لیوای پزیشك د. موحسین محەمەد:پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی سەربازی تایبەت و ئەمبۆڵانسی گوللەنەبڕ هەیە

لیوای پزیشك د. موحسین محەمەد:پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی سەربازی تایبەت و ئەمبۆڵانسی گوللەنەبڕ هەیە
لەگەڵ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێك بووە لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام لەلایەن حكومەتی بەغداوە نە مووچەی پێدراوە و نە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری عێراق حسابی بۆ كردووە، ئەمەش وایكردووە پێشمەرگە جیا لەوەی لەسەر ئاستی پڕچەككردن و پێداویستی لۆجیستی سەربازی پشتگوێ خراوە، لە هەمانكاتدا لە بوارەكانی دیكەش كە تایبەتە بە تەندروستی و سەلامەتی پێشمەرگە ئاستەنگی زۆری بۆ دروستكراوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی لەو كاتەی هێزی پێشمەرگە رووبەڕووی شەڕێك دەبێتەوە، ئەوا پزیشك و كارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانە گشتییەكان ببنە پێشمەرگە و بە فریای ئەو پێشمەرگانە بكەون كە پێویستییان بە هاریكاری تەندروستی و فریاكەوتنی بەپەلە هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم لایەنە پێویست و گرنگە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئەم دیدارەمان لەگەڵ لیوای پزیشك دكتۆر موحسین محەمەد بەڕێوەبەری كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامداوە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئەو شەڕەی ئێستا پێشمەرگە رووبەڕووی بۆتەوە، شەڕێكی گەورەیە لەگەڵ دەوڵەتێكی بەهێز كە ئەویش دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستانی داعشە، دیارە لەم شەڕە گەورەیەدا، لایەنی پزیشكیی سەربازی فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەلامەتی هێزی پێشمەرگە، ئایا ئێوە وەك وەزارەتی پێشمەرگە تاچەند بایەختان بەم لایەنە گرنگە داوە؟
- لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بایەخ بە پزیشكی سەربازی دراوە، هەروەها دەرگا كراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پزیشكانەی گیانی پێشمەرگایەتییان تێدایە، بێنە ریزی هێزی پێشمەرگە و لەم كەرتە گرنگە رۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام ئەم لایەنە بە بەراورد بە فراوانی بەرەكانی شەڕ لەو ئاستە نییە كە بتوانێت بەشی هەموو بەرەكانی شەڕەكە بكات، ئەمەش یەكێكە لەو كەموكورتییانەی كە ئێستا بوونی هەیە و ئەگەر بمانەوێت هێزی پیشمەرگەی كوردستان سوپایەكی دامەزراوەی وڵاتێك بێت، ئەوە دەبێت ئەم لایەنەش زیاتر بایەخی پێبدرێت، لەبەر ئەوەی كاتێك هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان پارێزەری خاكی كوردستانی لەسەر شان بێت، ئەوا پێویستمان بە كادیری پزیشكی و دامەزراوەیەكی پێشكەوتووی پزیشكیی سەربازی فراوان و مۆدێرن دەبێت، چونكە پزیشك و كادیری پزیشكی سەربازی شانبەشانی یەكە سەربازییەكان بەرگری دەكات و خزمەت بە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە دەكات .
* ئایا كەموكورتییەكان تەنیا كەمبوونی كادری پزیشكیی سەربازییە، یان ئامێر و ئۆتۆمبیل و نەخۆشخانەی سەربازیش دەگرێتەوە؟
- بەداخەوە لە كەرتی پزیشكی سەربازی كەموكورتییەكان زۆرن و هەر دوو لایەنی كادری پزیشكی و ئامێر و كەلوپەل و نەخۆشخانەی سەربازیش دەگرێتەوە، هەروەها هەتا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی هیچ نەخۆشخانەیەكی تایبەتی سەربازی نییە، لەكاتێكدا دەبووایە لەسەرەتاوە كار بۆ چارەسەركردنی ئەم كەمورتییە بكرایە، بۆ ئەوەی لەكوردستان نەخۆشخانەیەكی مۆدێرنی باشی سەربازیمان هەبێت، هەر وەكو چۆن سەرجەم سوپاو سەربازەكانی وڵاتانی دنیا هەیانە. لەیەكەم رۆژی دامەزرانی بەڕێوەبەرایەتیەكەشمانەوە هەوڵی دامەزرانی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی سەربازی فراوانی پێشمەرگەمان داوەو تەنانەت رووبەرێك زەوی (80 هەزار مەتر دووجا)مان لەناحیەی بەحركە لەهەولێر لەنزیك وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تەرخانكراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەو گەمارۆی مالیكی و نەدانی بودجەی پێشمەرگە نەتوانراوە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت. بەڵام وێڕای نەبوونی نەخۆشخانەیەكی سەربازی تایبەت، وەزارەتی تەندروستی سەرجەم نەخۆشخانەو پزیشك و كادیرانی تەندروستیان خستۆتە خزمەتی پێشمەرگەوەو لەخزمەتی بریندارەكانی ئێمەدان و رۆڵ و هەڵوێستیان دیارو لەبەرچاوە. تەنانەت ژمارەیەكی زۆری ئەمبۆڵانس و پزیشك و پێداویستی تەندروستی خراوەتە خزمەتی پێشمەرگەوە. بەڵام وەك لایەنی پزیشكی سەربازی كە پزیشك و كارمەندانی سەربازی هاوشانی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدا ئامادەبوونیان هەبێت، ئەوا لەم لایەنە كەموكورتیمان هەیە و خوازیارین پزیشك و كارمەندانی تەندروستی ئەوانەی حەزدەكەن ببنە پێشمەرگە، بێنە ناو ریزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە خزمەت بكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە نەبوونی پزیشك و كادیر لەم بوارەدا لە ریزی پێشەوەی پێداویستی پزیشكی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە دێت، دواتر ئەمبۆڵانس و بنكەی فریاكەوتن و نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی و دامەزراوەكانی تری تایبەت بەم بوارە دێت. ئێمە پێویستیمان بەو پزیشك و كادیرە پزیشكییە هەیە كە لە بەرەكانی شەڕ شانبەشانی پێشمەرگە لەخزمەتی سەربازیدا بن . ئەمڕۆ چەند كادیرێكی پزیشكیمان لەناو لیواكانی هێزی پێشمەرگە هەیەو هەر لیوایەكیش تەنیا یەك ئەمبۆڵانسی هەیە و دەبێت كادیرەكانی پزیشكی بەهێز بكەین و ژمارەی ئەمبۆڵانسەكانیش زیاد بكرێت.
* لەم ماوەیەدا ژمارەیەكی زۆر لە پزیشك و كادیری تەندروستی وەكو خۆبەخش ئامادەییان دەربڕی تاوەكو لەبەرەكانی شەڕ خزمەتی پێشمەرگە بكەن، ئایا ناتوانرێت ئەم خۆبەخشانە بهێنرێنە ناو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەوە؟
- ئەوە پرسیارێكی باشە و دەبێت ئەو راستییە بزانین كە هەموو پزیشكان ئامادەن خزمەت بە هێزی پێشمەرگە بكەن لەكاتی پێویستدا، ئەمەش جێگەی رێز و پێزانینانە بۆ هەستی هەموو پزیشكان و كادیرانی بواری تەندروستی لەكوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی شێوازی كاركردن لە بەشی پزیشكی سەربازی، شێوازێكی سەربازییانەیە، جاری واهەیە پێویستە 24 كاتژمێر لە خزمەتكردندا بن، ئەوا لەوانەیە زۆربەیان نەخوازن بێنە سەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە، لەمەش زیاتر پزیشكی سەربازی دەبێت خۆڕأگر و شارەزایی سەربازیشی هەبێت، چونكە ئەوان لەناو پاڵەپەستۆ و بارودۆخێكی دژوارتردا كار دەكەن و كاركردن لەمبوارەدا جیاوازترە لەكاركردنی مەدەنی. ئەمە جگە لەوەی ئیمتیازاتی پزیشك و كادیرەكانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی زیاترە، هەروەها ئێمە ناتوانین یەكەكانی پزیشكی مەیدانی دروست بكەین، لەكاتێكدا دەبێت لەهەر میحوەرێك یەكەی مەیدانی كارامان هەبێت و بەهەموو پێداویستی بینایەو چادرو ئەمبۆڵانس و ئامێری پزیشكییەوە. لەگەڵ بوونی ئەو كەموكورتییانە لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ لە سحێلا و خازر و بەردەڕەش و گوێر و مەخموور و كەركووك و تەلئەروەرد و مەلاعەبدوڵڵاو خانەقین و گەرمیان وەكو پزیشكی سەربازی و كادیری ئێمە لەخزمەتی پێشمەرگەو برا ئاوارەكانماندا بوون، تەنانەت لە ناو گوێر 5 كادیری پزیشكی و شۆفێرێكمان بریندار بوون. لێرەوە داوا لەهەر كادیرێكی پزیشكی و شۆڤێری ئەمبۆڵانس دەكەم كە رۆحی پێشمەرگایەتی تێدایە و ئارەزووی كاركردنی لەم بوارە هەیە، بێتە لامان و وەكو تیمێكی پزیشكی لە لیواكان دایدەمەزرێنین لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لەخاك و نەتەوەكەمان.
* سەبارەت بە بوونی ئەمبۆڵانسی سەربازی كە پێویستە مواسەفاتی سەربازی هەبێت، بەتایبەتی جۆرێك بێت گوللەنەبڕ بێت، ئایا لەم بوارە پێداویستیەكانتان چۆنن و ئایا تاچەند وڵاتان ئامادەن لەم بوارە هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكەن؟
- بۆ ئەم لایەنە تا ئێستا داوای دابینكردنی 200 ئەمبۆڵانسی سەربازیمان كردووە، بەتایبەتی ئەو ئەمبۆڵانسانەی گوللەنەبڕن و دەتوانن لەبەرەی پێشەوەی جەنگ بەئاسانی بریندارەكان بگوازنەوە، ئەم ئەمبۆڵانسانە گرنگن بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێن، لەبەر ئەوەی ئێستا بە 16 لیوا و دوو هێزی پشتیوانی و فەرماندەییەكانی یەكەكانی 80 و 70 ژمارەی ئەمبۆڵانس و تیمی پزیشكیان كەمە و تەنیا یەكەی 70 ئێستا 6 ئەمبۆڵانسیان هەیەو پێویستیان بە 20 ئەمبۆڵانسە و یەكەی 80 ش تەنیا یەك ئەمبۆڵانسیان هەیەو پێویستیان بە 60 تا 70 ئەمبۆڵانسە، هەروەها وەكو وەزارەت و لیواكان و ناوەندی مەشق تەنیا 22 ئەمبۆڵانسمان هەیە كە تەنیا 8 یان ئامادەی كارو پێداویستی تەواوی پزیشكییان تێدایە، ئەوانی تر مۆدێلی كۆن و زۆریان لەكار كەوتوون و هیچ پێداویستیەكی تێدا نییە، هەروەها ئەو هەلیكۆپتەرانەی پۆلیس هەیانە بە كەڵكی گواستنەوەی بریندار نایەت و شوێن و پێداویستی و كارمەندی پزیشكی پێویستمان لەناو ئەو هەلیكۆپتەرانەدا نییە، بۆ ئەوەی داوا بكەین بەكاری بهێنین. تا ئێستا لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە هیچ هاوكارییەكی لەمجۆرە نەگەیشتووە و دابینكردنی پێداویستیەكان و پڕكردنەوەی كەموكورتیەكان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە چارەسەر كراوە، چەند رێكخراو كۆمپانیایەكی ناوخۆیش بڕێك دەرمان و پێداویستی تەندروستییان هێناوە .
* لەم بارودۆخەو لەگەڵ بوونی ئەم هەموو كەموكورتییە ئایا چۆن چارەسەری بریندارەكانی ناو ریزەكانی پێشمەرگە دەكرێت؟
بریندارەكانی پێشمەرگە وەكو هاووڵاتی مەدەنی لەلایەن پزیشكی مەدەنییەوە لە نەخۆشخانەكانی وەزارەتی تەندروستی چارەسەر دەكرێن و چارەسەری تایبەتیان نییە، هەر بریندارێكیش پێویستی بە دەرەوەی وڵات هەبێت، لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەت و بە راپۆرتی پزیشكی بەخێراترین ماوەی پێویست بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، چارەسەركردنی ئەم بریندارنەش لە دەرەوەی وڵات لەسەر خەرجی وەزارەتی پێشمەرگەیە و تائێستا وڵاتان هاوكارییان نەكردووین.
Top