دەرچووانی پۆلی دوانزەھەم لە نەھاتنەوەی ناوەکانیان نیگەرانن

دەرچووانی پۆلی  دوانزەھەم لە نەھاتنەوەی ناوەکانیان نیگەرانن
دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نیگەرانن و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، ھیچ ھیوایەکیان بە خوێندن و بڕوانامە نەماوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش بۆ خوێندنی ئەمساڵ(٢٠١٧_٢٠١٨) چەند رێنماییەکی تازەی سەبارەت بە پەیمانگە و زانکۆ حکوومییەکان دەرکردووە و بەشێک لەو رێنماییانەش قوتابیانی نیگەران کردووە، بەتایبەتی کە بەشێکی زۆری قوتابیان ناوەکانیان لەکۆلێژو پەیمانگاکان نەگەڕاوەتەوە، شارەزایانی بواری پەروەردە و فێرکردنیش رایانوایە کە ئەو رێنماییانە شڵەژانی دەروونی لای قوتابی دروست دەکات و بۆ ئەو رۆژگارەی قوتابی و خانەوادەکانیان گونجاو نییە، ھاوکات لە رێنماییەکەدا ھاتووە ئەو قوتابیانەی کە نمرەیان کەمە و لە رابردوودا لە ھیچ زانکۆ و پەیمانگەیەکی حکوومی وەرنەدەگیران، بڕیارە ئەمساڵ لە زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکان بە پارە وەربگیرێن، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان بۆ بابەتەکە ھەیە.

«دوای وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتاساڵی پۆلی ١٢ی زانستی دەرچووم بە نمرەی ٦١% و پاش پڕکردنەوەی فۆڕم لە رێگەی زانکۆلاین، بەڵام ناوم لە ھیج کۆلیژ و پەیمانگەیەک نەگەڕایەوە، بەوەش چارەنووسی من و ھەزاران قوتابی نادیارە.» ئەوە دەستپێکی قسەکانی قوتابی ئازاد قاسم بوو. ھاوکات دەڵێت: «دوای ١٢ ساڵ خوێندن کە کار دەکاتە سەر پاشەڕۆژی ھەزاران قوتابی بۆ درێژەدان بە خوێندن و زانست، نیگەرانیی ئێمەی قوتابی ئەوەیە کە تاکو ئێستا وەرگرتنمان دیار نییە بۆ درێژەدان بە خوێندن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان و بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و پێگەیاندنی رۆڵەکانمان بە پەوەردەو فێرکرن، ھاوکات ئێمەی قوتابی لەبەر خراپیی باری دارایی، توانای خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەی ئەھلیمان نییە، بۆیە دواکارین لە وەزارتی خوێندنی باڵا کە رێگەچارەسەرێک بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ درێژەدان بە خوێندنمان بدۆزیتەوە.»
د. حوسێن ئێسماعیل خان دەلۆ، مامۆستای زانکۆیەو سەبارەت بە گلەو گازندەی قوتابیان کە بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ناویان نەھاتووەتەوە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەڵێت: «ئەوە کێشەیەکی گەورەیە کە بووەتە مایەی نیگەرانی قوتابیان و کەسوکاریان، چونکە قوتابی دوای کۆششێکی زۆر و شەونخوونی و ماندووبوونێکی تەواو لە ماوەی داوازدە ساڵی خوێندن، ھەموو ھیواکانیان لەسەر ئەوە ھەڵچنیوە کە قۆناغی زانکۆ تەواو بکەن، بەڵام لە رووی میکانیزم و سیستەمی وەرگرتنەوە ئەمساڵ گۆڕانکاریەکی تەواو روویداوە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی بەرچاو بە نمرەی بەرزەوە وەرنەگیرێن، ئەوەش تاکو رادەیەک ھەندێک لە قوتابیانی تووشی شۆک کردووە، بەتایبەتی کە لە ساڵانی رابردوو لانیکەمی کۆنمرە بۆ وەرگرتن دیار بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو لانیکەمە دەستنیشان نەکراوە، ئەمەش سەرلێشێواویەکی دروست کردووە، سەرباری ئەوەش بەھۆی قەیرانی ئابووری کە ئێستا بەرۆکی کوردستانی گرتووە، قوتابیان ناتوانن بە دڵخوازی خۆیان لە زانکۆ ئەھلییەکان بە پارە بخوێنن، بۆیە ناچارن یان لە ماڵەوە دابنیشن، یان روو لە کارکردن بکەن، کە ئەوەش لە کوردستاندا بە گشتی بۆیان دەستبەر نابێت، چونکە رێژەی بێکاری لە زیابووندایە و ئەوانیش بەھۆی ئەوەی کە سەرقاڵی خوێندن بوون لە کارکردندا دەست و پێ سپین .»
د. حوسێن ئێسماعیل خان دەلۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە «ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە خاوەن بڕوانامەکانی بەکالۆریوس و دیپلۆم لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە دانەمەزراون، واتە بە ھۆی کەڵەکەبوونی بڕوانامەی بەرز، ھیچ دەرفەتێک بۆ دامەزرانیان نامێنێتەوە، ئەوانەشی کە بڕوانامەی شەشی ئامادەییان ھەیە، دۆخیان زۆر خراپترە، چونکە ئەگەر دامەزراندنیش بکەرێتەوە، ئەوان ھەر مەئیوس و نائومێد دەبن.» ھاوکات دەڵێت: «ھەق وایە لەم ھەلومەرجە قەیراناوییەدا بۆ جێکردنەوەی ئەو قوتابییانەی ناویان نەھاتووەتەوە، حکومەتی ھەرێم بە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، لە زانکۆ حکوومییەکاندا بە بڕی پارەیەکی کەم ئەو قوتابییانە لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا جێگا بکاتەوە، تاکو درێژە بە خوێندن بدەن.»
خەلیل پاڵانی مامۆستا لەقوتابخانەی قەراجی بنەڕەتی، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «پەروەردەو فێرکردن بە بوارێکی ھەستیارو گرنگی ھەر کۆمەڵگەیەک دێتە ھەژمارکردن، بەو ھۆیەی کە پێشکەوتنی ھەر کۆمەڵگەیەک بەندە بە پێشڤەچوونی بواری پەروەردەو فێرکرنەوە، بەڵام بەداخەوە لەھەرێمی کوردستان نەک ھەر گرنگییەکی ئەوتۆ بەو بوارە نەدراوە، بەڵکو ئەو ھەنگاوانەی دەھاوێژرێن، زیاتر بووەتە ھۆی ئیفلیجکردنی رەوشی پەروەردەو فێرکردن .دیارە ھۆکاری نەھاتنەوەی ناوی زۆرێک لە قوتابییان لە کۆلێژو پەیمانگاکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمەی کە لە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێ، دوای قەیرانی داراییش، کردنەوەی کۆلێژو پەیمانگای ئەھلی بە نرخێکی بەرز، لەمەشیان چینی ھەژار کە زۆرینەن زیانمەندی یەکەمن، بۆیە دەکرێ بڵێین: ئەوە رێگەخۆشکەرێکە بەدەست لایەنی پەیوەندیدار بۆ نەھاتنەوەی ناوی قوتابیان لە کۆلێژو پەیمانگا حکوومییەکان، ھەرچەندە دامەزراندن لەکاتی ئێستادا وەستاوەو دەبووا حکومەتی ھەرێم دەرفەتی زیاتر بە قوتابییان بدات و ئاسانکارییان بۆ بکات بۆ ئەوەی بتوانن خوێندنیان تەواو بکەن و دواتریش ھەلی کاریان پێ بدات، بۆ ئەوەی تواناو بەھرەکانیان بە کردار بخەنە واری جێبەجێکردنەوە، بۆیە لەشوێنی ئەوەی پەروەردە لەھەوڵی کۆکردنەوەی پارە بێت، باشتر وایە رێگەخۆشکەر بێت بۆ پێشکەوتنی زیاتری قوتابییان». ئەو مامۆستاتە گوتیشی: «ئێمە وڵاتێکین خودان نەوتین و وەک زۆرێک لەوڵاتانی دیکە نەمانتوانیوە وەبەرەێنان لە ھەموو بوارێک بکەین، کە بتوانین بەردەوام بین لە رەوشی پەروەردەو فێرکردن بە ئاراستەیەک کە خاوەن بڕوانامەکان بتوانن خزمەتی زانست و زانیاری و بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری بکەین.»
بەھزاد تاەیر مامۆستای یاریدەدەرە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و پسپۆڕە لە کارگێڕی و ژمێریاری، سەبارەت بە ناوەڕۆکی پرسی ئەم راپۆرتەی گوڵان، سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات، کە «قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان کە ئێستا بووەتە قەیرانێکی گەوەرەی ئابووری، لە سەرەتاکانی دەستپێکی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیەاندا دروست بوو، لەبەر ئەوەی پێشتر پلانی نەبووە بۆڕووبەڕبوونەوەی قەیرانی لەم شێوەیە، یەکێک لە ھۆکارەکان کە وایکردووە ئەم قەیرانە زۆر بە زەقی خۆی پیشان بدات، ئەوەیە کە ماکینەی گەشەی ئابووری لە کوردستان زۆر خێراتر بوو لە ئاستی نۆڕمالی خۆی، بە شێوەیەک کە ئاستی داەات بۆ نزیکەی ٤٠٠% و زیاتریش بەرز بووەوە، لە زانستی ئابووری ھەر ھەڵکشانێک، داکشانی لە دوا دێت و بەھۆی خێرایی گەشەی ئابووری لە کوردستان کە بلقێکی وەھمی دروست ببوو، وای لێەات کە ئەم داکشانە، داکشانێکی نۆرمال نەبێت و بووە ھۆی داڕمانی تەواوی سێکتەرەکان لە وڵات.» گوتیشی: «بە گوێرەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان، بە ھۆی ئەو بەرزبوونەوەیە لە ئاستی بژێوی ژیانی خەڵک و زیادبوونی داەاتی تاکە کەسەکان و زیادبوونی ھەلی کار و فرەکاری وایکردووە کە خەڵک گرنگی زیاتر بداتە خوێندن و بەتایبەتیش لە زانکۆ تایبەتەکان لە بەر ئاسانی وەرگیرانی قوتابی لەو زانکۆیانە، بۆیە ھەر تاکێک بە گوێرەی داەاتەکەی پلانی بۆ خەرجییەکانی ژیانی خۆی رێکخستبوو، بە دابەزینی داەاتەکەش بە رێژەی ١٥% تاکو ٧٥% بۆ ئەوانەی کە مووچەخۆرن، وایکرد، ئەم ھاوسەنگییە تێکبچێت و ئەو قوتابییانەی کە لەو زانکۆیانە دەخوێنن، تووشی کێشەی ماددی ببن لە گەل زانکۆکانیان. وە ئەوانەی کە مووچە خۆریش نین واتە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن ھەمان کێشەیان ھەیە. ئەم کێشەیە بۆتە گرفتێک لە سەر لایەنی دەروونی قوتابیان و رۆژانە لە بری پرسیارکردن و فێربوونی ماددەکەیان، باسی قەیران و ناتوانایی لە پێدانی قیستەکان دەکەن و جۆرێک بێزاریان پێوە دیارە و ئاستی سەرنجدانیان بۆ خوێندن بە رێژەیەکی بەرچاو نزم بۆتەوە.»
Top