ژێرزەمیندا ئەنجام دەدەن، بۆیە ناكرێ بە فڕۆكە و گورزی ئاسمانی ئەو شارە ئازاد بكرێت، بەڵكو دەبێ بە هێزی زەمینی و بست بە بست هەوڵی رزگاركردنی بدرێ، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین كە داعش زۆربەی رێگەكان و دەوروبەری موسڵیان مینڕێژ كردووە.
* ئایا دەكرێت هەندێ گەنج كە لە ئێستا لە ناو شاری موسڵ شەڕ دژی داعش دەكەن، وەك ئەو ئەزموونەی پێشتر لە ئەنبار لە ژێر ناوی (هێزی سەحوە) پێك هات، ئەوانیش لەژێر هەر ناوێك بێت، خۆیان رێك بخەن و هێزی بەرگری دروست بكەن؟
- بە هۆی گەندەڵیی دارایی و ئیداری و پێكهێنانی سەحوەوە لە هاووڵاتی سادەو ساكار و دروستكردنی فەوجی وەهمی ناوی سەحوە بێزراو بووە و لەلایەن خەڵكەكەشەوە پەسند نەبوون، ئەمڕۆ پێویستمان بە راپەڕینێكی گشتیی هەیە، نەك بە پێكهێنانی ئەو جۆرە گرووپانە، چونكە تا ئێستا گەندەڵیی دارایی و سیاسی هەیە و بەردەوامە، ئێمە دەمانەوێ خەڵكی خۆڕاگر و شەرەفمەندی شارەكە ئەم ئەركە لەئەستۆ بگرن، خەڵكانێك لە بەغدا هەن، بە ناوی ئەوەی گوایە دەیانەوێت بێنە دەوروبەری شارەكە و هەوڵی رزگاركردنی بدەن، لە راستیدا ئەو جۆرە كەسانە تەنیا بۆ سوودی دارایی و بەرژەوەندیی تایبەتی و بەدەستهێنانی پارەو سامان ئەم ئەركەیان راگەیاندووە، كە لەسەر ئەرزی واقیعیدا هیچی لێ دیار نییە و دێن وێنە و دیكۆمێنت و هەواڵ بڵاو دەكەنەوە كە گوایە ئەوان ئەو پرۆسە سەربازییانەیان ئەنجامداوە كە زۆر لە راستییەوە دوورە، ئێمە دەمانەوێ لە سایەی حكومەتدا هێزی سەربازی پێكبێت لە خەڵكی بەتوانا و بەدەر لە مەرجی تەمەن و هەندێ یاسای پێشوو، كە لە هەندێ شوێنی سەقامگیر و دوور لە شەڕ ئەو یەكە سەربازییانە دروست بكرێن و خەڵك پەیوەندیان پێوە بكات، لە ئاوارەكان و كەسانی دیكە كە ئەگەر بتوانن لە شارەكەوە پەیوەندییان پێوە بكەن.
* دوا پرسیارمان ئەوەیە بۆچی حكومەتی عێراق كە خاوەن دامودەزگای ئەمنی و سەربازییە، ناتوانێت شارێك ئازادبكات كە ژمارەی دانیشتووانی لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار كەس زیاترە، ئایا هیچ مەبەست و مەرامێكی لە پشتەوەیە؟
- من هەمان پرسیار دووبارە دەكەمەوە، باشە ئەدی بۆ باس لە ئەنبار ناكرێت كە خەڵكەكەی ئاوارەیە و هێزی سەربازیی عێراقیشی لێیە و بەردەوام بۆردومان دەكرێت، هەروەها فەللوجە كە پتر لە سێ مانگە تۆپباران دەكرێت؟ بۆچی پارێزگای سەلاحەدین كە بنكەی سپایكەری لێیە و فەرماندەیی سەربازی و هێزێكی ئێجگار گەوەرەی لێیە، تا ئێستا نەتوانراوە ئازاد بكرێت؟ بۆیە بەو هێزە سوپایەی ئێستای عێراق پێموا نییە بتوانرێت بەرەو رزگاركردنی شاری موسڵ پێشڕەویی بكرێت، تەنانەت بەو چەك و توانا تەكنیكییەی سوپا هیچ ئەنجامێكی نابێت، چونكە ئەگەر هێزی بیانی و نێودەوڵەتی نەبووایە رەنگە شاری بەغداش داگیر بكرایە، بۆیە دەڵێم پێویستە سوپایەكی بەتوانای نیشتمانپەروەر دابمەزرێت، نەك هەر سەری مانگان بیر لە مووچە بكاتەوە، چونكە لەبەر بوونی گەندەڵیی دارایی و ئیداری ئەو سوپایەی ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە، ئەوە 10 ساڵ بەسەر حكومەتی تازەی عێراقدا رەت دەبێت، كەچی تا ئێستا سوپایەكمان نییە، تەنانەت بتوانێت بەشداریی لە شەڕێكی ناوخۆدا بكات، نەك نێودەوڵەتی.