لە بەرامبەر گەمارۆكاندا گەنجانی كوردستان خۆیان زیاتر بە ئەركدار دەزانن
October 15, 2017
کۆمەڵایەتی
سەرەتا تانیا جەمال غەریب، سەرۆكی پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندییە نێۆدەوڵەتییەكان، لە بارەی پرسی سزای ئابووری لەسەر كوردستان و ئەركی هاووڵاتیان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی لەو دۆخەدا دەڵێت: بە درێژایی خەباتی چەندین ساڵەی میللەتی كورد هەرگیز ئەوە رووی نەداوە كە لە پێناو پارووە نانێكدا تاكی كورد چۆكی دادابێت، پێشمەرگەی قارەمان و گیان لەسەر دەست بە نانە رەقەی گیرفانیان شۆڕشی مەزنیان كردووە، میللەتی خۆڕاگریش بەرگەی هەموو نەهامەتییەكی گرتووە هەر لە نەبوونی، ئاوارەیی، راگواستن، تەعریب، ئەنفال، كیمیاباران و كۆكوژی و جینۆسایدی گرتووە، هەتا دەگاتە هەڵمەتی دڕندەكانی داعش و بڕینی قووتی خەڵك و دەستبەسەرداگرتنی بودجەی كوردستان لەلایەن حكومەتی نوێی عێراقەوە، ئێستاش لە دوای پرۆسەی سەركەوتووی ریفراندۆم، ئەو ئیرادەیە و ئیرادەی میللی بەهێزتر بووە و هاووڵاتیان بەگشتی و گەنجانی وڵات بەتایبەتی ئامادەی هەر جۆە رووبەڕووبوونەوەیەكن بۆ ئەوەی دەستكەوتەكان بپارێزن، ئەو گەمارۆ بێ سەروبەر و ناڕەوا و دوژمنكارانەیە، زیاتر خۆیان زەرەرمەند دەكات، گەنجانی ئێمە لە كەرنەڤاڵەكانی ریفراندۆم بە جیهانیان نیشان دا كە خاوەن چ ئیرادەیەكن و ئاواتی گەورەیان ئەوەیە خوێنی شەهیدان و قوربانییانی وڵاتەكەمان بەفیڕۆ نەڕوات و ئەو خەونەیان بێننەدی، كە تەنیا خۆی لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینێتەوە.»
ئەشقی حەمەدئەمین میرخان، پێشمەرگەیەكی گەنجە لە بارەی سزاكانی كوردستان و ئەركی گەنج لەو دۆخەدا زۆر بە حەماسەتەوە دەڵێت: «هیچ گەمارۆ و سزایەك ناتوانێت لە خواستی رەوای سەربەخۆیی گەلەكەمان پاشگەزمان بكاتەوە، چونکە ئیرادەی پێشمەرگە و گەنجانی نیشتمانپەورەر و خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، لە گەمارۆ زۆر گەورەترە، پێشتریش میللەتی ئێمە لە رابردوودا بۆ چەندین ساڵ لە ژێر فشار و گەمارۆی گەورەدا بووە، بەڵام بە ئیرادەیەكی زۆر بەهێز بە سەر هەموو كۆسپەكاندا زاڵ بووە و سەرکەوتنی مێژوویی تۆمار كردووە، ئێستاش ئیرادەی ئەو میللەتە لەو پەڕی بەهێزیدایە و هیچ هەڕەشە و فشارێك ناگاتە ئەوەی ئێمە پاشەکشە لە ئیرادەی خۆمان بکەین، هەموو سزاكانی عێراق و وڵاتانی هاوبیری لە دژی كوردستان نایاسایی و نامرۆڤانەن، بۆیە كۆمەڵگەی جیهانی لێی بێدەنگ نابێت و ئێمەی گەنجیش تا دوادلۆپی خوێن بەرگری لە دەستکەوتەكانی كوردستان دەكەین، لە سەر ئەو مافانەش كە تا ئێستا پێشێل دەكرێن، ئەگەر گفتوگۆ ئەنجامی نەبێت، شەڕی بۆ دەكەین.»
بەڵام شیلان بیبانی كە شارەزایە له بواری ئابووری و بڕوانامەی ماستەری لە كارگێڕیی كار هەیە، لە رووی ئابوورییەوە خوێندنەوە بۆ پرسەكە دەكات و دەڵێت: «نەك لە ئێستادا، بەڵكوو لە رابردوویەكی دوورەوە هەموو جیهان شەڕی ئابووری كردووە، واتە پێش ئەوەی شەڕی سەربازی بكرێت، پەنایان بۆ شەڕی ئابووری بردووە، یان دەرگای بازرگانی و مامەڵەیان لەسەر یەكتر داخستووە.» سەبارەت بە سزاو گەمارۆكانی عێراقیش لەسەر كوردستان رایوایە: «بەغدا گیرۆدەی شەڕی تائیفی بووە و هیچ كارتێكی سیاسی به دەستیەوه نەماوە، بۆیە پەنا بۆ شەڕی ئابووری دەبات و بەو جۆرە پەلاماری قوتی خەڵكی كوردستان دەدات، ئەوە بۆ چوار ساڵ دەچێت، بەغدا بودجە و مووچەی كوردستانی بڕیوە، ئەویش هاوكات بووە لەگەڵ شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی نزیك بە دوو ملیۆن ئاوارەی شەڕ بۆ كوردستان، كە تێچوویەكی مرۆیی و ماددی زۆر زۆری بووە، هەم بۆ پێشمەرگە قارەمان و فیداكارەكانی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆریان گیانیان بەخشی و شەهید بوون، هەم بۆ حكومەتی كوردستان كە كە ئیدارەكردنی ئەو قەیرانە گەورەیەی لەسەر شان بووە. بێگومان ئەو غەدر و ستەمەی عێراقی نوێ لە كوردستانی كردووە، هەم میللەت و هەم حكومەتی كوردستانی فێر كرد، بە خۆڕاگری و پێداگری و سووربوون لەسەر مافە رەواكان، لە بەغدا بێمنەت بن، هەروەها ئەو سزا ئابوورییانە و داخستنی سنوورەكان، زیانی گەورەی بۆ عێراق و ئێران و توركیا هەیە، بەو پێیەی كە كوردستان خاوەنی گەورەترین دەروازەی ئابوورییە، ئەوان بەرگەی ئەو خەسارە ئابوورییە گەورەیە ناگرن، بەتایبەتی كە هەموو لایەكیان شەڕی بەوەكالەت ئیفلیجی كردوون. بۆ نموونە، توركیا بە هەڕەشەكانی لە كوردستان پشكی ئەو وڵاتە لە بازاڕی بوڕسە زۆر دابەزی و زیانی زۆری بەركەوت، جگە لەوەش نرخی نەوت دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێتەوە. كۆمەڵگەی جیهانیش هیچ متمانەیەكی لە رووی ئابوورییەوە بە عێراق نەماوە، رێكخراوی جیهانیی نەوت (ئۆپێك) لەگەڵ عێراق زۆر ناتەبایە، هیچ كۆمپانیایەك بە هۆی نائەمنی ئامادە نییە لە بەغدا كاربكات، ئەمانەش هەموو لە بەرژەوەندیی كوردستانن، وڵاتێك كە لە رووی سەربازی و سیاسییەوە داڕووخابێت، گەشەی ئابووری ناكات.»
وڵات نەهری، سکرتێری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاند، ئاماژە بەوە دەكات كە «سەرکەوتنی ریفراندۆمی کوردستان بە رێژەی ٩٢،٧٣٪ دەنگی (بەڵێ)ی بەشداربووان بۆ سەربەخۆیی، هەروەها ئەو بەشدارییە بەرینەی نەتەوەی کوردو هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی لە باشووری کوردستان لەو پرۆسەیەدا، جیهانیانی دڵنیا کردەوە کە چیتر كوردستانییان ئامادە نین بەشێک بن لە عێراقێکی وێران کە تێیدا رێزگرتن لە فرەچەشنیی کۆمەڵگە، پەیمانەکانی هاوبەش، دەستوور و یاساکانی وڵات و بنامەکانی مافی مرۆڤ سەروەر نییە، ئەوەش حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێی تووشی قەیرانێکی گەورەی سیاسی کرد. دیارە سیاسەتی دژەکوردی ئەم وڵاتانە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. هەر کاتێک کە نەتەوەی کورد هەنگاوی بەرەو بەدەستهێنانی مافە رەوایەکانی هەڵگرتبێت، ئەوان سەرەڕای هەموو کێشەکانیان لە دژی کورد یەکگرتوو بوون و بۆ ناچارکردنی گەلی کوردستان بە مانەوە لە ژێردەستی، پەنایان بۆ هەموو کردەوەیەکی دژەمرۆڤی، دژەئەخلاقی و دژەیاسایی و تەنانەت کۆمەڵکۆژی و ژینۆسایدی نەتەویی بردووەو لەمەو بە دواش ئەگەر بۆیان بکرێت، دریخی ناکەن. ئێستاش دەیانەوێت بە سزادانی سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەییەوە، سەرکردایەتی کوردستان لە راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان پاشگەز بکەنەوە. ئەم هەڵوێستە نامرۆڤیانە دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنیان لە مێژووی هاوبەشیان لەگەڵ نەتەوەی کورد.» هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «نەتەوەیەک کە بە کۆمەڵکۆژی، کیمیاباران، ئەنفال، دەربەدەری و گەمارۆ و گەمارۆکانی رژێمەکانی پێشوو، سیاسەتی دژەکوردی حکومەتی ناوەندی لە ساڵانی رابردوو و هێرشی تیرۆریستانی داعش نەشکا، بە سزا و گەمارۆی ناڕەوای عێراقی شكستخواردووی مەزهەبگەرا ناشكێت و كوردستانییان لێبڕاوانەتر بەرگری لە مافەڕەواکانی خۆیان دەكەن.» جەختیش لەوە دەكاتەوە كە «سەرکردایەتیی کوردستان بە جەختکردن لەسەر پابەندبوون بە بڕیاڕی گەلی کوردستان و دیالۆگ و وتووێژ پەیامێکی ئاشتییانەی ئاراستەی حکومەتی ناوەندی و جیهانی کردووە. ئەم پەیامە لە بواری یاسای نێونەتەوەیی و دیپلۆماسییەوە زۆر بەهێزە و وڵاتانی پێشکەوتوو ناچار بە پشتگیری كوردستان دەکات. لە کاتێکدا کە کوردستان دەیەوێت بە لەیەک تێگەیشتن لەگەڵ دراوسێیەکان و رێزگرتن لە مافی هەموو کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، گەمارۆ و گەمارۆ و هەڕەشەکان جێگەی شەرمەزارین و کوردستان بە سەربڵندی دەتوانێت لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دژیان راوەستیت و پاڵپشتیی دیپلۆماسی بەدەست بێنێت.» پێداگری لەسەر ئەوەش دەكات كە «بۆ پشتگیری لە وتووێژ و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان پێویست دەکات کوردستانییان لە ناو وڵات و تاراوگە بە ئەرکی خۆیان هەستن. لە ئەگەری بەردەوامبوونی گەمارۆ و هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دژی ئیرادەی گەلی کوردستانیش، پێویست دەکات ئەزمووۆنی پاڵپشتی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دووبارە بکرێنەوەو کوردستانییان بە یەكڕیزی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات گردبوونەوە، خۆپێشاندان و مانگرتنی گەورە و بەردەوام ساز بکەن بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییان بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی. ئەم چالاکییانە سەرکردایەتی کوردستان، دامودەزگاکانی حکومەتی کوردستان، حزب و لایەنە سیاسییەكان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاک و دۆستانی کورد لە دەرەوەی وڵات و میدیاکانی کوردستانی ئەرکدار دەکات. ئەم چالاکییانە پێویستی بە هەماهەنگی بەهێز و سەردەمییانە هەیە کە دەکرێت لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی کوردستانەوە بەڕێوەبەری و پاڵپشتی بکرێت. بە ستراتیژی و پەیامی هاوبەش و بەشداریپێکردنی بەرینی کوردستانییان و دۆستانمان لە دەرەوەی وڵات، دەتوانین پەیامێکی یەکگرتوو ئاراستەی جیهان و ناوەندەکانی بڕیاردان بکەین و پشتگیری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانمان و دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ بەدەست بێنین. لە ئەگەری بەردەوامبوونی سزاکان لەسەر گەلی کوردستان، یان هەر هێرشێكی سەربازی، ماف و ئەرکی رەوای هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەتایبەتی ئەركی گەنجانە كە بەرگری لە ئیرادەی نەتەوەکەمان و خاکی پیرۆزی کوردستان بکەن. «
ئاری حاجی نووسەرە و ئەویش وەك گەنجێك سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هەموو شتێك ئەگەر بە قۆناغبەندی كاری بۆ كرا، سەركەوتوو دەبێت، نموونە بۆ ئەوە. كوردستان چەندین شۆڕشی كرد، دواتر لە ساڵی 1991 قۆناغێكی باشی بڕی، بەوەی لەژێر حوكمی بەعس خۆی رزگاركرد و دواتر لە ساڵی 2003 توانی ببێتە بەشێكی گرنگی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و لە ئێستاشدا لەلایەن سەرۆك بارزانی بڕیاری ریفراندۆم و جیابوونەوە درا لەكات و ساتێكی گونجاو، بۆیە سەركەوتن بە مسۆگەری دەبینم. بێگومان لەدوای پەیدابوونی گرووپی تیرۆریستیی داعش شتێك نەما بەناوی عێراق و یەكپارچەیی خاكەكەی، ئۆتۆماتیكی خاكی عێراق بەسەر سێ هەرێمدا دابەش بوو، پرۆسەی سیاسیش ئیفلیج كرا، بەتایبەت لەگەڵ كورد كە حكومەتی بەغدا چەندەها پێشێلكاری دەستووری لە دژی دانیشتووانی كوردستان ئەنجامدا، لەلایەكی دیكەشەوە شەراكەت لە نێوان هەرسێ پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە بەرەو نەمانی تەواوەتی چووە. ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێن كە چیتر كوردستان بەشێك نابێت لە عێراق و بۆتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، لەلایەكی دیكەشەوە گەمارۆ و هەڕەشە شتێكی تازە نییە بۆ خەڵكی كوردستان و ناتوانێت پەكمان بخات و ساردمان بكاتەوە. ئەوەی پێویستە خۆڕاگری خەڵك و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستانە. كاركردن بۆ سەربەخۆیی ئابووریش لەسەر ئاستی تاك، بەتایبەت ئافرەت كارێكی گرنگە و دەتوانێت ئافرەت وەك تاكێكی بەهێز دروست بكات، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئارامی لە نێو خێزانەكان بەوەی شانبەشانی پیاو ئافرەت كار دەكات و ئەركی سەرشانی پیاو سووك دەكات، بەوەش كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەهێزتر بەرهەم دێت.»