جۆشوا لاندیز بۆ گوڵان:هیلاری كلینتۆن نەیتوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكبخات و حكومەتی تاراوگە دابمەزرێنێت

جۆشوا لاندیز بۆ گوڵان:هیلاری كلینتۆن نەیتوانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكبخات و حكومەتی تاراوگە دابمەزرێنێت
پرۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئوستادی زانستی سیاسەت و بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەزانكۆی ئۆكلاهۆما و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر پرسی كوردی سوریا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و دوا گۆڕانكارییەكان، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر لاندیز كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بەم دواییە و بەپێی وەرەقەی جنێف داواكرا بەشار ئەسەد لەماوەی پرۆسەی ئینیتقالیدا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام خەڵكی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوری ڕەتیدەكەنەوە كە ئەمە سەربگرێت؟ لێكدانەوەو بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەمە دژوارییە سەرەكییەكەیە، ڕۆژئاوا بە موعارەزەی سوریای ڕاگەیاندووە كە دەستێوەردانی سەربازی لە بارودۆخەكە ناكات و ناوچەی دژەفڕین ناسەپێنن و بە شێوەیەكی گەورە موعارەزە چەكدار ناكەن و باس لەوە كراوە كە دەبێت چارەسەرێكی سیاسی هەبێت بۆ بارودۆخەكە، ئاشكرایە ئەمە هەواڵێكی باش نییە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوری، بەڵام پێم وانییە ئەمە كاریگەریی هەبێت لەسەر خەباتكردنیان، بەڵكو هەر لە شەڕكردن دژی ڕژێمەكەی ئەسەد بەردەوام دەبن.
* ڕوسیا پێداگیری دەكات و پشتیوانی لە وەرەقەی جنێف دەكات بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا، لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا مانەوەی بەشار ئەسەدیان لە دەسەڵاتدا لەو ماوەیەدا پێ باش نییە، ئەم كێشەیە چۆن چارەسەر دەكرێت و ئەم هاوكێشەیە چۆن لێكدەدەیتەوە؟
- ئاشكرایە سوریا بۆتە بەشێك لە ململانێیەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، كە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە چارەسەكردنی زەحمەت بێت، لەبەر ئەوەی ئەمریكا و ڕۆژئاوا زۆر دوودڵن لە دەستێوەردانی سەربازی، لەبەر ئەوەی ئەگەری زۆرە كە ئێران و ڕوسیا پشتیوانی ڕژێمەكە بكەن.
* باس لەوە دەكرا كە پێش یەكلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئیدارەی ئۆباما سەركێشیی ناكات لە مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی سوریادا، بەڵام ئێستا كە ئەنجامەكە ڕاگەیەنرا، ئایا پێشبینی دەكرێت سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست سوریادا گۆڕانی بەسەردابێت؟
- ئاشكرایە كە ئەمریكا هەوڵدەدات سیاسەتێكی جێگیرتر بگرێتەبەر، هیلاری كلینتۆن وەك وەزیری دەرەوە لە دەوحە هەوڵیدا حكومەتێكی نوێی كاتی لە مەنفا پێكبهێنێت، بەڵام دەركەوت ئەمە زەحمەتە، موعارەزەی سوری بە پەرتەوازەیی مایەوە، لەبەر ئەوەی موعارەزە و سەركردایەتی لە نێو خۆیاندا یەكگرتوو نەبوو، ئەمەش وای كرد تەنیا ڕێگاچارەیەك بریتی بێت لە چەكداركردنی موعارەزەی سوری بە ئومێدی ئەوەی چەكەكان بكەوێتە دەست كەسانێكی باش و لایەنگری ئەمریكا بن و كاری باش بۆ ئەمریكا بكەن، كە ئەمەش زەحمەتە، چونكە زۆرێك لە سورییەكان بە خۆشەویستییەوە لە ئەمریكا ناڕوانن و كەسانێكی عەلمانی نین.
* بۆ یەكەمین جار بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا كە ڕاستەوخۆ نەهاتە ناو كێشەكە، تەنانەت دەستێوەردانی سەربازی لە لیبیاش بە سەرۆكایەتی ناتۆ بوو، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەمریكییەكان نایەنەوێت جارێكی دیكە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بكەن؟
- ئەمریكا بەرژەوەندییەكی نەتەوەیی كەمی لە دەستێوەردان هەیە، ئایا ئەمریكا لەوەدا چی بەدەست دەهێنێت؟ بێگومان هیچ، سوریا وڵاتێكی هەژارە و نەوتی نییە و هیچ شتێك هەناردە ناكات كە ئەمریكا پێویستی پێی بێت، یارمەتییەكی زۆری پێویستە و سوریاش دابەش بووە، ئەمە سەرئێشەیەكی گەورەیە. حاڵی حازر هەموو سیاسییەكی ئەمریكا لە یەك شت نیگەرانن، ئەویش كەمكردنەوەی كورتهێنانی ئابوورییە، هەر سیاسییەكیش داوای تەرخانكردنی پارە بۆ سوریا بكات، باجەكەی دەدات.
* بەڵام سوریا بۆتە دۆخێكی نائاسایی شەڕی ناوخۆ، ئایا ئەمریكا تا چەند لەمە نیگەرانە؟
- ئەم شەڕە ناوخۆییە زیان بە ئێران دەگەیەنێت، چونكە ئێران پارەیەكی زۆر سەرف دەكات كە نییەتی، لە ئێستادا هەموو سوننەیەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕقی لە شیعە دەبێتەوە، ناوبانگی حزبوڵڵاش لەو پەڕی نزمیدایە. ئەمریكا شتێكی نییە سكاڵای لەبارەوە بكات، ئەگەر ئێمە بە هێمنی حسابێك بكەین، ئەوا ئاشكرایە كە ئەمریكا حەز بە بوونی ئەسەد ناكات و دەیەوێت ڕژێمەكەی بگۆڕێت، بەڵام ترسێكی زۆری لە موعارەزەی سوریا هەیە، بەڵام بارودۆخی ئێستای سوریا بۆ ئەمریكا خراپ نییە، ئەمە كێشەیەكە، تا حاڵەتێكی نائاسایی ڕوونەدات، چونكە تاكو دۆخی ئەردەن ئاسایی بێت و ئیسرائیل ئاسایی بێت (كارێك ناكات). بێگومان عێراق باجێكی قورس دەدات، لەبەر ئەوەی قاعیدە و سەلەفی و جیهادییەكان كارێك دەكەن عێراق باجێكی قورس بدات، بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندیی كوردانە، واتە هەروەك چۆن ئەمریكا سوودمەند دەبێت، بەو شێوەیەش كورد سوودمەند دەبن، لەبەر ئەوەی تا حكومەتی سوریا لاواز بێت و عەرەبەكانیش شەڕی یەكتر بكەن، ئەمە لە بەرژەوەندیی كوردەكان دەبێت، چونكە ئەمە كلیلی سەركەوتنی كوردەكان بوو لە عێراقدا، لە كاتێكدا شیعە و سوننەكان شەڕ لەگەڵ یەكتردا دەكەن، ئەوا كوردەكان وڵاتەكەی خۆیان بنیات دەنێنەوە، هەمان شت لە سوریاشدا، چونكە ئەگەر كوردەكان خۆیان بە دوور بگرن و عەرەبەكانیش وڵاتێكی گەورە بنیات نەنێن، ئەوا دەرفەتی ئۆتۆنۆمی و بگرە سەربەخۆییش لەبەردەم كوردەكاندا واڵا دەبێت.
* ئێستا توندڕۆكان لە ناو موعارەزەدا ڕۆڵ دەبینن و هەوڵی گۆڕینی ڕەوت و ئامانجی شۆڕشەكە دەدەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا لەم بارەیەوە نیگەران دەبێت؟
- باشە پێویستە ئەمریكا چی بكات؟ بچێت هەموو توندڕۆكان بكوژێت. چۆن ئەمە ڕابگرێت، هەوڵیاندا ئەمە لە عێراقدا بكەن، بەڵام بەگران لەسەریان وەستا، هەوڵیاندا هەموو توندڕۆكانی ئەفغانستان بكوژن، دیسان بەم شێوەیە. ڕەنگە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بنێرن، كاتێك دۆخی سوریا وەك دۆخی ئەفغانستان و پاكستانی لێدێت، ئەوا فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەنێرن بۆ لێدانی توندڕۆكان، ئەوان ئەم كارە لە یەمەن و ئەفغانستان و پاكستانیش دەكەن، كە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان تەقەیان لێدەكەن، من نازانم، بەڵام من نیگەرانم لەم بارەیەوە، ئاشكراشە كە ئەمریكا هەرگیز توندڕۆكانی ناوێت.
* پەیامت بۆ كوردەكان چییە؟
- ئاشكرایە كوردەكانی سوریا دەرفەتێكی گەورەیان لە پێشە و تا ئێستا شەڕێك نییە لە نێوان ئەنجومەنی نەتەوەیی كورد و پەكەكەدا، ڕوونە زۆرێك لە كوردەكان پەكەكەیان ناوێت، كلیلی سەركەوتنی كوردەكانی عێراق ئەوەیە بارزانی و تاڵەبانی شەڕی یەكتریان نەكرد، یاخود هەوڵیان دا شەڕ نەكەن، كلیلی سەركەوتنی كوردەكانی سوریاش ئەوەیە شەڕ لەگەڵ یەكتر نەكەن و پێكەوە بژین و بە پێچەوانەی عەرەبەكانی سوریا ڕێگایەكی ئاشتییانە بدۆزنەوە، چونكە عەرەبەكانی سوریا ڕێگایەكی ئاشتیانەیان نەدۆزیوەتەوە بۆ بنیاتنانی وڵات.
Top