لە تاریکایی ئەنگوستەچاوی، کولتوورێکی سەپاوی، کوێرەوەریباوی، لە تان و پۆی نەتەوەکەمەوە ئاڵاوی، بە دڕندە تەنراوی، لە رەسەنایەتی دوورخراوی، بە بێگانە ئاشناکراوی، دوا ئەکەویت دۆڕاوی، پێش ئەکەویت کوژراوی، لە رێی راست لادراوی، کەلەپوور و مێژوو بە تاڵان براوی، نامۆ بەخۆی بە فەڕهەنگی بە ناوی، لە تای تەرازوی مرۆڤبوونا ترازاوی، لە راستی گوتنا دەست و دەم بەستراوی، وتت: ئازادی. لە دین وەرگەڕاوی، وتت: پێشکەوتن. ئەوندەت زانی خویشت نەماوی، لە رەوتی نەتەوەکانا شەکەت و بڕست بڕاوی، بافتی بەزەیی و لانە تێکدراوی، لە مەزاتخانەی بۆچوونەکانا سەرلێشێواوی، بە داو و فاقەی دوژمن گیراوی، هەزارەها جار لێقەوماوی... ئا لەم هەلومەرجە نالەبارەدا، لەم گوڵشەنە پڕ خارەدا، لە جەستەی نەتەوەیەکی پارە پارەدا، لە پزدانی دایکی نیشتمانی لە خاکی خۆی ئاوارەدا. لەم کوردستانە پڕ شیوەن و زارەدا، خانمانێك رسکاون، لە گۆڕەپانی ئازایەتیدا بوێرن، مرواری ناو دەریای سوێرن، تەیکەری نشێو و هەڵدێرن، خامەکانیان بە رووی کۆنەخوازا شمشێرن، خامەکانیان بەهێزترین پڕۆجیکتۆرن، بە تاریکستانی نەزانیندا ئەیگێڕن. ئەمڕۆ لە کوردستانا، لە مەڵبەندی زەردەشت و مادەکانا، لە جێ نزرگەی پیر و چاکانا، لەو پێگەیەی خانمانی تیا ئازاد بوو، کۆمەڵگه کراوە و کامەران و شاد بوو، کەڵچەرێکی هاوڕەگەز و یەك نەژاد بوو، پڕی ئاشتی و بیری جوان و خاوەن داد بوو، گشت بە تەبایی گشت بە دڵپاکی، روویان ئەکردە تیشک و رووناکی، لە ئەهورامەزدا ئەپاڕانەوە، بۆ خێروچاکە بێت بە پیریانەوە. دە ئەمڕۆ ئێستا لەو مەڵبەندەدا کە گیرۆدەی کولتووری بیانییە، یەك ئۆردو خانم لە ژێر گڵا قوربانییە له پێناو شەرەفێکا بوونی نییە، پیاو ههیه دەبێت بە جاش، درۆزنه، قۆڵبڕ و داوێنپیس و دزه، شەرەفیشی بەستۆتەوە بە کچ، بە خوشک، بە ژنیهوه، ئاکاری جوان خۆی شەرەفە، ژن قوربانیی گاڵتە و گەفە."
ئارتیست و چالاکی نهتهوهیی