کەمبوونەوەی رێژەی ھاوسەرگیری و زیادبوونی جیابوونەوەکان ھەڕەشە لە شیرازەی خێزانی دەکات

کەمبوونەوەی رێژەی ھاوسەرگیری و زیادبوونی جیابوونەوەکان ھەڕەشە لە شیرازەی خێزانی دەکات
ئامارەکانی تەڵاق لە ساڵی (٢٠١٢)دا (٦٠٧٩) حاڵەت و لە (٢٠١٣)دا (٦٤١٧) حاڵەت و لە (٢٠١٤)دا (٨٧٧٧)حاڵەت و لە ساڵی (٢٠١٥)بۆ (٩٢٩٥)حاڵەتی تەڵاق بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٦) دابەزیوە بۆ (٥٨١٤)حاڵەتی تەڵاق و لە ساڵی (٢٠١٧)تا ئێستا ئامارێکی دڵخۆشکەری نییە

جیابوونەوەی ھاوسەران گرفتێکی ئاڵۆز و مەترسیداری کۆمەڵایەتییە و قوربانییەکانیشی زیاتر منداڵانی بێتاوانن کە لە پەروەردەی دروستی خێزانی و نازی دایک یان باوک بێبەش دەکرێن. ئەو دیاردە مەترسیدارە لە ھەموو کۆمەڵگەیەک بە رێژەی جیاواز بوونی ھەیە، لەوەش مەترسیدارتر لە بەرامبەر ھەڵکشانی رێژەی جیابوونەوە، کەمبوونەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیرییە. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی گرێبەستی ھاوسەرگیری بەردەوام کەمی کردووەو تەڵاق و جیابوونەوەش لە ھەڵکشاندا بووە، کۆمەڵناسان و بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان گرفتی ئابووری و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ھاوسەرگیری زۆرەملێ و ھاوسەرگیری پێشوەختە بە ھۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە دادەنێن.

بەھۆی قەیرانی دارایی و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان روو لە ھەڵکشانە. لە بەرامبەریشدا مارەبڕین روو لە داکشانی بەردەوامە. ھێنانی ژنی دووەمیش زیادی کردووە. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری، ئامارەکانی تەڵاق لە ساڵی ٢٠١٢دا ٦٠٧٩ حاڵەت و لە ٢٠١٣دا ٦٤١٧ حاڵەت و لە ٢٠١٤دا ٨٧٧٧ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٩٢٩٥ حاڵەتی تەڵاق بەرز بووەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ دابەزیوە بۆ ٥٨١٤ حاڵەتی تەڵاق و لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا ئامارێکی دڵخۆشکەری نییە.
بەھار عەلی چالاکی بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەت، لە کاتێکدا ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییە پەیوەست دەکات بە خراپیی باری ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات جیابوونەوەکان بە ھۆشمەندیی ئافرەتەوە گرێ دەدات و دەڵێت: «کەمبوونەوەی ھاوسەرگیری لەم کاتەدا پەیوەندی بە بارودۆخی ئابووریی ئێستای ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بەتایبەتی کەمکردنەوە و ناڕێکیی دابەشکردنی مووچەی ھاووڵاتیان کە وایکردووە، نەک ناتوانن پاشەکەوت بکەن، بگرە ئاستی بژێوییانی زۆر دژوار کردووە، ئەم بارودۆخە تەنانەت کاریگەری لەسەر بازاڕکردنیش ھەیە، بۆ نموونە پێشتر کە کوڕو کچ دەیانویست ھاوسەرگیری بکەن، بەشێکی زۆری کەلوپەلی ناوماڵیان بە قیست دەھێنا، ئەمانەش ئاسانکاری بوون بۆ ئەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیری بەردەوام بێت. ھەروەھا پێشتر پێشینەی ھاوسەرگیری ھەبوو لە لایەن حکومەتەوە دەدرا، ئێستا ئەوەش نەماوە، بۆیە چ کچ و چ کوڕ دەیانەوێت لە ھەر ئەگەرێک خۆیان بپارێزن و لێپرسراوەتی کەسێکی تر ھەڵنەگرن.»
لەبارەی زیادبوونی رێژەی تەڵاقیش بەھار گوتی: «بە رای من ئەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا تا رادەیەکی زۆر کاریگەری ھەیە لەسەر زیادبوونی رێژەی تەڵاق، بەشێکی تریشی پەیوەندی بە ھۆشمەندیی ژن و پیاوەوە ھەیە. ھاوسەرگیری مەرج نییە بە زۆری بێت، دوو کەس لە قوناغێکدا یەکتریان خۆشویست و لێک تێگەیشتن، ھاوسەرگیری دەکەن. ئافرەت زۆر لەوە ھۆشمەندترە ھاوسەرگیری رەت بکاتەوە، یان لە ھاوسەرەکەی جیا ببێتەوە، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پاراستنی شیرازەی خێزانەکەی دەدات، بەڵام ئەگەر وەک ھەمیشە ئافرەت چەوسایەوە و توندوتیژی دەرەھق کرا و بە کۆیلە کرا، ناچار دەبێت قبووڵی نەکات و جیا ببێتەوە. بۆیە زۆر پێویستە ھاوسەرەکان لە نێوان خۆیان لێک تێگەیشتن و گیانی لێبووردەییان ھەبێت، لانیکەم لە پێناوی ئەوەی غەدر لە منداڵی خۆیان نەکەن و چارەنووسیان نەشێوێنن.
سەرکار مەولوود وەک میدیاکارێک رایوایە: «ھۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق بۆ نەبوونی ھۆشیاری و لێک تێنەگەیشتنی نێوان ھاوسەرەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لێک تێگەیشتن کلیلی سەرکەوتنی ھاوسەرەکانە.» ھاوکات دەڵێت: «بە بۆچوونی من زیادبوونی تەڵاق لە کوردستان پەیوەندی بە دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و بێکاری و ھەروەھا ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەیە، ھۆکارێکی دیکەشی دوورکەوتنەوە لە ئایینی ئیسلامە، چونکە پەیڕەوکردنی بنەماکانی ھاوسەرگیری لە ئیسلام زۆر بەجوانی بۆمان شی کراوەتەوە، کە ھاوسەرگیری واتە ژیان تا مردن پێکەوەبوون، رێز و خۆشەویستی و سەبر و ئارامگرتن لەسەر کێشەکانیش زمانێکی تەندروستە بۆ ژیانی ھاوبەش و لە کاتی کێشەکان بە پەیڕەوکردنیان شکست بە تەڵاق دەھێنێت، بەداخەوە خیانەتی ھاوسەریش لەم رۆژگارەی ئێستادا لەنێوان ھاوسەران زۆر بووە، دەکرێ بڵێین ھۆکاری سەرەکیی ئەوەش ناڕەحەتیی ژیانە بەتایبەتی کە چەند ساڵێکە ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی گەورەی دارایی بووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر بژێوی رۆژانە ھەیە، زوو بڕیاردانی گەنجانیش بۆ چوونە ناو پرۆسەی ھاوسەرگیری ھۆکارێکی دیکەیە، باسکردنی نەێنی ناوماڵی یەکتری بۆ خزم و کەسوکاریش بۆتە دیاردەیەک بەداخەوە، بەشێکی زۆر لە ئافرەتان ئەو نەێنییانە ئاشکرا دەکەن و دواتر تووشی کێشەی گەورە دەبن، لە کۆتاییدا پێغەمبەری خۆشەویستمان دروودی خوای لەسەربێ، فەرموویەتی ھەر ئافرەتێک بەبێ عوزری شەرعی داوای تەڵاق بکات، لە بەھەشت بێبەش دەبێت. بەھیوای کەمبوونەوەی دیاردەی تەڵاق.»
یاساناس و مافپەروەر شاخەوان خالید، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: «ھۆکارەکانی تەڵاق زۆرن، لەوانە لاوازبوونی باری داەات و کێشەی ماددی کە یەکێکە لەو ھۆکارانەی دەبێتە ھۆی جیابوونەوەو تەڵاق، یان ھاوسەرگیری لە تەمەنی کەم، کە بە ھۆی نەبوونی ئەزموون لە ژیان و بەرگەنەگرتنی سەختییەکانی ژیان، تووشی کێشە دەبن. ھەروەھا لە یەک تێنەگەیشتنی ھاوسەران و نەگونجان لەگەڵ یەکتر و جیاوازیی تەمەن و نەزۆکی و داوێنپیسی، یان نەبوونی ماڵی جیا، ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ئەوەی کەسێک پەنا بۆ تەڵاق و جیابوونەوە ببات. ئەو ھۆکارانەی باسم کردن، ھەر ئەو ھۆکارانەن کە دەبنە ھۆی لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی خێزان و زۆربەی جارەکان لە ئاکامی لێکجیابوونەوەی ئافرەت و پیاوە لە یەکتری، قوربانیی سەرەکییش منداڵەکانە کە دەکەونە نێوان دوو ژیان و دوور لەچەتری خێزانی سەرەکیی خۆیان پەروەردە دەبن. واتە بە دووربوونی لە باوک یان دایک پەروەردە دەبن و بە ھۆیەوە منداڵەکە دوچاری زەرەری زۆری رۆحی و دەروونی دەبێتەوە، دوای ئەوەی دایک و باوکی لەیەک جیادەبنەوە. ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دواڕۆژی منداڵەکە دەبێت و لێناگەڕی منداڵەکە بەشێوەیەکی سرووشتی گەشە بکات و پەرە بە خۆی بدات، لەبەر ئەوەی دوور لە یەکیان (باوک یان دایک) گەورە دەبێت.»
ئەو یاساناسە جەخت لەوە دەکاتەوە کە «پێویستە بە زووترین کات کۆنفرانسێک لەسەر پرسی تەڵاق ببەسترێ بۆ دیاریکردنی ھۆکارەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆیان، چونکە لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی خێزان لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەیە.»
Top