ئافرەتان چۆن دەتوانن كۆسپەكانی بەردەم ئازادیی خۆیان بشكێنن؟

ئافرەتان  چۆن دەتوانن كۆسپەكانی بەردەم ئازادیی خۆیان بشكێنن؟
ئازادی یەكێك لە بەها گەورەكانی مرۆڤایەتییە و لە هەر شوێنێكدا و لە هەر كەسێك زەوت بكرێت، تاوانە و دەبێت سنوورێكی بۆ دابنرێت. ئازادی مافی سرووشتیی هەر مرۆڤێكە بە هەر دوو رەگەزەوە، بەڵام لە زۆر وڵاتی دواكەووتوودا ئافرەتی لێ بێبەش دەكرێت، بۆیە بۆ دەستەبەركردنی ئەو مافە ئەركی قورستریان دەكەوێتە سەرشان و دەبێت بە وزە و ئیرادەی سەركەوتن بۆئەوەی كۆسپەكانی بەردەم ئازادیی خۆیان بشكێنن. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئازادیی ئافرەت چییە و بۆچی رێگاكانی گەیشتنیان بە ئازادی دژوار و پڕ ئازار و كێشەیە؟ چون دەتوانین كارێك بكەین كە ئەو ئاستەنگ و ئازارانە لە بری ئەوەی ببنە هۆی لاوازبوون و وازەێنان و پاشەكشە، ببن بە هێز بۆ دەستەبەری ئازادیی ژنان و داەێنان و پێشكەوتنیانی لێ بكەوێتەوە؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

سەرەتا د. نادیە تەڵعەت مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین كۆلێژی ئاداب، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا: كە چەمكی ئازادیی ئافرەت چ پیناسەیەكی هەیە و چۆن دەتوانین بە سەر ئاستەنگەكانی بەردەم ئازادیی ئافرەتدا زاڵ ببین؟ بەمجۆرە رای خۆی دەردەبڕێت: «پرسی ئازادیی ئافرەت بە تێگەیشتن و روونكردنەوەی مانای راستەقینەی ئازادییەوە گرێ دەدرێت، ئەویش بریتییە لەوەی كە تاك خاوەنی رۆح و جەستەی خۆی بێت، بەتایبەتی لە بواری هەڵبژاردنی شێوازی ژیانكردن و رێزگرتن لە بڕیارەكانی و مافی دەستنیشانكردنی كارەكانی و بەدیەێنانی سەربەستی لە كارەكانی و رێگەكانی گەیشتن بە ئازادی وەكو مرۆڤێك و بە بیرێكی ژیرانە و لە چوارچێوەی رەوشت و بەهای مرۆڤایەتی و بنەماكانی ئایینی ئیسلام، بۆ دەربڕینی هەستەكانی و بەدەستەێنانی مافە رەواكانی.» هاوكات دەڵێت: «من وەكو ئافرەتێك هەست بە بوونی جیاوازی بیروڕا دەكەم لە نێو كۆمەڵگەی خۆمان، چ لەسەر ئاستی ژنان بێت، یاخود پیاوان كە دەرئەنجام جیاوازی رەنگدانەوەی ژیری و ناژیرییە بۆ ددانپێدانانی مافی ئازادیی ئافرەت، وەكو ئادەمیزادێك لە پاڵ پیاوان بەدی دەكرێت، خودی بوونی ئەم جیاوازییە لە بیروڕا دەرەنجامی ئەرێنی و نەرێنی لە نێو كۆمەڵگەدا دروست كردووە، بە واتای دیكە تا ئێستاش تێگەیشتنێكی ناتەواو لە پێدانی مافە رەواكان و ئازادیی ئافرەت لە كۆمەڵگەكەمان بەدی دەكرێت، بەڵكو هەندێك جار بێبەزەییانە و دوور لە رەوشت و بەهای مرۆڤایەتی و ئایینی ئیسلام بە گوللە وەڵامی خواستەكانی ئافرەت دراوەتەوە، دەبێ ئەوە بزانین پەپوولەیەك بە باڵەكانی خۆی ئازادانە دەفڕێت و ئەگەر باڵی نەبێت، خۆیشی و ئازادییەكەشی مانای نامێنێت، بۆیە گوتوویانە بۆ لەناوبردنی پەپوولە پێویست بە كوشتنی ناكات، بەڵكو تەنیا بە لێكردنەوەی باڵەكانی خۆی لە حەسرەتی ئازادی و فڕین، دەمرێت».
چالاكی مەدەنی شێرزاد پیرموسا، سەرەتا بە پێویستی دەزانێت پێناسەی ئازادیی ئافرەت و پێوەری ئەو ئازادییە بخاتەڕوو، بۆیە دەڵێت: «ئازادیی ئافرەت ئەوەیە كە لە جاڕنامەی جیەانی مافی مرۆڤ و پڕۆتۆكۆڵە جەانییەكاندا هاتووە، لەوانە سیداو كە جەخت لەوە دەكاتەوە ئافرەت دەبێت ئازاد بێت لە دەربڕینی هەست و راكانی و لە ماف و ئەركەكانیش لەگەڵ پیاو یەكسان بێت و كۆمەڵگەش ددانی پێدا بنێت. هەروەها ئافرەت دەبێت پشكدار بێت لە بڕیاردان لەناو ماڵ و شوێنی كار و لەناو كۆمەڵگەدا و لە ئابووری و سیاسەتیشدا پشكدار بكرێت.» جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «تەحەددییات و ئاستەنگی زۆر هەن لە بەردەم ژنان بۆ بەدەستەێنانی مافەكانیان و بۆ چارەسەركردنیشی هەنگاوی یەكەم ئەوەیە كە دەبێت كۆمەڵگەو بەتایبەتی پیاوان ددان بەوەدا بنێنن كە ئافرەت نیوەی كۆمەڵگەیە و یەكسانە لەگەڵ پیاودا، هەروەها دەبێت ئەو دابونەریتانەی دژی ئافرەتانن، پشتگوێ بخرێن و متمانە دروست بكرێت. هەروەها سەربەخۆیی ئابووری و خوێندەواری و پشكداری ئافرەتان لە هەموو دامەزراوەكاندا چ میری و چ نامیری و بەشدارییان لە بڕیاری سیاسی و یاساییدا ئازادیی ئافرەت مسۆگەر دەكات، بەپێجەوانەوە ناوبردنیان بە زەعیفە و بە سووك سەیركردنیان تەنیا رێگا بۆ پێشێلكردنی مافەكانیان خۆش دەكات.» گوتیشی: «ئازادیی ئافرەت لە زاتی خۆیدایە و دەبێت متمانەی بە خۆی و ئیرادەی ئازاد هەبێت و تەسلیمی كۆسپە جیاواز و ناڕەواكانی كۆمەڵگە نەبێت. چونكە هەر ئەوانە گەیشتنی بە ئازادی و مافەكانی زەحمەت و دژوار كردووە. هەروەها لە هەموویان گرنگتر جێبەجێ نەكردنی یاساكان و نەخوێندەواری و نەبوونی هۆشیاری و بەتایبەت نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری، بەربەستی گەورەیان بۆ ئازادیی ئافرەت دروست كردووە».
پەرلەمانتار حەیات مەجید، رای وایە: «ئازادبوونی ئافرەت پەیوەستە بە ئازادبوونی هزری خۆیەوە و هاوكات دەڵێت: «هەركات ئافرەت توانی مەودای بیركردنەوەی فراوان بكات، ئەوا ئۆپشنەكان بەرامبەر ئەو گرفت و كێشانەی دێتە رێی زیاد دەكات، ئەوكات دەتوانێ بە ئازادی بیربكاتەوە و هەنگاوی دروست بنێت و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پلانی جۆراوجۆری هەبێت، هەڵبەت گەیشتن بە مەبەست و خەونەكان پێویستی بە نەفەسدرێژی و تەحەمول هەیە، پێویستی بە ورە و توانایەكی نەبڕاوە هەیە، زۆرجار ئەو شكستانەی بەسەر مرۆڤدا دێن، بەهێزی دەكەن، ئێمەی ئافرەتیش ئەو شكستانەی رووبەڕوومان دەبنەوە، دەبێت بیانكەین بە ئەزموون و پەندی لێ وەربگرین، بیكەین بە دەستپێكی سەركەوتن بەسەر نەهامەتییەكانی رۆژگار و پتەوكردنی پلانەكانی داەاتووی ژیانمان، كۆڵدان و پاشەكشە هەرگیز چارەسەر نین، بەڵكو چارەسەر ئەوەیە نەسرەوین، بۆ پێشكەوتنی زیاتر و داەێنان لە بواری كاری خۆماندا هەوڵ و هیممەتمان بخەینە كار، چونكە ئافرەت بەهۆی بڕوا بەخۆبوون دەگاتە تێكڕای ئامانجەكانی و بەسەر كۆسپەكانی بەردەمیشیدا زاڵ دەبێت.
قاسم عەزیز، سەرۆكی (رێكخراوی ژیانی تەندروست)سەبارەت بە هەمان پرس ئاماژە بەوە دەكات كە «تێگەیشتن لە ئازادی بە پێی كات و شوێن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەوەی زیاتر راكان لە سەری كۆكن، بریتییە لەوەی كە(مافی هەر تاكێكە لە ئەنجامدانی هەر كارێك ئازاد بێت كە زیانی بۆ دەوروبەری نەبێت)، ئافرەتیش وەك پیاو مافی خۆیەتی دادپەروەرانە سەرجەم مافەكانی دەستەبەر بكات. گوتیشی: «ئێمەی كوردیش دەبێت هەموو هەوڵێك بدەین، بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان نەچین، چونكە یەكێك لە هێماكانی دواكەوتنیان بریتی بووە لە زوڵم و ستەمكردن لە پێگەی ئافرەت و لێسەندنەوەی سیفەتی مرۆڤایەتییان، بۆ نموونە: لە سەردەمی كۆنەوە تا ئێستاش كڕین و فرۆشتنی ئافرەت و ئەو دیاردە ناشارستانییە بەردەوامە، لەپێش هاتنی ئیسلامیش بوونی كچ بە شوورەیی دادەنرا و كچان زیندەبەچاڵ دەكران. لە مێژووی كۆنی وڵاتانی پێشكەوتووی ئەمریكا و ئەوروپاش بە هەمان شێوە ستەمی گەورە لە ئافرەت كراوە، بەڵام دواتر لەگەڵ پێشكەوتنی كۆمەڵگە و هۆشیاربوونی تاكەكانیان بە رێزگرتن لە بنەما مرۆیی و رۆحی و ئایینییەكان و بایەخدانیان بە یەكسانیی ژن و پیاو، پێگەی ئافرەتیش بەرز بووەتەوە و ئازادیی خۆیان بەدەست هێناوە».
سەرۆكی رێكخراوی ژیانی تەندروست رایوایە: «مافی ئافرەت تەنیا بریتی نییە لە درێژەدان بە خوێندن و سەربەخۆیی ئابووری و كاركردن لە دەرەوەی ماڵ، بەڵكو ئازادیی رادەربڕین و ئیرادەی سەربەخۆی لە هەموو پرسێكی تایبەت بە ژیانی لە مافە سەرەتاییەكانیەتی كە دەبێت كۆمەڵگە هەزمی بكات.» گوتیشی: «یەكێك لە پێوەرەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بریتییە لە شێوە و جۆری روانینیان بۆ ماف و رۆڵی ئافرەت، هاوكات بۆ ئەوەی بەربەستەكان بشكێندرێت، پێویستە ئافرەت خۆیشی گرنگی بە تواناكانی بدات و ململانێیەكی زانستی و سەردەمییانە لەگەڵ پیاو بكات، نەك چاو ببرێتە كۆتا و خێری خێرخوازان تا پۆستێك وەربگرێت و تێشیدا شكست بەێنێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی ئافرەتیش دروست بكات. دەبێت ئافرەت لە هونەر و ئەتەكێتی بەرپرسیاریتی شارەزایی تەواوی هەبێت، بەپیێ شوێن وكات و پێگەو پۆستەكەی هەڵسوكەوت بكات، نەك وەك ئافرەتێكی سادەی ماڵەوە كە خەمە سەرەكییەكەی ئەوەیە چۆن خۆی و ماڵەكەی بۆ ئافرەتانی دیكەدا نمایش بكات. چەند رۆژێك بەر لە ئێستا چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئافرەتێك كرد كە بە رواڵەت نوێنەری خەڵكی هەژار و مافخوراوە، كەچی وای نیشاندا كە لەم قەیران و نەبوونییە لە ژیانێكی فوول ئاسایی و لەو پەڕیی هەبوونیدا دەژیت، ئەوەش پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە كە لەسەری خەڵكی دەنگیان پێ داوە، لەگەل ئەوەشدا زۆرێك لە ئافرەتانمان توانیویانە زۆر لە پیاوان سەركەوتووتر بن و باشتر ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكەیان راپەڕێنن. بە بۆچوونی بەندە دیاریكردنی كورسی بۆ ئافرەت بە رێگەی كۆتا كاریگەری نەرێنی لە سەر كارایی ئافرەتان دەبێت، چونكە بێ خۆئامادەكردن و بێ رەچاوكردنی شایستەیی بۆ شوێنێك دەچێت كە بە هۆی زەمینەسازنەكردن بۆی، شكستی لە سەركەوتنی نزیكتر دەبێت.»
Top