لەبارەی توێژینەوەی "حکومەت و پرسی یەکسانی... ئاریڕەفیق / ماستەر لە کۆمەڵناسی

لەبارەی توێژینەوەی
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەھۆی بڵاوبوونەوەی وێنەو ھەواڵی کوژرانی چەند ئافرەتێک لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، لەسەرئاستی سۆشیال و ماس میدیاوە دەنگدانەوەیەکی تارادەیەک بەرفراوانیان لەگەڵ خۆیاندا ھێنایە کایەوە، جا چەندە گرفتەکە لە روودان و گەورەیی تاوانەکاندایە، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی وێنەیان دەگیرێ و بڵاودەکرێنەوە، زیاتر لەوەش حوکمدان و ھەڵسەنگاندنی نا ئینسافانەی خەڵکی رەشۆک ونوخبەی ئەو کۆمەڵگەیەیە لەبەرامبەر ئەو ھەنگاوو ھەوڵە کرداریانەی کە دامەزراوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەینێن و ناویشیانە، زۆرینەیئەو دەستوپێسپیلکانە بێئەوەی تاقەتیان ھەبێ چەند کاتژمێرێک تەرخان بکەن بۆ بەدواداچوونی ئەدای ئەو دامەزراوانەی کە لەئاست روودانی ھەر تاوانێکەوە ئەرکی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەکەن، دێن لە رەخنەی ناپیشەییانەی نائاگایانە زێدەتر ددانی خێر بە دیوە گەش و سپیەکانیشیاندا نانێن!
ئەم توێژینەوەیەی ئێمە "حکومەت و پرسی یەکسانی" وەڵامی ئەو پرسیارەمان بە روونی و بە دیکۆمێنت دەداتەوە کە ئایا لەپاڵ ئەوەی کە خێزان و کۆمەڵگەو لەناویشیدا رەگەزی ژن بە قۆناغ و تەنگژەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕدەبن، دەسەڵاتییاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن چۆن و بە چ میکانیزمێک ویستوویانە بەرەنگاری ئەو قۆناغە سەختە ببنەوە.
ئەم توێژینەوەیەی ئێمە دەچێتە ناو چوارچێوەی "توێژینەوەی تەدبیقی – Applied Recearch" ، لەبنەرەتدا "توێژینەوەی تەدبیقی" جیاوازە لە "توێژنەوەی زانستی تیۆری"، چونکە توێژینەوەی تەدبیقی دەیھەوێ لە گرفتە ئێستاییەکانی بوارە جۆربەجۆرەکانی "کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، .....ھتد" بکۆڵێتەوە، بۆ گەیشتن بەیەک ئامانج، ئەویش لەپاڵ نیشاندانی واقیع حالی گرفتەکە، "دۆزینەوەی رێگەو دەرچەکانی چارەسەرکردنی ئەو گرفت و ناونیشانەی کە توێژینەوەکەی لەسەر بیناکراوە".
ئەم توێژینەوەیە پێکدێت لە ناونیشانێکی روون ، پێشەکییەکی توێژەر "عەبدولرەحمان سدیق"، لەگەڵ خستنەڕووی ھۆکارەکانی ئامادەکردنی توێژینەوەکەو ئامانجەکانی توێژینەوەکە بە تێکەھەڵکێشی لەیەک لاپەڕەدا، دواتر توێژینەوەکە دابەشکراوە بەسەر دوو دەروازەی سەرەکیدا:
دەروازەییەکەم پێکدێت لە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی دەسەڵاتییاسادانان لەبارەی ھەمووارکردن و دەرکردنی حەوتیاسای عێڕاقی و کوردستانی.

دەروازەی دووەمی توێژینەوەکەش تەرخانکراوە بە ھەنگاوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەبواری پرسی یەکسانی، کە تێیدا ئاماژەمان کردووە بە سێزدە ھەنگاوی گرنگی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتر خشتەیەکمان بەیازدە خاڵ خستۆتەڕوو کە تێیدا پێگەی ژنان لەبواری "کارگێڕی و یاسایی و ئەکادیمی و سەربازی و رێکخراوەیی و میدیایی" بە داتا نیشانداوە، لەکۆتاییەکەشیدا وەک سێ بنەمای کۆتایی ھەر توێژینەوەیەکی زانستی "دەرئەنجامی توێژینەوەکەمان خستۆتەڕوو" لەگەڵ " خستنەڕووی ھەشت راسپاردەو پێشنیاری نوێ" کە پێمانوایە بەجێبەجێکردنیان گۆڕانی بەرچاو لە پرۆسەو پرسی چەسپاندنییەکسانیدا دەھێنێتە کایەوە، لەکۆتایشدا جگە لە بیرھێنانەوە چەند وتەیەکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لەپشت زۆرینەی ھەوڵ و ھەنگاوە کردەییەکانی چەسپاندییەکسانیدا نەخش و رۆڵی دیارە، ئاماژەشمان بەو سەرچاوەکانی توێژینەوەکە کردووە، کۆی توێژینەوەکەش بە سێ زمانی "کوردی ، عەرەبی ، ئینگلیزی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
پێشمانوایە ئەو ھەوڵە بێ غەوش نیەو بەدەر نیە لە کەموکوڕی، کێش پێیوایە کە ئەم توێژینەوەیە نەیتوانیوە حەق بدات بەم ناونیشانەی سەرەوە، دەتوانێ لەبری ئەوەی بە زەڕەبین بۆ کەموکوڕیەکانی بگەرێ، بابێت ئەسپی خۆی تاو بدات بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی باشتر لەو ھەوڵەی کەئێمە بۆ خستنەڕووی مێژووی ئەم بوارە وەک خۆی داومانە.
Top