كۆماری كوردستان وڵاتێكی گەشاوە و بەرهەمی خەباتی سەدان ساڵەی پێشمەرگە دەبێت
August 7, 2017
کۆمەڵایەتی
ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ریفراندۆم لە هەموو شارەكانی كوردستان
لارا زار ئەلقوش
«ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ریفراندۆم لە هەموو شارەكانی كوردستان و بەتایبەت ناوچە كێشە لەسەرەكان كە پێویستە لەم بڕیارە پاشگەز نەبینەوە، راوبۆچوونی نێودەوڵەتی هەرچییەك بێت، بە پشتگیری، یان پشتگیری نەكردن، پێویستە كاری خۆمان بكەین و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن، دوای دەرچوونی ئەنجامی ریفراندۆمیش، ئەو كاتە رێز لە بۆچوون و رای گەلی كورد دەگرن و ئەو كاتە ئێمەش بە مافی خۆمان دەگەین، چونكە ئەوە مافێكی هەموو نەتەوەیەكە بە مەرجێك كاریگەری لەسەر نەتەوەكانی دیكە نەبێت، بۆیە پێویستە لەسەرمان خۆمان لە ژێردەستەیی رزگار بكەین، كە سەدان و هەزاران بێتاوانی كورد قوربانی كراون و لە گەورە و بچووك و پیر و منداڵ خوێنیان بۆ كوردستان بەخشیوە، جگە لە ئاوارەیی و دەربەدەری و ئازار و بەندكردن و ئەنفال و كوشتن و بڕینمان، جگە لەوەش بەم دواییە ئەو نەهامەتییە داراییەی بەسەرمان سەپاوە، بۆیە مافی خۆمانە لەو دەرد و ناخۆشییانە خۆمان رزگار بكەین، ئەویش بە دەنگدانی بەڵێ بۆ سەربەخۆییە، كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوانترین نموونەی پێكەوەژیانی نێوان گشت نەتەوە و ئایینەكانە، بە جۆرێك كە خەڵكێكی رۆشنببیر و پێشكەوتوو لەو هەرێمەدا بەیەكەوە دەژین، بۆیە دەبێ ئەو دەرفەتە مێژووییە لە دەست نەدەین تا خەونی لە دێرینەمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بەدی بكەین.»
كوردستان لە داهاتوودا وڵاتێكی پایەبەرز دەبێت
رەنجدەر ئەسكەندەر
«هیوادارم هەموو كوردێك بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بچن و دەنگ بدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە ئێمەی كورد لە هەموو لایەكەوە زوڵمان لێ كراوە، خاوەن سەدان هەزار شەهیدین و خاوەن سەرۆكی خۆمانین، من و خانەوادەكەم ئامادەین بە ١٠ پەنجە مۆر بكەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چونكە هیچ شتێكمان كەمتر نییە لە وڵاتانی تر، بۆیە مافی خۆمانە بەو رۆژە بگەین كە سەدان ساڵە كاری بۆ دەكەین، خەباتی بێوچان، ماندووبوون و تێشكۆشەریمان بۆی بووە، دڵنیام كورستان دەبێتە وڵاتێكی پایەبەرز كە چەندین نەتەوە بە یەكەوە لەو سنوورە جوانەدا ژیانیان بەڕێ دەكەن و بەسەربەستی و سەرفرازی دەژین، پێویستیمان بە دەنگی بەڵێ بۆ ریفراندۆمە، تا بیكەینە لۆگۆیەك و بە چاوی دوژمنانیدا بدەین، كە ئێمەش مافی ژیان و وڵاتمان هەیە، تا بەو رۆژە بگەین، پێویستە هەموومان بزانین دەنگی بەڵێ بۆ كوردستانە، نەوەك بۆ حزب و كەسایەتی، بەڵكو بۆ خاك و نیشتمانی كوردستانە و دەبێت ناسنامەی خۆمان مسۆگەر بكەین و لە داهاتووشدا ئەو وڵاتە سەربەخۆ بێت. »
ریفراندۆم بۆ ئەوەیە ئەنفال و كیمیاباران دووبارە نەبێتەوە
هەڵبەست ساڵح شێروانی، دەڵێ :
«لەئێستادا هەنگاوەكان بۆ بەرەو دەوڵەتبوونی كوردستان خێراتر دەبن، لەگەڵ خێرابوونی هەنگاوەكان بۆ بەدەوڵەتكردنی كوردستان، ئەوانەی دژی پرسی سەربەخۆیین، كوێرانەتر كەوتوونەتە دژایەتیكردنی دەوڵەت و خەریكە كار دەگاتە دروستكردنی كەمپین، ئەوەش ئەوپەڕی خۆفرۆشی و خیانەتكردنە لە خوێن و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ خەباتی نەپساوەیان لەمەڕ بەئامانج گەیشتی كوردستان وەك وڵاتێكی سەربەخۆ. سەیرە، خەڵكانێك پەیدابوون، زۆر بەفەخرەوە باس لە دژایەتیكردنی خۆیان دەكەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بێ ئەوەی خەبات و خوێنی گەلی كوردیان بێتەوە پێش چاو، ئەوەش ئەگەر خۆفرۆشی و خیانەت نەبێت لە خاك و گەل و نیشتمان، ئەی چیترە؟! ریفراندۆم بۆ ئەوەیی ئەنفال و كیمیاباران دووبارە نەبێتەوە، دەبێت سەربەخۆیی كوردستان ئامانجی لەپێشینەی هەموو هێزێكی سیاسیی بێت، چونكە پرسێكە پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و حزبایەتییەوە نییە و ناشبێت. سەربەخۆیی كوردستان، تاكە فاكتەری سەرەكی و بەهیزە، بۆ ئەوەی وەك گەلی كوردی مەزلووم لەژیردەستەیی رزگارمان ببیت و خاوەن كیانیكی كوردی بین، كە بە ئازادی بژین، چونكە خەباتی لەمێژینەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان بووە و ئیستاش كاروانی خەبات لەو پیناوەدا بەردەوامە، ناوەستین تا بۆ بەدەستهینانی سەردەكەوین.»
گەلێكی ستەم لێ كراوین و لەژێر دەستی چەندین حكومەتی زاڵمداین
ئەحمەد ساڵح ئیسماعیل
«ریفراندۆم مافێكی رەوای هەموو گەلانە، گەلی كوردیش شایستەترین گەلە كە داوای ریفراندۆم بكات، بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا ببێت بە وڵاتێكی سەربەخۆ و ئازاد. ئێمە گەلێكین ساڵەهای ساڵە لە ژێر دەستی حكومەتێكی زاڵم زۆردار بووین و بەردەوام ستەم لێ كراو بووین، ئە نفال كراوین، زیندەبەچاڵ كراوین، بێ جێ و رێ كراوین، تەنانەت برسی كراوین.
بۆ ئەوەی ئەو ناعەدالەتی و نادادپەروەری و زوڵم لێكردنە دووبارە نەبێتەوە، دەبێ هەوڵبدەین كە بگەین بە مافی خۆمان، ئەویش تەنیا بەوە دەبێت كە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ و ئازاد بین، خاوەن نشونما و ناسنامەی خۆمان بین، تا هەموو وڵاتانی جیهان بزانێت كورد چەند قوربانی داوە و وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی وڵات و ژیانی هەیە.
ریفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئەوەی خەباتی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان بەهەدەر نەچێت
زلێخا حوسێن عەبدوڵا:
بۆ ئەوەی ئەنفال و كیمیاباران دووبارە نەبێتەوە، ئازادی و حوكمڕانی خۆماڵی ئێستامان بەردەوامی هەبێت، بەڵێ بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، بۆ ئەوەی خەباتی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان بەهەدەر نەچێت و رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانمان ئاسوودە بێت، بەڵێ بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، كاتێك سەربەخۆ دەبین، هیوا و ئاواتی سەدان ساڵەمان بەدی دێت و دەبین بە یەكێك لە وڵاتانی جیهان، كە شانازی بە گەل و نەتەوە و ژیانی خۆمانەوە بكەین، كورد وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە پێویستی بە وڵاتێكی گەورەیە كە ژمارەمان دە ئەوەندەی هەندێ وڵاتانی جیهانە، كەوایە بۆ وڵاتمان نەبێت، خاوەن هەموو شتێكن كە دەكرێت ببین بە وڵاتێكی سەربەخۆ، شەهیدمان داوە، هێزی پێشمەرگەمان هەیە، خاك و نەتەوەی خۆمانە، خەڵكێكی زیرەك و كارامە، ئافرەتان و پیاوانی لێهاتوو، زانا و دانا، قوتابی و بچووك و گەورە.»
سەربەخۆیی واتە دەرچوون لەژێر زەبری داگیركەران و دوژمنان
سیامەند تاهیر سابیر
«مافی خۆمانە بە ئاواتی خەبات و تێكۆشانمان بگەین، ئێمە رۆژانێك خوێنمان رشتووە، تا بەو رۆژە بگەین، پێویستیمان بە دەنگی بەڵێ هەیە، شایەنی وڵاتی خۆمانین، تا لە ژێر زەبری داگیركەران و دوژمنان دەرچین و ببینە خاوەن كیان و نیشتمانی خۆمان، ئەو كاتە بە یەكەوە و بە خۆشی و شادی لەژێر چەتری ئاڵای كوردستان رۆژانەی ژیانمان دەكەینەوە و باوەڕ و ئینتیماشمان بۆ كورد و كوردستانمان زیاتر دەبێ، ئەو كاتە دوژمن ناتوانێت زەفەرمان پێببات و لە سنووری وڵاتی خۆمان دەژین، لێرەوە داوا لە خەڵك دەكەم پشتیوانی ئەو پرۆسە بكەن و تا بە خەون و ئاواتی لەمێژینەمان بگەین، هەرچەند كە كەشێكی ناخۆشە و تێی كەوتووین، لە هەموو لایەك كێشە و گرفت هەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە دژایەتیمان بۆ ویستی گەل و كەس و كاری شەهیدان رابگەینین.»