عەدنان حوسێن نووسەری سیاسی:بارزانی بۆ هێوركردنەوە پەیام ئاراستەی گەلانی عێراق دەكات كەچی مالیكی بۆ ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە بە زمانی زبر وەڵامی دەداتەوە
July 17, 2014
دیمانەی تایبەت
عەدنان حوسێن یەكێكە لە نووسەرە سیاسییە بە ئەزموونەكانی عێراق و یەكێك بووە لە نووسەرە دیارەكانی هەردوو ڕۆژنامەی حەیات و شەرقولئەوسەتی لەندەنی و ئێستاش یەكێكە لە نووسەرە دیار و بوێرەكانی ڕۆژنامەی ئەلمەدا، بۆ قسەكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.بارودۆخەكە لە خراپەوە بۆ خراپترین ئاست دەچێت، من هیچ ئومێدێك لە باشتربوونی ئەم ڕەوشە نابینم، چونكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و تەنانەت سات لە دوای سات گرژترو ئاڵۆزتر دەبێت، زانراوە لە جیهانی سیاسەتدا، كاتێ قەیرانێك دێتە پێشەوە دەوڵەتمەدار یان بەرپرسی یەكەمی وڵات، یەكەم شت كە دەیكات گەڕانە بە دوای هۆكارو فاكتەرەكانی سەرهەڵدانی ئەم قەیران و كێشەیە، دواتر لە شێوازو ڕێگاكانی چارەسەر دەكۆڵێتەوە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە ڕوودەدات ئەوەیە كاتێ گرفتێك سەرهەڵدەدا سەركردەو بەرپرسەكان لە جیاتی هێوركردنەوە زیاتر مەسەلەكە ئاڵۆزدەكەن و شتی دیكە دەوروژێنن كە ڕەنگە زیاتر كێشەكە قوڵ بكاتەوە، بۆیە كاتێ بەر لە دوو ساڵ كێشەیەك لە نێوان حكومەت و ئەوەی پێی دەگوترێت پێكهاتەی سوننە هاتە ئاراوە، زۆر لە خەڵكەكە بە تایبەتی سیاسەتوان و ڕۆژنامەنووسان بەو ئاراستەیە كاریان كرد كە لە چارەسەر نزیك ببنەوە، بەڵام نوری مالیكی سەرۆك وەزیران نەك هەر بە خۆی بەڵكو نوێنەرێكیشی نەناردە ناویان تاكو لە نزیكەوە لە كێشەكە بكۆڵێتەوە، مەبەستم ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانەیە كە لە حەویجەو فەللوجە و شوێنەكانی دیكە لەو ماوەیەدا دروست بوون، بۆیە بەرەبەرە ماوەو دەرفەت بۆ گرووپەكانی تیرۆر ڕەخسا و ڕەوشەكەیان ئاڵۆزتر كرد، دیارە لە كەم شارەزایی و كورتبینیی لە سیاسەتدا یان نەزانین لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا كێشەكە بەلایەكی دیكەدا شكایەوە، هەروەها كاتێ حكومەتی ناوەند كێشەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا قووڵكردەوە ئەویش بە بڕینی بەشە بودجەی فەرمانبەران و توندكردنی ئاراستەی میدیاكانی دژ بە هەرێم، ئەم ڕەفتارو هەڵسوكوتە هەلی بۆ داعش و چەكداران ڕەخساند تاكو دوای فەللوجە كێشەكە بە ئاقارێكی مەترسیدارتردا بەرن. هەر بۆیە هەموو چین و توێژە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عیراق بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام بە پلەی یەكەم ئەو حكومەتە بەرپرسە كە دەوڵەت بەڕێوەدەبات و لە جیاتی گەڕان بەدوای هۆكارو چارەسەردا، دێت ئاگرەكە خۆشتر دەكات و زیاتر بەرەو ئاڵۆزیی دەبات. بۆ نموونە كاتێ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی گەلی عێراق دەكات و ڕەخنە لە حكومەتی بەغدا دەگرێت لە هەمبەر ئەو پەرەپێدانەی هاتۆتەدی، دەبینین نوری مالیكی بە زمانێكی توندو زبر وەڵامی دەداتەوە، كە زیاتر كێشەكان ئاڵۆز دەكات، بۆیە تروسكاییەك هیوا بۆ چارەسەر نابینم، من وای دەبینم كە بە ئاراستەی گرژیی زیاتردا دەڕوات، واتا وڵات بەرەو كاولكارییدا دەبەن هەروەك چۆن سەدام حوسێن ئەو عێراقەی بەو ئاقارە كاولەدا برد بە هەمان شێوە ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا حوكم دەكات هیچ جیاوازیی لەگەڵ عەقڵیەتی سەدامدا نییە چونكە هەمان سیاسەتی سەدام پەیڕەو دەكات، واتا هیچ جیاوازییەك لە نێوان شێوازی بیركردنەوەو عەقڵییەتی نوری مالیكی و سەدام حوسێندا نابینم. لەمەش زیاتر ئەم كێشەیە بە گۆڕینی مالیكی تا ڕادەیەكی كەم ئاراستەی كێشەكە دەگۆڕێت، بەڵام گۆڕین یان چارەسەری ڕییشەیی ناكات، چونكە پرۆسەی سیاسیی لەسەر بنەمای هەڵەو سەقەت دامەزراوە، تەنیا ئەوە نەبێت ئەو كەسەی لە جیاتی مالیكی حوكمڕانی وەردەگرێت، دەبێ بە شێوەیەك ڕەفتار بكات و بیر بكاتەوە وەك سەرۆكی حكومەتێكی ڕزگاركەری نیشتمانی، ئەو سەرۆك حكومەتی نوێ بێ، پرۆژە یاسای تازە دابڕێژێت و لە بنەڕەتەوە هەوڵی ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی بدات، بۆیە لابردنی مالیكی و هێنانی یەكێكی دیكە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت، بۆ نموونە دانانی هادی عامری، كاریگەریی نییە چونكە هەمان عەقڵیەتی تائیفی هەیە، كەواتە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ حكومەتەكەی ئێستای نوری مالیكی نابێت. هەر بۆیە ئێستا عێراق بەرەو دابەشبوون دەچێت، بەڵام دابەشبوونێكی پڕ لە توندوتیژی و ڕق و كینەی نێوان لایەنەكان.