بەرزبوونەوەی ئامارەکانی رێژەی جیابوونەوەو ھۆکارو دەرەنجامەکانی . . . . زیا پەترۆس*

بەرزبوونەوەی ئامارەکانی رێژەی جیابوونەوەو ھۆکارو دەرەنجامەکانی  . . . .               زیا پەترۆس*
وەک دیارە ھەموو گۆڕانکاری و پرۆسەیەک کاریگەری نەرێنی خۆی دروست دەکات لەسەر کۆی جومگەکانی ژیان و تاکی ھاووڵاتی، یەکێک لەو پرسانەش کە زۆرترین کاریگەری دەکەوێتە سەری بەھۆی خراپیی بارودۆخی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و کێشەی کۆمەڵایەتی، بریتییە لە ژیانی خێزانەکان و ھاوسەران، بەتایبەت لە بوونی ھەر کەموکوڕییەک کە دەبێتە ھۆی جیابوونەوەو ھەڵوەشانەوەی ژیانی ھاوسەری، بۆیە ئەگەر سەیری ئەو چەند ساڵەی رابردوو بکەین لەھەریمی کوردستان، دەبینین ئەو بارودۆخانە کاریگەرییان بووە لەسەر ھاوسەران و بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق، چونکە زۆرجار لەوانەیە خودی ھاوسەران خۆیان کێشەیان نەبووبێ، بەڵام بۆیان دروستکراوە. وەک ئەوەی باوە دەڵێن زۆرجار لەلایەن دەوروبەرەوە ھاوسەران روووبەڕووی کیشەو ناخۆشی و تا ئاستی جیابوونەوە دەبن.. ئەگەر ئەو ھۆکارە سەرەکییانە دیاری بکەین، کە بەگشتی دەبنە ھۆی جیابونەوەی ھاوسەران بریتین لە:
یەکەم: ھۆکاری ئابووری بە گرنگترین ھۆکار دادەنرێت، بە ھۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی ئیمکانیەتی پێویست بۆ پێدوایستییەکانی ژیان، چونکە بەردەوامیی خراپیی بارودۆخی ئابووری لە بەرامبەر پێداویستییەکانی ژیان و رۆژانە، دەبێتە ھۆی دروستبوونی گفتوگۆ و دەمەقاڵەو دواتر دەگاتە کێشەو شەڕ و جیابوونەوە.
دووەم: ھۆکاری جیاوازیی کۆمەڵایەتییە، ئەوەش بەھۆی جیاوازی کەلتووری و کۆمەڵگە کە زۆرجار دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەو دوو ھاوسەرە ناگەنە یەکترو ناتوانن بە ئاسانی رێک بکەون لەسەر بەردەوامیی ژیان، بەتایبەت ئەو جیاوازییەش زیاتر لەنێوان ژیانی شارستانی و لادێنشین ھەستی پێ دەکرێ، ئەو ھۆکارەش ھەندێ لایەنی دیکەی کەلتووری و ناوچەیی دەگرێتەوە.
سێیەم: ھاوسەرگیری پێشوەختە کە ئەوە لەو ساڵانەی دوایی وەک دیاردە پەرەی سەندبوو، چونکە زۆرجار جیاوازیی تەمەن بۆتە ھۆکار بۆ جیابوونەوە، بەتایبەت کە زۆریی تەمەن بۆ پیاو و لەبەرامبەردا بچووکی ئافرەت ھەمیشە بۆتە کێشەو ناتوانن ژیانێکی ئاسوودە بەسەر ببەن و تام لە ژیان بکەن، بەوەی کە حەزو ھیواکانی کچی بچووک ھێشتا لە چوارچێوەی ژیانی منداڵی دەسووڕێتەوە لەبەرامبەر حەزی پیاوێک کە تەمەنی بەسەر چووەو تەنیا بۆ یەک مەبەست ھاوسەرگیری دەکات، بێ ئەوەی بیر لەلایەنی سۆزو خۆشەویستی بکاتەوە.
چوارەم: خیانەتی ھاوسەری لەو سەردەمە ئەو ھۆکارە بۆتە یەکێک لەوانەی کە کاریگەری گەورەی بووە لە جیابوونەوە، چونکە بوونی گومان و قسەی خەڵکی زۆرجار بۆتە بەشێک لە دروستبوونی ئەو قسەڵۆکانەی کەپێی دەوتریت: «خیانەت» کە زۆر جار تەنیا گومان بووە.
پێنجەم: تەکنەلۆژیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەو سەردەمە تەکنەلۆژیاش کاریگەری بووە لەسەر جیابوونەوەی ھاوسەران، بەتایبەت مۆبایل و فیلمە دۆبلاژکراوەکان کە زۆرجار بۆتە ھۆی جیابوونەوەی ژن و مێرد.
شەشەم: ھۆکاری جیاوازیی سیاسی، ئەگەرچی ئەو ھۆکارە زۆر کەمە، بەڵام چەند حاڵەتێک رووی داوە بەھۆی جیاوازی ئینتیمای سیاسیی ژن و مێرد، بەتایبەتی لەکاتی ھەڵبژاردنەکان زیاتر ئەو حاڵەتە دیار دەبێت.
حەوتەم: نەبوونی سەنتەری تایبەت بە ھۆشیارکردنەوەی ھاوسەران، وەک سەنتەری راوێژکاری خێزانی کە لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتان بوونی ھەیە بۆ ئەوەی ھاوسەران بەر لەوەی بچنە ناو پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە، فێری ئەرک و فەرمانەکانی ژیان بن کە چین و چۆن دەست بە ژیانی تازە دەکەن.
ەھشتەم: لاوازیی رۆڵی رێکخراوەکان لە ھۆشیارکردنەوەو راەێنانی ئافرەتان، بەتایبەت رێکخراوەکانی ژنان کە وەک پێویست بەو رۆڵە ھەڵنەساون بۆ ھۆشیارکردنەوەو راەێنان و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری تایبەت بە ژیانی ھاوسەری .
نۆیەم: ھاوسەرگیری نێوان خزمە نزیکەکان، یان ئەوەی پێی دەوترێت ژن بە ژنەو گەورە بە بچووک کە ئەگەرچی لەو ساڵانە کەم بۆتەوە، بەڵام ئەوەش کاریگەرییەکانی ھیشتا ماوە، چونکە کە کێشەیەک لە یەکێک لەدوو ھاوسەرەکە روو دەدات، ئەوە راستەوخۆ بێ ئەوەی ھاوسەرەکانی تر کێشەیان ھەبێ، بە ناچاری ئەوانیش تووشی کێشەو جیابوونەوە دەبن.
سەبارەت بە کاری دەستەی مافی مرۆڤ وەک لەیاسای ژمارە ٤ ھاتووە، ئێمە رۆڵی ھۆشیاری دەبینین، واتە زیاتر بۆ ھۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە مافەکانیانە بەتایبەت ژنان، بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی خۆی داکۆکی لەمافەکانی خۆیان بکەن. ھەورەھا دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ مرۆڤەکان لە رووی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و تەندروستییەوە. ئیمە بە پشتبەستن بە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە پارێزگاری لە ژیانی کۆمەڵایەتی ھاووڵاتیان دەکات و ھانیان دەدات بۆ پێکەینانی ژیانی ھاوسەری و دروستکردنی خێزان کار دەکەین، جگە لەوەش چاودێری ئەو یاسایانە دەکەین کە بۆ ئەو بابەتە دەرچوون. بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو رێگە چارەسەرییانە دیاری بکەین، دەبێت ئەو ھەنگاوانە بنرێن:
یەکەم: باشکردنی ژیانی ئابووری و دارایی خەڵک بە چاککردنی مووچەو رەخساندنی ھەلی کار .
دووەم: ھاوکاریکردنی گەنجان بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بچنە نێو ژیانی ھاوسەری، ئەویش بە دابینکردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون و ھاوکاری دارایی .
سێیەم: کردنەوەی خولی تایبەت بۆ ئەو ھاوسەرانەی تازە دەچنە نێو ژیانی ھاوسەری بۆ ئەوەی رابەێنرێن لەسەر چۆنیەتی ژیانی تازەو رووبەڕووبوونەوەی کیشەو ئاریشەکان.
چوارەم: رێگریکردن و چاودێریکردنی ئەو دراماو بەرنامانەی دەبنە مایەی شێواندنی ژیانی ھاوسەران، تەنانەت ئەو وتار و نووسینانەش کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی خێزان ھەیە.
پێنجەم: رێگەگرتن لە ئەنجامدانی ھاوسەرگیری پێشوەختە و لە دەرەوەی دادگاکان، ئەویش بە سزادانی ئەو کەسانەی بەو کارانە ھەڵدەستن .
شەشەم: چالاککردنی رۆڵی رێکخراوەکان و بڵاوکردنەوەی ھەڵمەتی رۆشنبیری و چۆنیەتی پاراستنی ژیانی ھاوسەرگیری.
Top