پەرلەمانتار فاتیح دارئاغایی بۆ گوڵان:پەرلەمانی عێراق ئەو سەنگەی نەماوە تا بتوانێت بۆ هیۆركردنەوەی بارودۆخەكە رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت

پەرلەمانتار فاتیح دارئاغایی بۆ گوڵان:پەرلەمانی عێراق ئەو سەنگەی نەماوە تا بتوانێت بۆ هیۆركردنەوەی بارودۆخەكە رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت
فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی عێراق وەك هەوڵێك بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و بەگەڕخستنی توانای پەرلەمان بۆ ئاسایسكردنەوەی بارودۆخەكە بەیاننامەیەكیان ئامادەكردبوو كە لەناو پەرلەمانی عێراقدا بیخوێننەوە، بەڵام خوێندنەوەی ئەم بەیاننامەیە بە بیانووی جیاواز رێگەی پێ نەدرا، سەبارەت بەو بیانووانەی بۆ ئەم مەبەستە هێنراونەوە، پەرلەمانتار فاتح دارا ئاغایی لە لێدوانێكی تایبەت بەگوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم پرسە هاتە ئاخاوتن: (لە ئامادەكردنی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەدا راو بۆچوونی زۆربەی كوتلە سەرەكیەكانمان وەرگرت، كە هەر هەموویان رازی بوون بەخوێندنەوەی بەیاننامەكە جگە لەكوتلەی دەوڵەتی یاسا، بەشێوەیەكی گشتی بەیاننامەكە پوخت و هاوسەنگ و دەوڵەمەند بوو، بەڵام قوسەی سوهەیل جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە سەرەتا ئەو لەو كۆبوونەوەكە ئامادەبوو و دواتریش كە ئوسامە نوجیفی سەرۆكی پەرلەمان هات بەپاساوی ئەوەی بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزتر دەڕوات بۆ یە ڕێگریان لەخوێندنەوەی بەیاننامەی فراكسیۆنە كوردستانیەكان كرد)).
هاوكات ئێستا ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەهەوڵی ئەوەدایە كە میانگیری لەنێوان هەرێم و بەغدا بكات، سەبارەت بەم هەوڵە پرسیار ئەوەیە ئایا پەرلەمانی عێراق ئەو توانایەی ماوە بتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەشدا دارا ئاغایی وتی: (ئاشكرایە پەرلەمانی عێراق سەنگی ئەوەی نەماوە نێوانگیری بكات لەنێوان لایەنەكان، چونكە پەرلەمان پێكهاتەی لایەنەكانە، بەڵام لەڕووە سیاسییەكەیەوە كە ئوسامە نوجێفی كەسایەتییەكە سەر بەلیستێكی گەورەی وەك لیستی ئەلعێراقییە، پێدەچێت بۆ هێوركردنەوە بارودۆخەكە كاریگەری هەبێت، بەڵام بارودۆخەكە نە بەسەردانی ئوسامە نوجێفی و چەندین سەردانی دیكەش ئاسایی نابێتەوە، بۆیە پێویستە كێشەكان بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەر بكرێن. لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە ئێستا بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت و پێویستی بەچارەسەری ریشەیی هەیە، ئەم چارەسەرە ریشەییەش تا ئەو ساڵ و نیوەی خولی پەرلەمان تەواو دەبێت بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە، هەڵبژاردنێكی دیكە بڕیار دەدات چارەسەری بارودۆخەكە چۆن دەبێت)).
سەبارەت بەیەكڕیزی و هەڵوێستی یەكگرتووی كورد لە بەغدا، وەك پەرلەمانتارێكی سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی پرسیاری ئەوەمان لێكرد ئایا ئەوان وەك كۆمەڵی ئیسلامی چۆن سەیری یەكڕیزی نێوماڵی كورد دەكەن لەم بارودۆخەدا، لەمبارەوەش وتی: (پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمان لەسەروو هەموو تەنگژەو ناتەبایی و ناڕێكییەكەوە دێت كە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە ئێمە لەمەسەلەی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەكەمان بەسەر هەموو بەرژەوەندییە حزبی و مەزهەبیەكان داناوە، چونكە بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمان بەرژەوەندی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە كە ئامانجی سەرەكی ئێمەیە، بەمەش بەرژەوەندی و ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانەكەشمان پارێزراو دەبێت)).
Top