ئافرەتان پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن

ئافرەتان پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن
دوای پتر لە سەدەیەك خەبات و قوربانیدان بۆ رزگاری لە زوڵم و ستەمی داگیركاری و دابڕانی خاكی كوردان، پاش هەزاران كاولكاری و دەیان كوشتنی بە كۆمەڵ و سەدان هەزار شەهیدی بزاڤی رزگاریخوازی، خەڵكی باشووری كوردستان لە كەشێكی ئازاد و چارەنووسسازدا دەچنە بەردەم سندووقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن دەوڵەت و، شوناسی خۆیان لە بندەستی و كۆیلەیەتی و ستەمدیدەیی بۆ سەربەستی و سەرفرازی بگۆڕن، ئافرەتانی كوردستانیش بە ئایین و نەتەوەی جیاوازەوە، وەك مێژووی درەوشاوەی رابردوویان، جارێكی دی شان بە شانی پیاوان لە گشتپرسییەكدا بەشداری دەكەن، كە سەروەریی خۆیان و وڵاتیان مسۆگەر دەكات. ئافرەتانی نیشتمانپەروەری كوردستان را و بۆچوونی خۆیان لە بارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەخەنەڕوو.

شۆخان عوسمان مەحموود مامۆستای زانكۆ:
دەوڵەتی كوردستان واقیعێكە گەڕانەوەی تێدا نییە

ئەگەر كورد ئەمجارە بڕیاری خۆی نەدات بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەبێ چاوەڕوانی سەدەیەكی تر بێت، بۆ دەرفەتێكی وەك ئەمڕۆ، بۆیە نابێت ئەم هەلە زێڕینە لەدەست خۆی بدات، نابێت وەك كورد ئەوەش پشتگوێ بخەین كە بەرپرسیاریەتییەكی گەورە كەوتووەتە سەرشانمان بەرامبەر بە نەوەی داهاتوو. وەك چۆن ئێمەی گەنجی كورد هەمان پرسیار لە دایك وباوك و هەموو خەباتگێڕ و سەركردەكانی ئێستا و پێشووی كورد دووپات دەكەینەوە كە ئایا بۆ تا ئێستا ئێمە خاوەن دەوڵەت نین و بۆچی چارەنووسی كوردستانتان دیاری نەكرد؟
لێرەدا دەمەوێ چەند پرسیارێك بكەم: ئایا كورد تاكەی دەیەوێ لەژێر رەحمەتی بێگانە بێت و لەخۆی رانابینێ حوكمڕانیی خۆی بكات؟ تاكەی كورد چاوەڕێی ئەوە بكات، ئایا عێراق بودجەی هەرێمی كوردستان پەسەند دەكات، یان نایكات؟ بودجە دەنێرێت، یان ناینێرێت؟ ئێستا باشترین كاتە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر داهاتووی خۆمان بدەین و دوور لەشەڕ و كێشەی عێراقێكی كۆتایی پێ هاتوو، لە كوردستانێكی ئارام و ئازاد و سەربەخۆدا بژین.
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دژ بە چەكدارانی رێكخراوی داعش لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی شاری موسڵ، گەورەترین و گرنگترین پەیامی ئێمەی كورد بوو بۆ هەموو دنیا كە كورد خاوەنی خاك و زمان و مێژوو و كەلتوور و داهاتووی خۆیەتی و رۆڵەكانی كوردستان ئامادەن دوادڵۆپەی خوێنی خۆیان بڕێژن بۆ بەرگریكردن لە شەرەف و خاكی پیرۆزی كوردستان.
فكری چەقبەستووی مانەوەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق، تەنیا لە بیرو باوەڕی ئەو كەسانەدایە كە باوەڕیان بە داهاتووی گەشی دەوڵەتی كوردستان نییە، وەك چۆن پێشتر باوەڕیان بە فیدڕاڵی و هەرێمێك نەبوو بە ناوی كوردستان. بۆ گەیشتنمان بە سەربەخۆیی كوردستان، زۆر گرنگە یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بپارێزین، دوور لە هەموو فاكتەرێكی دەرەكی و ناوخۆیی، دەبێت كورد بزانێت ئەگەر خۆی نەبێتە دوژمنی خۆی، هیچ ناحەزێك ناتوانێ جێی خۆی لە كوردستان بكاتەوە و بڕیار لە سەر چارەنووسی كوردستان بدات. بۆیە ئەم هەڵە زێڕینە و ئەم رۆژە مێژووییەمان با لەدەست نەچێ، كە چەندەها ساڵە خەون بە دەوڵەت بوونمانەوە دەبینین. بەشداریكردنمان لە پرسی ریفراندۆم یەكەم هەنگاوە بۆ بەدیهێنانی خەونی گەورەمان. با هەموومان دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەنگ بدەین بۆ خوێنی شەهیدان، دەنگ بدەین بە قوربانییانی ئەنفال و كیمیاباران، دەنگ بدەین بۆ خەباتی 100 ساڵەی گەلەكەمان، دەنگ بدەین بۆ داهاتووی گەشی نەوەكانمان، دەنگ بدەین بۆ داهاتووی پرهیوامان بۆ كوردستانێكی ئازادو ئارام و پێشكەتوو، دەنگ بدەین بە كوردستانێكی سەربەخۆی مۆدێرن، كە پێكەوە ژیانی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان ناوبانگی جیهانیی دەركردووە، دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش واقیعێكە گەڕانەوەی تێدا نییە.


شیلان بیبانی ماستەر لە كارگێڕیی كار:
هەموو نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە لە بڕیارێكی چارەنووسسازدا بەشدار بێت
ریفراندۆم باس لە مافی تاك دەكات بۆ گۆڕینی چارەنووس، یان ساغكردنەوەی هەر بڕیارێكی نەتەوەیی، هەركات حكومەت بیەوێت بڕیارێكی گەورە بدات، دەبێت لە چوارچێوەی حزب جیای بكاتەوەو بیكات بە ریفراندۆم و ئیرادەی گەل پەسەندی بكات، جا لێرەدا گەورەترین وەڵام بۆ هەر موزایەدەیەكی سیاسی و حزبی ئەوەیە مەسەلەی ریفراندۆم مەسەلەی نەتەوەییە و هەموو نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەكی دیموكراتی لە بڕیارێكی چارەنووسسازدا بەشدار بێت، بەهەموو جیاوازییەكی فكری و حزبی و سیاسی، واتە كۆی گەل و ئەوەی تەمەنی یاساییە (18ساڵ) و مافی دەنگدانی هەیە، دەبێت لە دیاریكردنی ئەو چارەنووسەدا بەشدار بێت.
ریفراندۆم بە مانای (گەڕانەوە بۆ رای میللەت) دێت كە وشەیەكی لاتینییە و لە كۆنەوە تاوەكو ئێستا جۆرەها مانای بۆ دانراوە، بە رای ئوستراڵیا بۆ گۆڕینی دەستوورە، بە رای ئیرلەندا هیچ كاریگەری لە گۆڕینی دەستوور نییە.
بێگومان هەر میللەتێك بە رۆح و فكری نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی بیربكاتەوە، ئەوا داهاتووی ئەو وڵاتە بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە بەرەوپێش دەڕوات. بۆ نموونە: توركیا لە كاتی هەڵبژاردنەكان و ریفراندۆم هەرچەندە دراوەكەی بەرەو دابەزین رۆیشت و گەشەی ئابووری بە هۆی دۆخی نالەباری سیاسییەوە زۆر لاواز بوو، بەڵام هەر سوور بوون لەسەر بیروڕای نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان، لە بەریتانیاش بە هەمان شێوە، چەند ساڵیك مەسەلەی سیاسەتی ئابوورییان ناجێگیر بوو، بەڵام بە ئومێد و باوەڕیان بە بیری نەتەوەیی خۆیان سەركەوتن، ئەوان وتیان: تەنیا چەند ساڵێك كێشەمان دەبێت، دواتر بە دڵنیاییەوە باری ئابووریمان باش دەبێت، كاریشیان بۆ كرد تا سەركەوتن و بەسەر كێشەكەیاندا زاڵ بوون، لە كوردستانیش گرینگە بە بیری نەتەوەیی، نەك تەنیا ئابوورییەوە لەو مەسەلەیە بڕوانین، ئاشكراشە هەر كاتێك لەو پرۆسەیە و لە داهاتووی سەربەخۆیی كورد سەركەوتوو بین، ئەوا وڵاتێكی خاوەن ئابووریی بەهێزمان بۆ بونیاد دەبێت.»


سێوە سەركەوت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایی سلێمانی:
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بە دامەزراندنی
دەوڵەتی كوردستان برینەكانیان ساڕێژ دەبێت
دەمەوێت سەرەتا بگەڕێمەوە بۆ رابردووی كورد كە هەمیشە لە باب و باپیرانمانەوە گوێبیستی بەسەرهات و رۆژە تاڵەكان و نەهامەتی و قوربانیدانەكانی كورد بووین، مێژووی دوور و درێژی بزاڤی رزگاریخوزانەی كوردیش بۆمان پشتڕاست دەكاتەوە كە كورد لانیكەم لە 100 ساڵی رابردوودا دەریایەك خوێنی داوە و ماڵوێرانی زۆری بینیوە، بەتایبەتی لەدوای دابەشكردن و لكاندنی خاكی كورد بە عێراق و ئاشناكردنیان بە كەلتوورێكی جیاواز و دواتر هەوڵەكانی بەعس بۆ جینۆسایدی كورد كە ئەنفال و كیمیاباران بوو، بۆیە بۆ هەمیشە لۆزان و سایكس پیكۆ لە هزر و بیرماندا ناسڕیتەوە، هەروەها بە لەدەستدانی سیڤەر، كە بە هەڵخەڵەتاندنی كورد و پاشگەزبوونەوەی زلهێزەكان لە پەیمانەكانی خۆیان بۆ دروستبوونی ئەو دەوڵەتەی بەنیازبوون بنیادی بنێن بۆ كورد لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی و دابەشكردنی میراتی عوسمانییەكان، بەداخەوە لە بەر بەرژەوەندیی خۆیان و چاوچنۆكییان بۆ داگیركردنی زۆرترین خاك، كوردیان فەرامۆش كرد. كوردیش لە دژی ئەو ستەمكارییە بەردەوام خەباتی كردووە و قوربانی داوە. كەم خێزانی كورد هەیە قوربانی نەدابێت. خاڵی خۆم لە تەمەنی 21 ساڵی خۆی گەیاندە كاروانە نەمرەكەی شەهیدانی رێبازی كوردایەتی، هەموو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان بە دامەزراندنی حكومەتی هەرێم شاد بوون و بە دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان برینەكانیان ساڕێژ دەبێت. وەك كەسوكاری شەهیدان هەمیشە دەست بە دوعا و نزا بووین بۆ ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان و نەگەڕانەوەی بۆ ژێردەستی، ئەوەتا ئێستاش هەڵیكی زێڕین و لەبارمان بۆ رەخساوە، بۆ ئەوەی چیتر نەوەكانی داهاتوومان گلەییمان لێ نەكەن و لە بندەستیی داگیركاران رزگاریان بكەین. با هەمووان پێكەوە بە كۆدەنگیی نیشتمانی و خۆشەویستی بۆ خاك و لەبەرجاوگرتنی خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگەكانمان وجەرگی سووتاوی دایكان و جڵی رەشی خوشكانمان، ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە كە كورد دەگەیەنێتە كەناری ئارامی و گەیشتن بە ئامانجەكانی و لەگۆڕنانی لۆزان و سایكس پیكۆ، سەربخەین و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەین.


بریڤان حەسەن عەلی ئەندامی ئەنجومەنی دەڤەری خانەقین:
گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كورد بیرمان دەخاتەوە كە خوێنیان بەفیڕۆ نەدەین و دەوڵەتی خۆمان دابمەزرێنین
ئێمەی خانەقینی وەك هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر، خەونی گەورەمان ئەوەیە كە وەك هەموو وڵاتانی جیهان كوردیش ببێتە خاوەن دەوڵەت، بۆ ئەوەش دەرفەت رەخساوە و زۆر بە خۆشحاڵییەوە سەركردایەتیی دڵسۆزی كورد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە، ئەوەش تەنیا رێگەی رزگاریمانە لە زوڵمی داگیركەری خاك و وڵاتمان و تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانین ببینە خاوەن دەوڵەت و كوردستانێكی سەربەخۆ.
وەكو كورد زۆرمان ئازار بینی، مێژوومان شاهیدە چەندین قوربانیمان داوە، چەندین جار ئاوارە و ماڵوێران كراوین، سەدان هەزار شەهیدمان هەیە، داگیركەران تەنانەت تەعەدایان لە شەرەفمان كرد. گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كورد بیرمان دەخاتەوە كە خوێنیان بەفیڕۆ نەدەین و دەوڵەتی خۆمان دابمەزرێنین. با لانیكەم نەوەكانی شەهیدانمان لە كیانێكی سەربەخۆدا بژین. بۆیە دەبێت هەموو كورد چاوەڕێی رۆژی ریفراندۆم بین و دەنگ بە سەربەخۆیی خۆمان و رزگاری لە زوڵم و زۆر بدەین.
Top