ئافرەتان پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن
August 8, 2017
کۆمەڵایەتی
چیمەن تەقیەددین ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكان:
ناكرێ هەتا هەتایە هەر لەبەر خاتری داگیركەرانی كوردستان ریفراندۆم دوابخەین
دوای رووبەڕووبوونەوەی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش زۆربەی ناوچە دابڕاوەكانی دەرەوەی هەرێم كوردستان لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە رزگار كران و پارێزران، كە ئەوە كێشەیەكی گەورەی خاك بووە لە نێوان كوردستان و بەغدا، كە سوپای عێراقی لە دەستی داو پێشمەرگە بەدەستی هێنایەوە و لە داعشییەكان رزگاری كرد.
ریفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، ئەو پرسەیە كە یار و نەیارانی كوردی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە. ئەوە گەورەترین پرسی چارەنووسسازە بۆ كورد، چونكە بە رێگەیەكی دیموكراسی و ئاشتییانە، بڕیار لە سەر چارەنووسی نەتەوەییمان دەدەین. بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لە لایەن سەركردایەتی كوردەوە بڕیارێكی گرنگ و بوێرانە و هوشیارانە بوو، بەڵام ئەو دەنگە ناڕازییانە كە دەڵێن ئێستا كاتی نییە، با پێمان بڵێن ئەی كەی كاتیەتی؟ ئەم پرسیارەش سەرۆك مسعود بارزانی ئاراستەی ئەو دەنگە ناڕازییەی كردووە و لە ئاستی نێودەوڵەتیش زۆر بە وردی باسی ئەو مافە رەوایەی كوردی كردووە. بۆیە ریفراندۆم هەنگاوێكی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە و دەبێتە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی گەلی كورد كە دوای خەباتێكی دوورودرێژ و سەدان هەزار قوربانی، بتوانێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە لە مافی رەوای خۆی و سەربەخۆیی نزیك ببێتەوە. بەڵام هەر چی لە كاتی ریفراندۆم نزیكتر دەبینەوە، نەیارانی كورد زیاتر دەنگۆ بڵاو دەكەنەوە، یان بە هەڕەشە هیستری و دڵەڕاوكێ دروست دەكەن و بە هەموو شێوازێك دەیانەوێت خەڵكی كوردستان لەم پرسە چارەنووسسازە بێبەش بكەن.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەموو لێدوانەكان كە دژ بە پرۆسەی ریفراندۆم دەچڕدرێت، لەیەك دەچن و هاوئاوازن، چونكە هەموویان دەڵێن لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانداین، بەڵام بیانوویان ئەوەیە كە ئایندەی هەرێم نادیارە و ئێستا كاتی ریفراندۆم نییە. ئەگەر وابێت هەتا هەتایە هەر لە بەر راگرتنی خاتری داگیركەرانی كوردستان دەبێت ئەو پرسە چارەنووسسازەمان جێبەجی نەكەین.
ئەوانەی رەخنە لە كاتی پرۆژەی ریفراندۆم دەگرن، یان دەڵێن ئەمە پرۆژەی حزبێكە و ئیدارەكان نەبوونەتەوە بەیەك و گرفتی ئابووری هەیە، بێ ئەندازە رەخنەكانیان دواكەوتووانەیە، بۆیە دەبێت بپرسین ئەگەر پرۆژەیەك لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان بێت، ئایا نابێ حزب پشتیوانی بێت؟ بۆچی بڤەیە ئەحزابی سەرەكی و كەسایەتی سیاسی و خاوەن پێگەی نێودەوڵەتی لە پشتی بن؟ بۆیە بە ورد بوونەوە لە وەها بۆچون و لێدوانێك دەبێت بە وریاییەوە لە ماهیەت و بنەماو باگراوندی لێدوان و بۆچوونەكان بگەین و بابەتیانە وەلام بدرێنەوە نەهێلدرێت و دەرفەت نەدرێت تاكە كوردێكیش بە زانین و یاخود نەزانی و نەشارەزایی بكەوێـتە ئەو بەرەی كە هەموان تەنها لە نەیارانی كوردی چاوەڕێی دەكەن .
شنۆ ئەمین مەنسوور ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان:
ئەركی سەرشانی تاك بە تاكی كوردە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەشداری بكەن
ریفراندۆمی سەربەخۆیی گرنگترین رێگەی چارەنووسسازەو لە پرۆسەی ئەنجامدانی ئەم شێوازەی گشتپرسی، هاووڵاتیانی هەرێم، یان جوگرافیایەك بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە ئایا ببنە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، یان وەكو بەشێكی دانەبڕاو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند بمێننەوە.
هەموو جارێ بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی (بەڵێ) لە ریفراندۆمێكدا راستەوخۆ دوای ئاشكراكردنی دەرئەنجامەكان نابێتە هۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون، چونكە پرۆسەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی دوای ریفراندۆم قوناخێكی یەكجار گرنگە و وا پێویست دەكات نوێنەرانی خەڵك و سیاسەتوانان زۆر ژیرانە هەنگاوە یاسایی و نێودەوڵەتییەكانیان هەڵبگرن، هەروەك لە سەرەتای دیباجەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاتووە هیچ رێگرییەك نییە لە پراكتیزەكردنی ئەو مافە و هیچ گرفتێكی یاسایی و نێودەوڵەتیش دروست نابێت. واتە پرەنسیپی مافی چارەنووس لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نراوە. بۆیە گرنگە لەوە تێبگەین كە پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستانیش رەهەندێكی نێودەوڵەتی هەیەو سەرەڕای رێگرییە ناوچەیی و هەرێمییەكان دەتوانرێت دەزگاكانی نێونەتەوەیی یاسایی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هاوكارمان بن بۆ قوناغی دوای ریفراندۆم و ئەركی سەرشانی تاك بە تاكی كوردیشە لە بڕیارە چارەنووسسازەدا واتە لە ریفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ كە ریفراندۆمی سەربەخۆییە بەشداری بكەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ رزگاری یەكجارەكیمان بدەین.
سروە عوبدوڵا بەرپرسی ئەنجوومەنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە پارێزگای كەركوك:
دەبێت هاندەری میللەتی خۆمان بین بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین
هەموو مرۆڤێك لە سەر رووی زەوی مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر ئایندەی خۆی بدات، میللەتی كوردیش بە درێژایی مێژووی خۆی، خەباتی لە پێناو ئازادی و دیموكراسی و سەربەرستی كردووە و قوربانییەكی زۆریشی لە پێناو شۆڕشەكانیدا داوە بۆ ئەوەی لە ژێردەستی و زوڵم و زۆری داگیركەران رزگاری ببێت. ئێستا كە بەرەو ریفراندۆم دەچین بۆ ئەوەی چارەنووسمان دیاری بكەین، ئەوا كەركوكییەكانیش وەك هەموو شارەكانی كوردستان بە گەرمی پێشوازی لێ دەكەن.
رۆژی 25/9 رۆژێكی مێژوویی و نیشتمانییە و هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك بەرامبەر ئەو هەنگاوە پیرۆزە، مێژوو لێی خۆش نابێت. ئێمەی كورد بەگشتی و ئافرەتانی نیشتمانپەروەر بەتایبەتی دەبێت هاندەری میللەتی خۆمان بین بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە زێڕینە مێژووییە لەدەست نەدەین. ریفراندۆم باشترین رێگای دیموكراسییە بۆ مافی چارەی خۆنووسین، كوردستانیش وەك گشت وڵاتانی جیهان مافی خۆیەتی ببێتە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ، چونكە كوردستان قوربانی زۆری داوە و ستەمكاری زۆری بەرامبەر كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتێكە كە تێیدا مافی هەموو تاكێكی هاونیشتمان (بەكورد و عەرەب و كلدوئاشوری و سەرجەم ئایین و ئایینزا و نەتەوەكانی بە یەكسانی و بەبێ جیاوازی پارێزراوە، بەتایبەتی پرسی ئافرەت كە پێشكەوتنێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئافرەتان رۆڵێكی كارایان هەبووە لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكومەتی كوردستان و بەشدارییەكی بەرچاویان هەبووە لە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، ئێستاش ئافرەتان بڕیاریان داوە كە لە رۆژی 25/9 شان بەشانی تەواوی خەڵكی كوردستان بەتایبەتی برا پێشمەرگەكانمان كە ئەم سەربەستی و ئازادییە لە سایەی ئەوان هاتووەتەدی، بەشداری ریفراندۆم بكەین. نابێت وەك كورد ئەوانەی گیانی خۆیان كردە قەڵغانێك بۆ پاراستنی كوردستان و لە پیلانی نەیار و هێرشی تیرۆریستانی دڕندەی داعش رزگاریان كردین و خوێنی خۆیان بۆ ئەو سەروەرییە بەخشی، فەرامۆش بكەین. با نەیارانی ئەو مافە رەوایەمان باش بزانن كە بە سەربەخۆیی كوردستان ناوچەكە ئارام و سەقامگیر دەبێت، ئەم ریفراندۆمەش دوایین دەرفەتە بۆ میللەتی كورد بۆ كۆتایی هێنانبە ستەمی داگیركەران. بۆیە پێویستە بە دەنگێ (بەڵێ) ژیانێكی نوێ و پڕسەروەریی بۆ خۆمان مسۆگەر بكەین.