سەعدون ئەلشەعلان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بۆ گوڵان:هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانەكان نەبوونی خزمەتگوزاریی وهاوسەنگیە نەك تەنیا بەردانی زیندانیەكان
January 10, 2013
دیمانەی تایبەت
لەم چەند رۆژەی رابردوودا جەماوەری پارێزگای ئەنبار رژانە شەقام و گۆڕەپانەكان لە فراوانترین خۆپیشانداندا كە سەرتاسەری شارو شارۆچكەكانی ئەم پارێزگایەی گرتەوەو دواتر پەڕییەوە بۆ پارێزگاكانی دیكەی عیراق، خۆپیشاندەران چەندین داواكاریان بەرزكردۆتەوە كە خۆی لە نەبوونی خزمەتگوزاری و پەرەسەندنی ئاستی ستەم و پشتگوێخستن و بێكاری دەبینێتەوە، بۆ ئاگاداربوونی خوێنەران لە هۆكار و ئامانجە بنەڕەتییەكانی ئەم خۆپیشاندانانەی ئەنبار گۆڤاری(گوڵان) پەیوەندیی بە سەعدون ئەلشەعلان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبارەوە كرد كە بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.* سەرەتا حەزدەكەین بزانین ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانەی لە ئەنبارەوە دەستی پێكرد چی بوون، تائێستا حكومەت چەند وەڵامی داخوازییەكانی داوەتەوە؟
- لەڕاستیدا ئێمە چاوەڕوانی جموجۆڵێكی بەهێزین بەتایبەتی سەبارەت بەو كۆبوونەوە بەپەلەیەی كە ئەنجوومەنی نوێنەران بانگەشەی بۆ كرد، لەگەڵ ئازادكردنی 11 ئافرەت كە هەندێكیان لە پارێزگاری ئەنبارن، مەبەستم لەوەدایە كە جموجۆڵ هەیە، لەلایەكی دیكەوە تاكو ئەمڕۆیش كێشەی نەبوونی هاوسەنگیمان هەیە بەتایبەتی لە هێزە ئەمنییەكان و لە هەندێك لە وەزارەتەكاندا، هەندێك وەزارەت هەن كە تاڕادەیەك تایفەیەكی دیاریكراوی لەخۆ نەگرتووە، فەرامۆشی و دوورخستنەوە تاڕادەیەكی یەكجار زۆر هۆكاربوون لەپشت ئەوەی كە جەماوەر هاتە سەر شەقام بەوشێوەیە رەفتاریكرد، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین حكومەت وەڵامدانەوەی بۆ شەقام دەبێت، ئاستی خزمەتگوزارییەكان زۆر نزمە، هەروەك بینیمان بۆ یەك رۆژ باران باری و لەئەنجامدا لافاو لە بەغدا روویدا و هەڵبەتە ئەمەیش نیشانەیە لەسەر ناپیشەیی، پارەی زۆر لە پڕۆژەكان خەرجكراوە، بەڵام پیشەیی لە جێبەجێكردندا نییە، هەربۆیە ئەو گەندەڵییە دارایی و ئیدارییەی كە لە جەستەی دەوڵەت دەخوات و زیانێكی زۆری بە وڵات گەیاندووە، زۆر لە تیرۆر ترسناكترە، بۆنموونە پارەیەكی یەكجار زۆر لە كارەبا خەرجكرا، لەكاتێكدا تاكو ئەمڕۆیش كارەبامان نییە، هاووڵاتیان بەدەست نەبوونی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانەوە دەناڵێنن، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە خزمەتگوزارییەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، پێویستە خزمەتیان بكەین بەو ئاستەی كە ئەوان دەیخوازن، ناكرێ هاووڵاتی جێبهێڵین بەبێ شوێنی نیشتەجێ و بەبێ خزمەتگوزاری، ئەمڕۆ هاووڵاتی تەنانەت بەدەست نەبوونی بچووكترین كۆڵەگەكانی ژیان دەناڵێنێت، هەربۆیە ئەمانەن كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان كە هۆكار بوون لە پشت راپەڕینی خەڵكەكە.
* خەڵكی دەڵێن خۆپیشاندانەكان زیاتر لەسەر زیندانكراوەكانە، لەكاتێكدا كێشەی زیاتر هەیە لەڕووی خزمەتگوزارییەكان و نەوت و كارەبا و دامەزراندن بەتایبەتی لە ئەنبار و سەڵاحەددین، بۆچی تەنیا داواكاری بۆ ئازادكردنی زیندانەكان هەیە و نەك بۆ كێشە و گرفتەكانی دیكە؟
- نەخێر داواكارییەكان زۆرن و تەنیا لەسەر زیندانكراوەكان نییە، پێش هەموو شتێك داواكاری هەیە لەبارەی یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای ریشەكێشكردن، بەتایبەتی لەڕووی ریشەكێشكردنەوە، لەبەرئەوەی دەبینین لە هەندێ حاڵەت و سەبارەت بە هەندێ كەس ئەو یاسایە نایگرێتەوە و هەڵاوێر كراوە، بەڵام لە حاڵەتی دیكەدا دەبینین دەیگرێتەوە، بەڵكو بە زیاتریش لەسەری پیادە دەكرێت، هەربۆیە لایەنەكان زۆرن: ئێمە 14 داواكاریمان هەیە كە یەكێك لەو 14 داواكارییانە تایبەتە بە زیندانییەكان ئەویش تەنیا زیندانییە بێتاوانەكان، لەبەرئەوەی خەڵكی بێتاوان هەن زیندانیكراون، زۆر كەس هەن لە زیندانییەكان كە تاكو ئەمڕۆیش نەنێردراون بۆ بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە، هەربۆیە ئەمە ئەو داواكارییە سەرەكییانەن كە ئێمە بەرزمان كردوونەتەوە و نەك ئەوەی كە داوابكەین بۆ ئازادكردنی تاوانباران و بكوژەكان و تیرۆریستان، ئێمە هەرگیز داوای ئازادكردنی تیرۆریستەكان ناكەین، نە داوا دەكەین لێبوردنیان بۆ بكرێت و نە داوایش دەكەین ئازاد بكرێن.
* ئەگەر خۆپیشاندانەكانیان بە زەبری هێز كپكردەوە – وەكو ئەوەی سەرۆك وەزیران بانگەشەی بۆ كرد – هەروەها كاتێك كە هەڕەشەی كرد و گوتی ناكرێت پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی ئەنجام بدات، ئێوە لەو حاڵەتەدا چ وەڵامێكتان دەبێت؟
- هەرگیز باوەڕناكەم هێزە ئەمنییەكان و سوپا خۆیان لە لێدانی خۆپیشاندەران بگلێنن، بەڵكو پێچەوانەی ئەو شتەمان بینی كاتێك بینیمان هێزە ئەمنییەكان و سوپا پارێزگارییان لە خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران دەكرد و تەنانەت گوتاربێژی خۆپیشاندانەكان رێزیان لە سوپا گرت و ئەو هەڵوێستەیان بەرز نرخاند و داوایانكرد سوپا هاوشێوە بێت لەگەڵ سوپاكەی میسر كە لە رۆڵەكانی گەلەكەی خۆی نەدا و پارێزگاریی لە خۆپیشاندەرانی كرد، هەربۆیەش ئەمە تێگەیشتنی ئێمەیە سەبارەت بە سوپای عێراق و هەرگیز باوەڕناكەم سوپا بجووڵێتەوە و هیچ فرمانێك جێبەجێ بكات كە مەبەستی لێدانی خۆپیشاندەران بێت.
* خوێندنەوەت لەسەر لێدوانەكەی سەید موقتەدا سەدر چییە؟
- ئێمە و هەموو وتاربێژەكانی هەینی بەگشتی، هەڵوێستەكەی موقتەدا سەدرمان بەرز نرخاند و پشتگیریمان لەهەموو جموجۆڵێك كرد كە لەپێناو دەربڕینی وشەی راستیدا بخرێتەگەڕ، لەبەرئەوەی تاكو ئەمڕۆیش زوڵم لە عێراق هەیە و تا زوڵم مابێ ئێمە پێداگری دەكەین لەسەر بەرزكردنەوەی داواكاری بۆ لابردنی زوڵمەكە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ مەسەلەكە تایفەگەری نییە، بەڵكو پەیوەستە بەوەی كە گەلی عێراقی دووچاری زوڵم و مەینەتیی بووەتەوە بەگشتی، هەربۆیەیش داوا لە مەرجەعییەت كرا كە ئەویش هەڵوێستی هەبێت لەبەرامبەر ئەو زوڵمە، لەڕاستیدا هەموو سەركردە سیاسییەكان بەگشتی پشتگیرییان لە خۆپیشاندانەكان كرد.
* بۆ ئەوەندە دواكەوتن و بۆ پێشتر داواتان نەكرد، بۆ نموونە پار، پێشتر، بۆچی ئەمڕۆ؟
- شتەكان كەڵەكەیان كرد و بارەكە گەیشتە ئەو ئاستەی كە تەنانەت ئەمڕۆ خەڵك ئارامی نەماوە، بەڵگەیش ئەوەیە كە ئەو جەماوەرەی رژاونەتە سەر شەقامەكان ژمارەیان یەكجار زۆرە و ناڵێم بە سەدان، بەڵكو پێموایە كە ژمارەیان گەیشتووەتە هەزارەها هاووڵاتی، لە هەموو پارێزگاكانی دیكەیشەوە: لە بەغداوە و لە كەربەلاوە و وابزانم لە بابلیشەوە ژمارەیەك هاتن، خەڵكانێكی زۆر هاتوون، مەبەستم لەوەدایە كە جموجۆڵێكی جەماوەریی گەورە دەبینین لە سەرجەم رۆڵەكانی عێراق و هەموویان خواست و داواكاری بەرزدەكەنەوە، هەمووشیان خەڵكانێكی زوڵملێكراون، خۆ تەنیا ئێمە زوڵملێكراو نین لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەوان لە ئێمە زیاتر زوڵمیان لێكرابێت، هەربۆیەش شەقامی عێراقی بە گشتی وروژا، خۆپیشاندانەكان هەموو عێراقی گرتەوە.