جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ گوڵان: هەڵوێستی لیستی ئەلعێراقیە روون و ئاشكرایە و لە حكومەتێكدا بەشدار نابین نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی بێت

جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ گوڵان: هەڵوێستی لیستی ئەلعێراقیە روون و ئاشكرایە و لە حكومەتێكدا بەشدار نابین نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی بێت
تاریق بەكر ئەحمەد ئەلهاشمی سەرۆكی حزبی ئیسلامی عێراقییە و جێگری سەرۆك كۆماری عێراقە و یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی عێراق لەسەر ئاستی عێراق و دەوڵەتانی عەرەبی و جیهانیش، هاشمی لەگەڵ ئەوەی وەك سەركردەیەكی سیاسی نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە لە عێراقدا دەكات، بەڵام ئەو خۆی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ناسنامەی عێراقیبوونی پێش ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبەكەیەتی، لەم دیمانە تایبەتەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ بەڕێز تاریق هاشمی هەوڵمانداوە هەموو ئەو باس و پرسانە باس بكەین كە پێوەندی بەئێستا و داهاتووی عێراقەوە هەیە، هەروەها هەڵوەستە لەسەر پێوەندییەكانی نێوان هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لیستی ئەلعراقیە بكەین و ئاماژەش بە پێوەندییەكانی نێوان بەڕێز تاریق هاشمی و بەڕێزان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بدەین، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی گوڵانە لەگەڵ بەڕێز تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق.
گوڵان: بەڕێز تاریق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەر رۆشنایی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ئێستادا چۆن سەیری پرۆسەی سیاسی و پاشەڕۆژی عێراق دەكات؟
تاریق هاشمی: پێموایە دەرفەتێكی باش هەیە بۆ بونیادنانی عێراقێكی بەهێز و گەشەسەندوو و یەكگرتوو، مەسەلەكە پێوەندەی بەوەوە هەیە تا چەند سەركەوتوو دەبین لە دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەكان و پەنا بردنە بەر شەرعیەتی دیموكراسییەت و پێوەرەكانی سلوكی دیموكراسییەت كە لە 2003ـەوە بەڵێنمانداوە بەدیانبهێنین، بەڵام سەرەڕای بوونی ناكۆكی زۆر لەنێوان پێكهاتەكانی گەلانی عێراق و تەنانەت لەنێوان كوتلە سیاسییەكانیشدا، بەبۆچوونی من پێویستمان بە گرێبەستێكی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین شەراكەتێكی راستەقینە بونیاد بنێین، بە پلەی یەكەم پێوەری دەوڵەتی هاووڵاتیبوون لەبری دەوڵەتی پێكهاتەكان رەچاو بكەین، ئەمە كلیلی چارەسەری هەموو گرفتەكانی عێراقە و ئەم وڵاتە دەخاتە چوارچێوەیەكی دیموكراسی و سەردەمیانە، ئەمەش ئاواتی هەموومانە.

گوڵان: هەڵوێستتان لە دووبارە كاندیدكردنەوەی د. نوری ئەلمالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران؟ چییە، ئایا چاوەڕوانی هیچ موفاجەئەیەك لە ئەلعێراقییە دەكرێت؟
تاریق هاشمی: نەخێر، چاوەڕوانی هیچ موفاجەئەیەك ناكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لیستی ئەلعێراقییە بەیاننامەیەكی روون و ئاشكرای دەركرد و رایگەیاند مامەڵە لەگەڵ هیچ حكومەتێك ناكەین كە بە سەرۆكایەتی نوری ئەلمالیكی بێت، ئەم بەیاننامەیە وەك تیشكی خۆر روون و ئاشكرایە، هەر بۆیە هەڵوێستی ئەلعێراقییەش لە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری ئەلمالیكی ئاشكرایە.

گوڵان: ئەی هەڵوێستی شەخسی ئێوە؟
تاریق هاشمی: بێگومان من ئەمڕۆ یەكێكم لە سەركردەكانی ئەلعێراقییە و بڕیارەكانی ئەلعێراقییە بە كۆی دەنگ دەردەچێت، رەنگە تەحەفوزات لەكاتی دەركردنی بەیاننامەكە هەبووبێت، یاخود تەحەفوزات هەبێت لەسەر داڕشتنەوەی زمانەوانی بەیاننامەكە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی وەك پرەنسیپ دوای سێ مانگ لە گفتوگۆی جددی كە تێیدا ئەلعێراقییە ئەوەی لە توانایدا هەبوو نەرمی پیشاندا و چەند پڕۆژەیەكی پێشكەش كرد بۆ دووبارە راستكردنەوەی رێڕەوی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، بەڵام رووبەڕووی رەتكردنەوە و نەبوونی ئامادەباشی و جددییەتی لیستی دەوڵەتی یاسا بۆوە، تەنانەت بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی كە كوتلەی ئەلعێراقییە پێشكەشی كردن، من وەك كەسێك، بەبێ لەبەرچاو گرتنی پێگەی خۆم لە كوتلەی ئەلعێراقییە، گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە لیستی دەوڵەتی یاسا جددی نییە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی، بۆیەش ئەوەی پێویستە لەم هەڵوێستەدا رەخنەی لێبگیرێت، لیستی دەوڵەتی یاسایە نەك لیستی ئەلعێراقییە.

گوڵان: ئایا هیچ لایەنەك لە لایەنەكانی ناو كوتلەی ئەلعێراقییە ئارەزووی جیابوونەوەی لەم كوتلەیە هەیە و حەزبكات لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هاوپەیمانی گرێبدات؟
تاریق هاشمی: پێموایە ئەمانە خەونن و دوورن لە واقیعی حاڵ، لەناو كوتلەی ئەلعێراقییە فرە بۆچوون هەیە، ئێستا ئەم كوتلەیە پێكهاتووە لە زیاتر لە بیست كوتلەی سیاسی، ئەم فرەییە و بوونی بۆچوونی جیاواز لە هەندێك هەڵوێستدا ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم كوتلەیە ئەگەری دابەشبوونی لێبكرێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی كە زەمانەتی یەكڕیزی ئەلعێراقییە دەپارێزێت و پتەوی دەكات، بریتییە لە بڕوای هەموو ئەندامەكانی بە پڕۆژەكەی، تەنیا باس لە 91 نوێنەر ناكەم، بەڵكو باس لە هەموو ئەندامانی كوتلەی ئەلعێراقییە دەكەم، بڕوایەكی پتەویان بە پێویستی گۆڕینی ئەو واقیعە هەیە بەرەو باشتر و بەو پڕۆژەیەی كە ئەلعێراقییە تەبەننای كرد و موژدەی بە هەموو رۆڵەكانی گەلی عێراقدا لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، من هیچ ترسێكم لە پاشەڕۆژی ئەلعێراقییە نییە، ئێمە لە سەركردایەتی گوێ لە بیروڕای جیاوازی نێو كوتلەی ئەلعێراقییە دەگرین، ئەندامەكانمان بە هەموو ئازادییەكەوە قسە دەكەن، رەخنە دەگرن و گفتوگۆش دەكەن، بەڵام لە كۆتاییدا هەموویان هەست بە ئارامییەكی دەروونی دەكەن و دڵنیان لەوەی كە لەم كوتلەیەدا رەفتارێكی دیموكراسی هەیە و هەموویان بەشدارن لە دروستكردنی بڕیار و دەزانن چی روودەدات.

گوڵان: تاچەند ئەگەری ئەوە هەیە ئەلعێراقییە ببێتە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا؟
تاریق هاشمی: ئەم مەسەلەیە لەسەر چۆنیەتی كۆتایی هێنان بە گفتوگۆكان لەگەڵ كوتلە براوەكانی هەڵبژاردن وەستاوە، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئێمە ئێستا گرنگی زۆر بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەدەین نەك دەسەڵاتی یاسادانان (تشریعی) هۆیەكەشی ئەوەیە كە ئەو پڕۆژەیەی لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن تەبەننامان كرد، وا دەخوازێت كە ئێمە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بین بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كە پڕۆژەی گۆڕانكارییە، جگە لەوە نازانم چۆن كوتلەیەكی سیاسی پڕۆژەیەك پێشكەش دەكات و دواتر دەخزێتە نێو ئۆپۆزسیۆن و ئەم پڕۆژەیە دەخاتە دەست كوتلەی سیاسی دیكە، بۆیە پێمانوایە كامڵ بوونی كاری كوتلەی ئەلعێراقییە دوای پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە كە لەدەسەڵاتی جێبەجێكردندا بێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەم مەسەلەیە. چەندین دەسەڵات لە عێراقدا هەیە و دەسەڵاتی یاسادانان (تشریعی)ی دەتوانێت رۆڵێكی چاودێری بگێڕێت كە سەنگی خۆی هەبێت و ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەك چوار ساڵی رابردوو نەتوانێت خاوەن بڕیار بێت، هەموو دەسەڵاتێكی یاسادانان دەتوانێت رۆڵی چاودێر ببینێت لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن.

گوڵان: ئێوە وەك ئەلعێراقییە هیچ شتێكتان لەگەڵ هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان باس كردووە كە رانەگەیەنرابێت، ئایا گفتوگۆتان لەسەر كارنامەكەیان كردووە؟
تاریق هاشمی: بێگومان هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كارنامەی خۆیان پێشكەش كردووە كە لە 19 خاڵ پێكهاتووە، ئێمەش دیراسەتمان كردووە، تا ئێستا وەڵامێكی رەسمیمان نەداوەتەوە و لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشكەشی بكەین، گفتوگۆمان كردووە، بەڵام بە راشكاوی دەڵێم نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ لیستی دەوڵەتی یاسا كردوومانە، زۆر لە كوتلەكانی دیكەش پڕۆژەیان پێشكەش كردووە و هەموویان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە باشترین چارەسەر بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوەیە لەنێوان دەوڵەتی یاسا و ئەلعێراقییە پێكبهێنرێت، بۆیە هەردوو ئیئتیلافەكە گفتوگۆیان لەنێوان خۆیاندا چڕ كردەوە، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ و دەركەوت ئەم گفتوگۆیانە نەزۆكن و هیچ ئەنجامێكیان نەبوو، پێموایە لەمەودوا زیاتر جەخت لەسەر گفتوگۆی جددی دەكرێتەوە لەگەڵ هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان یان لەوانەیە لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، ئێمە وەك لیستی ئەلعێراقیە شتێكی شاراوەمان نییە، ئاگادارین لە هەستیاری هەندێك لە مەسەلەكان كە لە بڕگەكانی كارنامەی هاوپەیمانی فراكسۆنە كوردستانییەكاندا هاتووە، هەر بۆیە بەجددی و بە دڵێكی كراوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، بۆئەوەی بگەینە چەند خاڵێكی هاوبەش كە یارمەتی هەموو لایەك دەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ ئاستەنگ.

گوڵان: ماوەیەك لەمەوبەر سەرۆك مسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكی راگەیاند، ئێوە چۆن ئەم دەستپێشخەرییە لێك دەدەنەوە و چۆن هەڵیدەسەنگێنن بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو؟
تاریق هاشمی: بەر لەوەی باس لەم دەستپێخەرییە گرنگە بكەم، دەمەوێ لە رێگەی گۆڤارەكەی ئێوەوە سوپاسی برای بەڕێزمان مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ ئەو هەڵوێستەی، بەر لەماوەیەك لەرێگەی دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە هەواڵی ئەوەم پێگەیشت كە هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پشتگیری لە كاندیدكردنەوەی دكتۆر نوری ئەلمالیكی ناكاتەوە تا ئەو كاتەی ئەلعێراقییە و ئەنجومەنی باڵا پشتگیری نەكەن، ئەم هەڵوێستە بەڵگەی راستی بیروبۆچوونەكانی سەركردایەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی كە هەموو لایەك تێیدا بەشدار بن و دواڕۆژی عێراق دەخاتە قۆناغێكی نوێوە، ئەم هەڵوێستە مایەی سوپاسگوزاری ئێمە و نیشانەی هەست كردنە بە بەرپرسیاریەتی لە قۆناغێكی سەختی عێراقدا و نیشانەی سەركەوتنی سەركردایەتی هەرێمە لە یەكلایی كردنەوەی هەڵوێستیان لەسەر مەسەلەیەكی زۆر گرنگ كە مایەی ناكۆكییە بەتایبەتی لەم قۆناغە ناسكەدا.

گوڵان: لایەنە سیاسییەكانی عێراق روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی دیدو بۆچوونەكانی سەرۆك مسعود بارزانی دەربارەی دواڕۆژی عێراق بزانن، ئێوە رۆڵی سەرۆك بارزانی لە عێراقدا چۆن دەبینن؟
تاریق هاشمی: دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگ و لەجێیە، من ئەوەی بۆ ئیزافەی دەكەم كە چۆن بتوانین لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە بڕۆین لەرێگەی كارێكی موئەسەساتی كە هەموو لایەنە جیاوازەكانی عێراق كۆبكاتەوە، ئەو ئیشكالیەتەی ئێستا دروستبووە لە دووبارە كاندیدكردنەوەی بەڕێز مالیكییە، لەلایەن دەوڵەتی قانون و سەدرییەكانەوە و ئەو ناكۆكییەی كە لەنێوان دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی عێراقی نیشتماندا هەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی جێبەجێكردنی ئەو پێشنیارە زەحمەت بێت، چونكە ئیشكالیەتەكە لەوەدایە كە ئێستا هەموو لایەنەكان یەكسان نین، ئەمڕۆ پاڵێوراوێك لەلایەنێك دەبێت و كەسانی دیكە دەبن دژی دەوەستنەوە، بۆیە داواكردن بۆ دانیشتنی نوێنەرانی هەرچوار لایەنە سەركەوتووەكە لەسەر مێزی گفتوگۆ تا راددەیەكی زۆر بووەتە كارێكی زەحمەت، بەڵام پێموایە دەستپێشخەرییەكە زۆر باشە و دووپاتی دەكاتەوە كە بەڕێز مسعود بارزانی هەوڵی كۆكردنەوەی هەموو عێراقییەكان دەدات بە ئامانجی گەیشتن بەچەند خاڵێكی هاوبەش، من دڵنیام لەوەی ئەگەر سەركردایەتی كوتلە سیاسییەكان لەكاتێكی زوودا كۆبوونەوەیان ئەنجامدابا، ئەوا دەگەیشتن بە چەند چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەو تەنگژەیەی ئێستا هەیە، بەڵام دیدارە دوو قۆڵییەكان وەك پێویست نەبوون بۆ پێگەیاندنی پڕۆژەی پەلە كردن لە پێكهێنانی حكومەت.
هەرچەندە من سەردانی كوردستانم نەكرد، بەڵام سەردانەكان زۆر باش بوون، سەبارەت بە كوتلەی ئەلعێراقییە د.ئەیاد عەللاوی و رافع عیساوی چەندین جار سەردانی هەرێمیان كرد و ئەنجامی سەردانەكانیش هاندەر بوون، بێگومان ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەم كاتە ناسكەدا دووپاتی ئەو قسانەیە كە لە دیدارەكانی سەركردەكانی ئەلعێراقییە بیستوومانە لەبەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی، گرنگیدانی سیاسەتمەدارە عێراقییەكان بە چاوپێكەوتن لەگەڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردنەوەی رۆڵی نیشتمانی سەركردایەتی هەرێمە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە عێراق لەسەر ئاستی نیشتمانی رووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم سەركردایەتییە تەنیا گرنگی بە هەرێمی كوردستان نادات، بەڵكو گرنگی بە سەرتاسەری عێراق دەدات.

گوڵان: سەدام دیوارێكی دووبەرەكی لەنێوان كورد و عەرەبی سوننەی عێراق دروستكرد، ئێوە وەك سەركردەیەكی عەرەبی سوننە، بۆچی هەوڵتان نەداوە ئەم دیوارە بشكێنن و خۆتان كردۆتە لایەنێك لەو خراپەكاریانەی سەدام دژی كورد ئەنجامیدا؟
تاریق هاشمی: من بەشێكم لەو پێكهاتەی عێراق، خۆشەویستی من بۆ كورد هیچ لە خۆشەویستی من بۆ عەرەبی سوننە و شیعە كەمتر نییە، بەر لەوەی ئینتیمام بۆ سوننە هەبێت، ئینتیمام بۆ عێراق هەیە، ناسنامەی عێراقێم بەر لە ناسنامەی ئینتیمای مەزهەبی و ئایینی منەوە دێت، من بەو شێوەیە سەیری كورد ناكەم، شایەدی ئەوە دەدەم كە گوێم لە هیچ شتێكی لەم جۆرە لە عەرەبەكان(بە شیعە و سوننەوە) نەبووە بەرامبەر بە برا كوردەكانمان، بەڵام زۆر بەداخەوە مەسەلەی پێوەندی كورد و عەرەب بە شیعە و سوننەوە و بەتایبەتی لەگەڵ سوننەكان بەشێوەیەكی مەنتقی ماقوڵ بەڕێوە نەبران لەسەر بنەمای قوڵ كردنەوەی شەراكەتی نیشتمانی لە یەك وڵاتدا و ئەمەی هەیە روویدا، تا ئێستا هیچ لایەنێكی دیاریكراوی نەزیه و بێلایەن نییە كە ئامادەیی خۆی دەرببڕێت و كار بكات بۆ ئەوەی ئەم ناكۆكیانە كەم بكاتەوە لەنێوان هەرێم و موسڵ یان هەرێم و كەركوك، من گلەیی لە كورد و عەرەب دەكەم، پێویست بوو لە سەرەتادا هەردوو لا دەست بە گفتوگۆی كراوە و جددی بكەن بۆ لابردنی هەموو ئەم ناكۆكیانە با هەموو لایەك دڵنیابن ئێمە گیانی دوژمنكاریمان نییە و هەڵگری میراتی هەموو ئەو زوڵمە نین كە پێشتر دژ بە كورد كراوە، كوردەكان برا و شەریكمانن لە یەك وڵاتدا، چیمان هەیە هەیانە و چیمان لەسەرە ئەوانیش لەسەریانە، لە دەستووردا باسی ناسنامەی عێراقێتی دەكات نەك ناسنامەی ئایین یان مەزهەب یان نەژاد، پێموایە ئەو ناكۆكیانەی ئێستا هەن پێویستیان بە لێكنزیك بوونەوەیەكی دیكە هەیە بە مەبەستی چارەسەركردنیان و نەهێشتنەوەیان بە هەڵپەسێردراوی بۆ هەتا هەتایە.

گوڵان: هەندێك لایەنی ئەلعێراقییە جێبەجێكردنی ماددەی 140 رەت دەكەنەوە، وەك سەركردەیەكی ئەلعێراقییە، دیدو بۆچوونت چییە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە؟
تاریق هاشمی: ئەمە یەكێكە لەو مەسەلانەی ناكۆكیان لەسەر هەیە، بۆچوونێك هەیە دەڵێ: ئەم ماددەیە تەواو بووە و بەسەرچووە، لەهەمان كاتدا بۆچوونێكی دیكە هەیە دەڵێ: مادام ئەم ماددەیە لە دەستووردا هەیە، ئەوا ماوە و بەسەر نەچووە، با بە بێلایەنی قسە بكەین وەك دەزانن تاریق هاشمی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە تێپەڕاندنی دەستوور و رازی بوون لەسەری لە ساڵی 2005 بە ماددەی 140 و دەسەڵاتەكانی نێوان ناوەند و هەرێم و یاسای نەوت و گازیشەوە، هەرچەندە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر دەستوور هەبوو، ماددەی 142 دانرا بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەك بكەین لە چوار مانگی یەكەمی 2006 نەك لە ماوەی دوو ساڵ، بەپێی ماددەی 142 پێویست بوو پێداچوونەوەی هەموو ماددەكانی دەستوور بكرێت و هیچ ماددەیەكی ئیستیسنا نەكرد تەنیا هەمواركردنی دەستوور نەبێت، بۆیە بەر لەوەی باس لە ماددەی 140 بكەین پێویستە باس لە ماددەی 142 بكەین، بەر لەوەی بڵێین ماددەی 140 بوونی هەیە، ئەوا داواكارییەك هەیە بۆ جێبەجێكردنی و هەندێكی دیكە بڵێن نەخێر بەسەرچووە، من دەڵێم: ئێستاش هەندێك گرفت لەسەر ئەرزی واقیع هەن، پێموایە كێشەی كەركوك پێویستی بە چارەسەركردنێكی تەوافوقی نیشتمانی هەیە لەسەر مەسەلە ستراتیژییەكان لەپێناو بەرژەوەندی باڵای عێراق، وردەكارییەكانی ماددە دەستوورییەكە زۆر گرنگ نین، ئەم ماددەیە لەسەر ئەساسی مادەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دانراوە كە ناوچەی دیكەشی دەگرتەوە و تەنیا باسی كەركوكی نەكردووە، ئەمەش بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە، ئەوەی گرنگە بەلای منەوە بە دەست هەندێك كێشەوە دەناڵێنین كە پێویستیان بە چارەسەری تەوافوقی نیشتمانی هەیە و لە پێشەوەی هەموویشیان كێشەی كەركوك، پێویستە بە هەر شێوەیەك بێت چارەسەر بكرێت. ئەو ئیشكالیەتەی ئەمڕۆ هەیە ئەوەیە كوردەكان دەڵێن دەبێ ئەم ماددەیە جێبەجێ بكرێت، بەلای منەوە ئەمە گرفت نییە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە رێگەكانی چارەسەركردن جیاوازن، كاتێك بەزمانی پێكهاتە قسە دەكەین، كوردەكان بیروبۆچوونی دیاریكراویان هەیە بۆ چارەسەركردنی، بەهەمان شێوە عەرەبیش بیروبۆچوونیان هەیە كە جیاوازە لەگەڵ بۆچوونی كوردەكان، هەموو لایەك كۆكن لەسەر ئەوەی كە كێشەیەك هەیە بەناوی كەركوك، پێویستە ئەم كێشەیە بە لێكنزیك بوونەوەیەكی نوێ دیراسەت بكرێ، نابێ ئەم كێشەیە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و پێویستە بە تەوافوقێكی نیشتمانی چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی روو بكەینە ئاوەدانی و گەیشتن بە كاروانی وڵاتانی گەشەسەندوو و پێشكەوتووی جیهان، من لەسەر وردەكارییەكان ناوەستم كە ماددەیەكە ماوە یان بەسەرچووە، بەڵكو دەڵێم كێشەیەك هەیە و پێویستی بە چارەسەرە.

گوڵان: ئەو پۆستە چییە كە دەتەوێ وەریبگری لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا؟
تاریق هاشمی:ئەم مەسەلەیە حەساسە كاتی خۆی لێدوانێكمدا دابوو و وتبووم پێویستە سەرۆكی عێراق لەخولی داهاتوودا عەرەب بێت و مشتومڕێكی زۆریشی نایەوە، دواتریش میدیاكانی كوردستان زیاتریان باس كرد و ئەوەی من نەموتبوو ئەوان وتیان، چونكە من نەموتبوو عەرەبی سوننە بێت، وتبووم عەرەب بێت، من بە هیچ شێوەیەك نەموتبوو كورد مافی خۆ پاڵاوتنیان نییە بۆ ئەو پۆستە، من وتوومە پێویستی عێراق بە پێوەندییەكی باشە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، دابینكردنی ئەمن و ئاسایش وا دەخوازێت سەرۆكەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو عەرەب بێت، نە زیاترم وتبوو نە كەمتر، من ئێستاش بڕوام بەوە هەیە هەر هاووڵاتییەكی عێراقی مافی هەیە ئەم پۆستە وەربگرێت، هۆكاری ئەم لێدوانەشم بریتی بوو لە:
یەكەم: ئێران ستراتیژییەتێكی هەیە تایبەتە بە عێراق و ئاسایشی عێراقیش زۆر گرنگە، من زۆر گفتوگۆم لەگەڵ سەركردە عەرەبەكاندا كردووە دەربارەی ئەم مەسەلەیە.
دووەم: ئەوەیە كە دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات رووبدا.
سێیەم: دەرچوونە لە موحاسەسە بە هەموو شێوەكانییەوە.
ئەگەر ئەمڕۆ سەركردەیەكی كورد بڵێت پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقێكی نیشتمانییە و سازشی لەسەر ناكەین، ئەمە چی دەگەیەنێت لە كاتێكدا ئێستا كێشەی سەرۆك وەزیران زۆر گەورەترە لە سەرۆك كۆمار.
كاتێك دەڵێن ئەلعێراقییە نوێنەرایەتی مەزهەبێك یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەكات و دواتر دەڵێن ئەم پێكهاتەیە بۆی نییە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، كێ دەتوانێت رێگە لە تاریق هاشمی یان لە كوردێك یان مەسیحییەك بگرێت ببێت بە سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ كەب بڵێین پێویستە سەرۆكایەتی كۆمار تەنیا بۆ كورد بێت و سەرۆكایەتی وەزیران تەنیا بۆ شیعە بێت و سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنیا بۆ سوننە بێت، ئەگەر ئەم سێ پۆستە سیادییە لەنێوان كورد و سوننە شیعەدا دابەش بكرێن، ئەوانی تر وەك توركمان و كلدان و ئاشوری و سابیئە چییان دەبێت لە كاتێكدا عێراقین، داواكەی من بۆ ئەو مەبەستە بوو كە لە گێژاوی موحاسەسە دەربچین و هەنگاو بۆ كەشی پڕۆژەی نیشتمانی هەڵبگرین، بەو پێیەش هەموو عێراقییەكان بۆیان هەیە خۆیان بپاڵێون بۆ هەموو پۆستێك، دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەكەت، ئامادەم خۆم بۆ هەر پۆستێك بپاڵێوم گەر عێراقییەكان پێیان وابێت من تێیدا دەتوانم خزمەتیان بكەم و ئەو داواكارییەیان بەجێ دەهێنم و ململانێی كەس ناكەم لەسەر هەر پۆستێك.

گوڵان: پێتوایە مەسەلەی موحاسەسە واتە سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆك كۆمار بۆ كورد و پەرلەمان بۆ سوننە بووەتە عورفێك لە عێراق؟
تاریق هاشمی: ئەم شێوازە نابێتە هۆی بونیادنانی دەوڵەتێكی هاوچەرخ، بەشێك لە ئیشكالیەتی دەوڵەتی نوێی عێراق ئەوەیە كە پرۆسەی سیاسی لەسەر ئەساسی موحاسەسە بونیادنراوە، ئەگەر لە سەرەتاوە پشتمان بە پڕۆژەی نیشتمانی ببەستبایە و پێوەری دیموكراسیمان كردبایە بە مەحەك لە هەڵبژاردنی كەسایەتییەكان بۆ ئەم پۆستانە، لەجیاتی ئەوەی بڵێین ئەم پۆستە بۆ فڵان تائیفەیە یان بۆ ئەویترە، ئەو گرفتانەی ئێستا هەن بوونیان نەدەبوو، هەروەها برایانمان لە ئیئتیلافی نیشتمانی و دەوڵەتی قانون پڕ بەدەنگیان هاواریان نەدەكرد(رێگە نادەین عێراقییە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، چونكە نوێنەرایەتی ئەم پێكهاتەیە دیاریكراوە دەكات) من لێیان دەپرسم پشتیان بە چ ماددەیەكی دەستوور یان بە چ یاسایەك بەستووە لەم هەڵوێستەیاندا، من حەز دەكەم لە پاشەڕۆژدا كوردێك یان مەسیحییەك ببینم یان كەسێكی نیشتمانپەروەر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەداخەوە زۆر كەس هەن بەشێوەیەكی جددی بیر لە قووڵكردنەوەی فەرهەنگی موحاسەسە دەكەنەوە و گۆڕینی ئەو عێراقەی بە پێكەو ژیان و برایەتی ناسراوە بۆ لوبنانێكی نوێ، تا ئێستاش لوبنان بە دەست دابەشبوونی سیاسییەوە دەناڵێنێت و رۆڵەكانی لوبنان لە ئێستا و داهاتوودا باجەكەی دەدەنەوە، چونكە مەزهەب و نەژاد هاتوونەتە نێو ژیانی سیاسییەوە، پێویستە ئەم تاقیكردنەوەیەی لوبنان كۆپی نەكەن، داوای لێبوردن دەكەم كە هەندێك لە رۆژنامە و سایتەكانی ئینتەرنێت و تەنانەت سیاسەتمەدارانیش هەندێك قسەیان بەناوی منەوە بڵاوكردەوە كە من نەمكردبوون، كوردەكان خاوەن مێژوویەكی دیار و بەرچاون و تاریق هاشمی ئەو كەسە نییە كە پێوەندییە مێژووییەكانی خۆی لەگەڵ كورد بەتایبەتی لەگەڵ برایانی ئازیز و خۆشەویستمان مسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی بكات بە قوربانی پۆستێكی دیاریكراو، من بەهیچ شێوەیەك لەو كەسانە نیم كە هەڵگری ئەو كلتوورەن، خۆشەویستی برا كوردەكان لە ناخی مندایە، بەڵام من مافی خۆمە ئەو شتە بخەمە روو كە بزانم بەرژەوەندی وڵاتەكەمی تێدایە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە پاشەڕۆژێكی گەش بۆ عێراقییەكان لە دەرچوون لە موحاسەسەوە دێتە ئاراوە كە ئێستا پرۆسەی سیاسی لەسەر بنیادنراوە.

گوڵان: بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتی عەرەبییەكان لە كاروباری ناوخۆی عێراقەوە جۆرە كرانەوەیەك بەدی ناكرێ لە پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵیان، ئاسۆی ئەو پێوەندیانە چۆن دەبینی؟
تاریق هاشمی: عێراق دامەزرێنەری كۆمكاری عەرەبییە، یەكێكە لە كۆڵەگەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی و رێككەوتننامەی جۆراوجۆری هەیە، لەوانەش رێككەوتننامەی بەرگری هاوبەش كە تا ئێستاش بەردەوامە، بەبۆچوونی من پێویستی ستراتیژی بە عێراق بەتایبەتی پێویستی ئیقلیمی وا دەخوازێت پێوەندی نێوان عێراق و وڵاتە عەرەبییەكان بەهێز بن و بە تێپەڕبوونی كات پتەوتر بكرێن لە هەموو بوارەكاندا، بێگومان دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەكەینەوە و بەهێڵی سووری دەزانین، بەڵام گفتوگۆش پێویستە، راستیەك هەیە كە دەڵێین ئەلعێراقییە زۆرترین پێوەندی و گفتوگۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، بە راشكاوانە دەڵێم ئەلعێراقییە گوێ لە سەركردەی وڵاتە عەرەبییەكان دەگرێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات، بەڵام تا ئێستا سەركردەیەكی عەرەبی بە ئاشكرا و بە نهێنی نەیوتووە ئێوە لە ئەلعێراقییە پێویستە ئەمكارە و ئەوكارە بكەن یان نەیكەن، بەپێچەوانەوەی ئەوەی بینیومە هەموو سەركردەكانی وڵاتە عەرەبییەكان دەڵێن: پێمان بڵێن چۆن هاوكاریتان بكەین، چی لەسەر ئێمە پێویستە بۆ هاندانی پێوەندییەكانتان لەگەڵ نەیارە سیاسییەكانتان.
دەمەوێ ئەوەتان بەبیر بهێنمەوە كاتێك یاسای هەڵبژاردنەكانم رەتكردەوە، ئەم هەڵوێستەی من بووە هۆی توڕەبوونی هەندێك وڵاتی نزیك لێمەوە، بەكارهێنانی ڤیتۆ لەلای منەوە بۆ ئەو وڵاتانە موفاجەئە بوو و چاوەڕێیان نەدەكرد، ئەوان وتیان پێویستە یاساكە بڕوات و هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بە حوكمی بەرپرسیاریەتی دەستووریی و یاسایی خۆم و بە قەناعەتی خۆمەوە بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن یاساكەم رەت كردەوە و گوێم بەوە نەدا ئەم وڵاتە توڕە دەبێت یان تێبینی هەیە، ئێستا هەندێك وڵاتی دراوسێ هەن دەست دەخەنە نێو كاروباری ناوخۆی عێراقەوە، بۆ نموونە ئێران دەڵێ: ئەمریكا گیروگرفتی لەعێراق و ئەفغانستان هەیە و بۆئەوەی ئەم گرفتانە چارەسەربكرێن پێویستە لەگەڵ ئێران قسە بكەن، ئەمە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە لەسەر دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆی عێراق، وڵاتە عەرەبییەكان بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن، ئێمە زۆرجار دەڵێین وڵاتە عەرەبییەكان لە 2003 ـەوە وازیان لە عێراق هێناوە و تا ئێستا تەنیا ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی باڵیۆزخانەیان لە عێراقدا كردۆتەوە.

گوڵان: وەك جێگری سەرۆك كۆماری عێراق ئاسۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بەرووی وڵاتە عەرەبییەكان و ئەو پێشكەوتنانەی لەساڵانی رابردوو لەهەرێم هاتوونەتە پێشەوە چۆن دەبینی؟
تاریق هاشمی: من ئیرەیی بەوە دەبەم كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرووی وڵاتانی عەرەبی و جیهان كراوەتەوە و توانیویەتی زۆر لە كۆمپانیا و سەرمایەداران بۆخۆی رابكێشێت، ئێمە لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق نەمانتوانیوە هاوشێوەی هەرێم كار بكەین، دەبینین كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتن و پڕۆژەی ستراتیژی وەك كارەبا، پاڵاوگە و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی لە هەولێر هەیە و بەرەو پێشتریش دەچێت كە مایەی خۆشحاڵی منە، ئەمەش بەڵگەی كاری مەنهەجی و موئەسەساتی و جددییە لە كرانەوە بەرووی جیهان، من یەكێكم لەو كەسانەی كە لەهەموو سیمینار و كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا هەمیشە وتوومە: تاكە هەلی سەرمایەگوزاری لە عێراقدا كوردستانە، لە كوردستانەوە دەست پێبكەن، چونكە لە هەموو شوێنەكانی دیكەی عێراق ئارامترە، وەرن بۆ دهۆك و هەولێر و سلێمانی و سەرمایەكانتان بەگەڕ بخەن، ئەگەر بارودۆخەكە گونجاو بوو ئینجا بەرە بەرە روو لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بكەن، ئەمە پەیامی من بووە بۆ هەموو لایەك.


گوڵان: لە دوایین دیدارت لەگەڵ سەرۆك تاڵەبانی باستان لە مەسەلەی پێكهێنانی حكومەت كرد؟
تاریق هاشمی: بێگومان بەر لەسێ رۆژ(2/10/2010) سەردانی سەرۆك تاڵەبانیم كرد، سەرۆك تاڵەبانی برایەكی ئازیزە سەرەڕای ئەو هەموو شتەی كە وتراوە كە راست نەبوو، پێوەندیم لەگەڵی زۆر باشە و رێز و تەقدیرم بۆ جەنابیان هەیە، لە دوایین چاوپێكەوتنشماندا باسمان لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت و رۆڵی شەخسیی بەڕێزیان لە نزیككردنەوەی سەركردەی كیانە سیاسییەكان بۆ گەیشتن چارەسەرێكی گونجاو بۆ پێكهێنانی حكومەت بە زووترین كات كرد، بەڵام بێگومان مام جەلال بۆ یەكەم جارە دەڵێ: ئێمە رووبەڕووی قەیرانێكی راستەقینە بووینەتەوە، هۆكارەكەشی ئەو دابەشبوونە بەهێزەی نێوان ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقییە كە كاریگەری لەسەر كوتلەكانی دیكەش هەیە، تەنانەت گفتوگۆكانی نێوانیشیانی ئاڵۆزتر كردووە.

گوڵان: ئاسۆی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا چۆن دەبینی؟
تاریق هاشمی: خۆشحاڵم لە بەرەو پێشچوونی پێوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا بە گشتی و كوردستان و توركیا بەتایبەتی، هەروەها خۆشحاڵم بە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆمپانیا توركییەكان لە عێراق و ئارەزوویان بۆ پتەوكردنی پێوەندی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیا، لە هەموو سەردانەكانمدا بۆ توركیا لە كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری توركیا و هەم بەرپرسەكانی دیكەش، رەوشی هەرێمی كوردستان لە خشتەی كارەكانی من بووە، بەڵام دەمەوێ ئەوە روون بكەمەوە بەر لە هەر سەردانێكم بۆ توركیا بەڕێز سەرۆك تاڵەبانی ئاگادار دەكەمەوە، هەروەها پێوەندی بە سەرۆك مسعود بارزانییەوە دەكەم ئەگەر پەیامێكی دیاریكراویان هەبێت بۆ لایەنی توركی، لە هەمان كاتدا وەڵامی لایەنی توركیشیان بۆ دەهێنمەوە، ساڵی2008 كاتێك سوپای توركیا بەنیازی داگیركردنی كوردستان بوو، لەناو فڕۆكە بووم لە سعودیەوە بۆ عەمان، سەرۆك بارزانی پێوەندی پێوە كردم و داوای لێكردم تەدەخول بكەم و رێڕەوی فڕۆكەكەم لە عەمانەوە بگۆڕم بۆ ئەنقەرە، لەسەر قسەی بەڕێزیان ئەمكارەم كرد و وابزانم رۆڵێكی مێژووییشم گێڕا بۆ كەمكردنەوەی گرژییەك كە خەریك بوو پێوەندییەكانی توركیا و عێراق تێكبدات بەهۆی چالاكییە قبووڵ نەكراوەكانی (پ.ك.ك)ـەوە، ئەمە یەكێك بوو لەو كارانەی كە شانازییان پێوە دەكەم و بەشێكە لە تۆماری پێوەندییەكانم لەگەڵ برا كوردەكانم.
لە ساڵی 2007 لەگەڵ عەبدوڵڵا گویل كە ئەو كات وەزیری دەرەوی توركیا بوو، بیروبۆچوونی خۆم خستە روو لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی توركیا لەگەڵ كێشەی كورد لەتوركیا و پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆ كردن داوای لێكردم چاوم بە سەرۆكی فەرمانگەكان بكەوێت لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا و ئەوەی بە عەبدوڵڵا گویلم راگەیاند بەوانیش رابگەیەنم، بۆیە بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێر و نیوێك دانیشتن، بیروبۆچوونی خۆم خستە روو دەربارەی رۆڵی ستراتیژی پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ كوردستان و عێراق و بۆیانم روونكردەوە كە نابێ توركیا هەموو گرنگی پێدانی خۆی بخاتە سەر كەركوك و توركمان، دەبێ هەموو گرفتەكانی عێراقی لەبەرچاو بێت و گرنگییەكی زۆر بە عێراق بدات لە ئەجیندای سیاسەتی دەرەوەی خۆی، بیروبۆچوونەكانیشم كاردانەوەیەكی ئیجابی هەبوو لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەو كارەم بە ویستی خۆم ئەنجامدا و كەس داوای لێنەكردم و لە روانگەی هەستكردنم بوو بۆ مسۆگەركردنی پاشەڕۆژێكی رووناك لە چوارچێوەی عێراق و دامەزراندنی پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان ئێمە و توركیای دراوسێمان.

گوڵان: بەم زووانە سەردانی توركیا دەكەی؟
تاریق هاشمی: بەڵی سەركردایەتی وەفدی عێراقی دەكەم بۆ بەشداری كردن لە لوتكەی وڵاتانی كۆنگرەی ئیسلامی، هەروەها پیشانگایەكی بازرگانی لەو ماوەیە دەكرێتەوە، لەو پیشانگایەشدا ئامادە دەبم و ژمارەیەك سەرمایەدار هاوڕێم دەبن لەم سەردانە.

گوڵان: هیچ سەرمایەداری كوردستان بەشدار دەبن؟
تاریق هاشمی: ئیشكالیەتێك لە هەڵبژاردنی كەسایەتییەكاندا هەیە، سەبارەت بە نووسینگەی خۆم راوێژكارەكانم یاوەرم دەبن كە یەكێكیان لە برا كوردەكانە، دڵنیام داوەتنامە ئاراستەی كوردستانیش كراوە و پێموایە ئەوانیش بەشداری دەكەن و ئەگەر ئامادەش نەبن بێگومان كوردستان بەشێك دەبێت لە وتارەكەم لەگەڵ هاندان بۆ گواستنەوە لە پیشەسازی بچووكەوە بۆ پیشەسازی ناوەند و گەورە.

گوڵان: پێوەندیتان لەگەڵ سوریا چۆنە و وەك رایەكی شەخسی پێتوایە سوریا حەز دەكات مالیكی یان عەللاوی ببێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق؟
تاریق هاشمی: سەركردایەتی سوریا لە سەرەتاوە رایانگەیاند كە هێڵی سووریان لەسەر كەس نییە و كەسیش ناخەنە پێش كەسی ترەوە، بەڵام لە راستیدا هەستیان بە دڵتەنگی دەكرد لە هەڵوێستی بەردەوامی حكومەت و تاوانبار كردنی سووریا بە تەقینەوەكانی چوارشەممەی خوێناوی، ئەم تاوانبار كردنە كارگەرییەكی سلبی هەبوو لەسەر پێوەندییەكانی نێوان سووریا و عێراق، ئێستا پێوەندییەكان باشترن و چاوەڕوانی گەڕانەوەی باڵیۆزی سووریاین بەم نزیكانە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پێوەندییەكان بەرەو باشتر.

گوڵان: لە ئەلعێراقییە باستان لەو پۆستە سیادیانە كردووە كە دەتانەوێ وەریان بگرن؟
تاریق هاشمی: تا ئێستا باسمان لەو مەسەلەیە نەكردووە لەو روانگەیە كە ئەلعێراقییە تەنیا پلانی ()ی هەیە كە مافی دەستووری و هەڵبژاردنی خۆیەتی بە پێكهێنانی حكومەتە، ئەمە كێشەی سەرەكی و تەوەری سیاسەتی ئەلعێراقییە لەم كاتەدا، بۆیە باسمان لە پۆستی سەرۆك كۆمار و پەرلەمان نەكردووە، من دەڵێم هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و ئەلعێراقییە سەركەوتنی بەدەستهێناوە و پێویستە دەرفەتی پێبدرێت حكومەت پێك بهێنێت، ناڵیم سەركەوتوو دەبێت یان نا، ئەگەر سەركەوتوو بوو، ئەوا مافی خۆیەتی. ئەگەریش سەركەوتوو نەبوو، ئەوا سەرۆك كۆمار كەسێك یا لایەنێكی تر رادەسپێرێت بە پێكهێنانی، مەسەلەكە دیارە ئەلعێراقییە مافی خۆیەتی حكومەت پێك بهێنێت، لە راستیدا گفتوگۆمان لەسەر هیچ شتێكی دیكە نەكردووە ئەم مافە نەبێت، چونكە جەنگی دەستووریمان كۆتایی نەهاتووە و رۆژ دوای رۆژ پاڵپشتی ناوخۆ و دەرەكی بەدەست دەهێنین.

گوڵان: زۆر لە چاودێران بە گومانن لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، تێڕوانینت بۆ رێككەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریكا چۆنە؟
تاریق هاشمی: رێككەوتننامەكە هەیە و پەسەند كراوە و لایەنی ئەمریكی ناچار دەكات بكشێتەوە لە كانوونی یەكەمی 2011، كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانیان ماوەیەك بەر لە ئێستا ئاماژەیەكە بۆ رێزگرتنی ئەمریكا لە هەموو بەڵێنەكانی خۆی و ئێمەش خۆشحاڵین بەم هەڵوێستەیان، وەك هەر وڵاتێكی دیكە لە جیهان لە كۆتاییدا هەر دەبێ عێراق پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت لە مەسەلەكانی ئاسایش و بەرگری، لەوانەیە ئامادەكردنی سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق دوا بكەوێت و نەتوانێت بەرگری لە خاك و سەروەری خۆی بكات بەشێوەیەكی پێویست، چونكە ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریاوانی لێهاتووی نییە، ئەمانە هەموویان ئەوە دەخوازن كە پەلە بكرێت بە ئامادەكردنی هێزە سەربازییەكانی عێراق بە چەك و كەرەستەی پێویست.
هەست دەكەم نیگەرانییەك هەیە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە مەسەلەی پڕ چەككردنی سوپای عێراقی، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سوپا سالاری عێراق و سەرۆكی هێزی ئاسمانی كورد بن و لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و لە هەواڵگری ژمارەیەكی زۆری كورد هەبن، چۆن بڕیارێك دەدرێت دژی كورد بێت؟ ئەم ترس و نیگەرانییە بۆچی؟ لە كاتێكدا فرە رەنگی و مەزهەبی و ئیتنی لە عێراق رەنگ دەداتەوە، عێراقێكی لاواز وەسفێكە بۆ عێراق و ناوچەیەكی ناسەقامگیر، نابێ ناخۆشی و نەهامەتییەكانی رابردوو قەناعەتمان بۆ دروست بكات دەربارەی دواڕۆژ، ئێستا كوردەكان بەشدارن لە دروستكردنی بڕیاری ئاسایش و بەرگری لە عێراق، بۆیە پێویست بەم مەترسیانە ناكات، من زانیومە كە تەنانەت لە واشنتۆن هەوڵی ئەوە دراوە پڕ چەككردنی سوپای عێراق بە فڕۆكەكانی (F16) دوابخرێت، بەداخەوە ئەمە نیگەرانی كردم، من هیوام دەخواست سوپای عێراق بە فڕۆكەی (F18) پڕ چەك بكرێت، چونكە پێشكەوتووترە لە (F16) لە هەموو روویەكەوە، ئەوە پارەی گەلی عێراقە بە عەرەب و كورد و توركمان و هەموو پێكهاتەكانی ترەوە، بۆیە پێویستە چەكی پێشكەوتوو و نموونەیی پێ بكڕێت، پێویستە هەموو هەوڵەكانمان بخەینە گەڕ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی بەهێز و دەوڵەتی بەهێزیش مانای دوورخستنەوەی كوردستان نییە، پێموایە برایانی كورد پێویستیان بە چەند ئاماژەیەك هەیە بۆ دڵنیاكردنەوە لە هەمان كاتدا پێویستە كوردەكانیش چاو بە سیاسەتەكانیاندا بخشێننەوە و ئەم مەترسی و نیگەرانییەیان نەمینێت بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ برا عەرەبەكانیان بەتایبەتی لە ناوچەكانی كەركوك و موسڵ و دیالا لەسەر بنەمای شەراكەت لە یەك وڵاتدا، كوردەكان توخمێكی رەسەنن لە بونیادی كۆمەڵایەتی ئەم گەلە ئەرك و مافەكانمان یەكە و پەنا بەخوا هیچ ترسێكمان لە دواڕۆژ نییە.

گوڵان: ئێستا گەلی عێراق دەناڵێنێ بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان، كەچی بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبین كە رۆژانە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، تاكەی ئازار و مەینەتییەكانی ئەمگەلە بەردەوام دەبن؟
تاریق هاشمی: هیچ چارەسەرێك بۆ كێشەكانی عێراق نییە لەرووی خزمەتگوزاری، ئابووری، ئەمنی تەنیا پێكهێنانی حكومەتێك نەبێت كە وشیار و كراوە و نەزیه بێت و خەمی خەڵك بە هەند وەربگرێت، بۆیە كوتلەی ئەلعێراقییە سوورە لەسەر گۆڕانكاری، بەبێ گۆڕانكاری هیچ لە خەونەكانی گەلی عێراق نایەنە دی، تەجروبەی چوار ساڵی رابردوو تەجروبەیەكی سەركەوتوو نەبوو و گەل ئارەزووی ئەوە دەكات چوار ساڵی داهاتوو بە تەواوی جیاواز بن، ئێستا ململانێیەكە لەنێوان كۆپیكردنی چوار ساڵی رابردووە بە هەمان ریتمەوە لەگەڵ ویستێك كە ئەلعێراقییە سەركردایەتی دەكات لە پێناو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی پاك و نەزیه و خاوەن توانا بێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و سوود وەرگرتن لە هەموو داهاتەكانی عێراق بۆ خزمەتكردن بە گەل لە خزمەتگوزاری و نەهێشتنی بێكاری و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش و پتەوكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ، بەهێزكردنەوەی پێوەندی لەنێوان مەركەز و كوردستان و چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئەو گرفتانەی بە هەڵپسێردراوی ماونەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو.
Top