بایز تاڵەبانی بۆ گوڵان: سیستەمی ئیداریی و دارایی سیستەمێكی كۆنەو تاڕاددەیەك لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ ناگونجێت، بۆیە دەبێت ئەو سیستەمە ئیدارییە دووبارە ڕێكبخرێتەوە

بایز تاڵەبانی بۆ گوڵان: سیستەمی ئیداریی و دارایی سیستەمێكی كۆنەو تاڕاددەیەك لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ ناگونجێت، بۆیە دەبێت ئەو سیستەمە ئیدارییە دووبارە ڕێكبخرێتەوە
لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵان بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەو هەنگاوە عەمەلیانە دەكات كە لەبواری چاكسازی ئیداریی گیراونەتە بەر، تاڵەبانی پێی وایە بەمەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی ئیداری پێویستە خەڵكی شارەزاو خاوەن ئەزموون بەشداری پێ بكرێت، لەڕووی عەمەلیشەوە هەنگاونراوە بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی چەند یاسایەك و هەر فەرمانبەرێكیش لەكەرتی حكومییەوە بچێتە كەرتی تایبەت بواری پێ دەدرێت بە نیوەی مووچەكەی و بەهەمان پێوەری فەرمانبەرانی حكومیش خانەنشین دەكرێت. وەزیری دارایی و ئابووری بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لە قۆناغی دووەمی بەرنامەی چاكسازی هەرێم بڕیارە پێداچوونەوە بە سیستەمی ئیداری هەرێمی كوردستان بكرێت، ئایا پێت وانییە بێ چاكسازی دارایی ناكرێت چاكسازی ئیداری ئەنجام بدرێت یا سەركەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت؟ ئایا ئەم پێداچوونەوەیە چۆنەو تاچەند گۆڕانكاری لە سیستەمی ئیداری دێنێتە ئاراوە؟
-چاكسازی ئیداری بەشێوەیەكی گشتی زنجیرەیەكی سەرەكییە لە چاكسازی دارایی، حكومەت بەكردار هەنگاوی چاكسازی ئیداریی و دارایی ناوە، چونكە سیستەمی ئیداریی و دارایی سیستەمێكی كۆنەو لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆ تاراددەیەك ناگونجێت، بۆیە دەبێت ئەو سیستەمە ئیدارییە دووبارە رێكبخرێتەوە و حكومەتی ئەلەكترۆنی بێتە دروست كردن. دەبێت چاكسازی بنەڕەتی بەبەردەوامی لە سیستەمی ئیداریی و دارایی ئەنجام بدرێت و كاروباری ئیدارەش شەفاف بكرێت و دامودەزگای حكومی تەرشیق بكرێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێت لەم هەنگاوانەی سەرەوە خەڵكی شارەزاو خاوەن ئەزموون بەشداری پێ بكرێت و سوود لەئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگیرێت.

*بەپێی ئەوەی ئێمە گوێبیستی بووین، لەم پێداچوونەوەیەدا پێویست دەبێت چەند یاسایەك هەموار بكرێت، بەتایبەتی یاساكانی ڕاژەی خزمەتی مەدەنی ئایا تاچەند ئامادەكاری بۆ ئەم پێداچوونەوەیە كراوە؟
- بەڵێ لەڕێگای وەزارەتی پلاندانانەوە ئامادەكاری كراوە بۆ دووبارە هەمواركردنی یاساكانی راژەی شارستانی بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سیستەمی ئیداریی جیهانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی تەواو كراوە لەگەڵ هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتیدا.

* بەپێی ئەو بەرنامەیەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەو ئیدارەكردن پێڕەوی دەكات، بریتیە لەوەی كە زیاتر كەرتی تایبەت فراوان بكات، ئەمەش مانای وایە پێویستە حكومەت بچووك بێتەوە و كەرتی تایبەت فراوان بكرێت و لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی وردی حكومەتدا بێت، ئەوەی دەیبینین حكومەت هەر فراوان دەبێت ئایا ئەمە گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
- نەخێر من پێم وانییە حكومەت فراوان ببێت، حكومەت فراوان نابێت، بەڵكو هەوڵێكی جددی لە ئارادایە لە هەموو بوارەكانیش بۆ بەگەڕخستنی كەرتی تایبەت و هەنگاوی فیعلیش هاوێژراوە، حكومەت مەبەستێتی ئەم كارە ئەنجام بدات ئەنجامەكانیشی بەدەركەوتون .

* لەدوای پەسەندكردنی بودجەی 2011 و نزیكبوونەوەی دەركردنی رێنماییەكان بەنیاز نین خەرجییەكانی حكومەت كەمبكرێتەوە تاوەكو خەرجی زیادە نەمێنێت؟
- لەكاتی دانانی بودجە بەپێی پێویست خەرجی حكومی كەم كراوەتەوەو ڕێنماییەكان لەسەر دەرچوونن بۆ جێبەجێكردنیان.

* لایەنێكی دیكەی گرنگ لە پرۆسە چاكسازییەكەی سەرۆكی كوردستان دابینكردنی هەلی كارە بۆ لاوان، جێگەی دەستخۆشییە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی یەكجار زۆر هەلی كار لە حكومەتتدا بۆ بێكاران دابین دەكات، بەڵام ئایا بێكاری تەنیا بەم ڕێگایە چارەسەر دەكرێت، ئەگەر ناكرێت بەرنامەتان چییە؟
- نەخێر بێكاری تەنیا لەڕێگای دامەزراندنی حكومییەوە چارەسەر ناكرێت، راستە حكومەت بەشێكی لەنەهێشتنی بێكاری گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام حكومەت بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوەی هەلی كار و پلاندانانە بۆ چارەسەركردنی بێكاری، بۆ نموونە ئەگەر تەماشای پرۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2011 بكەین، جگە لەدامەزراندنی 25 هەزار میلاك لە حكومەت، حكومەتی هەرێم 25ملیار دیناریش بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان لە كەرتی تایبەت و پشتیوانی سندوقی قەرزی بچووك تەرخانكردووە، هەروەها بەمەبەستی پشتگیریكردن و هاندانی كار كردن لەكەرتی تایبەت حكومەت پێدانی نیوەی مووچەی بۆ هەرفەرمانبەرێك داناوە گەر بیەوێت لەكەرتی حكومیەوە بۆ كەرتی تایبەت بچێت كە بەهەمان پێوەری فەرمانبەرانی حكومی خانەنشین دەكرێن، هاوكات قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی بۆ جوتیاران و پیشەوەران دابینكردووە، هەروەها هاتنی ئەو هەموو كۆمپانیا بیانیانە كە هەلی كار زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ هاووڵاتیان، ئەمانەش هەموو هاوكاری و ئاسانكاریی حكومەتە بۆ كەرتی تایبەت بەتایبەتی وەك لەیاسای وەبەرهێناندا هاتووە .
Top