دەیڤد ئگناشیۆس ستوون نووسی واشنتۆن پۆست بۆ (گوڵان):گەورەترین هەڵەی ئیدارەی ئۆباما ئەوەبوو ئاكامی هەڵبژاردنی عێراقی پشتگوێ خست و پشتگیری مانەوەی مالیكی كرد

دەیڤد ئگناشیۆس ستوون نووسی واشنتۆن پۆست بۆ (گوڵان):گەورەترین هەڵەی ئیدارەی ئۆباما ئەوەبوو ئاكامی هەڵبژاردنی عێراقی پشتگوێ خست و پشتگیری مانەوەی مالیكی كرد
دیڤید ئیگناشیۆس یاریدەدەری سەرنووسەر و ستوون نووسی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستە و هەروەها بەهاوكاری لەگەڵ رۆژنامەنووسی ناوداری جیهان بەرنامەی پۆست گلۆبال ئۆنلاین لە واشنتۆن پۆست و نیوزویك بەڕێوە دەبات، رۆژنامەنووس ئیگناشیۆس تایبەتمەندە لەسەر پرسی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كورد و بەدەیان ستوونی لەسەر عێراق لە واشنتۆن پۆست بڵاو كردۆتەوە، ئێمەش وەك گوڵان چەند جارێكی دیكە لەسەر پرسە هەستیارەكانی عێراق لێدوانمان لێوەرگرتووە، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق و سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق لە ئیدارەی باراك ئۆباما، چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد، بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.

* ماوەی 4 ساڵە ئیدارەی ئۆباما بەشێوەیەكی جیاواز لە ئیدارەی بوش دۆسێی عێراق بەڕێوە دەبات، بۆیە ئەگەر بەراوردی ئەم 4 ساڵە لەگەڵ شێوازی ئیدارەدانی بوش بكەین، ئایا تۆ وەك چاودێرێكی سیاسەتی ئەمریكا چۆن سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لە عێراقدا دەخوێنیتەوە؟

 

- پێش هەموو شت دەتوانم بڵێم لەماوەی ئەو 4 ساڵەی ئیدارەی ئۆباما، ئەمریكا لە شێوازی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاڕاستەی رووداوەكان لە عێراقدا نفوزی خۆی لەدەستداوە، گەورەترین هەڵەی ئیدارەی ئۆباما لە سیاسەتی بەرامبەر بەعێراق ئەوە بوو، كاتێك عێراقییەكان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 مانەوەی نوری مالیكیان وەك سەرۆك وەزیران رەتكردەوەو دەنگیان بە لیستی ئەلعێراقیەدا كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئەو لیستە بوو، بەڵام ئەمریكا پشتگیری ئەو بڕیارەی عێراقییەكانیان نەكرد، بۆیە لەم حاڵەتەدا باشترین هەڵوێست و سیاسەتی ئەمریكا لەهەمبەر ئەم بارودۆخە دەبوو پشتگیری كردن بووایە لەو بڕیارەی عێراقییەكان دابوویان، ئەگەر ئەمەمان بكردایە دەبووە هاندەر بۆ جۆرێك لە گۆڕانكاری لە حكومەت، دەبووە رەنگدانەوەیەك بۆ ئەو گۆڕانكارییەی ئاكامی هەڵبژاردنەكان هێنابوویە ئاراوە، بەڵام ئێمە وەك ئەمریكا لەو سیاسەتە شكستمان هێناوەو بەهەمان شێوەی ئێران پشتگیریمان لە مانەوەی نوری مالیكی كرد بۆ ئەوەی حكومەتی نوێ پێكبهێنێت، بەڕاستی من لەم هەڵوێستەی ئەمریكا تێناگەم و پێموایە هەڵەبوو.

 

* تۆ ئاماژەت بەوە كرد كە پشتگیری ئەمریكا بۆ مانەوەی مالیكی هەڵەبوو، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە تاچەند نوری مالیكی ئەو هەڵەیەی قۆزتۆتەوەو توانیوویەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریبهێنێت؟

 

- بەبۆچوونی من هەتا ئێستا مالیكی زۆر بەوردی و بە وریاییەوە ئەم هەلەی قۆستۆتەوەو توانیوویەتی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، هەربۆیە من پێموایە ئەمریكا مەیلی زیاتر بەرەو لای ئێران هەیە، هەرچەندە لەوەش تێدەگات كە پێویستە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بپارێزێت، هەربۆیە ئەگەر ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەكی سادە و لەروانگەی ئامانجی ئەمریكا لە رووخانی پێشوو بەراورد بكەین و بەشێوەیەكی پراكتیكیانە ئاكامەكە هەڵبسەنگێنین، هەست دەكەین ئەو پارە و قوربانییەی ئەمریكا لەپێناوی ئازادكردنی عێراق دای، زۆر كەمترە لەو دەسكەوتانەی بەدەست هاتوون، هەر بۆ نموونە ئەمڕۆ روسیا چەك دەفرۆشێت بە عێراق و نوری مالیكی سەردانی تەهران دەكات بۆ وەرگرتنی رێنمایی و ئامۆژگاری، هەروەها پاڵپشتی لە مانەوەی بەشار ئەسەد دەكات، بۆیە ئەم ئاكامانەی ئێستا دەیبینین بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا، بەسەركەوتن ناژمێردرێن.

 

* بۆچی عێراق پەنای بردۆتە بەر روسیا بۆ چەك كڕین، ئایا ئەمریكا ئامادەنەبوو چەك بە عێراق بفرۆشیت؟

 

- ئەمریكا بەرنامەی هەبووە بۆ ئەوەی پاڵپشتیەكی سنووردار بۆ دووبارە فراوانكردن و پڕچەككردنی سوپای عێراق، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەمریكا بەحەزەر بووە لە مەترسیەكانی سوپایەكی گەورەو بەهێز بۆ عێراق و هەموو كات ئەگەری هەڕەشەی ئەم سوپایەی بۆ سەر دراوسێكانی و هەروەها هەڕەشەكانی بۆ سەر ژێرخانی دەوڵەتی فیدرالی كە بواری بە دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە، بۆیە من پێموایە ئەمریكا ئەو بەرنامەیەی هەبووە لەگەڵ حكومەتی عێراق هاوكار بێت لە بونیادنانەوەی سوپای عێراق، بەڵام ویستوویەتی ئەو پێكەوە كاركردنە لە ئاستێكی سنوورداردا بێت.

 

 * وەك دەركەوت حكومەتی عێراق هاریكاری سنوورداری زیاتر پێویست بووە بۆ پڕچەككردنی سوپاكەی، بۆیە پەنای بۆ روسیا بردووە، ئایا ئەم پەنابردنە مانای ئەوە نییە حكومەتی مالیكی هەنگاو بۆ میحوەری روسیا و چین هەڵدەگرێت؟

 

- بەڕای من جارێ ئەوە رووینەداوە، بۆیە من وا هەستدەكەم لەم قۆناخە مالیكی دەیەوێت زەمینە بۆ هەڵبژاردنی بژاردەكان یان ئۆپشنەكانی بەردەمی بڕەخسێنێت، بۆیە لەم حاڵەتە جارێ زووە بۆ ئەوەی بڵێین حكومەتی عێراق چۆتە بازنەی روسیاو چین، بەڵام لەم دەرفەتە من دەمەوێت ئاماژە بەهەرێمی كوردستان و كێشەكانی كورد بدەم، ئەگەر ئەم مەسەلەیە لە روانگەی ئەمریكا سەیر بكەین، من دەزانم لە روانگەی ئەمریكاوە یەكێك لەو پێشكەوتنە پۆزەتیڤانەی لەساڵی رابردوو لەعێراق، بریتییە لە بەرفراوانبوونی توانا و متمانە بەخۆبوونی هەرێمی كوردستان و هەروەها ئامادە باشی كاراكتەرە سەرەكیەكانی ئەمریكا بۆ هەمانگی و پێكەوە كاركردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی پاڵپشتیكردنیان بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، لێرەدا گرنگە ئاماژە بە بڕیارەكانی كۆمپانیای ئەكسن مۆبیل بكەم كە هەرەگرنگترین كۆمپانیایە لە ئەمریكا، كە بڕیاریدا وێڕای ئەو هەموو بەرهەڵستكارییەی حكومەتی مالیكی لە بەغدا كردی، هەر بەردەوام بێت لە كاركردن لە پرۆژەكانی نەوت لە كوردستانی عێراق، هەر بۆیە بە بۆچوونی من ئەم هەڵوێستە لەنێو بزنسمانە گەورەكانی ئەمریكا ئەم راستیانەی سەلماند:

 

1-  ئەم هەڵوێستەی ئەكسن مۆبیل مانای ئەوەیە كە ئیعترافكردنە بە بایەخی هەرێمی كوردستان لەعێراقدا.

 

2- ئەم هەڵوێستە گەواهیدانە بۆ توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان كە توانیوویەتی پەیوەندییەكی سەقامگیر لەگەڵ توركیا دروست بكات.

 

بە بۆچوونی من ئەو پەیوەندییە سەقامگیرەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بەرهەمی لێكتێگەیشتنی هەردوولایە كە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە سەقامگیری ناوچەكە دەبێتە مایەی وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی ئابووری و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا و ئەمەش دەبێتە بنەما بۆ پەرەپێدانی ئابووری، بۆیە ئەگەر لەم چوارچێوەیە سەیر بكەین، لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو پێشەوەچوون هەیە، سەرەنجامیش دەكرێت بڵێین لەو ساتە وەختەی كە سیاسەتی ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتی لەعێراقدا دووچاری هیوا بڕان بۆتەوە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا ئەو ساتە وەختەشە كە ئەمریكا پەیوەندی پتەوی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كورد هەیە، ئەمەش بۆتە مایەی وەدیهێنانی پێشكەوتنی گەورە و زەمینەیەك دروستبووە كە ئەمریكا هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا بەهێزتر بێت.

 

* بەڕێزت وەك چاودێرێكی بارودۆخەكە، ئایا تاچەند ئەمریكا ئامادە دەبێت بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكات ئەگەر هات و مالیكی بووە هەڕەشە لەسەر ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان؟

 - خۆشبەختانە هێزی پێشمەرگە بەپێی پێویست بەهێزەو توانای ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بكات، پێویستی بەوە نییە ئەمریكا دەستێوەردانی سەربازی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی لەبری پێشمەرگە شەڕ بكات، بەڵام تەنانەت ناشكرێ پێشبینیی دەستێوەردانی ئەمریكا-یش بكەن لەبەر ئەوەی ئەمریكا پێشوەختە شەڕێكی زۆری لە عێراق كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا-یە ئەوە دەتوانن پێشبینی ئەوە بكرێ كە ئەمریكا پاڵپشتیی ستراتیژی لەهەموو ئاستەكاندا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دابین بكات.هەروەها لەدوماهیدا دەخوازم بڵێم، پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و كوردی عێراق بۆ چەندین ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، لەبیرمە لە سەردەمی پێش رووخانی سەددام حوسێن لە واشنتۆن چاوم بە مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی كەوت، ئەوان ئەو كات لە واشنتۆن وەك خەو و خۆزگەیەك باسیان لە درووستبوونی حكومەتێكی كوردیی هەرێمی لە عێراق دەكرد، ئەمڕۆیش دەبینین ئەو خەونە هاتووەتەدی لەكاتێكدا لەیادمە رۆژانێك هەبوو پێموابوو وەدیهێنانی ئەو خەونە مەحاڵە."
Top