خۆسووتاندن وەك هۆكارێك بۆ خۆكوشتن.. ( ئیبراهیم حاجی زەڵمی) *
August 5, 2017
کۆمەڵایەتی
یەكەم: پێناسەی خۆكوشتن
خۆكوشتن: ئەو پرۆسەیە كە مرۆڤ بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی (بەدەستهێنانی مردن) پەنا بۆ ئەنجامدانی دەبات، كە تیایدا بكەر و بەركار (بكوژ و كوژراو) هەر كەسەكە خۆیەتی، لێرەوە خۆسووتاندن جۆرێكە لە خۆكوشتن، كە ئەویش پرۆسەیەكە تیایدا مرۆڤێك بە هۆی كۆمەڵێك هۆكار و پەستانی دەروونی و كۆمەڵایەتی پەنا دەباتە بەر هۆكاری ئاگر وەك هۆكارێكی بكوژ بۆ كۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی.
دووەم: مێژووی خۆكوشتن
خۆكوشتن یەكێكە لە دیاردە مرۆییەكان و دیاردەیەكی نەرێنیی كۆمەڵایەتی و دژ بە ژیانە، بە درێژایی مێژوو بە بێ جیاوازی كەلتوور و كۆمەڵگەكان دووبارە بوونەوەی هەبووە، بۆیە ئەم دیاردەیە بە دەركەوتنی هۆكارەكان و زیاتربوونی پەستانەكان لەسەر مرۆڤ و بێ هێزبوونی لایەنی رۆحی و كەمبڕست بوونەوەی توانا دەروونییەكان بە شێوازێك كە هیواو ئومێد لە دەروونی تاكەكە خاڵی بێتەوە، ژیان و مانەوە لە سەر زەوی بەو شێوازەی كە ئەو مرۆڤەی تێكەوتووە یەكسان بوو بێت بە سفر، ئیتر بڕیارێك و هەڵوێستێك كە لەلایەن مرۆڤەكەوە دەرچووبێت، ئەم پرۆسەی خۆكوشتنە بووە، ئەم دۆخانەش لەناو كۆمەڵگەی مرۆییدا هەردەم ئەگەری دووبارە بوونەوەیان بۆ تاكەكان هەیە و ناتوانرێت مرۆڤ ئەم دیاردەیە بە تەواوەتی بنبڕ بكات.
مرۆڤ خەون و خولیا و ئامانج و خواستەكانی گەورەترن لە بەربەستەكان و زۆرجار لەمپەر و بەربەستەكان و پەستانە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی ژینگە كۆمەڵایەتییەكە بوارێك بۆ ئەو خەون و خولیایانە ناهێڵنەوە، بۆیە لای هەندێ تاك خۆی نومایان دەكات و خۆكوشتن دەبێتە تاكە هەڵوێست و بڕیار لای مرۆڤەكە. دیارە ئێمە باسی جۆرێك لە خۆكوشتنی ئافرەت دەكەین. ئەگەر بە لاپەڕەكانی مێژوودا بگەڕێین دەبینین ئەم دیاردەیە هەر لە سەردەمی سۆمەرییەكان و بابلییەكان هەبووە، ئافرەت خۆی كوشتووە كاتێك پیاوەكەی سەركردەیەك بووبێت و لە شەڕەكەدا دۆڕابێت، یان هەندێجار كۆمەڵگە تووشی نەهاتی و شەڕ و ئاژاوە بووبێت هەندێ لە ئافرەتەكان خۆیان كردوە بە قوربانی بۆ خواكان، بەڵام كۆنترین جۆری خۆسووتاندن لەلای هیندییەكان بووە، كاتێك ژنەكە پیاوەكەی مردووە، لەگەڵ سووتاندنی جەستەی پیاوەكەی ئەویش خۆی لەگەڵ ئەودا سووتاندووە، پاشان میسرییە كۆنەكان ئەم دیاردەیەیان تیا هەبووە، كیلوباترا پاشای میسرییەكان نموونەیەكی دیاری قوربانیی ئەم دیاردەیەیە.
سێیەم: هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە: دیارە مرۆڤ دەست نابات بۆ خۆكوشتن تا نەگاتە دۆخێك كە ژیان بەگشتی بایی گوزەرانی شكۆمەندانە و خۆشی ئەوی تیا مابێتەوە كە نەكاتە سفر، بە مانا هیچ ئومێدێكی ژیانی نەمابێت، وەك دەروونزانەكان دەڵێن رەشبینیی ئەم كەسە گەیشتبێتە ئەوەی كە ژیانكردنی خرابێتە ناو خانەی (خەمۆكی) یان (سێگۆشەی ماتەم)ـەوە كە تەواو ژیانی كلیل درابێـت، دیارە سێگۆشەی ماتەم سێ حاڵەتی هەیە:
- تێڕوانینی رەشبینانە كە ئیتر پاشەڕۆژ لەلای رەش بووبێت.
- خاڵیبوونەوەی مرۆڤە لە هەموو ئەو خەون و خولیا و ئومێدانەی بۆ ژیان هەڵیگرتبوون.
- ئەو پەستانە كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابوورییانەی كە ژیانیان لەو دۆخەدا هێناوەتە خاڵی سفر، ئیتر دەرفەتی دەستپێكردنەوەی لەلا نەماوە و پاشەڕۆژی لەلا تاریك بووە.
دەتوانین بە كورتی ئاماژە بە گرنگترینی ئەو هۆكارانە بكەین كە مرۆڤ دەخەنە ناو ئەم سێگۆشەی ماتەمەوە، كە ئەمانەن:
- نەمانی ئەمان و ئاسایشی دەروونی و جەستەیی.
- گرتنەوە و نەمانی خۆشەویستیی ئەوانی تر بۆی.
- بە چاوی رێز و كۆمەڵایەتییەوە تەماشەنەكردنی.
- وێرانبوونی ئاسودەیی ژیان لەناو ماڵ و خێزان و ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی
- دەستبەتاڵی و ئیفلاسكردن و تووشبوون بە قەرزاری و وێرانبوونی ئاسایشی ماددی و گیرفانی.
- داخرانی ئەو دەرگا سەرەكییەی كە هەموو ئومێدەكانی خۆی لەسەر هەڵچنیبوو كە لەوێوە تەماشەی ژیانی دەكرد.