شێخ سوڵتان ئەحمەد ئەلقاسمی بۆ گوڵان:زۆر بواری هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارەی شاریقەدا هەیە

شێخ سوڵتان ئەحمەد ئەلقاسمی بۆ گوڵان:زۆر بواری هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارەی شاریقەدا هەیە
شێخ سوڵتان ئەحمەد قاسمی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری سەرۆكی ئەنجومەنی نەوتی هەیە، هەروەها سەرۆكایەتی كارگێڕیی كۆمپانیای ئەنابیبی شاریقەیەو سەرۆكی دەزگای ڕاگەیاندنی شاریقەو سەرۆكی تیمی بەسمەیە كە پێكهاتووە لە كۆمەڵێك كۆمپانیا لە بوارەكانی ئەندازەو بەڵێندەرایەتی و گەشتیاری و بازرگانی و وەبەرهێنانی خانووبەرەدا كارگوزارە..

 

 

* دەبینین بەم دواییانە چەندین كۆمپانیای وڵاتانی كەنداو ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی چۆن دەخوێنیتەوە؟ پێشبینی دەكەن پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێمارەی شاریقە زیاتر پەرە بسێنێ؟

 

- بە حوكمی ئەوەی بۆ داهاتوو كوردستان ژینگەیەكی لەبارە بۆ وەبەرهێنان، لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبیدا گەشەسەندنێكی بەرچاو هەستی پێدەكرێت،،هەروەها چەندین فاكتەری راكێشانی وەبەرهێنانی تێدایە، ئێمەش لە ئیمارەی شاریقە بەچاوێكی پڕ بایەخەوە دەڕوانینە گرنگێتی پتەو كردنی هەماهەنگی نێوانمان لە چوارچێوەی میتۆدی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بۆ بەشداری كردنمان، ئەوەش بە پاڵپشتی كردن و خێراكردنی رەوڕەوەی گەشەی ئابووری عێراق بەشێوەیەكی گشتی و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تایبەت، یان بە ڕەخساندنی بوار بۆ گۆڕینەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو لادا.

 

* بە حوكمی ئەوەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی وڵاتێكی فیدرالییە، دەمانەوێت لە زاری بەڕێزتانەوە بیزانین، پێوەندی و سیستمی ئابووری نێوان فیدرالییەتەكان چۆن رێك دەخرێت؟

 

- دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو لە 7 ئیمارەت پێكهاتووە، هەموویان بە یاسایەكەوە پابەندن، رێكخستنی ئیتیحادی دەوڵەت و سیاسەتە ئابوورییەكانیان لەگەڵ سیاسەتی گشتی دەوڵەتدا گونجێنراوە، كە كار بۆ رێكخستنی پێوەندی و سیستمی ئابووری دەكات، بەجۆرێك لەگەڵ پێوەرەكانی دەوڵەت گونجاو بن تا بە هەمان ئاڕاستەی گەشەی ئابووری بڕۆن بە ڕێوە كە كەشوهەوایەكی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیریی بۆ وەبەرهێن دابین دەكات.

 

* بە نیازی ئەوەن باڵیۆزخانە یان نووسینگەی پێوەندییەكانی دەرەوە یا قونسڵخانە لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارەی شاریقە بكەنەوە؟

 

- ئیمارەی شاریقە یەكێكە لە ئیماراتەكانی دەوڵەت و سیاسەتەكەی پابەندە بە سیاسەتی دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، بەشێوەیەكی گشتی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەت رێگای داوە بە نووسینگەی پێوەندییەكانی دەرەوە و قونسڵیەكان و لەم رووەوەش بە ئامانجی پتەوكردنی پێوەندی دوو لایەنە، هەنگاوی دروست و راستی هەڵهێناوە..

 

 

* كوردستان بە هەرێمێكی كشتوكاڵی و گەشتیاری ناسراوە، بەڕای ئێوە لەم دوو بوارە گرنگەدا كۆمپانیاكانی شاریقە دەتوانن گرنگی زیاتر بە وەبەرهێنان بدەن ؟

 

- زۆر بواری هاوبەشی وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارەی شاریقە هەیە، ئێمە لە میانەی سەردان و پێوەندیمان لەگەڵ برایان لە هەرێمی كوردستان بۆ خوێندنەوەی و شیكردنەوەی ئەو لایەنانە كار دەكەین، بەو شێوەیەی كە لەگەڵ بیروباوەڕەكانمان لە بواری وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانی ئیمارەی شاریقە گونجاو بێت و ئەو لایەنانە دیاری دەكەین كە بۆیان لەبار بێت.

 

* ئیمارەی شاریقە لە بواری پەرەپێدانی ئابووری چەندین پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوەو ئەزموونەكەی لە ناوچەكەدا بە پێشەنگ و پێگەیشتوو دادەنرێت، گرنگترین لایەنی ئابووریی ئیمارەی شاریقە چین و چۆنیش دەڕواننە ژینگەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا؟

 -لایەنە ئابوورییە پەرەپێدراوەكان كە ئیمارەی شاریقە بەخۆیەوە دەیبینێت لای كەس شاراوە نین كە ئەمانەش بە رێنوێنی خاوەن شكۆ شێخ دكتۆر سوڵتان كوڕی محەمەد ئەلقاسمی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و حاكمی شاریقە هاتوونەتە دی، ئەم رێنوێنیانە بوونەتە هۆكاری بونیادنانی ژێرخانێكی ئابووری بەهێز بۆ راكێشانی وەبەرهێنەران و فەراهەم كردنی دەرفەت بۆ چەندین هەلی وەبەرهێنان لە ناوچەی كەنداوی عەرەبی بۆ ئەوەی شاریقە پێگەی ئابووری راستەقینەی خۆی لەسەر نەخشەی جیهان هەبێت.

كۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆی شاریقە ساڵانە گەیشتۆتە 72 ملیار درهەمی ئیماراتی، ئەمەش ئاماژەیەكی ئیجابیە بۆ سەقامگیری كەرتی ئابووری لەو ئیمارەیەدا.

 

شاریقە بە دڵی زیندووی پیشەسازی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دادەنرێت و چەندین هەلی وەبەرهێنان دەخاتە روو، چونكە تێچووی وەبەرهێنانی پیشەسازی لە شاریقە بە ڕێژەی 35% كەمترە لە گشت ئیمارەتەكانی دیكەی دەوڵەت و 19 ناوچەی پیشەسازی لە خۆدەگرێت كە بە گەورەترین ڕووبەری تەرخان كراو بۆ پیشەسازی دادەنرێت و بڕی 48%ی بەرهەمی پیشەسازی دەوڵەتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

 

هەروەها لە شاریقە چەندین دامودەزگای خزمەتگوزاری هەیە كە پاڵپشتی لە كەرتی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی دەكەن سەرەڕای چەندین ناوچەی ئازاد كە لە راكێشانی سەرمایەداران رۆڵی هەبووە، ئەمەش لەسەر چالاكی ئابووری لە ئیمارەكە رەنگی داوەتەوە، كۆی رووبەری ناوچە ئازادەكان لە شاریقە دەگاتە 28 ملیۆن مەتری چوارگۆشەو لە دوو ناوچەی سەرەكی پێكدێت.

 

بەپێی زانیارییەكان لە ساڵی 1995ەوە تا ئێستا نزیكەی 2800 كۆمپانیا كاری بازرگانیان لەم دوو ناوچەیەدا ئەنجامداوە كە بەردەوام لە بەرەوپێشچوون و فراوان بووندان، ئەم دوو ناوچەیە رۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە راكێشانی سەرمایەداران، چونكە ئەم دوو ناوچەیە بەتایبەت بۆ ئەوە دروستكراون كە هاتنی سەرمایەی بیانی هان بدەن، بۆیە بە ڕێژەی 100% ڕێگا بە خاوەنداریەتییە بیانییەكان دەدات، هەروەها لە باج و خەراجی گومرگیش دەبەخشرێن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر دروستكردنی دامەزراوەی بازرگانی لەم ناوچانەدا هیچ كۆت و بەندێك بوونی نییە.. 

لەو كاتەی ئێمە دەبینین كە ئیمارەی شاریقە دەرفەتی جۆراوجۆر دەخاتە ڕوو، هەروەها بە تێڕوانینێكی گەشبینیەوە لە هەرێمی كوردستان سەیری ژینگەی وەبەرهێنان دەكەین، ئەمەش بەهۆی ئەو هەڵكەوتانەی بۆ سوود وەرگرتن لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنانێكی بێ هاوتا بۆ هەردوولا دەڕەخسێنرێن یان بۆ چالاك كردنی هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوانمان.

 

*ئابووری كوردستان چۆن پەرەی پێدەدرێت لەكاتێكدا ئارامی و ئاسایش لە عێراقدا مۆلەقەو لە هەرێمدا سەقامگیر؟

 

- ئێمە دەبینین ئابووریی كوردستان دەرفەتێكی باشی لەبەردەمدایە بۆ پەرەپێدان و گەشەكردن، بۆیە بە گەشبینیەوە لێی دەڕوانین، پێموایە ئێستا بارودۆخەكە سەقامگیرە و ئاسایش بەرقەرارە، بوونی ئێمەش لە كوردستان بەڵگەیە لەسەر بوونی ئاسایش و سەقامگیری، بەڕای من لە ماوەی داهاتوودا ئابووریی كوردستان ئەنجامی ئابووری گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت.

 

* باشە دەتوانین سوود لە نەوت وەربگرین بۆ پەرەپێدانی ئابووری؟

 

- بێگومان نەوت بە پاڵپشتێكی بەهێزی بەرەو پێشچوونی رەوڕەوەی پەرەپێدانی ئابووری دادەنرێت، بەمەرجێك كە وەك سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات پشتی پێ نەبەسترێت، بەڵكو پێویستە جۆراوجۆری سەرچاوەكان بە هەند وەربگیرێن و جۆرێك لە تەكامول لە نێوان كەرتە ئابوورییە جیاجیاكان بهێنرێتە دی..

 لەو كاتەی كە نەوت وزەیەكی پێویست و سەرمایەكی گرنگ دابین دەكات بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان و وەبەرهێنان، پێویستە پلانی ستراتیژی و بەرنامەی ئابووری ئامانجدار دابنرێت بۆ ئەوەی دەرگای گەشەپێدان بە ڕوویدا بكرێتەوە، هێنانەدی گەشەی باش و زیاد كردنی بەرهەمی ناوخۆ، بە هێنانەدی هاوسەنگیی دەبێت لە نێوان هەناردە و هاوردەكان، كە ئەمەش لەسەر كەمكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی بازرگانیدا كاریگەرییەكی ئیجابی دەبێت.. "
Top