ئاشتی و تەبایی هەرێمی كوردستان زامنی بەھێزكردنی پاراستنی مافەكانی ئافرەتانە

ئاشتی و تەبایی هەرێمی كوردستان زامنی بەھێزكردنی پاراستنی مافەكانی ئافرەتانە
لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا ئاشتی و تەبایی ناوخۆ، پێكەوەژیانی ئاشتییانە، كاری پێكەوەیی و داهێنان و وەبەرهێنان، رەمزی سەرەكیی پێشكەوتنەكانن و هەر ئەوانەش زامنی چەسپاندن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەكات، ئافرەتانیش لەو بوارەدا پشكی شێریان بەردەكەوێت و لە گشت جومگەكانی كۆمەڵگەدا بەشدارییەكی كارایان دەبێت، چالاكانی بواری مافی مرۆڤیش لە كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئاشتی و تەبایی ناوخۆ، زامنی بەھێزكردنی پێگەی ئافرەتانی كوردستانە و دەستەبەری مافەكانیان مسۆگەر دەكات. هەر لەو بارەیەوە بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.
سەرەتا شێرزاد هەینی وەك نووسەرێكی كورد ئاماژە بەوە دەكات كە «تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، فەراهەمكردنی هەموو پێگەكانی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و دواییش سیاسی، زامنی یەكەمی ئاسوودەییە، لەو رووانگەوە، ژن كە پێگەی سەرەكیی ئەو جڤاتەیە، نەك تەنیا سوودبەخش دەبێت، بگرە دەتوانێت لەو بوارە ئەكتیڤ بێت و رۆڵی بەرچاوی هەبێت، بەوەش دەگاتە قۆناخێكی پێشكەوتووتر، بەپێی هەموو بنچینەكانی نێودەوڵەتی و رای گشتی و كۆمەڵگەی مەدەنیش ژنان لەو قۆناخەدا رۆڵیان دەبێت.» هاوكات دەڵێت: «زۆر لە ژنە ناودارەكانی جیهان، بوونەتە سمبول و پێشەوا و كاركەری راستەوخۆ بۆ راپەڕاندنی كارە مرۆییەكانی خێرخوازی و تەندروستی. ساڵی ٢٠٠٠ نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ كۆششیان كرد بۆ ئەوەی ژنان لەناو ململانێیەكان و رەوشە ئاڵۆزەكان سەلامەت و دوورەپەرێز بن.» گوتیشی: «لە دۆخی ئارامی، ژنان زۆرتر دەتوانن لە مەیدانەكان كاركەربن و زۆرتر زووتر بگەنە ناو پێگەكانی بڕیار و چارەسەرییەكان، تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتییش بوارسازە بۆ ئەوەی كچان ئارامتر بژین و هاوسەرگیری بكەن.» حێما بەۆ ئەوەش دەكات كە « لەم ناوچەیە و لە وڵاتانی ئیسلامیدا توندوتیژی و كوشتنە زۆرە، رێژەی قەیرەیی و گەورەكیژ زۆر بووە، رادەی بێوەژنی زۆرە، جیابوونەوە زۆرترە و ئەوانەش هەموو دەبنە كێشە و بارگرانی كۆمەڵایەتی. بۆیە هەموو بنچینەكانی ئاسوودەیی و ژیانی كامەرانی لەگەڵ تەبایی هاوسۆزە، كۆمەڵگە و جڤاتی یەكسان و ئارام بەندە بەو مەرجانەی ساز دەبێت، یەكسانی و هاوسەنگی ناو خێزان و بایەخدان بە تاكی كۆمەڵ و دیسپلینی ناو خێزان و خوێندن و چاودێری و ژیانی ئارام و مەرجەكانی خۆشگوزەرانی هەموو ئەوانە بەندە بە كەشی ئاسوودە و تەبایی و عەقڵی رووناك و پێشكەوتووی دوور لە مەرج و بیری كۆن و توندڕۆیی، ئەوانە كەشەكە ساز دەكەن، جڤاتەكە ئاسوودە بێت و ئافرەتیش تێدا رۆڵە سەرەكییە سالارییە دڵسۆزییەكەی دەنوێنێت. ژنان، دایكان، كیژان لە بارودۆخی نائارام زیانی گەورەیان بەردەكەوێت و لە كاروانەكەی ژیان دوادەكەون.
ئەو نووسەرە كوردە رایوایە: «لە هەموو كۆمەڵگە و یاسا كۆمەڵایەتییە باوەكانی جڤاتی ناوچەكە، باس لە رەوشت و مۆراڵ و ئایین دەكەن بۆ گەشەی خێزان و ئاسوودەیی كۆمەڵ، بەڵام وادیارە كۆمەڵگەی كوردەواری ئەو قۆناخەی دەرباز كردووە، ئاسوودەیی خێزان و ژنان لەو مەیدانە بەندە بە یەك ئامراز و كۆڵەگە ئەویش ئارامی و كەشێكی ئاسوودەی دوور لە ململانێ و ناكۆكییەكان، یەك هەژان و تەقەیەك، مشتومڕی ناو دیمانەیەك، تووڕەیی هەواڵ و لێكدانەوەیەك زۆرتر كار لە ژن و خێزان دەكات و هەستی ناسكیان دەورووژێنن و زامداریان دەكەن. ئاسوودەیی خۆشەویستی گەرم دەكات و عەقڵ و دوور لە توندڕەویی ژیان جوان دەكات.»
لە لای خۆیەوە شەمام محەمەد زیاد بەرپەرسی لقی ژنانی سۆرانی یەكێتی ژنانی كوردستان، رایوایە : «ئاشتی و تەبایی ناوخۆ، زامنی بەھێزكردنی پێگە و پاراستنی مافەكانی ژنانی كوردستان و ژنانی هەموو كۆمەڵگەیەكە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ژن رۆڵێكیكی كاریگەری لە پیشخستنی كۆمەڵگە هەیە. هاوكات دەڵێت: «پێشكەوتنی ژنان پەیوەستە بە رەخساندنی دۆخیكی هەموار لە كۆمەڵگەدا و زەروورە كە ئاشتی و ئارامی تێیدا ساقامگیر بێت، بۆ ئەوەی ژنیش بتوانێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پێگە و تواناكانی خۆی بەهێزتر بكات.» گوتیشی: «ئەگەر دۆخی ناوخۆ سەقامگیر نەبێت، ئەوا بێگومان مافی ژنیش پارێزراو نابێت، چونكە لە هەموو دۆخێكی نالەباری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ژن زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و وەك كاڵایەك بە كار دێت، هەروەها لە رووی ئابووریشەوە پێویستە ژن خاوەنی ئابوورییەكی سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت. ئافرەتی كوردیش لەم بوارەدا توانیویەتی رۆڵی ئەرێنی هەبێت.»
مافپەروەر عیماد ئەحمەد، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بێگومان بوونی ئاشتی و تەبایی لە نێو كۆمەڵگە و خێزانەكاندا هۆكارێكی هەرە گرینگن بۆ پاراستنی مافی تاكەكان و بەتایبەتی مافی ئافرەتان. بێ شك ئەو كۆمەڵگەیانەی كە پارێزراو دوورن لە كێشە سیاسی نێوخۆیی و دەرەكیەكان و ئاشتی تێدا زامن كراوە ژینگەیەكی گونجاوتر و لەبارتریان بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان هەیە.» گوتیشی: «بەداخەوە لەم چەند ساڵەی رابردوو وڵاتەكەمان بە بارودۆخێكی خراپدا تێپەڕ بووە و كۆمەڵێك شەڕ و كێشەی سیاسی تووش بووە كە بە هۆیانەوە چەندین خێزان ئاوارە و دەربەدەر بوون، هەروەها چەندین كچ و ژنی ئێزیدییەكان رفێندراون و دوور لە هەموو بهەا مرۆڤایەتییەكان هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كراوە و سووكایەتیان پێ كراوە. هەروەها ئەو بارودۆخە ئابوورییەی لەم چەند ساڵە تووشمان بووە، هۆكارێكی دیكەن كە بۆتە هۆی زیادبوونی كێشە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان كە زەرەرمەندیی یەكەم لەو بارودۆخە زیاتر ئافرەتانن هەروەها رێژەی كوشتن و خۆسووتاندنی ئافرەتان رووی لە زیادبوون كردووە. جگە لەمانە ئەگەر سەیرێكی ئامارەكانی لەم چەند ساڵەی رابردوو بكەین، دەبینین رێژەی تەڵاق زیادی كردووە، لێرەشدا بە هەمان شێوە زەرەرمەندی یەكەم ئافرەتانن.»
ئەو یاساناسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن شان بەشانی پیاوان لە كۆمەڵگەدا خزمەت بكەن و رۆڵی كاریگەریان هەبێت لە هەموو بوارەكاندا، پێویستە ژینگەیەكی ئارام و بێ كێشەیان بۆ فەراهەم بكرێت، كە دوور بێت لە كوشتن و توندوتیژییەكان و ئافرەتان گرینگی زیاتریان پێ بدریت و مافەكانیان بپارێزرێت.»
Top