ئافرەتانی کوردستان لەنێوان توندوتیژی ڕەگەزی و ستەمی نەتەوایەتی ..... د. ڤیان سلێمان

ئافرەتانی کوردستان لەنێوان توندوتیژی ڕەگەزی و ستەمی نەتەوایەتی .....    د. ڤیان سلێمان
بزووتنەوەی ئافرەتان، لە ھەر شوێنێکی دونیادا بێت لەسەر ئاستی تاکەکەس وەک چالاکوان یاخود لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی، بنەمای کارکردنی بۆ نەھێشتنی جیاوازیی ڕەگەزی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، دیموکراسی و یەکسانیخوازە، چوارچێوەی کارکردنیشی بۆ بەدیەێنانی ئەم ئامانجە خودی کۆمەڵگەیە، زەمینەی بەدەستھێنانی ئەم ئامانجەش پێویستی بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی لەبارە بە پلەی یەکەم لە ڕووی ئاسایش و ئاشتەواییەوە.
بزووتنەوەی ئافرەتانی کوردستان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی بە ھەمان شێوە پێویستی بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی لەبارە بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی مافە مرۆییە بەدەستھاتووەکان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان لە یەکسانی، ئاسایش، ئازادی، شکۆ و ڕێز بۆ ئافرەت، یەکێک لەو دیاردانەش، کە ھەمیشە وەک لەمپەرێک بووە لە بەردەم یەکسانی و پێشکەوتنی ئافرەتان و بناغەیەکە بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دیاردەی توندوتیژییە لەسەر بنەمای جێندەر، ئەم جۆرە لە توندوتیژی کە لەلایەن ڕەگەزی نێر دەکرێت بەرامبەر ڕەگەزی مێ، بە پاساوی جۆراوجۆر بە قۆستنەوەی پێگەی بەھێزی نێر و بە پاڵپشتی ھزری پیاوسالارییە، کە ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تێکڕای کۆمەڵگە دەبێت بە ھۆی کاریگەری دانان لەو ڕۆڵ و پێگەی کە ڕەگەزی مێیینە خاوەنیەتی. جیا لەمەش ئێمە وەک ئافرەتانی کورستان لە چوارچێوەی جوگرافیای کوردستاندا، بەدەر نەبووین لەو ستەمەی کە بە ھۆی نەژادمان وەک کورد ڕووبەڕوومان دەبێتەوەو تا ئێستاش بەردەوامە، ھەر بۆیە لە ھیچ قۆناغێکدا بزووتنەوەی ئافرەتانی کوردستان خۆی جیا نەکردۆتەوە لە کۆمەڵگەی کوردستانی و ھەموو کات لە پاڵ داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پرسە نیشتمانییەکانیش ھاوبەش بووە و بە پرسی خۆی زانیوە.
ئەزموونی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ھەموو بەربەستەکان ھەمیشە ھەوڵی داوە کەشێکی ئارام و سەقامگیر باڵ بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بکێشێ و تا ڕادەیەکی بەرچاویش لە ھەموو ڕووەکانەوە پێشکەوتن بەدیھات، جیا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە ھەرێمی کوردستان ژینگەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکان و ھەوڵدانێکی جددی بۆ کەمکردنەوەو نەھێشتنی توندوتیژیی ڕەگەزی لە ئارادا بوو، کە خۆی دەبینییەوە لە ھەموارکردنەوەی چەندین ماددە لە یاسای باری کەسی و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نھەێشتنی توندوتیژیی خێزانی و دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتییەکانی تایبەتمەند بەم بوارە، ھەر بۆیە پرسی ئافرەت بوو بە پرسی گشتیی کۆمەڵگە و بە خێرایی ھەنگاوی دەنا بۆ بەدیھێنانی ئامانجی سەرەکی، بەڵام ھەڵمەتی داگیرکاری تیرۆریستانی داعش و گەمارۆی ئابووریی حکومەتی عێراق، کاریگەری ڕاستەوخۆی بە شێوەیەکی سلبی لەسەر ھەرێمی کوردستان بەجێەێشت، ھەروەھا لە دوای تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش شەڕانگێزییەکی دیکە لە فۆرمێکی نوێدا، بەڵام بە ھەمان مەبەست کە داگیرکاری و تێکدانی سەقامگیری و وەستاندنی پێشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستانە یەخەی ھەرێمی کوردستانی گرت.
ھەر دوو ھەڵمەتی پاوانخوازی و داگیرکاری یەک لە دوای یەک کە کرانە سەر کوردستان و دوو جار داگیرکاری بەشێک لە شارەکانی کوردستان لەلایەن داعش و حەشدەوە، رەفتارو کردەوەکانی ئەم دوو ھێزەو لێکەوتەکانی ھەر دوو داگیرکارییەکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە ھەر دوو ھەڵمەتەکە داگیرکاری و تیرۆریستین، بەڵام لە فۆرمی جیاوازدا، تراژیدیای کچانی ئێزیدی، ھێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل لە کەرکووک و دوز و دەربەدەربوونیان بەتایبەت ئافرەت و منداڵ لە زێدی نیشتەجێبوون کە ئەمانەش لە تایبەتمەندییە ھەرە دیارەکانی ھێزی داگیرکارو گرووپە تیرۆریستییەکانن، ھەموو ئەمانەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و پێشێلکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤن.
لەم چوارچێوەیەدا و بە وردبوونەوە لە ھەلومەرجی ئێستای کوردستان و بەتایبەت بارودۆخی ئافرەتان چ لە ڕووی ئەو توندوتیژویانەی کە لەسەر بنەمای ڕەگەز رۆژانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ھەروەھا چ وەک ئەو ستەمەی بە ھۆی نەژادی کوردبوونمان ڕووبەڕووی نەتەوەکەمان دەبێتەوە، پێویستە لە پاڵ داواکردنی مافە ڕەواکانمان وەک ئافرەت و کۆتاییھێنان بە ھەموو ئەو توندوتیژییانەی کە بە ھۆی ئافرەت بوونەوە ئەنجام دەردرێن، بە ھەموو توانایەکمان بەرگری لە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان بکەین و پشتیوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بین لە سەرکەوتن لە ئەرکەکانیدا، چونکە پرسی ئافرەت و پرسی نەتەوەیی دوو پرسی ھاوتەریبن و پابەندن بە یەکەوەو سەرکەوتنی ھەریەکەیان و کارکردن بۆی پێویستە ھاوسەنگ بێ لەگەڵ ئەوی دیکە، بۆ ئەم دوو ئامانجە پێویستە رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان ھەبێت و بە دەنگێکی بڵندو باوەڕێکی بەھێزەوە کار بکەن بۆ بەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دیموکراتخوازو ئازاد.



سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
Top