لەحەوزەی عیلمی نەجەفەوە بۆ خوێنەرانی گوڵان پەیامی ئایەتوڵڵای عوزما بەشیر نەجەفی بۆ گەلی كوردستان: گەلی كورد مەینەتیەكی زۆری بەدەست رژێمی پێشووە بینیوە، سوپاس بۆ خوا رزگاری بوو، بۆ ئەمڕۆ پێویس

لەحەوزەی عیلمی نەجەفەوە بۆ خوێنەرانی گوڵان پەیامی ئایەتوڵڵای عوزما بەشیر نەجەفی بۆ گەلی كوردستان: گەلی كورد مەینەتیەكی زۆری بەدەست رژێمی پێشووە بینیوە، سوپاس بۆ خوا رزگاری بوو، بۆ ئەمڕۆ پێویس
ئایەتوڵڵای گەورە شێخ بەشیر نەجەفی یەكێكە لەچوار مەرجەعە گەورەكەی حەوزەی عیلمی نەجەف، كە پێكهاتوون لە ئایەتوڵڵا سیستانی، ئایەتوڵڵا محەمەد سەعید حەكیم، ئایەتوڵڵا محەمەد ئیسحاق ئەلفیاز، ئایەتوڵڵا بەشیر نەجەفی، شێوازی ئەنجامدانی دیمانەی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئەم مەرجەعیەتە گەورانەی نەجەف، دوای ئەوەی كە سەماحەتی ئایەتوڵڵای عوزما لەسەر سازدانی دیمانە لەگەڵ كەناڵی ناوبراو رەزامەندی پیشاندەدا، ئەوجا كەسێك تەكلیف دەكرێت بۆ ئەوەی لەبری سەماحەتی ئایەتوڵڵای عوزما وەڵامی پرسیاری رۆژنامەكە بداتەوە، ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان لەمیانەی دیدار و چاوپێكەوتنە بەردەوامەكانمان بەردەوام هەوڵمانداوە كە سەماحەتی ئایەتوڵڵا سیستانی بەڕێگەی یەكێك لە نوێنەرەكانی وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان بداتەوە، هۆكاری جەختكردنەوەشمان لەسەر سەماحەتی ئایەتوڵڵا سیستانی لەبەر ئەوەبوو، ئێمە پێمان وابوو مەرجەعیەت بریتیە لەیەك كەس، بەڵام كاتێك نێردراومان لە نەجەفی پیرۆز ئاگاداری كردینەوە هەر كام لەم ئایەتوڵڵا عوزما بەڕێزانە بەناوی مەرجەعیەتی حەوزەی عیلمی نەجەفەوە قسە بكات، ئەوا قسەكانی تەعبیر لە هەڵوێستی هەموو مەرجەعیەت دەكات و دەربڕی هەڵوێستی حەوزەی عیلمی نەجەفە لەسەر باری سیاسی عێراق و تێڕوانینی مەرجەعیەت بۆ بەرەو پێشەوە چوونەكانی عێراق، لەم چوارچێوەیەدا بە سوپاسەوە حەوزەی عیلمی نەجەف داواكاری گۆڤاری گوڵانی بۆ سازدانی دیمانەیەك لەگەڵ مەرجەعییەت قبوڵ كردوو بەڕێز شێخ عەلی نەجەفی لوتفی كرد بە ناوی ئایەتوڵڵای عوزما شیخ بەشیر نەجەفیەوە وەڵاممان بدەنەوە، بەسوپاسەوە ئەمە دەقی دیمانەكەی گوڵانە لەگەڵ ئایەتوڵڵای عوزما شیخ بەشیر نەجەفی كە شیخ عەلی نەجەفی وەڵامی داینەوە.
گوڵان: لەهەموو ئەو بارودۆخانەی بەسەر وڵاتەكەماندا روودەدا، مەرجەعی ئایینی هەمیشە رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە رێكخستنەوەی ماڵی شیعە و كۆكردنەوەی عێراقییەكان، بەڵام ئەوە نزیكەی 8 مانگە هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەنجامدراوەو تاكو ئەمڕۆ نەتوانراوە حكوومەت پێكبهێنرێت. ئایا لەم لایەنەوە هەڵوێستی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی چییە؟
شیخ عەلی نەجەفی: بسم اللە الرحمن الرحیم . زۆر بەخێر بێن بۆ نەجەفی پیرۆزو پێش هەموو شت سڵاوی خۆمان لەرێگەی ئێوەوە بۆ براكانمان لە كوردستانی خۆشەویست دەنێرین...
مەرجەعی ئایینی هەموو كاتێك لە نزیكەوەو بە بایەخێكی زۆرەوە چاودێریی هەموو ئەو بارودۆخانە دەكات كە وڵاتمانی پێدا تێدەپەرێت، هەموو كاتیش رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە بۆ یەكڕیزی نێو ماڵی شیعە و یەكخستنی عێراقییەكان.
گوڵان: بەڵام ئەوە ماوەی 8 مانگە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حكومەت پێكبهێنرێت، ئایا لەمبارەوە هەڵوێستی مەرجەعیەت چییە؟
شیخ عەلی نەجەفی: لەراستیدا مەرجەعیەتی ئایینی لەچاودێریكردنە لە نزیكەوەو بایەخێكی زۆر بە بارودۆخەكە دەدات، مەرجەعیەت رێچكەیەكی بۆ خۆی كێشاوەو لەسەر ئەو رێچكەیە هەر بەردەوام و پرانسیپێكی بۆ خۆی داناوە لە پێدانی راوێژو ئامۆژگاری بۆ ئەم گەلە لێقەوماوەو سەركردە سیاسییەكان لەپێناو رزگاربوون لە دیكتاتۆرییەت و رزگاربوون لە داگیركەر، لەگەڵ گەیشتن بە كەشوهەوایەكی ئارام و سەقامگیری و دیموكراسی و ئاشتی بۆ ئەم نەتەوە غەدرلێكراوە. هەربۆیە پێویستە ئەم مەسەلەیە قۆناخ بەقۆناخ بچێتە پێشەوە و تێپەڕێنرێت بۆئەوەی بەلایەنی كەمەوە بگەینە بارودۆخێكی باش. ئەمڕۆ لەبارەی كاری سیاسی دوچاری شكست بووین و بە قۆناغێكی زۆر ئەستەم و ئازاربەخش تێدەپەڕین، ئەویش بەهۆی پێداگرتنی هەندێ لە سیاسییەكانمان لەسەر بەرژەوەندیی كەسی و تایبەت و بەرژەوەندیی حزبی، دوور لە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەم گەلە چەوساوە و بێبەشكراوە. هەر بۆیە مەرجەعییەت لە نزیك و بە بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچوونی بارودۆخەكان دەكات و چاوەڕوانی كاتی دروستە بۆئەوەی دەستێوەردانی بارودۆخەكە بكات، ئەویش ئەگەر پێویستیی بە دەستێوەردان هەبوو، هیوادارین بە پشتیوانی خودای گەورە و میهرەبان بۆ رۆڵەكانی ئەم وڵاتە تابەزووترین كات بتوانرێت هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن.
گوڵان: ئایا ئەم شكستە مایەی نیگەرانیی سەماحەتی شێخی نەجەفی نییە؟
شیخ عەلی نەجەفی: بێگومان. بەڵێ زۆریش نیگەرانە و لۆمەی هەموو ئەو كەسانە دەكات كە بەرپرسیارن لە دواكەوتنی پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەت و پێی وایە كە ئەوان بەرپرسیارن بەرامبەر خوێنی ئەم گەلە كە رۆژانە لێیان دەكوژرێت و ئەو پارە زۆرەی كە بەفیڕۆدەدرێت، ئەوانە هەموویان بەهۆی ئەم دواكەوتنە لەبەردەم خودا و ئەم گەلە بەرپرسیارن.
گوڵان: سەماحەتی شێخ، ئێمەی كورد لەگەڵ مەرجەعییەتی ئایینی شیعە خاوەن پەیوەندییەكی درێژ و دێرینین، بەتایبەتی لەگەڵ مەرجەعەكانی نەجەفی پیرۆز، بەشێوەیەكی تایبەتی لەگەڵ سەماحەتی شێخ ئایەتولڵا «محسن حەكیم»، كە بۆ چەندین جار و لە چەندین بۆنە بۆ بەرژەوەندیی كوردەكان فەتوای داوە. دەمانەوێ بزانین كە ئایا ئەمڕۆ هەڵوێستی مەرجەعییەتی ئایینی بەرامبەر بە كوردەكان چییە؟
شیخ عەلی نەجەفی: گەلی كورد گەلێكی موسڵمانە و وەكو عێراقی یەك خێزانین، بەشێكە كە لەم وڵاتەدا جیا ناكرێتەوە. هەروەها خاوەن رێزێكی بێ پایانن لەلایەن ئێمەوە و هەستی دوولایەنەمان هەیە لەبارەی خۆشەویستی و برایەتی و لەڕووەكانی پێوەندییە ئەخلاقی و نیشتیمانی و ئایینی كە ئێمە لەگەڵ برا كوردەكانمان لە كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە. هەربۆیە، ئێمە بە گرنگی دەزانین كە ئەم پەیوەندییە تایبەتە بەردەوام بێت لەنێوان حەوزەی علمی لە نەجەفی پیرۆز لەگەڵ براكانمان لە كوردستان.
گوڵان: هیوادارین لەڕێگەی گۆڤاری «گوڵان»ەوە بەڕێز سەماحەتی شێخ ئایەتوڵلا بەشیر نەجەفی پەیامێك ئاراستەی گەلی كوری بكات.
شیخ عەلی نەجەفی: پەیامی سەماحەتی مەرجەعی گەورە بۆ گەلی كوردستان بەمشێوەیەیە:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان، سوپاس و ستایش بۆ خوداوەندی مەزن و سەڵاوات لە باشترین بوونەوەرەكانی پێغەمبەر «محمد» (د.خ) و ئەهلە پاكەكان. خودای میهرەبان دەڵێت: «إنما المۆمنون إخوە»، خودا دەفەرمێت: «وتعاونوا علی البر والتقوی».
گەلی كوردی موسڵمانی خۆڕاگر لە دەستی رژێمی پێشوو دووچاری مەینەتی و نەهامەتی بوو، بەهیچ شێوەیەك بۆی نەڕەخسا بە گوزەرانی بژی و ژیانێكی ئاسوودەی هەبێت، ئەمڕۆش خودای گەورە هەموو گەلی عێراقی لەو خەونە ناخۆشەدا رزگاركردو گەلی كوردیش هاوشێوە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی تری عێراق بە پشتیوانی و بەخشندەیی خودا گەیشتە ئاواتی خۆی لە ئازادی و سەرفرازی. خودای گەورە فەرموویەتی: «لان شكرتم لایزیدنكم». باشترین شت لە سوپاس و ستایش ئەوەیە كە هەرگیز لە تاعەتی خوداوەندی گەورە دەرنەچین و هەرگیز ئازادی بەكارنەهێنن بۆ دەرچوون لە فرمانەكانی. پێویستە هەموومان پێكەوە كاربكەین لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراقی بەهەموو پێكهاتەكانی. پەنا بەخودا رەحم لە هەموومان بكات و هەرچی خراپە لێمانی دووربخاتەوە بۆ ئەمڕۆمان و ئایندەمان.
Top