ئەیاد سامەرایی بۆ (گوڵان):ئەم بارودۆخە نیشانەی شكستی حكومەتە وبۆ شاردنەوەی شكستەكەیان گرفتی دیكە دروست دەكەن

ئەیاد سامەرایی بۆ (گوڵان):ئەم بارودۆخە نیشانەی شكستی حكومەتە وبۆ شاردنەوەی شكستەكەیان گرفتی دیكە دروست دەكەن
ئەیاد سامەرایی كەسایەتی دیاری گۆڕەپانی سیاسی عیراق، چەندین پلەی حزبی وحكومی هەبووەو لە ساڵی 1991 لە تاراوگە سەرۆكی حزبی ئیسلامی عیراقی بووە، لە 2009 كە سەرۆكی بەرەی تەوافوق بووە كراوە بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق،رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ئەدای كاری پەرلەمانی، لەم دیدارەی(گولان)دا بەڕاشكاوی ڕاوسەرنج و بۆچوونی خۆی دەربارەی پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عیراق و ڕۆڵی دیالۆگ لە چارەسەركردنی كێشەكان وئەدای حكومەتی خستەڕوو.
* سەبارەت بە پێشهاتەكانی سیاسی بەتایبەتیش ئەو پەرەسەندنانەی گرژیی راگەیاندن لەلایەن حكومەت یان پەرلەمانتارانەوە، بەڕای جەنابتان تا چەند ئەو لێدوانە راگەیاندنانە كاریگەرییان دەبێت؟

- هەڵكشانی ئەم جۆرە گرژییە لە راگەیاندن دەبێتە هۆی راگرتنی پرۆسەی سیاسی و بەڵگەی شكستهێنانی ئەوپرۆسەیەیە بەتایبەتی لای ئەوانەی كاروباری وڵات بەڕێوە دەبەن، ئەمەش بۆ شاردنەوەی شكستەكەیانە لەباتی ئەوەی گرفت وكێشەكان چارەسەر بكەن پەنا دەبەنە بەر خوڵقاندنی كێشەی زیاتر وئاڵۆزتر،ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە هیچ شێوەیەك خزمەتی وڵات وگەل ناكات كەبەدەست دەیان كێشەوە دەناڵێنێت، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەم جۆرە گرژییانەدا نین و هەوڵ دەدەین بارودۆخەكە هێمن بكەینەوە.

* ئایا پێتان وانییە كە نەبوونی متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هۆكارە بۆ نەخستنەڕوو سەرنەكەوتنی هیچ دەستپێشخەرییەك،بۆ نموونە هاوپەیمانیی نیشتمانی كارنامەی چاكسازی خستەڕوو، بەڵام تا ئێستا هیچ لەم دەستپێشخەرییانە بە ئاكام نەگەیشتوون؟

- بوونی متمانەو بڕوابوون بەلایەنی بەرامبەر لە كوێوە دێت، خۆ نابێ تۆ داوا لەلایەنی دیكە بكەیت متمانەت پێ بكات،ئەمەش لە پیادەكردنی كردەوەی باش و بەسوودەوەیە، ئێمە پێمانوایە كە ئەم گرفتە تەنیا بە ئەنجامدانی دیالۆگ و وتوێژكردنی زیاتر چارەسەردەكرێت.چونكە بەم شێوەیە لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان متمانە دێتەئاراوەو دەچەسپێت،مەرجیش نییە لەكاتی دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆدا لایەنێك بتوانێت ئەوەی دەیەوێت بەسەر لایەنەكانی دیكەدا بیسەپێنێت، بەڵام نیازپاكی و ئەو مەبەست وئامانجانەی لە پێناویاندا دەخرێنەڕوو متمانەكە زیاتر بەهێزدەكەن.

* سەبارەت بەحكومەتی ئێستا،پێتان وایە ئەم حكومەتە بەم هەموو گرفت و كێشانەی تێی كەوتووە بتوانێت بەردەوام بێت، یان رێگەچارەی دیكە هەیە بەم ئاراستەیەدا؟

- تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە هیچ شێوەیەك چاكسازی و بەرەپێشچوونی ئیجابییانەی ئەو حكومەتە بەدەرنەكەوتووە، چاكسازی لەو بوارانەی كە پێویستە سیاسەتكارانی عیراق پێوەی پابەندبن وخزمەتی وڵاتەكەیانی پێبكەن، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە كاروباری ئەم حكومەتە تا كۆتایی ئەم خوولە هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بەڵام كە دێمەسەر كوالیتی كاركردن و چارەسەركردنی گرفت وكێشەكان هیچ پێشكەوتنێكیان تێدا نابینم، چ لەسەر ئاستی حكومەت بێت یان لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا، تەنانەت هیچ دەستپێشخەرییەكی جیددیش لەم ڕووەوە لەئارادا نییە.


* ئەو حكومەتەی كە لەئاییندەدا پێكدەهێنرێت، هەر ئەوكەسانە دەگرێتەخۆی كە ئێستا لەحوكم وگۆڕەپانەكەدان، پێتان وانییە هەمان سیناریۆ دووبارەدەبێتەوە؟

- لێرەدا داوا لە هەموو سیاسەتمەدارەكان دەكەم كە بەناوی جەماوەری عیراقەوە قسە لەگەڵ جەماوەرەكەی خۆیاندا نەكەن، بۆ نموونە سیاسەتمەداری كورد و شیعە ئەوانی دیكە كاتێك قسە لەگەڵ جەماوەری خۆیان دەكەن با بەناوی هەموو جەماوەری عیراقەوە نەبێت، لەڕاستیدا ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە گەلی عیراق قسەی خۆی هەبێت و ڕای تەواوی خۆی لەسەر هەموو كاروبارێك بخاتەڕوو، بۆ نموونە بەردەوام دەبینین كە خەڵكانێك گلەیی و گازاندەیەكی زۆریان لەسەر ئەدای حكومەت هەیە وبێن هەمان ئەودەم و چاوانە هەڵبژێرنەوە كە بەرپرسیارن لەكەموكورتییەكانی ئەم ئەدایە؟ بۆیە پێویستە لەسەر سیاسەتمەداری عیراقی كاتێك قسەدەكات بەڕوونی و ئاشكرا نیازپاكی و مەرامەكانی خۆی بۆ هاووڵاتیان دەربڕێت و دیدوبۆچوونی ڕاستەقینەی بۆ ئاییندە بخاتەڕوو نەك فێڵیان لێبكات، تا هەموو تاكێكی ئەم وڵاتە لێی تێبگات لەبەر ڕۆشنایی ئەم متمانەیەشدا لە سندوقەكانی دەنگداندا هەڵیبژێرێت.

*بەرێز سەرۆك كۆمار لە بارودۆخەكە نیگەرانە، ئایا چۆن سەیری نیگەرانیەكانی دەكەیت؟

- ئەوەی دەیزانم كە بەڕێز جەلال تاڵەبانی بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا بووە كەڕۆڵی ئیجابی بگێڕێت بۆ كۆكردنەوەی لاینەكان و دەربازكردنبی عیراق لەو تەنگژە ئاڵۆزەی ئێستا، كە مایەی خۆشحاڵی و پێزانینە،بەڵام بەداخەوە دەرفەتی ئەوەم نەبووە بەدیداری بگەم بەر لە گەڕانەوەی بەڕێزیان بۆ شاری سلێمانی.
Top