ستۆران ستیفنسۆنسەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندی لەگەڵ عیراق بۆ گوڵان:تەنیا كەسێك بتوانێت تیرۆریستان تێك بشكێنێت و كوردستان بگەیەنێتە ئازادی و سەرفرازی، سەرۆك (مسعود بارزانی)یە

ستۆران ستیفنسۆنسەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پەیوەندی لەگەڵ عیراق بۆ گوڵان:تەنیا كەسێك بتوانێت تیرۆریستان تێك بشكێنێت و كوردستان بگەیەنێتە ئازادی و سەرفرازی، سەرۆك (مسعود بارزانی)یە
(ستۆران ستیفنسۆن) سیاسەتمەداری ناسراوی سكۆتلەندی، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورپادا نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی دەكات، لە ناو پەرلەمانی یەكێتیی ئەورپاشدا سەرۆكی شاندی یەكێتیی ئەوروپایە بۆ پەیوەندی لەگەڵ عێراق. چەندین جار بۆ راپەڕاندنی كارەكانی سەردانی هەولێر و بەغدای كردووە، رێز و خۆشەویستییەكی زۆری بۆ گەلی كوردستان و ئەو پێشكەوتن و ئاوەدانییە هەیە، كە هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینیوە. ستیفنسۆن، وەك دۆستێكی گەلی كوردستان توانیی لەمساڵدا پرسی بە ژینۆساید كردنی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا بورووژێنێت. لەم دواییەشدا دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، وەك لەم وتوێژەدا بە (گوڵان)ی راگەیاند، لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا وتاری لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كردووە، بۆ قسە كردن لەسەر پشتگیریی پەرلەمان و یەكێتیی ئەوروپا بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، بەرێز (ستیفنسۆن) بەم جۆرە رای خۆی بۆ (گوڵان) دەربڕی.
*دوای راسپاردنی د. حەیدەر عبادی لە لایەن فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراقەوە، قۆناغی پۆست مالیكی دەستی پێ كرد، ئایا تا چەند بە قۆناغی دوای مالیكی گەشبینن؟
-لە ڕاستیدا من زۆر گەشبینم بە گۆڕینی نووری مالیكی و دڵخۆشم بە دیاری كردنی د. حەیدەر عبادی بە سەرۆك وەزیران، بۆیە پیرۆزبایی لە فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری نوێی عێراق دەكەم بۆ ئەو بڕیارەی بە راسپاردنی حەیدەر عبادی و گوێ نەگرتنی لە ناڕەزاییەكانی مالیكی، ئێستا مالیكی بە تەواوەتی لە هەوڵەكانی نائومێد بووە. ئەگەر سیاسەتی هەڵەی نووری مالیكی نەبوایە، ئەو قەیرانەی ئێستا لە عێراقدا هەیە، رووی نەدەدا، عێراق بەرەو ئایندەیەكی زۆر باشتر هەنگاوی دەنا.
*ئێوە دەزانن كوردستان سەقامگیر و ئارام بوو، بەڵام داعش پەلاماری كوردستانی دا، هەوڵی دا خاكی زیاتر بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئێستا هێزی پێشمەرگە لە بری جیهان و لە بری هاوپەیمانێتیی دژ بە تیرۆر شەڕی تیرۆر دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێوە لە پەرلەمانی ئەوروپا چۆن سەیری ئەم بەرەنگار بوونەوەیەی پێشمەرگە دەكەن؟
- پێشمەرگە شەڕێكی بوێرانە و قارەمانانەیان لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی كرد، دەوڵەتی ئیسلامی یەكێكە لە دڵڕەقترین و ترسناكترین ڕێكخراوی تیرۆریست كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوو بێت، تەنانەت قاعیدەش خۆی لێ بە دوور گرتووە بە هۆی دڵڕەقیی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، پێ دەچێت ئەوان پەرۆشی كوشتن و خوێنڕێژی بن، لە بری ئەوەی هەوڵی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بدەن لەو خاكانەی هەوڵ دەدەن داگیریان بكەن. پێشمەرگە زۆر ئازایانە ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام بە داخەوە پێشمەرگە هەمان ئەو چەكانەی نییە كە دەوڵەتی ئیسلامی لە هێرشەكانیاندا لە دژی سوپای عێراق بەدەستیان هێناوە. كەواتە كاتێك ڕووبەڕووی چەكی مودێرن و ڕۆكێتی مۆدێرن و مووشەكی زەمین بە زەمین دەبنەوە، ئەوا بێ ئەندازە زەحمەت بوو بۆ پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەو خاكانە بپارێزن، ئەمەش وا دەكات ڕۆژئاوا و ئەمریكا و بەریتانیا بیر لە پڕچەك كردنی كوردستان و پێشمەرگە بكەنەوە، چەكی مۆدێرنیان پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی كارا بەرەنگاریان ببنەوە، ئێمە دەزانین پێشمەرگە چەند ئازا و بوێرن، بەڵام دەبێت ئامراز و چەكی مودێرنی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاستێكی یەكسان بەرەنگاری بكەن، هەروەها پێویستە هێزی ئاسمانیی ئەمریكا پێشڕەویی دەوڵەتی ئیسلامی سست بكات، دەرفەتی ئەوە بۆ پێشمەرگە بڕەخسێنن كە بە شێوەیەكی گونجاو بەرەنگاری بكەن.
* ئیتالیا و فەرەنسا داوایان لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە چەك بە پێشمەرگە بدەن، ئایا پێتان وایە یەكێتیی ئەوروپا پێشمەرگە پڕچەك بكات و چەكی قورسیان پێ بدەن؟
- پێم وایە ئەمە دەستی پێ كردووە، چونكە یەكێتیی ئەوروپا هەستی بە مەترسی كرد لە ئاست چارەنووسی ئەو ئێزدییانەی ناچار كران ڕا بكەن بۆ چیای شەنگال، یان ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبوونەوە بە هۆی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، ئەگەر هاتوو بهاتنایەتە خوارەوە لە چیاكە، یاخود ڕووبەڕووی مەرگ دەبوونەوە بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە، لەبەر ئەوە هیچ خواردن و خواردنەوەیەك لە سەر چیاكە بۆ ئەو خەڵكانە نەبوو، ئەمە بارودۆخێكی مەترسیدارە و یەكێتیی ئەوروپا زۆر پەرۆشە ئەو خەڵكانە ڕزگار بكرێن. هەروەها تەنگژەی كەمینەی مەسیحیش كە لە شار و شارۆچكە سەرەكییەكانی خۆیان لە مووسڵ دەركران، ئەمە مایەی نیگەرانییەكی گەورەیە بۆ یەكێتیی ئەوروپا، یەكێتیی ئەوروپا بە هۆی چەندین وتار و قسە كردنی من و چەندین وتار لە پەرلەمانی ئەوروپادا باسیان لەوە كردووە، بەوەی هەرێمی كوردستان پەناگەیەكی ئارامیان بۆ چەندین ئاوارە لە سووریا و بەشەكانی دیكەی عێراق لە ماوەی یاخیبوونەكەدا دابین كردووە، بە هەزاران ئاوارەی كورد و بە سەدان هەزار ئاوارەی مەسیحی و ئەو خەڵكانەی قوربانیی دەوڵەتی ئیسلامین، هەموویان روویان كردۆتە كوردستان، هەر بۆیە پێویستە هەموو جۆرە پشتیوانییەك، كە مومكین بێت، بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین و ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرین كە ئەوان دەستی دۆستایەتییان درێژ كردووە و و نەوایەكی ئارامیان بۆ دەیان هەزار ئاوارە ڕەخساندووە، دەبێت ئەمە بە چاوی رێزەوە سەیر بكرێت.
* ئێمە دەزانین برا ئێزدییەكانمان ڕووبەڕووی هەڵمەتی كومەڵكوژی بوونەتەوە، ئایا یەكێتیی ئەوروپا چ هاوكارییەك دەكات و چۆن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگرتن لەم كۆمەڵكوژییە؟
- تاكە ڕێگەی كردارەكی لە مەودای كورتدا بریتییە لە پشتیوانی كردنی سیاسەتی ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی گورزی ئاسمانی و پاڵپشتیی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ دەستەبەر كردنی خواردن و خواردنەوە و خێوەت بۆ ئاوارەكانی ئێزدی و مەسیحی، كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە. هەروەها چەكی مۆدێرن بدرێتە پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی كارا بەرەنگاری بكەن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، پێویستە یەكێتیی ئەوروپا ئەم كارە بكات، من دڵنیام كە زۆرینەی ئەندامانی یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانیی ئەم سیاسەتە دەكەن.
*سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە پێشەنگی شەڕی دژ بە تیرۆر بێت و بەڵێنی داوە كە تا دوا هەناسە شەڕی دژە تیرۆر دەكات، ئایا یەكێتیی ئەوروپا چۆن لەم هەڵوێستەی بارزانی دەڕوانێت؟
- ئێمە لە پەرلەمان و یەكێتیی ئەوروپا سەرۆك بارزانی بە بەهێزترین سەركردە دەزانین لە سەرجەم عێراقدا و یەكێكە لە سەركردە بەهێزەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە و ئەگەر كەسێك هەبێت بتوانێت سەركردایەتیی كوردستان بكات بەرەو ئازادی و شكست بە دەوڵەتی ئیسلامی بهێنێت ئەوا ئەو كەسە سەرۆك مەسعود بارزانی دەبێت.
*سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخەی لە كوردستاندا هەیە، ئەوا مالیكی گەمارۆیەكی ئابووریی لەسەر كوردستان داناوە و ئێمەش دەزانین كە شەڕی دژ بە تیرۆر پێویستی بە هاوكاریی ئابووری هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا جیهان و یەكێتیی ئەوروپا چۆن دەتوانن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ باشتر كردنی ڕەوشی ئابووری؟
- یەكەم شت كە دەبێت بیكەن ئەوەیە بەردەوام بن لە پشتیوانی كردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ حەیدەر عبادی بكەن و پشتیوانی كردنی مەعسووم لە بەرامبەر مالیكیدا و كار بكەن بۆ ئەوەی مالیكی ناچار بكەن دوور كەوێتەوە لە دەسەڵات، بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی نوێ پشتیوانی بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەیەك كە دەست ڕۆیشتوویی و كاریگەریی دەرەكی لەسەر نەبێت بە تایبەتی ئێران. بۆ ئەوەی كابینەیەك بێت نوێنەرایەتیی سەرجەم عێراقییەكان بكات و كابینەیەكی تایەفەگەری نەبێت، هەروەها پشتیوانیی پاكسازی كردن بكەین لە سوپادا بۆ ئەوەی ببێتە هێزێكی نیشتیمانی لە عێراق، هەروەها بە دڵنیاییەوە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە بكەین بە پێدانی چەكی مۆدێرن و بە گورزی ئاسمانی لە لایەن ئەمریكاشەوە دژی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەمە تەنها ڕێگایەكە بۆ ئەوەی سوپای عێراق بتوانێت لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا شەڕ بكاتەوە لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی و بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێت بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن و ئەو شار و شارۆچكانەش بگرنەوە كە لە دەستیان داوە لە بەرامبەر داعشدا.
* دوا وتەت چییە؟
- من لە چەندین بۆنەدا سەردانی هەولێرم كردووە، كوردستان و هەولێر نموونەیەكی پرشنگدارن بۆ ئەوەی كە چۆن پێكەوە ژیانی ئاشتیانە سەردەكێشت بۆ گەشە كردنی ئابووری و دروست كردنی هەلی كار و هەولێر وەك شارێكی داینامیكی ڕۆژئاواییە، كاتێك دەبینین كە كوردستان و هەولێر لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هەڕەشەیان لێ دەكرێت بۆ من و بۆ زۆر كەس لە ئەوروپا مایەی تاسان بوو، ئێمە هەموو پشتیوانییەك و هەموو ئومێدەوارییەك بۆ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دەنێرین. ئێوە دەتوانن دڵنیا بن كە ئێمە لە پشتتان دەبین بۆ ئەوەی لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیدا سەركەوتوو بن.
Top