كاكەییەكان بە (بەڵێ) بەشداری لە ریفراندۆم دەكەن

كاكەییەكان بە (بەڵێ) بەشداری لە ریفراندۆم دەكەن
پەیڕەوانی ئایینی كاكەیی خاوەن بیروباوەڕی ئایینی تایبەتن وەكو كوردێكی رەسەن بەشێكی گرنگن لەو فرە پێكهاتەی كوردستاندا، جێگەو پێگەی گرنگیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەبووە، ئەمڕۆش كاكەییەكان دووبارە بەشێكی ناو بابەتە سیاسی و چارەنووسسازەكانن بەو پێیەی لە رووی جوگرافییەوە ناوچەكانیان هەستیارە و دەكەوێتە سنووری ئەو میللەتەی كە بەدرێژایی مێژوو چەوسێنراونەتەوە، لە كاتێكدا لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق قوربانی یەكەمی ئەم شەڕە پێكهاتەكان بوون، یەكێك لەو پێكهاتانە كاكەییەكان بوون، كەبەدەیان كوردی كاكەیی بێسەرو شوێن بوون و نزیكەی (21000) كوردی كاكەیی ئاوارە بوون . لە ئێستاشدا كە كوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە، كوردانی كاكەیی پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە دەردەبڕن و جەخت لەوە دەكەنەوە تەنیا لە كوردستانێكی سەربەخۆدا دەتوانن مافەكانیان بەدەست بێنن .

سەرەتا لیزا فەلەكەدین كاكەیی چالاكوان و نووسەر، ئاماژە بەوە دەكات كە لەئێستادا هەرێمی كوردستان خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی گرنگی نەتەوەیی كە ئەویش ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی كوردستان. ئەو كوردستانەی سەدەیەكە بۆتە قوربانی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ و بە پارچەكردن و لكاندنی بە نەتەوەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێبەش كراوە لە گشت مافە نەتەوەییەكانی خۆی. لە رێگای قەدەغەكردنی زمانی دایك و كۆمەڵكوژی وسڕینەوەی كلتووری رەسەنی خۆیان و سەپاندنی كلتووری بێگانە و بەزۆر راگواستن و خاپووركردنی گوندو شارەكان هەوڵی سڕینەوە نەتەوەی كورد لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوە، گوتیشی: «ناوچە كێشە لەسەرەكان لە عێراقدا خاوەن تایبەتمەندییەكن بەوەی بەسەر زەمینی پێكهاتە جۆراوجۆرە ئایینی و نەتەوەییەكانی دێنە هەژماركردن، هەربۆیە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 زەرەرمەندی مەزن ئێمەی پێكهاتەكان بووین نزیكەی 21000 كوردی كاكەیی بۆ پاراستنی گیانیان ناچاربوون ناوچەكانیان جێ بهێڵن و بێنە پارێزگاو شارەكانی هەرێمی كوردستان. كە زۆربەیان نیشتەجێی كەمپەكان بوون، ئەمە جگە لە شەهید بوونی دەیان كوردی كاكەیی و بێسەروشوێن بوونیان. كاكەییەكان بە درێژایی مێژووی سیاسی كورد شان بەشانی نەتەوە و ئایینەكانی دیكە بە نازناوی پێشمەرگەوە بەشداری شۆڕش و سەرهەڵدانەكانیان كردووە و قوربانی زۆریان داوە، كوردانی كاكەییش هاوشێوەی كوردانی دیكە كەوتونەتە بەر شاڵاوی كیمیاباران و تەعریب كردن و وێرانكردنی گوندەكانیان. كوردبوون و خاوەن بیروباوەڕی جیاواز دوو بیانووی سەرەكین بۆ دوژمنان كە ئەو حەقە بە خۆیان بدەن ئازاری كاكەییەكان بدەن و هەوڵی سڕینەوەیان بدەن لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست. لیزا کاکەیی هەروەها گوتی : «كاكەییەكان هەمیشە بوونەتە قوربانی شووناسی نەتەوەیی ئایینی و بەردەوام هەوڵی هەڵكەندنی رەگ و ریشەیان لە زێدی باب و باپیرانیان كە هەرێمی كوردستانە دراوە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە پاشایەتییەوە تاوەكو ئێستا هیچ كامیان نەیتوانی خۆی بكات بە خاوەنی پرسی كورد و هەمیشە بە هاووڵاتی ژمارە دوو لە قەڵەم دراون جا چ بگات بەوەی كورد بێت و بیروباوەڕە ئاینییەكە جیاواز بێت ئەوە دووبەرامبەر دەبێتە قوربانی.»
لیزا فەلەكەدین لەبارەی ریفراندۆمشەوە دەڵێت: «هەرێمی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا بو بە ماڵێكی فراوان و ئارام بۆ گشت پێكهاتەكانی سوننە، شیعە، توركمان، كریستیان، ئێزیدی،كاكەیی، مەندائی، جوو، بەهائی، زەردەشتی، شەبەك، فەیلی و بووە بە ماڵی هەمیشەیی بۆ هەمووان. بۆیە داواكارین بۆ پاراستنی ئەم ماڵە هەمە رەنگە رێز لە مافی نەتەوەییمان بگیرێت و پێویستە پاڵپشتی لە هەنگاوی ریفراندۆم بكرێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە لە داهاتوودا دەتوانین ببین بە دراوسێیەكی باش بۆ عێراق، بەڵام زۆر سەختە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بین لە مانەوەمان لەگەڵ عێراقدا لە كاتێكدا عێراق بەهیچ شێوەیەك ئامادەنییە بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیدا بكات، بەڵكو هەمیشە كورد وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و رێز لەماف و خواستەكانی نەگیراوە، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كوردستانیان هاوشێوەی گەلانی دیكە ببن بە خاوەن کیانێكی سەربەخۆ و بتوانن هەست بە هاووڵات پلە یەك بكەن ؟

لەلایەكی دیكەوە لوقمان كاكەیی كارگێڕی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك، هێما بۆ ئەوە دەكات كە پەیڕەوانی ئایینی یارسان (كاكەیی) دەنگ بە (بەڵێ )دەدەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ و پارێزگاری لە نەتەوەو نیشتمان و دین و كلتووری خۆیان بكەن، چونكە ئێمە لە هەموو كەسێك باشتر دەزانین و لە بیرمانە كە چۆن لەژێر فشاری حكومەتی رووخاوی بە عس نەتەوەیان پێ گۆڕین. كە مرۆڤ لە دایك دەبێت خوداوەند ئەوەی پێی بەخشیوە چ ئایین نەتەوەیەك و ئاینزایەك بێت، چۆن دێهاتەكانمان داگیر دەكران چۆن لە شوێنی باب وباپیرانمان دەربەدەر دەكراین، ئێمەی پەیڕەوانی دینی كاكەیی دەقە ئایینییەكانمان هەمووی بەكوردییە.» گوتیشی: «ئەگەر سەیری دەوروبەری خۆمان بكەین تورك فارس و عەرەب تەنیا ئەمانەن دژی ریفراندۆم كار دەكەن نایانەوێ كورد ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ و رزگارمان بێت لەژێر ستەمی ئەم سێ نەتەوەیە، بۆیە دەبێت هەموومان بەیەك دەنگ بڵێین (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم (بەڵێ) بۆ ئازادی گەلی كوردستان بەهەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان دەڵێین (بەڵێ) بۆ ئەوەی وێرانكردن و دەربەدەری كیمیاباران ئەنفالكردن دووبارە نەبێتەوە . هەركەسێكیش بڵێت (نەخێر) دەبێت بزانێت گومان هەیە لە بوونی وەكو كوردستانی و وەكو كورد، ئێستاش دەرفەتێكی مێژوویی رەخساوە لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان بە هەڵوێستی یەكگرتوو و پۆڵایین بەرەو پیری ریفراندۆم بڕوات بۆ سەربەخۆیی، نەوەك هەندێك لایەنی نابەرپرسی پاشكۆی وڵاتان و پیاوانی بەغدا دڵەڕاوكێ بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن، بەڵام ئەمانە هەموو بڵقی سەر ئاون با دڵنیابن ریفراندۆم لە (25/9) بەسەركەوتوویی و بۆ سەربەخۆیی كوردستان بە دەنگی (بەڵێ) ئەنجام دەدرێ.»


سروە مەلا پەروێز پیشەی مامۆستایە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «ریفراندۆم پرۆسەیەكی گرنگ و بە واتای ئازادی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆت بدەیت، كە دەتەوێت ئازادو سەربەخۆ بیت لە وڵاتێكدا هەموو مافێكی هەبێت. بۆیە پێویستە گرنگییەكی زۆر بەم رۆژە بدەین هەموومان بەیەك دەنگ و رەنگ لە رۆژی (25/9)بەشداری بكەین و بە (بەڵێ ) بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆین ودەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ڕزگاربوونمان لە ژێردەستی و هێنانەدی ئامانج و ئاواتەكانمان لە وڵاتێكی ئازادو سەربەخۆدا بدەین.» گوتیشی: « ئێمە وە ك ئافرەتانی كاكەیی لە دەڤەری كەركوك بەهەموو شێوەیەك بەشداری لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەدا دەكەین، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو پێكهاتە و ئاینزانەكانی تر بۆ سەربەخۆیی كوردستان بۆ بەرجەستەكردنی هەموو ئازادییەكمان . بە هەموو چین وتوێژەكانی ناو كۆمەڵگەی كاكەیی پشتگیری تەواو لە پرسی ریفراندۆم دەكەن، بە ((بەڵێ)) دەنگی خۆمان دەدەین.بۆیە پێویستە هەموو كورد بەیەكەوە و دەست لە ناو دەست بریاری چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین و دەوڵەتێكی تازە دروست بكەین، بۆ ئەوەی چیتر پاشكۆی وڵاتی تر نەبین بۆ پشتگیری كردن لە برا پێشمەرگەكانمان لە بەرەكانی جەنگ و بۆ دڵنەوایی كردنی دایكی شەهیدان بەیەك دەنگ بڵێین (( بەڵێ)) بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان .»
چالاكوانی مەدەنی هێمن كاكەیی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: « ریفراندۆمەكەی مانگی ئەیلول گرنگیەكی زۆری بۆ هەموو كوردستانیان دەبێت بەتایبەت بۆ پێكهاتەكان،چونكە پێكهاتەكان لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە قوربانی ژمارە یەك بوون . بە هۆی سیاسەتی خراپی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و بوونی زۆری پێكهاتەکان لە سەد ساڵی رابردوو تەنها بۆ رازاندنەوەی وتەی سەركردەو سەرۆكەكان بووە نەك بۆ پێدانی مافەكانیان، ئەوان هاتوون لە هەر پێكهاتەیەك ڕووكەشیان هەڵبژاردوە و موچەو ئیمتیازاتیان پێداوە و هاووڵاتی ئاسایشیان لەناوبردووە. گوتیشی «بۆیە پێویستە بە هەموو توانەیەكمان پشتگیری لە ریفراندۆم بكەین، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەش و ئایندەیەكی دیارمان هەبێت لە كوردستان هەروەك چۆن لە ڕابردوودا لە كوردستان پێكەوە ژیانێكی واقعی بوونی هەبوو، لە دەوڵەتی كوردستان ژیانی هەمووان باشترو رێكتر بەڕێوە دەچێت بەتایبەت ئەگەر بوونیاتی دەوڵەتەكە دەوڵەتێكی هاووڵاتی بوون مەدەنی بێت، بۆئەوەی هەموو تاكێك هەست بە بوونی خۆی بكات .
بەیان یونس رەشید كارگێڕ ناوچەی مامۆستایان لە كەركوك، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە كاكەییەكان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە پرۆسەی ریفراندۆم دەكەن،چونكە تاكو ئێستا كاكەییەكان هیچ ماف و خواستەكانیان دەستەبەر نەكراوە لەلایەن حكومەتەكانی پێشوی عێراق و حكومەتی ئێستای عێراقیش باوەڕی بە یەكسانی و داد پەروەری نییە» گوتیشی: «كاكەییەكان ماف و خواستەكانیان لە چوارچێوەی سیستەمێكی دیموكراسی شارستانی (مەدەنی) دەبیننەوە، كە زامنی ژیانێكی ئاسودە و سەقامگیر و ئاسایشە .بۆیە لەم رۆژە پیرۆزە دا كاكەییەكان بەرەو سندوقی دەنگدان دەڕۆن و بە ((بەڵێ)) دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەن و و بەئەركێكی نیشتمانی دەزانن.»


رۆژنامەنوس هەژار رەشید كاكەیی سەبارەت هەمان پرس دەڵێت: «ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانین دەمانەوێت لە پاڵ پەیڕەوانی ئایینی كاكەییەكان بمێنینەوە لە 25 ئەیلول دەچینە سەر سندوقی دەنگدان بە ((بەڵێ)) دەنگ دەدەین،»گوتیشی « لە دوای دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان رەنگە بەشێوەیەكی دیكە داواكارییەكانی خۆمان بوێت، چونكە لە ئێستادا كورد بەدۆخێكدا دەڕوات پێویست بەوە ناكات دەرگاكان دابخەین و بمانەوێت بە مەرج بەرژەوەندی لەگەڵ كورد بین . ئێمە لە شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستانەوە چەندین شەهیدو بریندار و ماڵ وێرانیمان بینیوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە لە سنوری كەركوك و باشوری كوردستان زیاتر لە (300) شەهیدمان هەیە لە پێناو خاكی كوردستان و (٨) مەزارگەی پیرۆزی كاكەییەكان لە سنوری موسڵ بەدەستی داعشەوە تەقێندراوەتەوە، هەرئەمانە هانمان دەدات بەخوێنیش بێت دەنگمان لە ریفراندۆم بە (بەڵێ) بێت .داواش دەكەین حكومەت بەجددی ئاوڕێك لە كاكەییەكان بداتەوە بۆئەوەی چیتر وڵات جێ نەهێڵن لە دەست هەرەشەكانی تیرۆریستان.»
لە 29-3/5 /2016 گوندەكانی كاكەییەكان لەناوچەی خازر لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادكران بەسەرپەرشتی (سەرۆك بارزانی ) . لەیەكەم رۆژی داگیركردنی ناوچەکانی كاكەییەكان زیاتر لە (٢٠٠٠)كەس لە كاكەییەكان خۆبەخشانە هاتنە ریزەكانی پێشمەرگەوە تاكو ئێستاش فەوجێكی تایبەتیان لەسنوری خازرو كەركوك بۆ كراوەتەوە . پاراستنی ئاسایشی كاكەییەكان لەلایەن پێشمەرگەوە دابین كراوە . لە پێش هاتنی داعش چەندین جار هێرشی تیرۆریستی كراوەتە سەر كاكەییەكان، هەروەها حكومەتی عێراق ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات كاكەییەكان بێنێتە ریزی (حەشدی شەعبی)، بەڵام زۆرینەی كاكەیيەكان هاتونەتە ریزی پێشمەرگەو فەوجیان بۆ كراوەتەوە . هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە كورسیەكی تایبەت بە خۆیان هەیە، حاكمی هەڵەبجە ئافرەتێکە كاكەیی دادوەری ئەو شارەیە، بەڵام لە حكومەتی عێراقەوە تاكو ئێستا هیچ پوستێكیان پێنەدراوە .»
Top