پرۆفیسۆر جۆزیف ئۆلمەرت لەزانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن بۆ گوڵان: من دڵنیام پێشمەرگەی كوردستان دەرسێك بە تیرۆریستان دەدەن لە بیریان نەچێتەوە

پرۆفیسۆر جۆزیف ئۆلمەرت لەزانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن بۆ گوڵان: من دڵنیام پێشمەرگەی كوردستان دەرسێك بە تیرۆریستان دەدەن لە بیریان نەچێتەوە
پرۆفیسۆر جۆزیف ئۆلمەرت یەكێكە لە تۆژەرە باڵاكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەروەها ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی ئاشتی رۆژهەلاتی ناوەراست بووە و ئیستاش پرۆفیسۆرە لە كاروباری نێودەوڵەتی لەزانكۆی ئەمریكا لە واشنتۆن، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئەمرۆی عێراق و پیویستی هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ هەریمی كوردستان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر ئۆلمەرت كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە:
• ئایا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر هەرێمی كوردستان چۆن دەبینی لە كاتێكدا داعش هێرش دەكات و مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات؟

- ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە سایەی سەرۆك ئۆبامادا سیاسەتێكی پیادە كردووە كە لەسەرتاسەری جیهاندا دووبارەی دەكاتەوە و پیادەی دەكات ئەویش بریتیە لە گووتاری قەبە بەڵام بە بێ كردار! ئەمە ئەو كارە بوو كە ئۆباما سەرۆك لەبارەی سوریا و پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمایی ئەم وڵاتە گرتیەبەر و ئەنجامی دا، ئێستا ئەم حاڵەتە ڕوودەدات لە ئاست بارودۆخی ئۆكرانیادا! ئەمە سیاسەتێكە كە من بە نیولیبراڵیزم پێناسەی دەكەم، بە مانای ئەوەی هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی دەستێوەردانی ئەمەریكا لە قەیرانەكانی جیهاندا بۆ ئەوەی ناتۆ لە ڕووی سەربازیەوە دەستێوەردان بكات. ڕەنگە هەندێ خەڵك باس لەوە بكەن كە ئەمەریكا بۆتە "شێرە بەفرینە" لەسایەی سەرۆك ئۆبامادا.

• لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە رووبەرووی تیرۆریستانی داعش راوەستاوە، بەڵام پێویستی بەچەك و پێداویستی هەیە، ئایا تاچەند ئەمریكا پشتگیری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات؟

- من شەخسی خۆم باوەڕم وایە ئومێدی زۆرم هەیە كە پێشمەرگە قارەمانەكان دەرسێك بە تیرۆریستان دەدەن كە هەرگیز بیریان ناچێتەوە!!! من باوەڕم وایە پێویستە ئەمەریكا هەموو چەكێكی پێویست بە پێشمەرگە بدات كە ئەمە هاوكار دەبێت لەوەی بتوانن بەر بە تیرۆریستان بگرن! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من ترسی ئەوەم هەیە ئەمە ڕوونەدات. كەواتە پێویستە لەلایەن ئەوانی دیكەوە- چەك- بە پێشمەرگە بدرێت! بەڵام تاوەكو كەمتر باسی لێوە بكرێت باشترە.




• لە هێرشەكانی ئەم دواییە داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەدان هەزار هاوڵاتی ئێزدی ئاوارە بوون بە سەدانیان لێ كوژراوە لەبەر ئەوەی دەستبەردای ئاینی خۆیان نەبوون و نەبوون بە ئیسلام، ئایا بە بۆچوونی تۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەدەی بیست و یەكەم لەبەرامبەر كۆمەڵكوژ لەسەر ئایین و زمان بێدەنگی هەڵدەبژێرێت؟

- یەزیدیەكان قوربانیگەلێكی بێتاوانن، بە هەمان شێوە مەسیحیەكانی باكوری عێراقیش، ئەوانەی لە كوشتاری شیمێلی ساڵی 1933 ڕزگاریان بوو و ئەوانەی دواتریش هاتن. زۆرێك لە جولەكانی عێراق هەڵمەتی فەرهودی (كوشتاری دژ بە جولەكە)ی ساڵی 1941یان لە یادە، هەروەها ئەوانەی، ئەگەرچی زۆریش نین، كە كوشتاری 16ی ئابی ساڵی 1988ی هەڵەبجەیان لە یادە. هەمیشە كوردەكان لێبوردە و ئارامگر بوونە لە بەرامبەر سەركوتكاری بەردەوامی توركیا و ئێران و عێراق و سوریاوە! پێدەچێت ئۆباما پتر بایەخ بە ئیسلامیە ئوسوڵیەكان بدات، تەنانەت لە میسریش كەسانێك هەن كە ئۆبالی پشتیوانی كردنی ئیخوان موسلمینی دەخەنە ئەستۆ. كوردەكان، بە هەمان شێوە جولەكان مافی خۆیان كە سكاڵا لە دەستی دو پێوەری و دو ڕویی بكەن!!

• ئەمریكا شەری سوریای دۆراند، ئاشكرایە كە روسیا و ئیران و ئەسەد و حزبوڵا بردیانەوە، لە عێراقیش ئاشكرایە مالیكی هاوپەیمانی ئێران و روسیاو حزبوڵایە، ئەگەر ئەمریكا عێراقیش بدۆرێنیت، ئایا تاچەند بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا زیانی پێدەگات؟

- هێشتا سوریا لە دەست نەچووە، و ئەسەدەیش ناتوانێت بانگەشەی كۆنتڕۆڵ كردنی زیاتر لە سەدا 60ی خاكی وڵاتەكەی بكات. لوبنان لەسەر لێواری تەقینەوەی نێو پێكهاتەكانێتی، و حزبوڵاش زیاتر لە مەودای خۆی درێژ بۆتەوە بۆ سوریا و عێراق. هەمو ئەمانە لە ئایندەی نزیكدا دێتەوە ڕێیان. ڕەنگە ئێران بەهێز دەربكەوێت، ئەویش بەهۆی گفتوگۆكاری پەیوەست بە پرسی بەرنامە ئەتۆمیەكە لەگەڵ رۆژئاوادا، كە ئەمەش هەڵەیەكی دیكەی ئۆبامایە. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەرگەی ئەوە ناگرێت زۆر لاواز دەركەوێت، بەڵام ئۆباما كەسێك نیە دەستێوەردەری دەرەكی بێت.

• لە ڕووی سەربازیەوە سوپای عێراق توانای بەرەنگاری داعشی نیە، و تەنها پێشمەرگە دەتوانێت ئەم كارە بكات، بەڵام پێویستە هاوكاری و پشتیوانی پێشمەرگە بكرێت، ئایا هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر دروست دەبێت و لەم ڕووەوە یارمەتی پێشمەرگە دەدرێت؟

- پێشتر من وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە، پێویستە پێشمەرگە لەلایەن ئەو كەسانەوە چەكی پێ بدرێت كە بە ڕاستی دەیانەوێت بەر بەم تیرۆریستانەوە بگرن، ئەگەر بكرێت پارە لە سعودیەوە بێت و چەكیش لە وڵاتانی دیكەوە. هەروەها بەر لە هەمو شتێك پشتیوانی كردنی پێشمەرگە ئەركێكی ئەخلاقیە حەیفە ئەو كوردستانە بكەوێت

- ئێستا عێراق بەكردەیی بۆتە سێ دەوڵەت و كوردستان بە ئەمری واقیع سەربەخۆیە، ئایا بۆچی ئەمریكا پشتگیری سەربەخۆی كوردستان ناكات؟

• پێویستە هەیان بێت و دەبو چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەمە ڕووی بدایە، بژی كوردستانی سەربەخۆ
Top