دھۆکی دەلال بە دەنگی زولالی بەڵێ پێشوازی لە سەربەخۆیی دەکات

دھۆکی دەلال بە دەنگی زولالی بەڵێ پێشوازی لە سەربەخۆیی دەکات
سامان عومەر : ریفراندۆمی باشوور مافە، جۆرێکی شەڕو توندوتیژی نییە باشووری کوردستان پەنای بۆ ببات، بەڵکو دەنگدانە و گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی نەتەوە، لە بەر ئەوە مافە و دەبێت ھەموو کورد و کوردستانییەکان ئەم مافەی خۆیان بە کاربھێنن
تەنیا زکری : بە ھۆی بێ دەوڵەتی تووشی کیمیاباران و ئەنفال و خاپوورکردنی (٤٥٠٠) گوندی کوردستان بووین، سەدان ھەزار قوربانیمان دا تا گەیشتین بەم قۆناخە کە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەین
نەجم ئیلیاس :گەل ھەیە، خاک و کەلتوور و زمان ھەیە، سنووری جوغرافیای خۆمان و مێژووی پڕسەروەری و ھێزی پارێزەر و قارەمانی وەک پێشمەرگەمان ھەیە، بۆیە مافی خۆمانە خاوەن دەوڵەت بین
رێگر مزوری : وتە بەرز و پڕئومێدەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو کە زۆر بە راشکاوی بە ھەموو جیھان دەڵێ سەربەخویی بەدەست دێنین و سەردەکەوین
چیان مەھدی : دایک و خوشک و ھاوسەری پێشمەرگە و شەھیدان و ھەموو ئافرەتانی کوردستان کار بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین، دەمانەوێ ئەو دەستکەوتە مێژووییە لە دەست نەدەین و پێکەوە بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان


گوڵان : کۆمەڵایەتی

ھەتا دێ لە رۆژە مێژووییەکەی کوردستانییان و رۆژی دەنگدان بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نزیکتر دەبینەوە. ھاونیشتمانییانی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەر لە سەرجەم شارو چارۆچکەکانی باشووری کوردستان، خۆیان ئامادە دەکەن ھەتا بە دەنگێ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، وڵاتێکی خاوەن سەروەریی و سەربەستی بونیاد بنێن، ئەو وڵاتەی کە خوێنی گەشی دەیان ھەزار رۆڵەی ئەم نیشتمانەی لە پێناودا رژاوە. خەڵکی دھۆکی دەلال و نیشتمانپەروەریش بە دەنگی بەڵێ دەیانەوی رۆحی پاک و مەزنی شەھیدانی وڵاتپارێز شاد بکەن و لە تۆمارکردنی ئەو سەروەرییە مێژووییەدا بەشدار بن کە نەوەی ئێستا و جیلەکانی داھاتوو لە سێبەریدا دەحەوێنەوە و گەشە دەکەن.


سامان عومەر دانیشتووی دھۆک و شارەزایی بواری ئاسایشی نەتەوەییە و لە دەستپێکی وتەکانیدا سەبارەت بە گەلپرسی بۆ سەربەخۆیی دەڵێت: "ھەڵبەت شانازی و شەرەفێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ کاتێک بەشدار دەبێت لە پرۆسەیەکی نەتەوەیی، بەتایبەت کاتێک پرۆسەکە ئامرازێک بێت بۆ بنیادنانی دەوڵەت، یان ئازادی و ئاسایشی سەرتاسەری بە فۆرمی نەتەوایەتی و نیشتمانی. ریفراندۆمی باشوور بەرەو سەربەخۆیی، پرۆسەو کارێکی زۆر راست و رەوایە و رەھەندەکانی یاسایی و دەستووری و دابونەریت و بەھای مرۆڤایەتی پێوە دیارە. بێگومان ئەم ریفراندۆمە لە پێناو زیندوویی گەل و وڵات و سەلامەتی و سەرفرازی کوردستانییانە بە مەرج و پیرۆزییەکانی نەتەوە و نیشتمان و زمان و مێژوو و جوگرافیا و کەلتوور و بەرژەوەندی، لە ھەمان کاتدا باشترکردنی ستوونەکانی ئەمڕۆی ئاسایشی باشوورن بە ھەموو روویەکی وەک ئاسایشی سیاسی، ئابووری، لەشکری و کۆمەڵایەتی و گشت رەھەندەکان. " گوتیشی: ئەوەی گرینگە بگوترێت و کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بیرۆکە بکرێت، دەبێت ھەموو لایەک ئاگاداری ئەوە بێت، ریفراندۆمی باشوور مافە، جۆرێکی شەڕو توندوتیژی نییە باشووری کوردستان پەنای بۆ ببات، بەڵکو دەنگدانە و گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی نەتەوە، لە بەر ئەوە مافە و دەبێت ھەموو کورد و کوردستانییەکان ئەم مافەی خۆیان بە کاربھێنن بە دەنگی بەڵێ، بەڵێ بۆ بە دەوڵەتبوونی باشووری کوردستان. بێگومان ریفراندۆم چارەسەرە بۆ باشترکردنی وڵاتەکەمان، بۆیە من خۆم وەک کوردێک، شانازی بەوە دەکەم کە ئەمڕۆ لە ژیانم و دەبینم نەتەوە و نیشتمانی من ریفراندۆم ئەنجام دەدەن و منیش بە دەنگی بەڵێ بەشداری تێدا دەکەم."
ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، پێشنیار دەکات "سەرکردایەتی سیاسی لە باشووری کوردستان دوای سەرخستنی پرۆسەی گشتپرسییەکە لە پێناوی بە خاوەن دەوڵەت بوون، پێویستە بە باشترین شێوە بەرنامە و پلانی زانستییانە بۆ دەوڵەتداری دابنێن و سوود لە کەسانی ئەکادیمیی وڵات وەربگرن، ئەوەش رەوشی ستوونەکانی ئاسایشی وڵات باشتر دەکات، ھەروەھا دەبێت رەچاوی ئاسایشی پەیوەندییەکان و دیپلۆماسییەت بکەن و پەرە بە ھاوپەیمانی بدەن، ھەروەھا زۆر پێویستە ئامادەکاریی بەھێز ھەبێت بۆ رێگرتن لە مەترسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە ."

تە نیا زکری بەرپرسی کۆمەڵایەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە لە پارێزگای دھۆک و سەرەتا باسی ئەوە دەکات کە "خەڵکی کوردستان شۆڕشی سەربەخۆیی بەرپا کردووە، ریفراندۆم ئەنجام دەدات و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی دەدات، چونکە دەنگی بەڵێ بۆ بەفیڕۆنەچوونی خوێنی سووری ١٨٢ ھەزار ئەنفالکراوی کوردستانە، بۆ ساڕێژکردنی دڵی سووتاوی دایکی شەھیدان و بۆ وەڵامدانەوە ئەنفالکردنی (٨٠٠٠) بارزانییە." گوتیشی: "بە ھۆی بێ دەوڵەتی تووشی کیمیاباران و ئەنفال و خاپوورکردنی (٤٥٠٠) گوندی کوردستان بووین، سەدان ھەزار قوربانیمان دا تا گەیشتین بەم قۆناخە کە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەین. ئەمەش بڕیارێکی مێژووییە بۆ کۆتاییھێنان بە ژیانی ژێردەستی و دەبێت بۆ ھەمیشە بە ئازادی و سەربەستی بژین و لە ٢٥ی ئەیلوولیش مێژوویەکی نوێ بۆ کوردستان تۆمار دەکەین ."

نەجم ئیلیاس کارگێڕی رێکخستنی لیژنەی ناوچەی خەتارێ لقی٢٠ی شێخان، سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت: "گرنگیی ریفراندۆم لەوەدایە کە خەڵکی کوردستان دەکاتە خاوەن بڕیار بۆ دروستکردنی دەوڵەت کە بە سەدان ساڵە قوربانی بۆ داوە و شۆڕشی بۆ کردووە و تووشی ئەنفال و کیمیاباران و دەربەدەری بووە، بەڵام زوڵم و زۆرداری و ھەوڵی قڕکردنی کورد تەنیا دوژمنانی کوردی ریسوا و تەفروتوونا کرد و میللەتی کورد بە سەربەرزی مایەوە، ئەگەرچی ئێمەی کورد زیاتر لە٤٠ ملیۆن کەس و نەتەوەی بێ دەوڵەتین، بەڵام گەل ھەیە، خاک و کەلتوور و زمان ھەیە، سنووری جوغرافیای خۆمان و مێژووی پڕسەروەری و ھێزی پارێزەر و قارەمانی وەک پێشمەرگەمان ھەیە، بۆیە مافی خۆمانە خاوەن دەوڵەت بین، لە ئێستاشدا ریفراندۆم ئەو مافەمان بۆ دەگەڕێنێتەوە ئەوەش بەرھەمی خوێن و خەبات و شۆڕشەکانی کوردە، ھەموو ئەو کارەسات و ئەو قوربانییانەی سەد ساڵی رابردوو بۆ ھەلێکی وا و دەرفەتێکی زێڕینی وا بووە، بۆیە دەنگی بەڵێ لە ٢٥ی ئەیلوول وەفادارییە بۆ خوێنی شەھیدانمان."
رێگر مزوری قوتابی زانکۆی دھۆکە لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە "ریفراندۆم بۆ ئەمڕۆی کوردستان پێویستیەکی زۆر گرنگە و ھەموو کەسێک لە کوردستان بە ھەموو لایەنێک دوور لە حزبایەتی دەبێت ئەم مانگە بە مانگی پیرۆزی کوردستان دابنێن."، ھاوکات دەڵێت: "ئێمەی نەوەی دوای نەوەدەکان زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزین کە ئەو دەرفەتەمان بۆ رەخساوە ھەتا بەشداری گرنگترین دەنگدان بین لە مێژووی گەلی کورد. کورد لە دێرزەمانەوە بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی تێکوشاوە، بویە نابێ ئێمەی نەوەی نوێ بێ ھەلوێست و نابەرپرسیار بین." گوتیشی: "من وەک گەنجێک ھەر لە ئێستاوە ھەستاوم بە پرۆژەیەک بۆ ٥٠ گەنج لە کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵی داھاتوو، چونکە بە تەواوی بڕوام بە سەربەخویی و دەوڵەتی کوردستان ھەیە، پرۆژەکەم لە ٢٠١٨بۆ ٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت. ھەر ھەموومان پێویستە دەست بە پلان و کار بو دەوڵەتداری بکەین. ئەوەی کە متمانەی بۆ دروست کردم ھەتا دەست بە پرۆژەکەم بکەم، وتە بەرز و پڕئومێدەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو کە زۆر بە راشکاوی بە ھەموو جیھان دەڵێ سەربەخویی بەدەست دێنین و سەردەکەوین.
چیان مەھدی بەرپرسی ئەنجومەنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە دھۆک، ریفراندۆم بە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی ئەژمار دەکات و دەڵێت: "مافی ھەر میللەتێکە بەسەر بەخۆیی بژی و ببێتە خاوەن بڕیار و دەوڵەت و ژیانی تایبەتی خۆی. ئەگەر سەیری مێژووی میللەتی کورد بکەین، دەبینین گەلێک دەربەدەری و ناخۆشی بینیوە، ئافرەت بۆتە قوربانییەکی گەورە لە ھەموو شەڕ و شۆڕش و خەبات و کارەساتەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران و ھاوکات ھەر بەرخۆدانی کردووە و قارەمانیەتی خۆی سەلماندووە، ئەمڕۆش دەتوانین بە دروستی خزمەتی وڵاتی خۆمان بکەین. بێگومان ئافرەت رۆڵی گەورەشی لە پرسی نەتەوەییدا ھەیە، ئەوەتا دایک و خوشک و ھاوسەری پێشمەرگە و شەھیدان و ھەموو ئافرەتانی کوردستان کار بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەین، دەمانەوێ ئەو دەستکەوتە مێژووییە لە دەست نەدەین و پێکەوە بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان .
Top