مەلا محەممەد نەسروڵڵا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عەلی كەمال لە سلێمانی:بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی بڕیاری هەر تاكێكی ئەم نیشتمانەیە

مەلا محەممەد نەسروڵڵا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی عەلی كەمال لە سلێمانی:بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی بڕیاری هەر تاكێكی ئەم نیشتمانەیە
رۆژ لەدوای رۆژ هەنگاوەكان بۆ نزیكبوونەوە لەسەربەخۆیی كوردستان ئومێدبەخشتر دەبن، هەموو تاكەكانی ئەم وڵاتەش هەموو ئومێدیان ئەوەیە رۆژێك زووتر سەرۆكی كوردستان ئەم بڕیارە بدات، دیارە لەنێو خەڵكی كوردستان مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام رۆڵێكی دیار و بەرچاویان هەیە و لەهەموو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا وەك ئەركێكی ئایینی و نیشتمانی هەڵوێستی خۆیان هەبووە. بۆ قسەكردن لە بارودۆخی ئێستا و هەوڵەكان بۆ سەربەخۆیی سەردانی بەڕێز مامۆستا محەممەد نەسروڵڵا پێشنوێژ و وتار خوێنی (مزگەوتی عەلی كەمال)مان لە سلێمانی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی (گوڵان)ی دایەوە.
* ئایا بەڕێزتان وەك مامۆستایەكی ئایینی و پێشنوێژ و وتارخوێنێك چۆن بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان دەبینیت و رای ئێوە لەسەر ئەم بارودۆخە چییە؟
- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، پێش هەموو شت سوپاسی گوڵان دەكەم، كە هاتوونە سلێمانی و ئەم دیدارە لەگەڵ من سازدەكەن، سەبارەت بە پرسیارەكەشتان من پێموایە دەبێت مرۆڤ هەمیشە گەشبین بێت و بە گەشبینییەوە سەیری ئایندە بكات، هەر مرۆڤی گەشبینیش سەركەوتوو دەبێت، هەر كەسی گەشبین دەتوانێت بە جوانی ناخی نەتەوەی خۆی ببینێت و بونیادی ئایندە بكات، ئەم قۆناخەی ئێستای كوردستانیش پێیدا تێدەپەڕێت، هەتا بڵێی قۆناخێكی هەستیارە، بە ئاستێكیش هەستیارە كە هەموو كەسێك لە دوورەوە هەستی پێدەكات، لە میدیاكانی جیهانیشدا رەنگدانەوەی هەیە. دیارە ئەم قۆناخە، قۆناخی گواستنەوەیە بەرەو سەربەخۆیی و بەرەو بڕیاردانی مافی چارەنووس و بەرەو جیاكردنەوەی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەچین، هەموو ئەو ناوچانەش كە چەندین ساڵە لە كورد زەوتكراون، وا دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ سەر سنووری باشووری كوردستان، هەموو ئەم هەنگاوانەش كۆمەڵێك ئاستەنگ و گرفتیان لەبەردەمدایە، بۆیە دەبێت هۆشیار و یەكگرتوو بین، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ئاستەنگ و گرفتانەدا زاڵ بین، ئەمەش دۆخێكی هەستیاری لە رادەبەدەری دروست كردووە.
* ئاماژەتان بەوە كرد بەرەو وەرچەرخان بۆ سەربەخۆیی دەچین، ئایا چۆن هەموومان خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە ئامادە بكەین؟
- پێش هەموو شت ئێمە وەك گەلی كوردستان دەیان ساڵە بنەمای بوون بە دەوڵەتمان هەیە، لەبەر ئەوەی هەموو دەوڵەتێك چەند بنەمایەكی هەیە و ئەو بنەمایانەش بریتین لە: خاك و زمان و گەل، هەروەها بوونی دەستوور و یاسا بۆ ئەوەی گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی لەنێوان تاكەكانی ئەو گەلە دروست بكات، بۆ ئەوەی خۆیان بەڕێوەبەرن، ئەم بنەمایانە چەندین ساڵە لە باشووری كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا رێگر بووە لەوەی باشووری كوردستان ئەو هەنگاوە هەڵبگرێت و بڕیاری دەوڵەتی سەربەخۆ بدات، دیارە بارودۆخ و هەلومەرجی نێودەوڵەتی بووە، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆری داوە، بەڵام هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوون. مافی دامەزرانی دەوڵەت بۆ كورد وەك هەر گەلێكی دیكەی ئەم زەمینە مافێكی زۆر ئاسایی خۆیەتی كە بڕیاری لە سەر بدات، هەروەها هیچ ئایەتێكی قورئانیش نییە كە فەرزی كردبێت ئیللا كورد هەر دەبێت لەگەڵ عەرەب بژی، لەبەر ئەوەی هەر نەتەوەیەك بە شێوەیەك بیردەكاتەوە و هەر یەكەشیان هیواو ئامانجی خۆی هەیە، بۆیە مەرج نییە كورد لەگەڵ فارس و تورك و عەرەب هەتا هەتایە پێكەوە بژین، لەمەش زیاتر ئەگەر سەیری روانگەی ئاساییشی ئەم جیهانەوە بكەین و مەبەستمان پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ئەم سەرزەمینە بێت، ئەوا ئاشتی و ئاسایش پێویستی بەوە هەیە كە گەلێك خاوەنی قەوارەیەكی سیاسیی خۆی بێت و خۆی خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەیە لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش رێز لەیەكتری بگرن، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر سەیری مێژوو بكەین، دەبینین لەو كاتەوە بەزۆر كورد بەو دەوڵەتانەوە لكێنراوە، هەمیشە ئاژاوەو ناسەقامگیری بەردەوام بووە، سەرەنجامیش ژینۆساید و كارەساتی خوڵقاندووە، بۆیە ناكرێت ئەمە تاسەر درێژەی هەبێت و دەبێت كوردیش خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.
* لەم بارودۆخە تازەی هاتۆتە پێشەوە، بە ئەمری واقیع عێراق دابەش بووە، ئێستا كوردستان بە درێژایی 1000 كیلۆمەتر سنووری لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستی هەیە، ئایا لە ئێستادا ئەركی سەرشانی هەر تاكێكی ئەم كوردستانە دەبێت چۆن بێت؟
- ئێستا هەرتاكێكی كوردستان بە توركمان و ئەو عەرەبانەشی چەندین ساڵە لە كوردستان نیشتەجێ بوون، واتە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە ئەركی سەرشانیانە هەموومان یەك هەڵوێست و یەكڕیز بین، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین، هەروەها پێویستە هێزە سیاسییە كوردستانییەكانیش هەموویان یەكڕیز و یەكگرتوو بن و لە ئێستادا واز لە بیروبۆچوون و ئامانجە حزبییەكانیان بێنن و هەموو ئامانجیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە یەكبخەن، لەبەر ئەوەی ئەم فرسەتەی ئێستا بۆمان هەڵكەوتووە، یەكێكە لەو فرسەتانەی كە جاری وا هەیە بە 100 ساڵ فرسەتی وا دروست نابێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێت خەمی هەموومان ئەوە بێت، ئەم فرسەتە لەدەست نەدرێت و نابێت بۆ بەرژەوەندی حزبایەتی تەسك، چاومان ئەم فرسەتە گەورەیە نەبینێت كە بۆ میللەتەكەمان هاتۆتەپێشەوە، بۆیە بۆ ئێستا دوو خاڵی زۆر گرنگ بە پێویست دەزانم، كە پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكان لەبەرچاوی بگرن، یەكەمیان ئەوەیە نابێت رێگە بدەین ئەوەی هەتا ئێستا بەدەستمان هێناوە لەدەستی بدەین، دووەمیان ئەوەیە هەنگاو بۆ دەسكەوتی زیاتر هەڵبگرین. هەر بۆ نموونە ئێستا ناوچە دابڕێنراوەكان گەڕاونەتەوە، بۆیە ئەمە دەسكەوتێكی گرنگە و دەبێت بە جۆریك هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بە تەواوەتی بگەڕێنەوە و جارێكی دیكە لەدەستمان نەچێتەوە.
* ئەو ناوچانەی گەڕاونەتەوە بۆ سەر سنووری باشووری كوردستان، ئێستا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بەرگرییان لێدەكرێت، ئایا ئێمە چۆن پشتیوانی لە پێشمەرگە قارەمانەكان بكەین؟
- دیارە پێشمەرگەی كوردستان بەشێكن لە ئێمە و بە پێشمەرگەی خۆمانیان دەزانین و هەر ئەو قارەمانەن كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوو هەتا راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 خەباتیان كردووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، خەباتیان كردووە بۆ لابردنی زۆڵم و ستەم لەسەر ئەم میللەتە، خەباتیان كردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە شەرەف و كەرامەتی ئەم میللەتە بكەن، بۆیە هەتا راپەڕینە مەزنەكە پێشمەرگە دەچووە هەر ماڵێكی ئەم كوردستانە، ئەو خەڵكە هەستی دەكرد فریشتە چۆتە ناو ماڵەكەی، ئەو پێشمەرگانەی ئێستا بەرگری لە سنووری كوردستان دەكەن، هەمان ئەو پێشمەرگانەن كە پێش راپەڕین شەرەف و كەرامەتیان دەپاراستین، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە هەمان چاو سەیری پێشمەرگە بكەین و وەك فریشتە سەیریان بكەین، هەروەها دەبێت ئەو هەستە دروست بێتەوە كە پێشمەرگە پارێزەری كوردستانە و وەك پێشمەرگەی لایەنێكی سیاسی سەیر نەكرێت و تەنها وەك پێشمەرگەی كوردستان سەیر بكرێن و تەنها وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرس و كۆكەرەوەی هەموو هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، لە ئێستاشدا هەلێكی زۆر باش بوو بەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارێك دەربكات بۆ ئەوەی تەجنیدی لاوەكانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی لاوەكان ناوی خۆیان بنووسن و ببنە پێشمەرگە و بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، بۆیە ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە دەربكات، ئەوا مەسەلەی پێشمەرگە دەبووە مەسەلەیەكی گەورە و فراوانتر، بۆیە من روودەكەمە هەر تاكێكی ئەم وڵاتە و پێیان دەڵێم: بە هەر جۆرێك بۆمان دەكرێت، دەبێت پشت و پەنا بین بۆ پێشمەرگە و دەبێت هاوكارییان بكەین، چونكە پێشمەرگە پێشمەرگەی خۆمانە و پارێزەری خاكی كوردستانن، لەمەش زیاتر دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بخاتە پێش مووچەی هەموو وەزارەتەكانی دیكە، ئەم پێشخستنە نابێت پەیوەندی بە بارودۆخێكی تایبەتییەوە هەبێت، بەڵكو لەشەڕ بین، یان ئاشتی، دەبێت مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە پێش مووچەی هەموو وازەرەتەكانی دیكە بێت، لەلایەكی دیكەوە گرنگە ئەو سۆزەی بۆ پێشمەرگە هەمانە بە كردار بەرجەستەی بكەین، هەر لە گەڕەكەكانی خۆمانەوە گرنگە سەردانی ماڵی پێشمەرگە بكەین و ماڵ و منداڵەكانیان بەسەر بكەینەوە، دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت، كە بەشێكی زۆری خانەوادەی پێشمەرگە موستەحەقی زەكات و هاوكاری كردنن، بەشێكی زۆریان كرێچین و كرێیەكەیان پێنادرێت، بۆیە گرنگە تادەتوانین هاوكاری پێشكەشیان بكەین، ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە هاوكاری پێشمەرگە بكەین.
* بەڕێزتان ئاگادارن بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ پرسی بڕیاردانی مافی چارەنووس، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەیەك لەمەو پێش سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی یاسایەك ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی راپرسی لە كوردستان ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا تاچەند گرنگە هەموو گەلی كوردستان پێكەوە پشتگیری هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن؟
- ئێمە وەك كەسایەتی و مامۆستا ئایینییەكانی كوردستان لەهەموو پرسە چارەنووسسازەكاندا هەڵوێستمان هەبووە و هەڵوێستیشمان دەبێت، هەروەها پشتگیریی سەركردایەتیی سیاسیی خۆشمان دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو هەلانەی هاتوونەپێش لە دەست نەچن، بۆیە دوای ئەوەی ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەردەچێت، پێویستە كاری بۆ بكەین بۆ ئەوەی كۆدەنگییەكی نیشتمانی بۆ دروست بكەین، ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی ئامادەین لە وتاری رۆژانی هەینی كە پێموایە نزیكەی یەك ملیۆن موسڵمان لە كوردستان بەشداری نوێژی هەینی دەكات، وتارەكانی بۆ تەرخان بكەین و پشتگیری راپرسی بكەین و كۆدەنگی نیشتمانی بۆ دروست بكەین، لەمەش گرنگتر دەتوانین لە رێگەی لیژنەی باڵای یەكێتی زانایانی ئیسلامەوە بیكەین بە فەتوا، سوپاس بۆ خوا منیش یەكێكم لەوانەی بەشدارییان لەگەڵ دەكەم، لەم كاتە دەتوانین فەتوایەكی مەركەزی بۆ دەربكەین و لە مزگەوتەكان بڵاو بكرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیەك وەك ئەركێكی شەرعی بەشداری ئەو راپرسیە بكات، پێویستە پشتگیری لەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەر تاكێكی ئەم نیشتمانەیە، سەرۆكی هەرێمیش كە هەڵبژێردراوی ئەو خەڵكەیە، بە نوێنەرایەتی ئەو خەڵكە كاروبارەكان جێبەجێ دەكات.
* لەم بارودۆخە هەستیارە زۆرجار گوێمان لەهەندێك دەنگۆ دەبێت، بەوەی كاتی سەربەخۆیی كوردستان نییە، ئایا پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دەنگۆیانە بكرێت و لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- ئێمە دەبێت بیروبۆچوونی جیاواز وەك خاڵی بەهێزی خۆمان سەیر بكەین، نەك بیكەینە خاڵی لاوازی، بۆیە ئەوانەی پێیانوایە كاتی نییە و مەترسی هەیە، ئەوا دەبێت لەگەڵیان قسە بكەین و بزانین ئەو مەترسییە واقعییە، یان وەهمییە، ئەگەر واقعی بێت، دەبێت لەبەر چاوی بگرین و پلانی بۆ دابنێین، ئەگەر وەهمیش بێت، دەبێت قەناعەتیان پێ بكەین كە ئەوە وەهمییە و بوونی نییە. لەم ماوەیە راستە كۆمەڵێك لە وڵاتانی دەوربەر ناڕەحەتی خۆیان بەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە، تەنانەت لە میسریش، سیسی كە بە كودەتا هاتۆتە سەر حوكم، ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە، هەروەها لەناوخۆش ئەو دەنگۆیانە هەیە، بە بۆچوونی من ئەوانەی ناوخۆ سەرچاوەكەی ئەوەیە سوبحانەڵڵا خەڵكانێك هەن چاویان بەرایی نادات دەسكەوتێك لەسەر دەستی كەسێكی دیكە بێتەدی، واتە هەیە پێی خۆشە ئەگەر لەسەر دەستی خۆی نەبێت، تێكی بدات، بێگومان ئەمەش نەخۆشییەكی دەروونی ترسناكە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە كوردستان ببێتە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت. یەك كاتژمێر زووتر ئەم بڕیارە بدرێت گرنگە، پێویستیشە ئەو بڕیارە بدرێت، ئەوجا هەر كەسێك بڕیاركە دەدات، گرنگ ئەوەیە ئەو بڕیارە بدرێت.
Top