كوردانی ئێزیدی پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆم دەردەبڕن
August 15, 2017
کۆمەڵایەتی
خالیدە كچێكی رفێندراوی ئێزیدییە كە لە دەستی داعشە دڕندەكان رزگاری بووەو لە بارەی سەربەخۆیی كوردستان و داهاتووی ئێزیدییەكانەوە دەڵێت: «تەنیا دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ئێزیدییەكان لە مێژووی پڕ تراژیدیایان رزگار دەكات، چونكە ئێمەی ئێزیدی لە دەسەڵاتداریی عەرەبەكان جگە لە ئازار و مەینەتی و كوشتن و سووكایەتیكردن هیچی ترمان نەبینیوە. عەرەبەكان لە عێراقدا زۆریان ئازار داین، داعشەكانیش هەر عەرەب بوون كە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵیان بۆ ئێزییدییەكان دروست كرد و بە هەزاران كچی وەك منیان رفاندو رەفتاری دوور لە هەموو بەها مرۆییەكانیان بەرامبەر ئێمە ئەنجام دا.» خالیدە لە كۆتایی قسەكانیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «ئەگەر كوردستان ببێتە دەوڵەت، ئێزیدییەكان لە هەموو پێكهاتەكانی دیكە زیاتر سوودمەند دەبن»، هاوكات دەڵێت: (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین. لە دەوڵەتی كوردستان پێكەوەژیانی ئایینەكان بەردەوام دەبێت.
لازمە شێخ یوسف كارگێڕی لقی 17ی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە شنگال و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە مێژوودا زۆر كارەساتی دژوار بەسەر میللەتی كورددا هاتووە، زۆر جار هەوڵی سڕینەوەی كوردیان داوە، كە ئەنفال و كیمیاباران نموونەی ئەو تاوانە گەورانەن، بەڵام رۆژی سێی ئاب رەشترین رۆژە لە مێژوودا بۆ كورد، كە تێیدا جگە لە وێرانكردنی ماڵ و ئاوارەبوون و كوشتنی بەكۆمەڵ، تیرۆریستانی داعش ئافرەتانی ئێزیدییان رفاند و دەستدرێژییان كردە سەریان و كڕین و فرۆشتنیان پێ كردن. بۆ ئەوەی كارەسات و تاوانی وا گەورە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە كورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت.» گوتیشی: «تا ئێستا دەرفەتی وەك ئەوەی ئێستامان بۆ نەڕەخساوە كە لە ژێر زوڵم و ستەمی شۆڤینییەكان بێینە دەرەوە و چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین. ریفراندۆم و سەربەخۆیی تاكە چارەسەری كێشە و ئاریشەكانی میللەتی كوردستانە، بەتایبەتی بۆ كوردانی ئێزیدی، بۆیە بەبێ ترس و دوودڵی دەبێت بڵێین (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كە مافێكی رەوای ئێمەیە، بڵێین (بەڵێ) هەتا جارێكی دیكە دایك و خوشك و ئازیزانمان نەبنەوە كەنیزەی بەر دەستی دڕندەكان، پێویستە سەربەخۆیی كوردستان رابگەیەندرێ و هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكان بەتایبەتی ئەوانەی ئێش و ئازاریان بە دەستی دوژمن و ناحەزان چەشتووە، برینەكانیان سارێژ بكرێت. پێویستە كەرنەڤاڵی دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی بگرین.»
ئەیاد عجاج مامۆستای زانكۆی دهۆك، هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەشداریی ئێزیدییەكان لە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ لەسەر ئاستی ناوچەی جوگرافی و حزبە سیاسییەكانی ئێزیدییەكان دەبێت، چونكە جوگرافی ئێزیدییەكان بەسەر دوو ناوچەدا دابەش بووە، ناوچەیەك لەسەر هەرێمی كوردستانە كە (10 تا 15%)ی جوگرافیای ئێزیدییەكان پێكدێنن، كە لە رووی ئیدارییەوە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانن، بەڵام ناوچەی شنگال و دەڤەری باشیك و بحزانێ كە (85 تا 90%)ی جوگرافیای ئێزیدییەكان پێكدێنن، ناوچەی مادەی 140ن و لە رووی ئیدارییەوە چارەنووسیان تا ئێستا نادیارە.» سەبارەت بە هەڵوێستی ئێزیدییەكان بەرامبەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش گوتی: «بە حوكمی ئەوەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەكێتی) كۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانەیان كردووەو لە ساڵی 1992 تا ئێستا لەم ناوچانە رۆڵێكی بەرزیان هەبووە. ناوچەی ئێزیدییەكانی سەر بە هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی و گەشبینییەوە چاوەڕێی ریفراندۆمن و پشتگیر دەبن و بە (بەڵێ) بەشداری دەكەن، بەڵام سەبارەت بە ناوچەی شنگال، لێرەدا روڵی ناوچەكە بە بۆچوونی خۆم جیاواز دەبێت، چونكە ناوچە زەرەرەی زۆری پێ كەوتووە بەتایبەت دوای هێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ناوچەكە لە 3ی ئابی 2014، رەنگە ئەو رووداوە خوێناوییە كاریگەری لەسەر بەشداریی هەندێك لە ئێزیدییەكان هەبێت، چونكە تا ئێستا رووداوەكە بەردەوامە و بە هەزاران كەس بوونەتە قوربانی و چارەنووسیان دیار نییە، لەلایەكی ترەوە ناوچەكە لە رووی هزری و سیاسی دابەش كراوە لە نێوان پارت و گرووپی جیاجیا، هەروەها ئەو ئێزیدییە ئاوارانە ئەگەر لەناو كەمپەكان دەنگ بە ریفراندۆم بدەن، دەنگی (بەڵێ) زۆر بەرز دەبێت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم ئاڵۆزییە، بەگشتی ئێزیدییەكان تا رادەیەكی باش بەشداری لە ریفراندۆم دەكەن و بە (بەڵێ) ریفراندۆم لە ناوچەی ئێزیدییەكان دەرباز دەبێت.
سوعاد لالۆ ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ساڵیادی گەورەترین كارەساتی ئێزیدییەكان بوو، ئەوەش برینێكی قووڵی مێژووییە و وا بە ئاسانی ساڕێژ نابێت.» گوتیشی: «بەداخەوە ئێمەی كورد بەگشتی و بە درێژایی مێژوو هەمیشە بووینەتە قوربانیی دەستی زوڵم و ستەمی سیاسەتی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق. بەڵام دوو هۆكار هەن كە ئێزیدییەكان بچەوسێندرێنەوەو ببنە قوربانی، یەكەم بە بیانووی ئایینی، دووەم بە هۆی نەتەوەیی كە كوردن. هیوادارین ئەمە كۆتا كارەسات بێت و برینەكانمان سارێژ ببێت و چیتر خەڵكی سڤیلی شنگال نەبنەوە قوربانیی دەستی تیرۆر، بۆیە ئەگەر هەموومان پێكەوە پشتیوانی لە پرۆسەی سەرخستنی ریفراندۆم بكەین، بەدڵنیاییەوە ئەوكات لە چوارچێوەی كوردستانێكی ئازادو سەربەخۆدا بە ئارامی و ئاسوودەیی دەژین.»
مەیسەرحاجی ساڵح قایمقامی پێشووی شنگال، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كوردانی ئێزیدی وەك هەموو كوردانی عێراق پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن، چونكە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی خەونی هەموو كوردێكە و لە ئێستادا ئەم خەونە بۆتە راستی، ئەمڕۆ ئێزیدییەكان باش دەزانن ئەگەر خوانەكات كوردستان نەبوو بە دەوڵەت و شنگال نەهاتەوە سەر دەوڵەتی كوردی، تیرۆریستان و عەرەبە شۆڤینییەكان ناهێڵن ئێزیدی لە ناوچەی شنگال بمێنن، تا ئێستاش رۆژانە بە دەیانیان بەرەو دەرەوە بەڕێ دەكرێن، چونكە شنگال لەلایەن تیرۆریستان و عەرەبە شۆڤینییەكانەوە گەمارۆ دراوە.» گوتیشی: «ئێزیدییەكان لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد رۆڵێكی گرنگیان هەبووە و لە هەموو ئەو هەوڵدان و شەڕانەی بۆ سەربەخۆیی كورد بووە، ئێزیدییەكان قوربانییان بۆ داوە، ئێستاش دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد بە گشتی و كوردانی ئێزیدی بەتایبەتی هاتۆتەپێش، ئەویش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە، سەرەڕای ئەوەشی شنگال جوگرافیایەكی ئاڵۆزی هەیە و لە كوردستان دوورە، بەڵام دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكانی ئەم ناوچەیەیەو ئێمە هەموومان دەزانین كە حكومەكانی پێشوو و حكومەتی ئێستای عێراق هیچ كاتێك مافی ئێزیدییەكانی نەداوە و بەردەوام مافی ئێزیدیەكانیان فەرامۆش كردووەو تووشی زوڵم و زۆرداری بوون و وەك هاووڵاتی ژمارە دووش سەیر نەكراون. لە هەمووی ناخۆشتر كوردانی ئێزیدی لە مانگی ئابی 2014 تووشی گەورەترین كارەساتی جینۆساید بوون لەلایەن تیرۆریستانی داعش و دراوسێكانی لە عەرەبە شۆڤینییەكان و سوننەكانی تلەعفەر بە هەزاران ژن و پیاویان كوشت و كچەكانیشیان برد و كڕین و فرۆشتنیان پێ كردن، یەك بۆیە مومكین نییە ئێمە جارێكی تر لەگەڵ عەرەبەكان بژین لە دەوڵەتی عێراقدا. ئێستا پێویستە ئێزیدییەكان بەهیزەوە بەشداربن لە ریفراندۆم و هەتا جارێكی تر كارەساتی كۆكوژی و جینۆساید دووبارە نەبێتەوە و بژین بە سەرفرازی لەدەوڵەتی كوردیدا.» جەختی لەوەش كردەوە كە چارەنووسی ئێزیدییەكان بە هەرێمی كوردستانەوە بەستراوەتەوە، ئێمەی كوردیش مافی خۆمانە وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە دەوڵەتێكمان هەبێت.» گوتیشی: «عەرەب و تورك و فارس دەوڵەتیان هەیە، بۆچی ئێمەش ئەو مافمان نەبێت؟ من وەكو كوردێكی ئێزیدی گەشبینم كە ریفراندۆم سەركەوتنێكی مەزنی دەبێت لە شنگال، چونكە من لە ناو خەڵكی خۆمانم و باش دەزانم كە هەموو ئێزیدییەكان رۆژی ریفراندۆم بەرەو سندوقەكان دەڕۆن و بە كوێرایی چاوی دوژمنان دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدەن.»
دلڤین رەشید رۆژنامەنووسەو ئەویش رایوایە: «ریفراندۆم پرۆسەیەكی گرنگ و چارەنووسسازە و رۆژی ئەنجامدانەكەشی رۆژێكی پیرۆز و مێژوویی و نەتەوەییە بۆ میللەتی كورد، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زۆر بەم رۆژە چارەنووسسازە بدەین و لەم رۆژەدا بە تەنیا بە دەنگی (بەڵێ) بڕۆینە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆمان دیاری بكەین.» گوتیشی: «پێویستە لەم پرسەدا ئێزیدیەكان رۆڵێكی كاریگەریان هەبێت، چونكە لە مێژوودا پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی زۆر كارەساتیان بینیوە تا گەیشتە ئەو كارەساتەی كە لە شنگال رووی دا و تێیدا بە هەزاران خەڵكی سڤیل كوژران و دەربەردەر و ئاوارە بوون. هیوادارین سەربەخۆیی كوردستان ببێتە هۆكاری ساڕێژبوونی برینی خانەوادەی شەهیدان و ئەو ئافرەتانەی بوونەتە قوربانی و كەوتوونەتە بندەستی تیرۆریستانی داعش، چونكە هیچ برینێك لە برینی دایكە شەهید و خێزانی شەهیدەكان گەورەتر نییە، هیچ كارەساتێكیش لە كارەساتی شنگال بە ئێش و ئازارتر نییە، هیچ تاوانێكیش لە تاوانی كۆكوژی گەورەتر نییە، كە ئافرەتان بەشی سەرەكیی قوربانییەكانن. سەربەخۆیی كوردستان چارەسەری ئەم برینانە دەكات و داهاتووی ئێمەش مسۆگەركردن. بۆیە دەڵێم (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كودستان .
دلڤین خەلەف بەرپرسی ئەنجومەنی ئافرەتانی شنگال، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «كۆمەلگەی ئێزیدی لە دوو بەش پێكدێت، كە پێی دەڵێن ئێزیدییەكانی دەڤەری (شنگال) و ئێزیدییەكانی (وەڵاتی شێخ)، ئەوانەی لە دەڤەری شنگال دەژیان، نیوەی كۆمەڵگەی ئێزیدین و لە دوای هێرشی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال هەر هەموویان دەربەدر بوون و ئێستا لە كەمپەكانی ئاوارەكان نیشتەجێن. دوای ئەو تاوانە گەورەیە و لە ئێستادا كە بەرەو ریفراندۆم دەڕۆین، ئێزیدییەكان بە (بەڵێ) لە ریفراندۆم دەنگ دەدەن، چونكە خەڵكێكی كوردپەروەرن و چیتر نایانەوێت لە ژێر زۆلم و ستەمی عەرەبەكاندا بژین.»
پێش هاتنی داعش ژمارەی ئێزیدییەكان لە عێراق و كوردستان (550) هەزار كەس بووە. پاش پەلامارەكەی داعش بۆ سەر ناوچەكانی ئێزیدییان (360) هەزار كەسیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و زۆرینەشیان لە كەمپەكاندا نیشتەجێ كران. هەروەها نزیكەی (60) هەزار كەس ئاوارەی وڵاتانی توركیاو سووریا بوون. لەسەرەتای بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هەتا ئێستا (1293) ئێزیدی بە دەستی داعش كوژارون و (2740) منداڵی ئێزیدی بێ سەرپەرشت كراون. تا ئێستا (22) گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییەكان دۆزراونەتەوە. ژمارەی رفێندراوەكان لەلایەن داعشەوە دەگاتە (6386) كەس، لەم ژمارەیە (3527) كەس لە رەگەزی ئافرەتن و (2859) كەسیش لە رەگەزی پیاون. ژمارەی رزگاربووانی ئێزیدی (2587) كەسن كە (934) لە رەگەزی ئافرەت و (325) لە رەگەزی پیاون و (658) كەس لەتەمەنی منداڵیدان لە رەگەزی مێن و (670) منداڵێش لە رەگەزی نێرن .
ئەوانەی كە تائێستا لەژێردەستی داعش ماونەتەوە، ژمارەیان دەگاتە (3799) كەس، لەوانە (1935) كەسیان لە رەگەزی مێ و (1864) كەسیشیان لە رەگەزی نێرن. ژمارەی ئەو منداڵ و گەنجانەی لە ژێر دەستی داعشن و بەزۆر مەشقی سەربازییان پێدەكرێ، نزیكەی (1200) منداڵ و گەنجی ئێزیدین. تیرۆریستانی داعش (44) مەزارگە و شوێنی ئایینی ئێزیدییەكانیان تەقاندووەتەوە.