نەزهەت حالیبەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی كوردستان بۆ گوڵان:شەڕی تیرۆریستان بۆ هێزی پێشمەرگە شەڕێكی تازەیە و دەبێت باشتر رابهێنرێن و هەموو كەموكورتیەكانی كەرتی سەربازیش چارەسەر بكرێت
August 14, 2014
دیمانەی تایبەت
ئەنجامدانی كاری خۆكوژی و تیرۆریستی و مامەڵەكردن لەگەڵ گروپی بچووك بچووكی تیرۆریستان لەلایەن دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایش و دەزگاكانی دژە تیرۆر، قۆناخێك بوو كە تاڕادەیەكی باش مەشق و راهێنانی لەسەر كرابوو، هەروەها لای ئەو دەزگا پەیوەندارانە ئەزموون و شارەزایی دروست بوو بوو، بەڵام لەدوای رووداوەكانی موسڵ و كۆنترۆڵكردنی خاكێكی فراوان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە و هەروەها دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، شەڕی تیرۆریستان كەوتە قۆناخێكی نوێ كە لەوانەیە پێشتر بەو ئاستە مەزندەی بۆ نەكرابێت، كە ئەویش شەڕێكی سەربازی هەمەلایەنەیە كە سنورێكی هێجگار فراوانی لەگەڵ پێشمەرگە دروست كرد، كە تەواو تەواو ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە نوێ بوو، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم شەڕە نوێیەی تیرۆریستان و چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ ئەم شەڕە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز نەزهەت حالی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و ئەم شەڕەش بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕێكی نوێیە، بەڵام بۆ دەزگاكانی هەواڵگری تازە نییە، ئایا بەرێزت وەك بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستنی كوردستان چۆن سەیری ئەم شەڕە دەكەیت؟
- ئاژانسی پاراستنی كوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایش، لە پێش ساڵی 2003شەوە لەشەڕداین دژی تیرۆریستان، بەڵام شەڕی دژە تیرۆر لەدوای ساڵی 2003 بارودۆخێكی وا هاتە ئاراوە كە تیرۆریستان بتوانن زیاتر گەشە بكەن و ژمارەیەكیش لە تیرۆریستانی نێودەوڵەتیش كە پێشتر لە ئەفغانستان بوون ئەوانیش روویانكردە عێراق و بەناوی جیهادكردن دژی ئەمریكیەكان و هێزەكانی كەوتنە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، هەروەها توانییان چەندین كاری تیرۆریستیش لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، كە دیارترینیان كارە تیرۆریستیەكەی (1)ی شوباتی ساڵی 2004 بوو. لەم یەك دوو ساڵەی دواتریش تادەگاتە داگیركردنی موسڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە، شەڕی دژە تیرۆر دیسان گۆڕانی بەسەردا هاتوو لە كاری گرووپی بچووك و خۆكوژی و ئوتومبێل تەقاندنەوە، وەك ئێستا دەبینین خاكێكی زۆریان داگیركردووە و لە سەر ئاستی بەرەیی شەڕ دەكەن، بۆیە ئەگەر پێشتر شەڕی دژە تیرۆر زیاتر شەڕی دەزگا هەواڵگرییەكان و دەزگاكانی ئاسایش بووبێت، ئەوا ئێستا شەڕەكە زۆر بەرفراوان بووە، بۆتە شەڕێكی سەربازی هەمەلایەنە .
ئەوەی ئێمە تێبینیمان كردووە لە دروستبوونی داعشەوە شەڕەكە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە و دروستبوونی داعشیش چەندین پرسیار هەڵدەگرێت، وەك دەربازبوونی ئەو هەموو تیرۆریستانە لە زیندانەكانی عێراق، چوونی داعش بۆ سوریا، ئەو رۆڵە خراپەی لەسوریا گێڕایان بۆ لە ناوبردنی سوپای ئازاد (جیش الحر) لە سوریا، لەباربردنی شۆڕش و راپەڕینەكانی خەڵكی سوریا، ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانەن و ئاماژەن بۆ ئەوەی بزانین ئەم كارانە خزمەتی كێ و سیاسەت و ستراتیژی چ لایەك دەكەن، پاشانیش پێگەیان لەعێراق.
بەداخەوە ئێستا بارودۆخێك دروست بووە كە لەناوچەی سوننە نشینەكان تیرۆریستانی داعش باڵادەستن و ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، خەلافەتیان دامەزراندووە، سنووریان لەنێوان عێراق و سوریا نەهێشتووە، هەروەها ئەو هێرشەی كردیانە سەر هەرێمی كوردستان و ئەو تاوانانەی دەرهەقی خەڵكی كوردستان لە ناوچەكانی شەنگال و شوێنەكانی دیكە ئەنجامیاندا، هەر لە كوشتنی بە كۆمەڵ و بردنی ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی كورد دابەشكردنی بەناوی جاریەوە بەسەر تیرۆریستاندا، ئەمانە برینێكیان دروستكردووە كە سارێژكردنی زۆر كاتی دەوێت و دەبێت هەتا ساڵانێكیشی پێبچێت، بەدوای ئەو كەسانە بگەڕێین بۆ ئەوەی دەستگیریان بكەین و رێوشوێنی یاسایی دەرهەقیان جێبەجێ بكەین.
ئەگەر لێرەوە سەرنجی خۆم سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و شەڕی تیرۆریستانی داعش پیشانبدەم، ئەوا دەبێت ئەو راستیەمان لەبەرچاو بێت، ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگە تازەیە، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەسەر شەڕی دژە تیرۆر راهێنانی نەكردووە، لەبەر ئەوەی شەڕی دژە تیرۆر ئەو شەڕەیە كە دەبێت بەرنامە و تاكتیكی تۆكمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان دابڕێژرێت، بۆیە پێدەچێت ئەم لایەنە هۆكار بێت بەوەی هەندێك جار وەك ئەوەی لە شەنگال روویدا هەستمان كرد پێشمەرگە وەك پێویست نەیتوانی بەرامبەر تاكتیكی تیرۆریستان بەرنامەی پێویستی هەبێت، ئەمە لەكاتێكدا ئێمە وەك ئاژانسی پاراستن ئەركی سەرشانی خۆمان بەرێكوپێكی جێبەجێ كردووە و سەركردایەتی سیاسییش ئاگادارە، كە زانیاری پێویستمان گەیاندۆتە هێزەكانی پێشمەرگە. بە هەرحاڵ هۆكارەكە نەبوونی مەشق و راهێنانی پێویست بێت بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان یان كەمتەرخەمی بێت، دەبێت بە جددی هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.
* ئێوە ئاگاداری جووڵەی داعش بوون پێش كۆنترۆڵكردنی موسڵ، هەروەها دەبێت ئاگاداری جووڵەی داعشیش بووبن پێش داگیركردنی شەنگال، ئایا بۆچی وەك پێویست پلانی بەرگری دانەڕێژرا؟
- بەڵی چەند رۆژێك بەر لەوەی داعش هێرش بكاتە سەر موسڵ ئێمە ئاگاداربووین و زانیاریمان هەبوو، بەڵام ئەو لەبەریەكهەڵوەشانە سەربازییەی روویدا ئەوەیان شتێكی زۆر كوتوپڕ و جێگەی سەرسامی بووە، بە تەئكید مەزندەی ئەوە نەدەكرا سوپای عێراق بەو جۆرە و بەو خێراییە لەبەر یەك هەڵبوەشێت و ئەو هەموو چەك و تەقەمەنی و ئامێرە سەربازیانە بكەونە دەستی تیرۆریستانی داعش، تەنانەت شكانی سوپای عێراق بەو جۆرە كاریگەری سلبی لەسەر ورەی پێشمەرگەی كوردستانیش دروستكرد، هەروەها ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا داعش ناوچەیەكی زۆر بە موسڵیشەوە كۆنترۆڵ بكات و پێگەی خۆی قایم بكات، تەنانەتە داعشیش مەزندەی ئەوەی نەدەكرد بەو خێرایە ئەو هەموو ناوچەیە كۆنترۆڵ بكات. لەمەش زیاتر ئەو هەموو چەكەی كە داعش لەم شەڕانە دەستی كەوت، چەكی دەستی سوپایەكی مۆدرێن بوو، چەندین جبەخانەی چەكی لە تكریت كەوتە بەردەست كە هێجگار زۆر بوو، لەم دوایەش لە ناوچەی حەسەكە لە سوریاش چەكێكی زۆریان كەوتە دەست.
* ئایا ئەمانە هۆكاربوون بۆ ئەوەی شەنگال بگیرێت؟
- پێش هەموو شت دەبێت لە جوگرافیای شەنگالەوە دەست پێبكەین، ئاشكرایە شەنگال لەرووی جوگرافیەوە كەوتە شوێنێك كە زۆر هەستیار و ستراتیژییە و زۆربەی دانیشتوانەكەشی كوردن، لە زاخۆ و دهۆكەوە دوورە و ماوەیەكی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، لە شەنگال هێزی پێشمەرگەشی لێبوو، بەڵام تیرۆریستانی داعشیش بەرنامەیان بۆ داگیركردنی شەنگال هەبووە، بانگێشەی ئەوەشیان دەكرد دەیانەوێت هێرش بكەنە سەر شەنگال.
لەم مەسەلەیەدا بێگومان كەمتەرخەمی سەربازی هەبووە، بەڵام ئەوە باشترە لە سەركردە سەربازییەكان بپرسن، بۆیە ئەوەی لە شەنگال روویدا لەرووی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیشەوە كارەساتێكی زۆر ناخۆش بوو، هەروەها مەسەلەی بردنی ئافرەتەكان و دابەشكردنیان وەك جاریە بەسەر تیرۆریستاندا، زامێكە لە ئەنفالیش قورسترە، من وەك خۆم زۆر لە كەسوكارم لە ئەنفالی بارزانیەكان ئەنفالكراون، بەڵام ئەوەی بەسەر ئێزدییەكان هات لە شەنگال ئەوەم لا قورسترە.
* تۆ باسی كەمتەرخەمیت كرد، ئایا ئەو هۆكارانە چی بوون كە بوونە هۆكاری ئەو كارەساتە؟
- من ناتوانم ئەوە بڵێم كە لە ئامادەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی تیرۆریستان سەركەتووبووین یان نە، ئەوە باشترە سەركردە سەربازییەكان قسەی لەسەر بكەن، بەڵام دەتوانم بڵێم شەڕی دژی تیرۆریستان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕێكی نوێیە، ئەم شەڕە نوێییەش لە سنورێكی هێجگار فراواندایە كە درێژایی بەرەكانی شەڕ زیاتر لە 1000 كیلۆمەترە، ئەمەش واتە سنوری شەڕی تیرۆریستان لە قەبارەی ئێستای هێزی پێشمەرگە زیاترە، ئەمە بێجگە لەوەی سنوری دیكەش هەن كە دەبێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان لێ بێت، بۆیە ئەم سنورە فراوانە بۆ هێزی هەرێمێك كە ئەوە چەندین ساڵە لەلایەن بەغداوە گوشاری دەخرێتە سەر و بێ بەشە لەو بودجەو مووچە، هەروەها بێ بەشە لە پەرەپێدانی توانای سەربازی و بێ بەشە لە دابینكردنی لۆجیستی سەربازی، نەتوانراوە ئەو زەمینەیە بۆ هێزی پێشمەرگە فەراهەم بێت كە بتوانرێت بۆ شەڕی دژە تیرۆر رابهێنرێن، لەبەر ئەوەی تیرۆریستان بەردەوام تاكتیكی خۆیان دەگۆڕن، بۆیە ئەو هێزەی كە ئامادە دەكرێت بۆ شەڕی دژە تیرۆر دەبێت شارەزای ئەو تاكتیكانە بێت، هەروەها دەبێت بتوانن بەرنامە دابنێن بۆ ئەوەی زۆر بەباشی شوێنەكانی خۆیان بپارێزن، بەتایبەتی هێزێكی وەك داعش كە قەبارەیەكی هێجگار گەورەی چەكی سوپای عێراقی دەسكەوتووە هەروەها لە سوریاش چەكێكی هێجگار زۆریان دەسكەوتووە و ئەوەندە چەك و تەقەمەنیان لەبەر دەستبووە، توانیوویانە بۆمبارانێكی زۆر بكەن و خەڵكی خۆكوژیشیان ناردووە بۆ ئەوەی سەنگەرەكان بشكێنن، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش كەمتەرخەمی بوونی هەبووە. هەربۆیە بارودۆخی ئێستا وادەخوازێت پێداچوونەوەیەكی هەمەلایەنە لە كەرتی سەربازی بكەین و چاوبخشێنرێتەوە بە مووچەی پێشمەرگە و هەیكەلی سەربازی هێزی پێشمەرگە و هەروەها هەموو كەموكورتیەكان چارەسەر بكرێن، بۆ ئەوەی بتوانرێت بۆ شەڕی دژە تیرۆر رابهێنرێن و باشتر و كاریگەرتر ئامادەبكرێن.
* لەدوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن تیرۆریستانەوە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ستراتیژیەتی هێزی پێشمەرگەی لە بەرگرییەوە گۆڕی بۆ هێرشكردن، ئایا هۆكاری ئەم گۆڕانكارییە چی بوو؟
- سیاسەتی هەرێمی كوردستان زۆر دروست و واقیعی بوو، زۆر هەوڵماندا خۆمان لەو شەڕە دووربخەینەوە لەبەر ئەوەی بەتەنها شەڕی ئێمە نییە و شەڕی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە، بۆیە ئەگەر ئێمە خۆمان لەم شەڕەوە بگلێنین بە تەنها دەمێنینەوە، ئێمە لەدوای رووداوەكانی موسڵەوە هەتا ئێستا بە تەنها خۆمان وەك هێزی پێشمەرگە بەرگریمان كردووە و كەس یارمەتی نەداوین، ئەوە یەك دوو رۆژە دەنگی ئەوە هەیە كە بە فڕۆكە هاوكاری بكرێین و هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكرێت، فڕۆكەكانی عێراق هەندێك بۆمبارانیان كردووە بەڵام لە پێكانی نیشانەكاندا زۆر ورد نین، بۆیە ئێمە بەوجۆرە سەیری ئەو شەڕەمان كرد كە ئەوە شەڕی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و دەبێت هاوپەیمانی دژە تیرۆر هاوكاری ئێمە بن، لەبەر ئەوەی ناسنامەی داعش ناسنامەیەكی نێودەوڵەتیە بە سەدان خەڵكی ئەوروپا هاتوونە ناویانەوە چەندین ئەمریكیان لەگەڵدایە، ئەمە بێجگە لەوەی ئیمكانیەتێكی زۆر باشیشیان لەبەر دەستە، هەروەها رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش بەلایانەوە گرنگ نییە و نە دادەمێنن بۆ كوشتنی خەڵكی سڤیل نە بیر لە خۆشیان دەكەنەوە، بەڵام بۆ ئێمە زیان گەیاندن بە كەسێكی مەدەنی حسابی وردی لەسەر دەكرێت و تەنانەت بۆ هێزەكانی خۆشمان، گیانی هەر پێشمەرگەیەك لە هەموو شتێك لامان ئازیزترە.
بەڵام لەبەر ئەوەی داعش و ئەوانەشی داعش بەكار دەهێنن چۆن لەسوریا بەرەیەكی شەڕیان دژی نەیارانی رژێمی سوریا كردەوە، بە هەمانشێوە لە عێراقیش ئاراستەی شەڕەكەیان بەرەو كوردستان گۆڕی و هێرشیان كردە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمەش واتە ئیتر نەمانتوانی خۆمان لەم شەڕە بەدوور بگرین، لەمەش زیاتر ئێمە زانیاری تەواومان لەبەر دەستە كە لە سوریاشەوە داعش هێزەكانی گواستۆتەوە بۆ بەرەی شەڕەكەی لەگەڵ كوردستان و بەنیازن چەكداری دیكەش لە سوریاوە بهێنن، ئەمە بارودۆخێكی تازەی هێنایە پێشەوە و پێویستی بەوە بوو ستراتیژی شەڕەكە لە بەرگری كردنەوە بگۆڕێت بۆ هێرشكردن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی گورزی گورچكبڕیان لێبدرێت و توانای هێرشكردنیان نەمێنێت، لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆك بارزانی بڕیاریدا ستراتیژیەتی شەڕەكە لە بەرگرییەوە بگۆڕێت بۆ هێرشكردن.
* ئێستا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی شەڕی دژی تیرۆریستان درێژەی هەیە، ئایا تاچەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم شەڕە بە شەڕی خۆی دەزانێت و ئامادەیە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات؟
- سەركردایەتی سیاسیی كوردستان كاری زۆر جددی لەسەر ئەم مەسەلەیە كرد و لە هەمانكاتدا هەموو توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە كوردستان بكات، هەتا ئەو كاتەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگاتە ئەو قەناعەتەی بڕیار بدات، بەوەی ئەو شەڕەی ئێستا لە كوردستان دەكرێت، شەڕی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و دەبێت هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژە تیرۆر بەشدار بێت، لە ئێستا كە ئەم قسانە دەكەم هەست دەكەین خەریكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جددی دێتە دەنگ، خەریكە ئەو قەناعەتە دروست دەبێت بەوەی دەبێت وەك ئەمری واقیع سەیری بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و شەڕی تیرۆریستان بكرێت، جیهان گەیشتۆتە قەناعەت ئەگەر بە پەلە هاوكاری هەرێمی كوردستان نەكات، كارەساتی مرۆیی گەورە روودەدات، هەر بۆیە دوای پەیوەندیكردنی فرانسۆ هۆڵاندی سەرۆكی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆك بارزانی و دەربڕینی پشتیوانی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها داواكردنی فەرەنسا بۆگرێدانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەركۆنەكردنی كارە تیرۆریستیەكانی داعش بەرامبەر كریستیانەكان و كوردانی ئێزدی، هەروەها بڕیاردانی سەرۆك ئۆباما بە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە، ئێستا شەڕەكە پێدەنێتە قۆناخێكی تازەوە و پێدەچێت گۆڕانكاری گەورە و یەكلاكەرەوە بێتە ئاراوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە كە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە و بوار نەدان بە پێشرەوی زیاتری داعش بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، وایكرد جیهان بە ئاگا بێتەوە و بگەنە ئەو راستیەی كە هەرێمی كوردستان نزیكترین هاوپەیمانە لە شەڕی دژە تیرۆردا، من ئومێد دەخوازم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر بەجددی پرسی هاریكاریكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەربگرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا هەرێمی كوردستان سەنگەری لەبەرامبەر گەورەترین بەرەی تیرۆریستاندا هەیە، ئەگەر ئەم بەرەیە بشكێنرێت و تیرۆریستان گورزێكی گورچكبڕیان بەر بكەوێت، ئەوا تیرۆریستان بە ئاسانی ناتوانن خۆیان رێكبخەنەوە و مەترسیەكی گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش دوور دەكەوێتەوە.
* بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەم ماوەیەدا چەندین جار كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداركردەوە، بەوەی ئەم شەڕە شەڕێكی نێودەوڵەتیە و بە تەنها شەڕی پێشمەرگە نییە، بۆیە ئەگەر دەتانەوێت شەڕی تیرۆر لە وڵاتی خۆتان نەكەن، وەرن یارمەتی پێشمەرگە بدەن، ئایا تاچەند ئەم پەیامەی بەڕێز مسرور بارزانی كاریگەری هەبووە؟
- پەیامی بەڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لۆژیكانە بووە و هۆشداری بووە بۆ هەموو جیهان بەوەی ئەم شەڕە یەخەی هەموو لایەكمان دەگرێت، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش شەڕی تیرۆرییان بردە قۆناخێكی تازە و لە گروپی بچووك بچووك و كاری خۆكوژییەوە وەرچەرخان بۆ ئەوەی خاكیان لەبەر دەست بێت و لەسەر ئەو خاكەش دەوڵەتێكیان بەناوی خەلافەتی ئیسلامیەوە راگەیاندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بوار بدرێت ئەم دەوڵەتە تیرۆریستیە بەردەوام بێت، ئەوا رۆژ لەدوای رۆژ بیر لەوە دەكاتەوە سنورەكانی خۆی فراوان بكات، لەبەر ئەوەی ئایدۆلۆژیەتی داعش بڕوای بە سنوور و نەتەوە نییە، بۆیە لەم حاڵەتە چەند مەترسی لەسەر ئەو ناوچانە دروستدەكات كە دەبنە دراوسێی ئەم دەوڵەتە تیرۆرستیە، بە هەمان شێوە وەك سەرچاوەیەك بۆ ناردنە دەرەوەی تیرۆر بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانی داعش هەڵگری پاسپۆرتی ئەوروپین، ئەوا بە ئاسانی تیرۆر لە دەوڵەتەكەی داعشەوە دەچێتە نێو هەموو دەوڵەتێكی دیموكراتی، لەم روانگەیەوە بەرێز راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەموو جیهانی لەم مەترسیە ئاگادار كردەوە، ئەگەر سەرنجیش لە جووڵە دبلۆماسیەكانی چەندین رۆژی رابردوو لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایش و پەیامەكەی سەرۆك ئۆباما و قسەكانی سەرۆكی فەرەنسا و هەڵوێستی وڵاتانی دیكە بدەین، هەست دەكەین ئەوانیش ئێستا هەست بە هەمان مەترسی دەكەن، كە پێشتر راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكردووە و جەختی لەسەر كردۆتەوە. هەر بۆیە مایەی خۆشحاڵیە كە ئێستا دەبینین لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە گەورەكانیش راستەوخۆ هەستیان بەو مەترسیە گەورەیە كردووە.
* ئەم هەنگاوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندی راستەوخۆی ئەمریكا و فەرەنسا بۆ هاوكاری هەرێمی كوردستان، وەك جۆرێك لەوەرچەرخان دەخوێنرێتەوە، ئایا پێت وانییە، جیهان خەریكە ئەمری واقیعی دابەشبوونی عێراق قبوڵ دەكات و چیدیكە ناتوانێت ئەو نكۆڵی لەو واقیعە بكات؟
- سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق دیارە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بەكردەیی و بە واقیعی عێراق دابەش بووە، بەڵام نكۆڵی لەم دابەشبوونە دەكەن، بە قەناعەتی شەخسی من نكۆڵی كردن لەم واقیعە خزمەتی بەرەی تیرۆریستان دەكات و خزمەت بە ئایندەی عێراق ناكات، بۆیە سیاسەتی واقیعیانە ئەوەیە لەسەر ئەرزی واقیع چی هەیە دەبێت وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئێستا عێراق سێ بەشە و سێ سیستمی جیاواز، ئەگەر دەیانەوێت دووبارە عێراق بونیادبنێنەوە، ئەوا دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگیرێت، عێراق نابێتەوە بە وڵاتێكی سەقامگیر هەتا گۆڕانكاری لە سیستمی حكومڕانی ئەو وڵاتە نەكرێت، ئەمەش بەو مانایەی لەبری ئەوەی هەوڵبدرێت چۆن عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵرێتەوە، باشترە بیر لەوە بكەنەوە چۆن ئەمری واقیعی ئەم سێ دەوڵەتەی كە ئێستا بوونی هەیە لە چوارچێوەی سیستمێكی تازەی حكومڕانی لە عێراقدا پێكەوە كۆدەكرێنەوە، كە دەشڵێم بیر لە سیستمێكی تازە بكرێتەوە، دیارە مەبەستم ئەوەیە ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق بە فیدرالی چارەسەر ناكرێت، لەبەر ئەوەی فیدرالیەتمان تاقیكردەوە و سەركەوتوو نەبووین، بۆیە باشترە بیر لەكۆنفیدرالی بكرێتەوە، یان دەبێت سەربەخۆیی كوردستان قبوڵ بكرێت، دیارە سەربەخۆیی بۆ هەتا هەتایە كێشەكان چارەسەر دەكات، بەڵام ئەگەر لە ئێستا ئەمەش نەكرێت باشترە عێراق لەسەر بنەمای كۆنفیدرالی رێكبخرێتەوە.
* دەگەڕێمەوە بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان، تۆ ئاماژەت بەوە كرد پێویستە پێشمەرگە بۆ شەڕی دژە تیرۆر رابهێنرێت، بەڵام ئێستا خەڵكێكی زۆر خۆبەخشانە دەڕوات پشتیوانی پێشمەرگە بكات بەبێ ئەوەی هیچ مەشق و راهێنانێكی كردبێت، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ناوەندێكی مەشق و راهێنانی سەربازی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكەكە ئامادەبكرێت ئەوجا بچنە شەڕەكەوە؟
- ئێمەش پێشنیارمان كردۆتەوە دەرگای خۆبەخشین بكرێتەوە، بەڵام سەبارەت بەو كەسانەی كە شارەزانین پێویستە بنكەیەكی مەشقی سەربازی بكرێتەوە بۆ ئەوەی لانی كەم لەسەر بەكارهێنانی چەك و بنەما سەربازییەكان راهێنانیان پێبكرێت، ئەمەش پێویستە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بەرنامەی بۆ دابنرێت، من لێرەدا جەخت لەسەر ئەوەدەكەمەوە راستە ئەم شەڕە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام ئەگەر یەكگرتوو بین ئەم قۆناخە ناخۆشە تێدەپەڕێنین و دەرگایەكی فراوانتر بەرووی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.
* دیارە ئێستا بەهۆی ئەم بارودۆخەوە ژمارەیەكی هێجگار زۆر لە هاووڵاتیانی عەرەب روویانكردۆتە هەرێمی كوردستان و لە شارەكانی كوردستانن، لەبەرامبەر ئەم حاڵەتە جۆرێك لە نیگەرانی دروستبووە و ترسی ئەوە هەیە بەشێك لەوانە هاوكاری تیرۆریستانی داعش بكەن، ئایا ئێوە چۆن چاودێری ئەم مەسەلەیە دەكەن؟
- هۆكاری ئەوەی ئەو هەموو عەرەبە هاتوونە شارەكانی كوردستان ئەوەیە، لەناوچەكانی خۆیان ئاژاوە و ناسەقامگیری هەیە و هەرێمی كوردستانیش ئارام و سەقامگیرە بۆیە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام لێبوردە بوون و هاوكاری ئەو خەڵكانەیان كردووە كە پەنایان هێناوە بۆ كوردستان، سەبارەت بە چۆنیەتی چاودێری كردنی ئەم پرسەش لەلایەن دەزگا هەواڵگری و ئاسایشەكانەوە، دیارە بۆ پاراستنی ئارامی كوردستان چاودێری زۆر ورد كراوە، ئەو خەڵكانە بەشی هەرە زۆریان دژی تیرۆریستانن و لە ترسی تیرۆریستان هاتوونە كوردستان بۆیە ئەوانە میوانی ئازیزی كوردستانن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەم لێشاوەی پەنابەران خەڵكانێك هەبن گومانی ئەوەیان لێبكرێت كە هاوكاری تیرۆریستان دەكەن، ئەوا دەبێت هاووڵاتیان بە وردی زانیاری دروست لەسەر ئەو كەسانەی جێگەی گومانن بگەیەنە دەزگاكانی ئاسایش بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە سیاسەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە حەساسیەت لە نێوان كورد و عەرەب دروست بكرێت و دژی ئەو پیلانەشین كە دەیانەوێت حەساسیەت و دوژمنایەتی لە نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن، ئەو عەرەبانەی ئێستا لە كوردستانن دراوسێی ئێمەن و لە ئایندەش هەر دراوسێمان دەبن، بۆیە دەبێت پەیوەندی باش لە نێوانمان هەبێت و هەروەها دەبێت كەلتوری لێبوردەی گەلی كوردستانیش بپارێزین.
* تاچەند خەڵكی دڵنیادەكەنەوە لەوەی بەسەركەوتوویی ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین؟
- هەموو خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە ئەم قۆناخە بە دڵنیایی و سەركەتوویی تێدەپەڕێنین، تیرۆریستانی داعش نە لە عێراق و نە لەناوچەكە و نە لەجیهان جێگایان نابێتەوە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو قەناعەتەمان لادروست بێت كە بەرامبەر بە تیرۆریستان دەبێت مقاوەمەت بكەین و لەسەر ئاستی ناوخۆش هەموومان یەكڕیز و تەباو برابین بۆ ئەوەی لەم شەڕەدا سەركەوتووبین. هەروەها دەبێت لەم بارودۆخە هاووڵاتیانی كوردستان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكەن و هەماهەنگیەكی باش و نزیكیان لەگەڵ دەزگا هەواڵگری و ئاسایشەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت، لەبەر ئەوەی هاوكاری هاوڵاتیان بۆ دەزگا هەواڵگری و ئاسایشەكان باشترین و كاریگەرترین چەكە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستان.