ئەیاد جەمالەدین بۆ گوڵان:بارودۆخی عێراق چۆن بە خەڵكانێك چارەسەر دەكرێت كە خۆیان هۆكاری كێشەكە بن
November 15, 2012
دیمانەی تایبەت
ئەیاد جەمالەدین، سیاسەتمەدارێكی ناوداری عێراقییەو یەكێكە لە پیاوانی ئایینی شیعە مەزهەب و سەر بە حزبی ئەحرارە كە لە ڕیزی لیستی عیراقیەدایە، ساڵانێكی زۆریش خەباتی دژی ڕژێمی سەركوتكاری بەعس كردووە و دوای ڕووخانی ئەم ڕژێمە گەڕاوەتەوە وڵات، وێڕای شارەزایی تەواو لە بواری فەلسەفەو ئایین، وەكو سیاسەتمەدارێك پشتگیری لەدیموكراسییەت دەكات و دژی دامەزراندنی دەوڵەتی سیستمی ئایینی یان ویلایەتی فەقیهیە، بەڵكو لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەلمانییە كە دووربێت لە دەست تێوەردانی مەرجەعیەكان و بتوانێت ماف و ئازادیی گشت پێكهاتەكان مسۆگەر بكات، لەوتووێژیكی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری (گوڵان)دا، بە ڕاشكاوی تیشكی خستە سەر پێشهات و ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەدای حكومەتی ئێستای عێراق و ئاییندەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دەربڕی.* ئەو حكومەتەی لە ئاكامی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای شەراكەت هاتە ئاراوە، ئایا بۆچی ئەم حكومەتە نەیتوانی سەركەوتوو بێت؟
- ئەوشێوازەی كە ئەوحكومەتەی پێ دامەزرا، بریتی بوو لە (تەوافوقـ)ـێكی سیاسی، ئەمەش لەخودی دەستووردا ئاماژەی پێكراوە، واتا بە ڕێككەوتنی نێوان هەموولایەنەكان بوو، ناكرێ بە منەتێك بەسەر خەڵكەوە حسابی بۆ بكرێت، دیارە بەپێی ڕێككەوتنی نێوان ئەو لایەنانە وا پێویست دەكات كە لە كۆتایی ئەم خولەی هەڵبژاردن، ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق دوو ڕێگەچارە بگرێتەبەر، یان ئەوەتا دەنگ بدات بەپێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی یانیش دیسان كۆدەنگییەك بێتە ئاراوە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی تەوافوقی، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دامەزراندنی ئەم جۆرە حكومەتانە (تەوافوقی)، گوزارشت لەقۆناغی گواستنەوە دەكات، هەر ئەمەشە بەڕاوبۆچوونی من هۆی سەرەكی لەپەككەوتنی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق كە دەرئەنجامی ئەو ناتەوافوقییەیە، كە لەرواڵەتدا بە مانای تەوافوقە، بەڵام لەناوەڕۆك و كردەوەدا تەوافوقی سیاسی تێدا بەدی ناكرێت، چونكە ئەولایەنانەی بەشدارن لەم تەوافوقە دەكەن بریتین لەچەند كەسایەتی و گرووپی ڕكابەر كەهیچ خاڵی كۆكەرەوەیان لە نێواندا نییە و لەسایەی ئەوانیشدا هەمووكایەكانی ژیانیان لەعێراق پەكیان كەوتووە، ئەوانە تەنیا لە دوو باڵەخانە بەیەكدەگەن، كە بریتین لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران، لێرەدا دەمەوێت ڕاشكاوانە بڵێم هەر دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەم پەككەوتنە لە ئەستۆبگیرێت و دامەزراندنی حكومەتی زۆرینەی سیاسی لە قۆناخی داهاتوودا بیرۆكەیەكی باشە، ئەوكاتە دەتوانین بە ئاشكرا ئەو لایەنە دەستنیشان بكەین كە كاری باش و خزمەتی زۆر پێشكەش دەكات و گلەیی و گازاندەش ئاراستەی ئەوانە بكەین كە خزمەتی گەل ناكەن، كەچی لەم ڕەوشەی ئێستادا ناتوانین بەرپرسیارێتیی و گازاندە بخەینە ئەستۆی هیچ لایەنێك، ناتوانین بڵێین سەرۆك وەزیران یان سەرۆك كۆمار یاخود سەرۆكی پەرلەمان یانیش وەزیرەكان لێی بەرپرسیارن، چونكە هەموویان پشكدارن و بەشداریش نین، بۆیە لێرەدا بەرپرسیارییەتەكە ون بووەو ناتوانین شكستەكە بەتەنیا بخەینە ئەستۆی هیچ لایەنێكی دیاریكراو، بۆیە لێرەدا كە دێینە سەر هۆكارەكە هەموومان تۆمەت ئاڕاستەی لایەنەكەی دیكە دەكەین.
* ئایا پێتانوانییە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە حكومەتی شەراكە شكستی هێناوە؟
- بێگومان سەد دەرسەد ئەمە ڕاستە كە حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی سەركەوتوو نەبووە، هەمووشمان د‌رك بەو ڕاستییە دەكەین، بەڵام حەزدەكەم ئاماژە بەوە بكەم كە ئەو حكومەتە زۆرینەی من مەبەستمە لە پەرلەمانی ئێستا بەرهەم نایەت، چونكە خودی ئەم پەرلەمانە لەسەر بنەمای تەوافوقێكی سیاسی هاتۆتەكایەوە، بۆیە لێرەدا باشتر وایە چەند ڕێگەچارەیەك دەست نیشان بكەین، یان بانگەشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ و پێشوەختە بكرێت، یان ئارام بگرین ئەو حكومەتە شكستخواردووە بەردەوام بێت تا كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانیی ئێستا، دواتر پەرلەمانێكی تازە پێكبێت و حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی بەرهەمبێنێت، دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە حكومەتی ئێستای عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهێنراوە و بەڕەمەكی نەبوو كە مالیكی كرا بە سەرۆك وەزیران و نوجەیفی بە سەرۆك پەرلەمان و تاڵەبانی بە سەرۆك كۆمار، ئەم پۆستانە دەرئەنجامی تەوافوقی لایەنەكانە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ لایەنێك بەتەنیا ناتوانێت بانگەشە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی بكات.
* ئەوەی ئێستا تێبینی دەكرێت هەموو لایەنەكان بانگەشەی جێبەجێكردنی دەستوور و پیادەكردنی دیموكراسییەت دەكەن، بەڵام بەكردەنی هەستی پێ ناكرێت، تۆبڵێی ئەم حكومەتە زۆرینەیە بتوانێت عێراق ڕزگار بكات؟
- چۆن دەتوانین لە كەسانێك چاوەڕێی ئومێدی ئەوەبین ئەم وڵاتە لەم مەینەتییە ڕزگار بكەن كەهەر خۆیان هۆكاری سەرەكی كێشەكانن، مەسەلەكە وەك ئەوە وایە یەكێك ببێت بە پزیشك كە هەر خۆی نەخۆش بێت، بەڵام خۆی نازانێت كە نەخۆشە، ئەم قۆناغە پێویستی بەوە بوو كە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا بە وردیی چاودێری قۆناغی گواستنەوەیەیان بكردایە، بەڵام پاشەكشەی ڕۆڵی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێگەی بۆ ئێران خۆشكرد دەست بخاتە ڕەوشی سیاسیی عێراق و هەژموونی خۆی بخاتەگەڕ، ئەو تەنیا عێراقی كردووە بە بارمتە، بەڵام نازانن كە هەر ئەمریكا بوو ڕژێمی پێشووی ڕووخاند و ئەم دیموكراسییەتەی ئەمڕۆی دامەزراند و ئەو خەڵكانەی گەیاندە دەسەڵات، بەڵام ئەمڕۆ پشتیان لە ئەمریكا كردووە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵات و بەرژەوەندییە سیاسییەكانی وڵاتانی ئیقلیمی كردووە، هەر ئەمەشە هۆكاری گەیشتنی عێراق بەم ڕەوشە كە ئەو ستافە سیاسییە حوكمڕانەی ئێستا لەجیاتی ئەوەی بیر لە بەرژەوەندیی گەلەكەیان بكەنەوە ئەجیندای ئەو وڵاتە پیادە دەكەن، هەربۆیە من بەرپرسیارێتییەكە بەتەواوەتی دەخەمە ئەستۆی عێراقییەكان، ئایا ئەوان خوازیارن حكومەتێكی ئایینیان هەبێت، كە ڕۆڵی دەوڵەتێكی دراوسێی بەسەرەوە بێت، یاخود حكومەتێكی نیشتمانی كە ئاسایش و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكات؟ دیارە هەر لەساڵی 2003ـەوە تاكو ئەمڕۆ بە دەست نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنین، ناشتوانین لایەنێك تۆمەتبار بكەین بەجیا لە لایەنەكانی دیكە، پێشبینی ئەمە لە ڕووخاندنی سەددام نەدەكرا، هەموو جیهان هات بۆ ڕووخاندنی سەددام و بۆ پێكهێنانی حكومەتێك ڕێز لە گەلی عێراقی بگرێت و بەهای مێژووی عێراق بزانێت و سامانەكانی عێراق بپارێزێت، بەش بەحاڵی خۆم من لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسیم، بەڵام پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانیی پێشوەختە بۆئەوەی پێكهاتەیەكی حكومیی نوێی لێ بەرهەمبێت.
* ئایا پاش دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئۆباما وەكو سەرۆكی ئەمریكا پێتوایە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بگۆڕێت؟
- ڕەنگە گۆڕانكاریی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا بكرێت، پاش گۆڕینی خاتوو هیلاری كلنتۆن، قسە هەیە لەسەر هاتنی جۆن كێری یان چەندین كاندیدی دیكە بۆ شوێنی ئەو، پێشبینی دەكەم گۆڕانكاری ڕووبدات بەتایبەتی لەبەرامبەر ئێران و تەنانەت هاوپەیمانەكانی ئێرانیش لە ناوچەكەدا، هەربۆیە كەشوهەواكە گەشبین و لەبار نییە لەهەمبەر ئێران، لەبەرئەوەی دەبێت ئێران ملكەچ بێت بەرامبەر مەرجە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو لەسەر هەڵوێستی ئێستای، ئەوكاتە هاوسەنگییەكە دەگۆڕێت، سەركەوتنی ئۆباما لەم خولەی دووەمی سەرۆكایەتی و هاتنی كۆمارییەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاریگەریی توند و یەكلاكەرەوەی لێدەكەوێتەوە لەسەر ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.
* پێتوایە ڕژێمەكەی ئەسەد لە سوریا بڕووخێت و ئاكامەكانی ئەم ڕووداوە لەسەر عێراق چۆن دەبینن؟
- پێش هەموو شتێك، من پێشبینیی ڕووخانی خودی ڕژێمی بەشار ئەسەد ناكەم، بەڵكو پێشبینی ڕووخانی سوریا وەك دەوڵەت دەكەم بەگشتی، لەبەرئەوەی ڕووخاندنی ئەسەد تەنیا لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەكەی دەبێت بەشێوەیەك كە دامەزراندنی چەند دەوڵەتێكی لێبكەوێتەوە، بۆ عەلەوییەكان و بۆ دروز و بۆ كورد، هەربۆیە كۆتایی سوریا پەیوەستە بە كۆتایی بەشار ئەسەد، لەلایەكی دیكەشەوە، هەروەها پێموایە كۆتایی سوریا بەواتای كۆتایی عێراق، لەبەرئەوەی ئەوكات عێراقیش دابەشدەبێتە سەر ژمارەیەك دەوڵەت و بەهەمان شێوەیش توركیا‌و ئێران، كەواتە نەخشەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
* ئایا مەبەستت لەمە، هەڵوەشاندنەوەی عێراقە بۆ دەوڵەتی شیعە وسوننە؟
- نەك بە تەنیا دەوڵەتی شیعە و سوننە بەڵكو دەوڵەتی كوردیش، سەد لە سەد ئەگەر بەشار ئەسەد ڕووخا ئەوە عەلەوییەكان بە هیچ شێوەیەك بەئاسانی خۆیان بەدەستەوە نادەن، ئەو گرووپە خەڵكە هەر لەسەرەتای درووستبوونیانەوە و تاكو ئەمڕۆیش، چەندین ساڵە یان زیاتر دووچاری كۆمەڵكوژی بۆتەوە و نەك تەنیا فەرامۆشی و دوورخستنەوە و سووكایەتی بەڵكو كۆمەڵكوژی، بەدرێژایی ئەو مێژووە هەزار ساڵەیاندا تەنیا لە 40 ساڵی ڕابردوودا حوكمیان كردووە ئەویش لەسەردەمی حافز ئەسەد و كوڕەكەی، هەربۆیە مەحاڵە دووبارە بێن و خۆیان ڕادەستی حوكمی تازەوە بكەن، ئەگەریش هات و سوریا دابەشبووە چەند دەوڵەتێك كە دەوڵەتێكی عەلەوی و دەوڵەتێكی دروزی و دەوڵەتێكی كوردی و دەوڵەتێكی سوننی، ئەوكات ئەو گڕەی كە لە شامەوە دێت دەگاتە عێراقیش، لەبەرئەوەی لە عێراقیش دەنگی زۆر هەیە كە بانگەشە بۆ سەربەخۆیی كوردستان و شیعەستان و سوننەستان دەكەن، ئەگەریش هات و عێراقیش دابەشبوو، ئەوكاتە پریشكی ئاگرەكەی لەناو سنوورەكانی ناوەستێت، بەڵكو پەلدەهاوێژێت بەرەو عەرەبستانی سعودیە و ئێران و توركیا و لەئاكامیشدا نەخشەی ناوچەكە بەتەواوەتی دەگۆڕێت، هەربۆیە، هێشتا بەشار ئەسەد كارتی زۆری لەدەستداماوە كە دەتوانێت بەكاریانبێنێت و لەگەڵ جیهاندا سازشیان پێ بكات، ڕێككەوتننامەی تائیف ڕێككەوتننامەیەكە لەنێوان سوریا و عەرەبستانی سعودیە و سەقامگیریی لوبنانیش دەرئەنجامی ئەم ڕێككەوتنەیە،، لەبەرئەوەی ئەگەر ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ڕووخا ئەوكات ڕێككەوتننامەی تائیف بەكۆتا دێت، هەر بۆیە ئەگەر بەشار ئەسەد سەخڵەتكرا ئەوكات دەڵێت ڕێككەوتنی تائیف هەڵوەشایەوە، هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی تائیفیش واتە دروستبوونەوەی شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی لە لوبناندا. هەروەها ئەمڕۆش گوشار خستنە سەر ئەسەد، واتە هەڵكشانی گرژی مەزهەبی نێوان سوننە و شیعە، من تێڕوانینێكی ڕەشبینانەم بۆ بارودۆخەكانی ئێستا هەیە و پێشبینی دەكەم جەنگێكی گەورە و كاولكاری شیعە - وەهابی بەرپابێت بەهۆی فشارەكانی سەر بەشار ئەسەدەوە، بەكورتی و پوختی: باوەڕناكەم ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد وا زوو بڕووخێت و ئەگەریش ڕووخا، ئەوكات واتای ئەوەیە كە چیتر نەخشەی سوریا وەكو جارانی نامێنێتەوە. نەوزاد جەمال*
نەوزاد جەمال*
مافی سه‌ربه‌خۆیی
هه‌نگاوێ به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت
له ساڵانی رابوردووه‌وه تائێستا په‌یوه‌ندیی هه‌رێم به به‌غداوه ناجێگیره. ئه‌گه‌رچی هه‌رێم هه‌میشه ده‌ستپێشخه‌رو ئاماده‌باش بووه بۆ به‌شداریکردن له‌بڕیاری سیاسیی‌دا به‌تایبه‌ت پرسی ده‌ستورو ته‌بایی، به‌ڵام هه‌ردوولا له‌خوێندنه‌وه‌ی نیازه‌کانی یه‌کتردا دڕدۆنگ و به‌دگومانن. جگه‌له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی تاڕاده‌یه‌کی باش شاره‌زای سیاسه‌ت و ماڵی کورد بووه، به‌تایبه‌ت له‌و رووه‌وه که پاڵپشتی ده‌ره‌کی هانده‌ریانه، وه‌لێ له هه‌ندێ باریشدا هێزه سه‌ره‌کیه‌کانی کوردستان جۆرێ له‌فشار و کارتی خۆیان به‌رامبه‌ر ناوه‌ند تاراده‌ی تێکگیربوون به‌کارهێناوه. به‌شێکی ناجێگیریی په‌یوه‌ندیه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌فتاری سیاسی حکومه‌تی ناوه‌ندیی که به‌پێی ئه‌قڵیه‌تێک ده‌جوڵێته‌وه و له چوارچێوه‌یه‌کدا پێناسه‌یه‌کی بۆ «هه‌رێمی کوردستان» داناوه. به‌شێکیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌تی هه‌رێم خۆی، به‌هۆی زیادبوونی چاوه‌ڕوانیی و گه‌شه‌ی ئابووری و به‌هێزبوونی پێگه‌و ئارامیی، ناوه‌ندیش به‌رگه‌ی ئه‌م پێشهاتانه ناگرێ.
ئیدی ئه‌م دۆخه ناجێگیره، له‌رووی ده‌روونی و سیاسیه‌وه ئێمه‌ی خستۆته به‌رده‌م دووڕیانێک: یا تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یه‌کی شێلگیر به‌ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی(به‌ڵام به‌کامه مه‌رج و فۆرم)؟ یا جیابوونه‌وه‌و خۆ ئاماده‌کردن بۆ سیناریۆ مه‌ترسیداره‌کانی. دیاره ئیختیاری یه‌که‌م، به‌رده‌وام له گوتاری سیاسیی کوردا، رێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاوو واقیعی بووه، به‌ڵام ده‌ستکه‌وتی ئه‌وتۆشی لێنه‌که‌وتۆته‌وه. وه‌لێ ئیختیاری دووه‌میش، له رووی چه‌مکی زانستییه‌وه به‌هێز نییه‌و گومان ره‌وێنیش نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که لێره‌دا به‌ڕاشکاوی قسه‌ی له‌سه‌ر ناکرێ پرسی «سه‌ربه‌خۆییه» وه‌ک رێگه چاره‌یه‌کی تر.
له‌کاتێکدا زۆرێ له سیاسیه‌کان به کورد‌و ئێراقی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌کیشه‌وه «مافی سه‌ربه‌خۆیی» له روانگه‌ی «مافی جیابوونه‌وه»وه لێکده‌داته‌وه، که‌چی دوو چه‌مک و ته‌قەللای جیاوازن. چونکی بنه‌مای تێوریی و واقیعیان یه‌ک نییه. راسته بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌بێ له‌نێو قه‌واره‌ی ئێراقدا بێینه‌ده‌رو ماڵ جیاکه‌ینه‌وه، وه‌لێ سه‌ربه‌خۆیی دۆخێکه له جیابوونه‌وه‌ش گه‌وره‌ترو گشتگیرتره. واته تێپه‌ڕاندنی گوتارێکی کاتی و کاردانه‌وه‌یه‌کی سیاسی و ده‌روونییه. جگه‌له‌وه‌ی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه رانه‌گه‌یاندراون، ماڵجیاییمان کردووه، هه‌مووش ئه‌م راستییه ده‌زانن، به‌ڵام به‌رگه‌ی ئه‌نجام و داهاتووه‌که‌ی ناگرن.
لێره‌دا من داکۆکی له«سه‌ربه‌خۆیی» ده‌که‌م، چونکی وه‌ک مافێکی ده‌ستووریی و گه‌ردوونیی ده‌بینم. هاوکات به‌چاره‌سه‌رو دابینکردنی داهاتووشی ده‌زانم. له‌کاتێکدا جیابوونه‌وه کارتێکی سیاسی «مه‌وداکورته» به‌هه‌میشه‌یی ئامانجه‌کانمان ناپێکێ. له‌م سۆنگه‌وه، بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌که‌م، جه‌خت له په‌یوه‌ندیی نێوان «سه‌ربه‌خۆیی» و چه‌مکی»ئازادی» ده‌که‌مه‌وه. پێموایه ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا ده‌رباره‌ی ئازادی وتراوه، به‌مانایه‌کی تایبه‌ت(زۆرجار به‌رته‌سک) باسکراوه، نه‌ک به‌مانای «رزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی».
سه‌ربه‌خۆی وه‌ک ئازادیی پۆزه‌تیڤ
له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی‌دا دوو جۆر چه‌مک و تێگه‌یشتن له‌ئازادیی هه‌یه: ئازادیی نه‌گێتیڤ، ئازادیی پۆزه‌تیڤ. ئازادیی نه‌گێتیف: رزگاربوونی مرۆڤه له کۆتوبه‌نده‌کانی به‌رده‌م جوڵه‌و بیرکردنه‌وه‌ی. ئازادیی پۆزه‌تیڤ، هه‌نگاو‌ێکی باڵاتر‌و پێشکه‌وتووتره، هه‌ر رزگاربوون نییه له رێگرو کۆسپه‌کان، به‌ڵکو مرۆڤ له‌ناخ و بوونیدا به‌بێ رێگرو کۆتوبه‌ند ئیراده‌ی ئازادێتی خۆی پراکتیزه بکات. به‌واتایه‌کی تر؛ مافێكی ئۆنتۆلۆجی- وجودی- یه که به‌هۆیه‌وه مرۆڤ به‌بێ ترس، بێ فشار مافی ئیختیارکردنی چاره‌نووس و داهاتووی خۆی هه‌بێ. به‌ده‌ربڕینێکی تر؛ بۆ نموونه هه‌رێم ئه‌وه‌نده ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆبێ له دیاریکردنی چاره‌نووسییدا که مانه‌وه‌ی یا جیابوونه‌وه‌ی له ئێراق وه‌ک یه‌ک بێ فشاربێ. واته له هیچ حاڵه‌تیکدا زۆر‌و کۆسپی ناچارکه‌ر نه‌بێ که ئاخۆ کامیان هه‌ڵبژێرێ. ئه‌گه‌ر ویستمان له‌و قه‌واره‌یه‌دا بمێنینه‌وه، ده‌بێ بڕیاره‌که‌مان به‌تۆبزی و ناچاره‌کی نه‌بێ. بڕیاری جیابوونه‌وه‌ش نابێ زاده‌ی ناچاریی به‌هۆی سته‌م و زۆره‌وه، یا هێرش و وێرانکارییه‌وه نه‌بێ. به‌ڵکو سه‌ربه‌خۆییه‌ک که ته‌نها به‌دیهاتنی زاتیه‌تی کورد، وه‌ک مرۆڤ و گه‌ل و کولتور بگه‌یه‌نێ له فۆرمێکدا که «ده‌وڵه‌تسازییه«.
که‌واته ئه‌گه‌ر ئێمه مافی جیابوونه‌وه به‌مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه گرێبده‌ینه‌وه، ده‌بێ به‌هانه‌و پاساو نه‌دۆزینه‌وه بۆ ئه‌و کرده سیاسییه، چونکی ئه‌وه بریاری ئیراده‌یه‌که، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی که چه‌وساوه‌ین، یا ده‌ترسیین (ئه‌گه‌رچی به‌فیعلی ترس و زۆرداری سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌تی فراوانخواز‌ی رژێمه یه‌ک به‌دوایه‌که‌کانی عیراقه بووه). نه‌خێر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وه‌ێ ئامانجێکی وجودیی له دۆخی سه‌ربه‌خۆبوونماندا به‌دیبهێنین که سه‌روه‌ریی نیشتمان، ئه‌قڵ و هزرو گه‌ل و کولتور و زمان و ناسنامه‌مان ده‌گرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر چاودێرێکیش بپرسێ: بۆ کورد له ئێستادا ده‌یه‌و‌ێ جیابێته‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی؟ من ده‌ڵێم ئێمه ته‌نها به‌نیازو مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی راسته‌قینه هه‌نگاو ده‌نێین. ته‌نها له‌پێناو رزگاری و سه‌ربه‌خۆییدا، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی نیگه‌ران و گرفتمان هه‌یه له‌سه‌ر پرسی «نه‌وت» یا که‌رکوک و هه‌ر خاڵێ که هێشتاش کێشه‌و گرفتی له‌سه‌ره. به‌مانایه‌کی دیکه؛ پاڵنه‌رو هۆکاری دروست ویستی سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ک باوه‌ڕو به‌شێ له به‌رکه‌ماڵبوونی شوناسی ئێمه‌یه، نه‌ک به‌هانه دۆزینه‌وه بۆ داواکانمان. ئه‌گه‌ر داواکانمان ره‌وان، مافن، نابێ پاساودۆزی له‌رێی به‌هانه‌و په‌ڵپگرتنه‌وه بکه‌ینه میکانیزم سیاسه‌ت.
نه‌خێر، ئێمه وه‌ک گه‌ل، نیشتمانێکی به‌رین ده‌رۆزە ناکه‌ین. ده‌ست پان ناکه‌ینه‌وه له هێزگه‌لێ که مافی چاره‌نوسمان بۆ پێناسه‌کات و پێمان بڵێ ئه‌وه‌نده مافتان هه‌یه. داواکانی ئێمه هێنده‌ی له‌ره‌وایه‌تی مافه‌کانمانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌نده به‌باوه‌ڕبوون به‌خۆمان. ئیتر ئێمه که ئێستا له‌قۆناخی بنیاتنانداین، نه‌ک قۆناخی به‌رگری ساڵانی هه‌فتاو هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌کانیش. ئه‌وکات ئاراسته‌ی سیاسه‌ت، گوتاری سه‌رکردایه‌تی بریتيی بوو له سه‌لماندنی مافی ئێمه له جوغزێکدا. که‌واته چاره‌نوسازی؛ بریتییه له‌وه‌ی ئێمه به‌ده‌ست و ویستی خۆمان، پێناسه‌ی ماف و بوون و خواسته‌کانمان بکه‌ین، وه‌لێ به له‌به‌رچاوگرتنی نه‌وه‌ی داهاتووش. ئیدی بنیاتنان چه‌مک و خواستێک نییه که له‌نێو چه‌مکگه‌لی پێکه‌وه‌بوون یا جیابوونه‌وه‌دا پێناسه بکرێ، به‌ڵکو ده‌فری راسته‌قینه‌ی سه‌ربه‌خۆییه.
ریفراندۆم وه‌ک ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی
کێشه‌ی هاوشێوه‌ی کورد له ده‌وڵه‌ته دیموکراسی و دیکتاتۆرییه‌کانیشدا ده‌بینرێ. هه‌ر وڵاته‌ش به‌جۆرێ چاره‌ی کردووه، بۆ نموونه «که‌نه‌دا» به مۆدیلی «دیموکراسی فره ئیتنیکی» یافره کولتوری (فره‌زمان) ساڵانی هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌کان ساڵانی تاریکی خۆی تێپه‌ڕاند، کاتێ فه‌ره‌نسی زمانه‌کان وه‌ک هاووڵاتی پله دوو مامه‌ڵه‌یان ده‌کرا. سیاسه‌تی فره کولتوری، سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمایه‌تی و زمان وایکرد کێشه‌که زۆر کاڵبێته‌وه، که‌چی له ریفراندۆمی ساڵی (1995) ده‌نگده‌رانی کیوبیک که نزیکه‌ی (7) ملیۆن کاتۆلیک به‌رامبه‌ر(18%) دانیشتوانی ئینگلیززمان ده‌بوون، ئه‌وه‌نده‌یان نه‌مابوو سه‌ربه‌خۆبن! جگه له‌وه‌ی تا ساڵی (2006) یش وه‌ک هه‌ر هه‌رێمێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کیوبیکدا ده‌کرا، به‌ڵام له‌و ساته‌وه له‌ژێر چارته‌ری (UN) دا مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌یی (national self-determination) پێبه‌خشراوه. واته، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز (به‌مانای زۆر‌ینه‌ی دانیشتوان له ناوچه‌یه‌کی دیاریکراودا، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندێتی «زمان، کولتور‌و نه‌ریت»ه) هه‌ژمارکراوه. بۆیه له‌به‌ڵێننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا «مافی بڕیاری چاره‌نوس»یان پارێزراوه. حکومه‌تی که‌نه‌دیش ناتوانێ رێگربێ، ئه‌گه‌ر به ریفراندۆم داوای سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن. چونکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆی هه‌یه فشار بخاته سه‌ر حکومه‌تی که‌نه‌دا. ئه‌گه‌رچی تائێستاش «حزبی کیوبیک خوازان» داوای سه‌ربه‌خۆیی سه‌رتاسه‌ریان نه‌کردووه، به‌ڵام مافی سه‌ربه‌خۆیی ته‌واویان هه‌یه. بێگومان چاودێران پێيانوایه سه‌ربه‌خۆیی کیبویک مه‌سه‌له‌یه‌کی دووره، بۆیه هه‌ر له‌و دۆخه‌ی ئێستادا ده‌مێنێته‌وه. وه‌لێ ئه‌مه له روانگه‌ی خه‌ڵکی کیوبیک خۆیه‌وه نییه. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکه‌که‌ی ناچه‌وسێنرێنه‌وه، له‌ژێر فشاردانین، مافی خۆیانه داوای سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن.
که‌واته بۆ سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ؟ بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویست و خواستێکی کولتوری و زمانه‌وانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. بێگومان هه‌مان حاڵ بە عیراق و کوردستان به‌راورد ناکرێ، وه‌لێ گریمان ئێراقێکی دیموکراسیش بێ، هێشتا نابێ سارد‌و که‌مته‌رخه‌مبین له به‌دیهێنانی خواست و ئاواته‌کانمان. ئه‌گه‌ر وه‌ک هاووڵاتیه‌کی یه‌کسانیش له‌ده‌ستوردا مافمان هه‌بێ، هه‌قی خۆمانه هه‌ربه‌وه‌نده رازی نه‌بین!
که‌واته مافی سه‌ربه‌خۆیی له‌جیابوونه‌وه‌دایه، وه‌ک ئیختیارێکی زاتی، نه‌ک ناچاره‌کی و به‌تۆبزى. ناچارکردن به‌جیابوونه‌وه وه‌ک پێکه‌وه‌ژیانێکی به‌تۆبزيه. ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان ده‌بێ داکۆکی و پێداگیری لێبکات سه‌ربه‌خۆییه. ئیراده‌یه‌کی گشتییه که سه‌رپشک و بڕیارده‌ره، نه‌ک ناچاریی مانه‌وه یا جیابوونه‌وه‌یه، له‌کاتێکدا ئیختیاری پێکه‌وه‌ژیان له‌م قه‌واره‌یه‌دا نه‌مسۆگه‌ره نه‌شانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌ک بووه بۆ خه‌ڵکی کوردستان و سیاسیه‌کانمان که به‌رده‌وام پاکانه‌کاری بکه‌ن که «جیاخواز» نین! له‌کاتێکدا پرسی گه‌لی کوردستان له‌جیابوونه‌وه گه‌وره‌تره، گه‌لی کوردستان که‌مینه‌یه‌کی زمانه‌وانی یا نه‌ژادی(ئیتنیکی) نییه که ناچار بکرێ پێکه‌وه‌بژی یا جیابێته‌وه. به‌ڵکو نیشتمان و گه‌لێکه که ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی خۆی له سه‌ربه‌خۆیی و خاوه‌ندارێتی خۆیدا به‌رجه‌سته بکات.
* مامۆستای فەلسەفەی سیاسی و كۆمەڵایەتی-زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر