پرۆفیسۆر یۆست هێلترمان بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:كوردستان چەندین بژاردەی لەبەردەستە وهەنگاوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ راپرسی لە ئێستادا راست و دروستە

پرۆفیسۆر یۆست هێلترمان بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:كوردستان چەندین بژاردەی لەبەردەستە وهەنگاوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ راپرسی لە ئێستادا راست و دروستە
پرۆفیسۆر یۆست هێلترمان كە پێشتر جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتیەكان، ئێستا بەرپرسە لە چاودێریكردنی هەموو تەنگژەكان لە هەموو جیهاندا، ئەمەش واتە داڕێژەری پلانی ستراتیژی رێكخراوی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتیەكانە، پرۆفیسۆر هێلترمان بە یەكێك لە پسپۆرە هەرە دیارەكانی عێراق و كوردستان لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەكرێت، لەسەر هەموو پرسێكی عێراق و كوردستان دیراسەت و توێژینەوەی خۆی هەیە، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق و سەربەخۆیی كوردستان، رۆژی 15ی تەمموزی 2014 دیراسەتێكی لە رۆژنامەی نیویۆرك ریڤییو بە ناونیشانی (سەربەخۆیی كورد: لەوە قورسترە كە دەیبینن)بڵاوكرایەوە، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەنگاوەكانی كوردستان بۆ راپرسی، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پرۆفیسۆر هێلترمان كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بەهۆی ئەوەی حكومەتی بەغدا ماوەی 7 مانگە بودجەی كوردستانی بڕیوە، كوردستان ناچار بوو بڕیاری فرۆشتنی نەوت بدات، بەڵام بڕی ئەو نەوتەی ئێستا دەیفرۆشێت، كەمترە لە بەشی كوردستان لەبودجەی عێراق. ئایا بە ڕای بەڕێزت چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكرێت؟
- ئەمە ناكۆكیەكی سیاسییە، لەبەر ئەوە دەبێت چارەسەرەكەش چارەسەرێكی سیاسی بێت. واتە ڕێككەوتنێكی سەركەوتوو بێت لە نێوان بەغدا و هەولێردا.
* دوای ئەوەی مالیكی هەولێری تۆمەتبار كرد بە دروستكردنی ژووری عەمەلیات بۆ لایەنەكانی داعش و ئەل قاعیدە و هەروەها بەعسیەكان، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی ئەم تۆمەتانەی دایەوە، وەك كاردانەوەیەكیش بڕیار درا وەزیرە كوردەكان نەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، پرسیارەكەی ئێمە لە بەڕێزتان ئەوەیە چۆن ئەم هەنگاوەی مالیكی لێك دەدەنەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی وڵاتەكەی بەرەو ئەم قەیرانەی ئێستا و بگرە بەرەو هەرەسی بردووە؟
- متمانە لە نێوان هەردوو لایەنەكەدا هەولێر و بەغدا نەماوە. و گەڕاندنەوەی متمانەش كارێكی زەحمەتە، بە مەزەندەی من گەڕاندنەوەی ئەم متمانەیە پێویست بە سەركردایەتیەكی نوێ دەكات لە بەغدا بێتە ئاراوە. بە هەمان شێوە، ئەگەر بیەوێت ئاشتی لەگەڵ سەركردایەتی نوێی عێراقدا بكات، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان حساب بۆ هەنگاوەكانی بكات لە كەركوك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكە.
* كەواتە بە پێی بیروبۆچوونی ئێوە لە دۆخێكدا كە پشێوی و ناسەقامگیری بە سەریدا زاڵە و هیچ لایەنێك متمانە بە ئەوی دیكە ناكات، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە بەرەو كۆتایی دەچێت؟
- مەحاڵە ئەمە یەكلابكەینەوە. پێویستە لە ئێستادا ئامانجەكە بریتی بێت لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بارگرژیە تایەفەگەریەكان و گەڕاندنەوەی متمانە. مەسەلەی سەرەكی بریتییە لە پێكهێنانی حكومەتێك لە بەغدا كە بە ڕاستی گشتگیر بێت و دەسەڵات دابەش بكات. من هیوادارم زۆر درەنگ نەبووبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە. دیارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی لە عێراق هەڵنەگرتووە و لێی بێئومێد نەبووە، هەروەها ئێران و توركیا، یاخود سعودیەش ئەم كارەیان نەكردووە. بەڵام هەوڵ و كۆششەكان بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق پتر ئاڵۆز بوونە.
* میلیشیاكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەوڵەتێكی ئیسلامیان لە موسڵ ڕاگەیاند، كە ئەمە دەوڵەتێكی تیرۆریستیە و باوەڕی بە سنوورەكان نییە. و خۆی بە وڵاتی سەرجەم موسڵمانان دادەنێت، ئایا چۆن دەكرێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە تیرۆریستیەدا بكەین؟ چونكە ئێستا ئەوان بوونەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و چیتر كۆمەڵێك گرووپی تیرۆریستی بچووك نین؟
- پێموایە دەبێت یاخیبووەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وریا بن و زیاد لە سنووری توانای خۆیان ڕۆڵ نەبینن، وەك ئەوەی لە ڕابردوودا كردیان. چونكە ئەوان تەنیا لە مەودای نزیكدا ئەو پشتیوانیەیان هەیە كە دەخوازن هەیان بێت و پێویستیانە هەیان بێت لە نێو سوننەكاندا. ئەوان ئێستا لەسەر ئەو ناڕەزایی و ناڕەحەتیە ڕاستەقینەكان دەژین كە پێویستە ئەمانەش لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بكرێن، ئەگەر بمانەوێت هەر جۆرە سەقامگیری و حكومڕانیەك لەم ناوچەدا بێنەئاراوە.
* سەرۆكی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە لە كاتێكدا لە ڕووی واقیعیەوە شتێك نەماوە بە ناوی عێراقەوە، ئایا هەرێمی كوردستان جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەمدا ماوە؟
- كوردستان چەندین بژاردەی هەیە، بەڵام بەڕێز بارزانی پێیوایە ئەمە كاتێكی گونجاوە بۆ زیادكردنی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ئاست بەغدا، ئەویش لە ڕێی وروژاندنی پرسی دروستكردنی دەوڵەتەوە. ئەم شیكردنەوەیە شیكردنەوەیەكی ڕاست و دروستە.
* تا چ ڕاددەیەك ئەمریكا و ئەندامانی دیكەی ناتۆ ئامادەن هاوكاری پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەكانی داعش؟
- دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هیچ هەڕەشەیەك دروست ناكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو تەنیا هەڕەشە بۆ سەر بوونی كوردستان لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان دروست دەكات. بە مەزەندەی من ئەندامانی ناتۆ دوو جار بیر دەكەنەوە پێش ئەوەی پشتیوانی كورد بكەن لە سەركێشەیەكی نادیار لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكاندا.
Top