دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بۆ گوڵان:مالیكی دەڵێت با بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە بەڵام هەنگاوەكانی ئاماژەن بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە

دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بۆ گوڵان:مالیكی دەڵێت با بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە بەڵام هەنگاوەكانی ئاماژەن بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە
سەبارەت بەبارگرژی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی بەغداو دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەڵكشانی ئاڵۆزییەكانی نێوان بەغداو هەولێر، بەڕێز دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمشێوەیە باسی لەو كۆبوونەوەیە كردو وتی: لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە سەرۆك وەزیران نوری مالیكی ئامادەبوو، تیایدا سەرۆك وەزیران سەبارەت بە كێشەكانی ئەم دواییەی ناوچە دابڕێنراوەكان رای خۆی دەربڕی، ئێمەش وەك وەزیرە كوردەكان كە هەموومان یەك هەڵوێستمان هەبوو رای خۆمان دەربڕی و جەختمان لەسەر ئەوەكردەوە دەبێت ئەم بارگرژی و بارودۆخە ئاڵۆزە هێوربكرێتەوەو لە ڕێگای دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەری كێشەكان بكرێت نەك لەڕێگای سەربازییەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەش دا هەمووان دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین كە بارگرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی بەغداو حكومەتی هەرێم مەسەلەیەكی نوێ نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی و دەستووری و یاسایی هەیە، هەربۆیە بەراوبۆچوونی من ئەم مەسەلەیە تەنیا لەڕێگای چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەو گفتوگۆوە چارەسەری بۆ دەكرێت. لەلایەن خۆشیەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی ئامادەیی خۆی دەربڕی تاوەكو گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانێت چی كەموكوڕی و خیلافێك لەنێوان هەردوولادا هەیە . هەروەها زۆربەی وەزیرەكان لە هەموو لیستەكان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە ئاڵۆزی و بارگرژییەكان روو لەهەڵكشان بكات، ئەوانەی لەو دانیشتنەش دا قسەیان كرد هەموویان ئارەزووی هێوركردنەوەو راگرتنی هەڵكشانی بارگرژی و ئاڵۆزییەكانیان دەكردو داوای دانوستاندن و گفتوگۆیان دەكرد، هەندێكیان پێشنیاری تریان هەبوو بۆ ئاشتی تەنانەت مالیكیش ئاماژەی بەوە دەكرد كە ئارەزووی هەڵكشانی بارگرژی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكەو شەڕی نییە، هەربۆیە بەگشتی سەرجەم وەزیرەكان داوایان كرد ئەم كێشەیە لەڕێگای دانوستاندن و گفتوگۆی سیاسیانە چارەسەر بكرێت، تاوەكو هەردوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی كوردستان بگەنە دەرئەنجامێكی گونجاو و جێی رەزامەندی هەردوو لایەن)).
لەلایەكی دیكە و سەبارەت بە ئاراستەی تەنگژە بەوەی ئایا بەرەو هێوربوونەوە دەچێت یان هەڵكشانی زیاتر، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان وتی: (ئەوەی من تێبینی دەكەم ململانێیەكەی ئەم دواییەی كە لەناوچە دابڕێنراوەكان لەنێوان حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتۆتەوە بەرەو هەڵكشان دەچێت نەك هێوركردنەوە، تەنانەت ئەم بارگرژی و هەڵكشانی ململانێیە لەلێدوانەكاندا بەروونی دەردەكەوێت بەتایبەتی لە لیستی دەوڵەتی یاسا و ئەو لایەنانەی تر كە سەر بەلیستی مالیكین كە لێدوانەكانیان توندوتیژی و هەڵكشانی پێوەدیارە، تەنانەت لەسەر ئەرزی واقیعیش جموجوڵەكانی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لای هەمووان ئاشكرایە كە تا ئێستاش هەر بەرەو بارگرژی و كۆكردنەوەی هێز دەچێت و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆڵی لەهەڵكشانی ئەو بارگرژی و ئاڵۆزییە هەیە، بەڵام قەناعەتیشی هەیە كە ئەم هەڵكشان و ئاڵۆزییەو كەوتنەوەی شەڕێك لەناوچەكە لەبەرژەوەندی هیچ لایەك نییە، بەراوبۆچوونی من مەسەلەكە پێوەندی بەكێشەی تائیفی و ناكۆكیەكانی ناوخۆی حكومەتی ناوەندی و بگرە بارودۆخەكەی سوریاو ئاڵۆزییەكانی سەرجەم ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە هەیە، هەربۆیە چارەسەری بارودۆخەكە پێویستی بەدانوستاندنی بەردەوام هەیە و دەبێت ئەمریكاش رۆڵی هەبێت لەراگرتنی بارگرژییەكان، بەپێچەوانەشەوە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ بەدوور نازانم .
سەبارەت بە ئامانجی نوری مالیكی لە هەڵكشانی ئەم تەنگژەیە و مەرامە سیاسیەكانی، دیندار دۆسكی لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان ئاماژەی بەوەكرد: (مالیكی تا ئێستا بۆ هێوركردنەوەی بارگرژییەكان و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە لەناوچە دابڕێنراوەكان لەلایەك و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی بەغدا لەلایەكی ترەوە كاری نەكردووە و هیچ هەنگاوێكی نەناوە بەپێچەوانەوە بارگرژییەكان بەرەو هەڵكشانە، تەنانەت ئێستا مالیكی خۆی ئامادە دەكاتەوە تا هێزە سەربازییەكان لەشوێنەكانی دیكە بگوازێتەوە بۆ نزیكی هەرێمی كوردستان، هەربۆیە بەڕای من تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ هێوركرنەوەی بارودۆخەكە تەنانەت لێدوان و راگەیاندنەكانی توندوتیژییەكانی ئەوانەی سەر بەدەوڵەتی یاسان و جوڵاندنی بەردەوامی هێزە سەربازییەكان ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە)).
Top